بۆ وەلید عومەر: ئایا تەنها فەلسەفە وەڵامی پرسی کۆچ دەداتەوە؟

لە میانەی سەرنجە خێراکانم لەسەر پرسی فرە ڕەهەند و ئاڵۆزی کۆچ، سەرنجێکم لەسەر نرخی قاوە لە جێگایەک لە سلێمانی و شاری ڤینیسیای ئیتالی نووسیبوو، کە لە سلێمانی نرخەکەی سێ قاتە. کاک وەلید عومەر لە کۆمێنتێکدا دەڵێت: لە ڕاستییدا پێم وایە هۆکارە ئابورى و سیاسى و دەروونى و کۆمەڵایەتییەکان هیچیان بەتەنیا هۆکار نین. ڕەنگە پێویست بکات ئەو باگراوەندە ببینین کە ئەم هۆکارانەى تیا کۆ دەبێتەوە. ئەمەش شتێکە تەنیا فەلسەفە دەتوانێت بیبینێت، و بە سەرنجى ژۆرنالیستى و تۆریستى ناتوانین بیخوێنینەوە. واتە دەبێت گشت(کل)ـى دۆخەکە ببینین نەک بەش(جزء).

سەرەتا کاک وەلید دێت پلەبەندیی یان پۆلێنبەندییەک دەکات. ڕشتەکانی تری وەک هۆکارە ئابوورى و سیاسى و دەروونى و کۆمەڵایەتییەکان، هیچیان بە تەنیا هۆکار نین. بەو مانایە کە ئەگەر هاتوو قسەمان لەسەر پرسی سەفەر کرد لە ڕوانگەی ئابووری و سیاسی و دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە، ئەوا تەنها بەش-ێکی باس دەکەین، نەک گشت. ئەو ڕشتەیەی کە دەتوانێت باسی هەموو یان گشت بکات فەلسەفەیە.

لێرەدا چەند پرسیارێکی سادە دێتە گۆڕێ، ئایا فەلسەفە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی و دەروونی لە خۆی دەگرێت، یان بێ بایەخیان دەکات؟ ئەگەر لە خۆیان ناگرێت، ئەوا ئەو بەشانە، کە بێگومان هۆکاری کاریگەرن، بە تەنها و بە کۆ-ش، ئەوا ئەم ڕەهەندانە چییان بەسەر دێت؟ ئەگەر فەلسەفە ئەم ڕەهەندانە لە خۆی ناگرێت، ئەوا ڕاستەوخۆ فەلسەفەش ناکاتە بەش یان تەنها ڕوانگەیەک بۆ دیاردەیەکی فرە ڕەهەندی ئاڵۆز، هەرچەندە خۆشی وەها ببینێت کە گشتگیرە؟

فەلسەفە لە کرۆکیدا دوو کار دەکات، یان ئەوەیە ڕاستی پرسێک، دۆخێک، دیاردەیەک دەردەخات، یان میتۆدێک بەرهەم دەهێنێت بۆ بینینی ئەو پرسە، دۆخە یان دیاردەیە. 

فەلسەفە لە کرۆکیدا دوو کار دەکات، یان ئەوەیە ڕاستی پرسێک، دۆخێک، دیاردەیەک دەردەخات، یان میتۆدێک بەرهەم دەهێنێت بۆ بینینی ئەو پرسە، دۆخە یان دیاردەیە. ڕەنگە دێڕەکانی تری کۆمێنتەکەی کاک وەلید ڕێنیشاندەر بێت بەوەی کە فەلسەفە چۆن دەتوانێت ئەو گشتگیرییە پێشکەش بکات. کاک وەلید دەنووسێت: [هەر ئەوەى ئابوورییەکە نایەکسانە و سیاسەتەکە نادادپەروەرە، شتێکى ئیرادى نییە. بەڵکوو سیاسییەکان خۆیشیان ئیرادەى تەواویان بەسەر دۆخەکەدا نییە]. ئەم دیدە لەو ڕوانگەیەوە دێت کە هێزێکی گەورە، گەورەتر لە سیاسییە ناوخۆییەکان، لە پشت ئەو دۆخەوەیە. دیارە ئەم پرسی ئیرادەیە، هیچ پەیوەندی بە باسەکەی منەوە نییە. ئەوەی من ئاماژەم پێداوە بوونی دیاردەیەکە، کە دواتر دێمە سەر ئاڵۆزییەکانی. بەڵام ئەوەی کە گوایە هێزێکی گەردوونی هەیە لە هەموو کونجێکی دونیادا ڕووداو و دیاردە و پرۆسەکان ڕێک دەخات، جۆرێکە لە تیورەی پیلانگێڕی کە لە لای چەپەکان زۆر بڵاوە. هێزی سەرمایەداریی جیهانی و نیولیبرالیزم لە پشت هەموو شتەکانەوەیە و خەڵکەکان بێتوانا و بێ ئیرادەن لە بەرامبەریدا. بێگومان هێز و ئایدەلۆژیای جیهانی هەیە، بەڵام ئایا دارێژەری ورد و درشتی هەموو بوارەکانی ژیان و ژیارە لە هەموو کونجێکی دونیادا و نوخبە لۆکاڵەکان هەموو ئیرادەیەکیان لە دەست داوە، بۆ من جێگای گومانە لە چەندین ئاستدا. بەڵام وەک میتۆد جۆرێکە لە خیتابی سیاسیی ئاسان بۆ پێدانی هۆکارێکی بە جۆرێک میتافیزیزیکی، بە مانای ئیرادەیەکی سەرو-ئیرادەی مرۆڤەکان لە لۆکاڵەکان.

