سێ شیعری لۆرکا

وەرگێڕانی ژیار ئەسوەد

قەسیدەی گریان


پەنجەرەکانم دادەخەم

نامەوێ گوێبیستی گریان بم

کەچی لەودیو دیواری خۆڵەمێشییەوە

ھیچ نابیسترێ گریان نەبێ.


ھەندێ فریشتە ھەن گۆرانیی دەچڕن

ھەندێ سەگ ھەن دەحەپن و

ھەزار کەمان وان لەناو لەپمدا.


بەڵام گریان سەگێکی زلە

بەڵام گریان فریشتەیەکی زلە

بەڵام گریان کەمانێکی زلە

فرمێسکیش “با” دەخنکێنێ.


ھیچ نابیسترێ گریان نەبێ.


قەسیدەی گوڵەکە


گوڵەکە

بە دوای بەیان نەدەگەڕا

لە مانەوەی بەردەوامیدا بوو بەسەر چڵەکەیەوە؛

بە دوای شتێکی تردا دەگەڕا.


گوڵەکە

بە دوای ژیری یان تاریکایی نەدەگەڕا 

سنوورەکانی جەستە و خەونیش نا؛

بە دوای شتێکی تردا دەگەڕا.


گوڵەکە 

بە دوای گوڵ نەدەگەڕا؛

جێگیر لە ئاسمان

بە دوای شتێکی تردا دەگەڕا.


گیتار

گریانی گیتار دەست پێ دەکا.

پەرداخەکانی سپێدە شکاون.

گریانی گیتار دەست پێ دەکا.

بێھوودەیە بێدەنگکردنی.

مەحاڵە بێدەنگکردنی.

بێزارکەرانە دەگری

وەک چۆن ئاویش دەگری 

وەک چۆن بایش دەگری

بەسەر کێڵگە بەفرگرتووەکاندا.

مەحاڵە بێدەنگکردنی.

ئەو بۆ شتە ھەرە دوورەکان دەگری

بۆ خۆڵە گەرمەکانی باشوور

کە بیری گوڵە کەمیلیا سپییەکان دەکەن.

بۆ تیری بێئامانج

ئێوارەی بێبەیانی و

یەکەم باڵندەی مردارەوەبووی سەر چڵ.

ئای، ئەی گیتار!

دڵ لە لایەن پێنج شمشێرەوە

بە سەختی زامدار دەبێ.

photo_٢٠٢١-١٢-٢٠_١٩-٢٨-٤٧

سەرنجێک بنوسن