دیارە ئەم ڕوانینە، کە فەلسەفی نییە بەڵکوو سیاسییە، ڕێخۆشکەرە بۆ داڕشتنی وەڵامی گشتی کۆچ. کە دۆخ و هێزێکی گەردونی لە پشتیەوەیەتی. وەلید دەنووسێت: کورد وەک باگراوەند، هیچ جێگیرى و چوارچێوەیەکى لە دونیاى مۆدێرندا نییە و لە جیهانیشدا هەست بە ئارامى ناکات.

من نازانم سەرچاوە و میتۆدی ئەم حوکمە گشتیگیرییە چییە و چۆنە؟ مەبەست لە نەبوونی پاشخانی جێگیریی و نەبوونی چوارچێوە لە دونیا مۆدێرندابێگومان دەوڵەتە. دەوڵەت باڵاترین دەزگای جێگیریی و بوونی چوارچێوەیە لەناو کایەی مۆدێرنەدا. نەبوونی دەوڵەت یان بێدەوڵەتبوونی مرۆڤ، مایەی کۆچە، بەڵام ئەوە نە تایبەتە تەنها بە کوردەوە و نە تەنها هۆکارێکە و نە وەڵامێکی گشتیگریشە. 

پاشان قسەکردن لەسەر کورد بەگشتی، وەک دەربڕین جۆرێکە لە گشتاندنی نازانستی. ئەمە پێی دەڵێن کرۆکگەرایی، ئیسێنشالیست. دیارە کۆمەڵێک خەسڵەت هەیە کە کورد بەگشتی دەگرێتەوە وەک بە کەمینەکردن، نائارامی، نکوڵی، بێدەوڵەتی، بەڵام ئەم خەسڵەتانە وەک یەک لەسەر هەموو کوردێک کاریگەری نییە و هەموو کوردێکیش وەک یەک وەریناگرێت. 

پاشان کاک وەلید دێتە سەر بوارێکی تایبەت، کە نزیکە لە سەرنجەکەی منەوە ئەویش گۆڕینی کۆمەڵگای کوردییە لە کۆمەڵگایەکی نیمچە مارکێتەوە بۆ مارکێت. بە کۆمێنتەکەی کاک وەلیددا دیارە، بەڕێزیان شارەزاییەکی ئەوتۆیان لەسەر ئەو بوارە نییە. ئەو دەنووسێت: کۆمەڵگا بشبێتە مارکێت، و هەمووانیش پارەیان پێ بێت، ماناى ڕێکبوونەوەى کۆمەڵگا و نیشتەجێبوون نییە لەم دونیایەدا.

بەڵام بە مارکێتبونی کۆمەڵگا بەمانای هەبوونی پارە نییە. بەڵکو وەرچەرخانێکی گەورەیە وەک کارل پۆلانی ناوی دەبات.

 بە کورتی یانی بە شمەککردنی ئەو بوار و بوونانەی کە ناشمەکین یان نابێت شمەکی بن. بۆ نموونە نەخۆشی نابێت وەک شمەکێک مامەڵەی لە گەڵدا بکرێت. بەڵام کاتێک دەکرێتە شمەک، ئەوا ئەو دۆخە تراژیدییە دێتە ئاراوە کە لە بواری تەندورستیدا هەمانە. نەخۆش دەبێتە سەرچاوەی داهات، نەک کەسێک کە پێویستی بە هاوکاری هەیە. لە هەمان کاتدا، نەخۆشی دەبێتە بوارێکی ئابووری، بۆیە دەبێت بهێڵرێتەوە، نەک بەسەریدا زاڵ بیت. ئەمە بۆ خوێندن و بوارەکانی تریش ڕاستە. دیارە من بەوردی و بە باشی ئاگادارم لە پلان و بەرنامەکانی بانکی جیهانی بۆ کوردستان. هەوڵمداوە لە ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکەی ئەو گۆرانکارییانە ئاگاداریان بکەمەوە. بەتایبەتی کاتێک سیبیل، ڕاوێژکاری ئەو تیمە بوو. 

پاشان کاک وەلید دەنووسێت: گەر دونیا لە “ێرایی و ناجێگیرییەکى گشتییدا بژى، ئەوا دۆخى کورد دووجار ناجێگیرترە. ڕەخنەگرانی پۆستمۆدێرنە یان نیولیبرال دونیا وەها دەبینن کە بووەتە ناشوێن. ناشوێن بەماناکەی مارک ئۆجەی نەک بەختیار عەلی. بەسەربردنی خەڵکی کاتێکی زۆرلە فڕۆکەخانە و شوێنە هاوشێوەکاندا، کە تیایدا هیچ ناسینەوەیەک و تایبەتمەندییەک نییە. بەڵام  هاوڕا نیم لەگەڵ وەلیددا کە دەنووسێت: “کافێ و بازاڕ و شوێنە تازەکان، هاوشان بە ئابوورى، نیشانەى بێ ڕیشەیین لە دونیاى نوێدا”. کافێکانی کوردستان جێگای ئاڵۆزن، دەرخەری بێڕیشەیی نین، بەڵکوو پڕن لە سیمبولی دیاردە و دۆخی تر. 

با بۆ نموونە کافێ ماندیلا وەربگرین لە سلێمانی. کافێ ماندیلا، بەکاردبردنی ناوی کەسێکە بۆ دۆخێکی تەواو تەواو جیاواز. بەڵام بیانی بوونی ناوەکە تامێکی تر دەدات بە جێگاکە بۆ سەردانکەرانی. هەروەها گەردوونی بوونی ناوەکە دەیەوێت بڵێت بەخێربێی بۆ دونیا، بۆ جێگایەک لە دونیا. ئەمە گەڕانە بە دوای شوێنێکی تردا لە شوێنی خۆتتدا. بەڵام لە کرۆکیدا یانی لوتبەرزی و خۆجوداکردنەوە و خۆ بە باڵابینین لە بەرامبەر خۆماڵی و لۆکاڵدا. 

کاتێک پێ دەنێیتە ناوەوە، کافێکە دیکۆری تایبەتی هەیە. دیارە لەسەر کەسەکە کەوتووە. کە ئایا مانای چی دەگەیەنن و چ زەوقێک دەبەخشن. بەڵام هەوڵێکە بۆ دروستکردنی پانتایی و بوارێکی تایبەت. لێرەدا کۆمەڵێک خەسڵەتی گرنگ دەردەکەون، یەکەم دروست بوونی چین، لە کۆمەڵگای ئێمەدا. خەڵکانێک کە تێکەڵ نابن بە ئەوانی تر. جودابوونەوەی پانتاییی گشتی. داڕشتنی سنوورێک لە نێوان ئەوانەی کە هەیانە و ئەوانەی کە نیانە. چیدی پارەدارە نوێکان، ناچار نین تێکەڵ بن بە ئەوانی تر. خەڵکانی ئاسایی ژیانی هەمەڕەنگ و سەختیان ببینن. کاتێک لە ئوتێل رەمادە دانیشتبوم لەگەڵ چەند برادەرێکدا وەهام هەست دەکرد کە لە بەیروتم. گۆرانی و خواردن و جلوبەرگی خەڵکەکان و جۆری نمایشی کیچیان. kitsch

لێرەدا پێویست دەکات هەڵوێستەیەک لەسەر چەمک و دیاردەی کیچ بکەین لە کوردستان. کیچ چەمکێکە دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی نۆزدە لە ئەڵمانیا. بەگشتی بۆ شێوازێک لە هونەری وێنەکێشان بەکار دێت. کیچ یانی هونەری بێ زەوق، هونەری خەڵکانێک کە دەیانەوێت هونەر هیچ پرسیار و گومان و شڵەژانێکیان لە لا دروست نەکات. هەمیشە وەها دەبینرێت کە زەوقی خەڵکانێک بێت کە بترسن لەوەی پرسیار لەسەر ژیانی بێ مانا و بێ چێژیان بکەن. میلان کۆندێرا کاری لەسەر ئەمە کردوە. 

کیچ هەمیشە وەها دەبینرێت کە جۆرێکە لە زەوقی بۆژوازی. ڕێگایەکە بۆ دابڕان لە دونیا، بەبێ پرسیار لە دونیا. کافێکانی سلێمانی جێگای باڵای کیچن. جێگاگەلێکن کە پڕن لە هونەری ناپەیوەندی بە دونیای دەرەوەیان. جۆرێک لە واقیعی ساختە بەرهەم دەهێنن، لە بڵقێکدا.

خۆی ئەمە جۆرێکە لە کۆچ یان جۆرێکە لە نامۆبوون. وەک کۆچ چوونە ئەم کافێیانە پێویستی بە داهات و پارە و جۆرێک لە رەفتار و هەڵسوکەت هەیە. گرانبوونی خزمەتگوزارییەکان لە ئەم جێگایانەدا ڕێگایەکە بۆ سنوورڕێژی. سنوور دەزگایەکی جیاکاریی مۆدێرنە لەنێوان یەکە و گروپ و ناوەندە جیاوازەکاندا. 

پشتگوێخستنی ئەم وەرچەرخانی چینایەتی و زەوقسازی و جیاکاری کۆمەڵایەتی وەک پاشخانێک بۆ کۆچ لە دونیای ئێمەدا، بەڵکوو گرێدانی بە کۆمەڵێک بەهای ئەبستراکتی ئایدەلۆژییەوە، جۆرێکە لە سادەیی. ئەمە پاشخانی کۆچی خەڵکە، نەک ئامادەنەبوون لە مۆدێرنەدا. لە ڕاستیدا ئەمە خۆی بەڵگەیە بۆ ئامادەبوونی ساختە لە مۆدێرنەدا. چ کافێ وەک پانتایییەک، چ کیچ وەک زەوقێک، چ گرانکاری وەک سنوورڕێژی، چ دروستبوونی چینەکی دەوڵەمەندی نوێ، هەموو نیشانەکانی گەیشتنی مۆدێرنەن بە دونیای ئێمە و بەرهەمهێنانەوەی مۆدێرنەی لۆکاڵە. 

لێرەدا ئێمە قسە لەسەر دەبڵ مۆدێرنە دەکەین. مۆدێرنەی نیمچە بۆرژواکان بەڵام لە ئەمە گرنگتر نامۆبوونی زۆرینەکە کە ناتوانێت ببێت بەشێک لە ئەم توێژە. ئەو لاوەی کە دەیەوێت بچێتە ئەو جێگایانە و ناتوانێت لەبەر نەبوونی پارەی تەواو، دەیەوێت بڕوات لە وڵات، ئەوەی کە لەوێیە دەیەوێت بڕوات چونکە خۆی بە دابڕاو دەزانێت لە کۆمەڵگا.

ئەم جێگا بچووکانە پێمان دەڵێن ئەوانە کێن کە دەڕۆن، خاوەنی چ خەون و خەیاڵێکن، چییان هەیە و لە چی بێبەرین، بەدوای چیدا دەگڕێن. نەک چەمکێکی ئەبستراکتی فەلسەفی. لێرەدا سەرنجی کاک وەلید و خوێنەران ڕادەکێشم بۆ کارێکی گرنگی پێیر بۆردیو

کاکە وەلید دەنووسێت: “سادەترین ئەرگۆمێنتیش ئەوەیە کە مرۆڤى کورد تا پارەدارتر بێت، بێ‌ڕیشەتر دەبێت”. پەیوەندیی پارە و ڕیشەداریی تەنها پەیوەندیی بە کوردەوە نییە. پارە جۆرێکە لە نیشتمان. بۆ ئەوەی لە ئەمە تێبگەین دەبێت جۆرج سیمیل بخوێنینەوە. بەڵام بەبێ خوێندنەوەی سیمیلیش، ئەگەر بە ئاگاییەوە چاودێری ئەو چینە کۆسمۆپۆلیتانتە بکەین کە لە میترۆپۆلیتانتەکاندا دروست بووە و هەر ساتێک لە شوێنێکە، بۆمان دەردەکەوێت کە چۆن پارە دەتکات بە مرۆڤێکی ڕایزۆم، بە مانا دۆلوزییەکەی. ڕایزۆم جۆرێکە لە هەرێز کە بە سەر پانتاییی سەرەوەدا پەل دەهاوێت و دەکشێت بەڵام ڕەگی ئەوتۆی نییە. هەنتنگتۆن ئەم خەڵکانەی ناو دەنا پیاوانی داڤۆس. 

ئەگەر هەژاران ون کرێکاران بێ نیشتمان بن، کە وەها نییە، ئەوا دەوڵەمەندان پێش ئەوان بێنیشتمانن. من تەبام لە گەڵ ئەو ئارگومێنتەدا کە سەرمایەداری هەر لە سەرەتاوە جیهانگیر بووە.

مێژووی فەلسەفەی ڕۆژاوایی بەتایبەتی لە ئەرستۆوە، کە بە باوکی ڕەگەزپەرستی ئەوروپی دادەنرێت، هەتا سەرتاپا سیستەمەکانی ئەمڕۆ لە سەر بنەمای نیشتەجێ و نانیشتەجێ پۆلێنکراوە، هاوزمانی و ناهاوزمانی

بە کورتی پەیوەندیی فەلسەفە و کۆچ ئاڵۆزە.

ئەگەر بمانەوێت فەلسەفییانە لە کۆچ بدوێین ئەوا ناتوانین باس لە کەیسی کورد بکەین. چونکە فەلسەفە یان ڕاستی دیاردەکە دەردەخات یان میتۆدێکمان دەداتێ بۆ تێگەیشتن لێی. بەڵام قسەکردن لە کەیسی کوردی ئەوا ڕاستەوخۆ دەبێتە سیاسەت یان کۆمەڵناسی یان ئابووری. دیارە دۆخێکی ئاڵۆزی میتۆدۆلجی لە دونیادا بوونی هەیە. بۆ نموونە کەیسی ئەڵمانیا لای ڤیبەر دەکرێت ببێت بە بنەمای چەمک بۆ مرۆڤایەتی، بەڵام کەیسی کوردستان یان پاکستان تەنها کەیسی ئەو جێگایانەیە. لەم ڕوانگەیەوە، ناتوانین لە پرسی کورد فەلسەفییانە بدوێین. بەڵام لە ڕاستیدا ناتوانین فەلسەفییانە لە پرسی هیچ خەڵکێکی تایبەت بدوێین لە دونیادا، بەڵکوو تەنها دەتوانین لە کۆچ بدوێین. وەک ئاماژەم پێدا، فەلسەفەی ڕۆژاوایی هەژارییەکی زۆری هەیە لەم بوارەوە. هەژارییەکی گەورەیە هەیە لە ڕشتەی فەلسەفەدا کاتێک دێتە سەر جوڵاو. مێژووی فەلسەفەی ڕۆژاوایی بەتایبەتی لە ئەرستۆوە، کە بە باوکی ڕەگەزپەرستی ئەوروپی دادەنرێت، هەتا سەرتاپا سیستەمەکانی ئەمڕۆ لە سەر بنەمای نیشتەجێ و نانیشتەجێ پۆلێنکراوە، هاوزمانی و ناهاوزمانی. کانت داڕێژەرەوەی ئەم دیدەیە زۆر بەرتەسکانەتر لە ئەرستۆ. زۆربەی فەلسەفەی ڕۆژاوا فەلسەفەی دەوڵەتە، فەلسەفەی هاوڵاتی و سیستەم و شار و پۆلس و دانیشتوانە، هەتا ئەم دواییە نەبێت. ڕەنگە مارکس بێ وڵاتی پرۆلیتاریای چەمکان، دۆلوز باس لە زانستی کۆچڕەوی دەکات، سەرەتای پارادایمێکی تر بێت. بەڵام کارێک کە ڕەخنەی ئەم پارادایمە زاڵە دەکات فەیلەسوفی گەنج تۆماس نایڵە