نامەیەکی ڕیڵکەی شاعیر

لە سەرەوەختی کریسمسدا

لە ئینگلیزییەوە: دیلان قادر

ئازیزی من بەڕێز کاپوس،

نامەوێت لە سەروەختی گەیشتنی کریسمسدا و لە ناوەڕاستی پشووەکەدا، لە کاتێکدا به‌ قورسایییه‌كی نائاسایی ته‌نیاییت له‌خۆ گرتووه‌، له‌ سڵاوی من بێبه‌ش بیت. کاتێک دەبینیت تەنیایییەکەت فراوانە، پێویستە کامەران بیت؛ تۆ دەبێت لە خۆت بپرسیت تەنیایییەک کە فراوان نییە چ مانایەکی هەیە؟ تەنها یەک جۆر تەنیایی هەیە، ئەویش تەنیایییەکی فراوانە؛ قورسە، لەخۆگرتنی سه‌خته‌ و بە ڕاده‌یه‌ك هەموو کەسێک بە کاژێرگەلێکدا تێدەپەڕێت کە بە خۆشحاڵییەوە تەنیایی دەگۆڕێتەوە بە هەر جۆرێک لە تێکەڵاویی کۆمەڵایەتی، هەرچەندێک سووک و ڕیسوا بێت، ده‌یگۆڕێته‌وه بە بچووکترین هاودەمی کردنی ڕووکەشانە لەگەڵ یەکەم کەس کە دەیبینێت، لەگەڵ ناشایستەترین کەس. بەڵام ڕەنگە ئەمانە ئەو کاژێرانە بن کە تیایاندا تەنیایی گەشە دەکات، چونکە گەشەکردنی وەکوو گەشەکردنی لاوان بە ئازارە و وەکوو دەستپێکردنی بەهار پەژموردەیە. بەڵام ئەمە بە هەڵەدا نەتبات. لە کۆتاییدا تەنها یەک شت گرنگە، ئەویش تەنیایییە، تەنیایییەکی ناوەکیی فراوان. دەبێت بۆ چەندەها کاژێر بەنێو خۆتدا ڕێ بکەیت و ڕێت لە هیچ کەس نەکەوێت. ئەوەی تەنیا بیت وەکوو ئەو سەردەمەی کە منداڵ بوویت، کاتێک گەورەکان دەهاتن و دەچوون و دەرگیری بابەتگەلێ بووبوون کە گەورە و گران دەردەکەوتن چونکە ئەوان زۆر سەرقاڵ دەهاتنە بەرچاو و تۆ هیچ لەوە تێنەدەگەیشتی کە ئەوان دەیانکرد.

کاتێکیش لەوە تێدەگەیت کە چالاکییەکانیان داڕزاوە، کە پیشەکانیان ڕەق هەڵهاتووە و چیدیکە وابەستە نییە بە ژیانەوە، ئیدی بۆچی بەردەوام نابیت لەوەی لە قوڵاییی جیهانی خۆتەوە و لە فراوانی تەنیاییتەوە وەکوو منداڵێک سەیری ئەو شتانە بکەیت وەکوو ئەوەی تەماشای شتێکی نەناسراو بکەیت، کە ئەمیش لە خۆیدا کارە و پێگەیە و پیشەیە؟ بۆچی ده‌ست هه‌ڵبگریت له‌و دانایییه‌ی منداڵ هه‌یه‌تی له‌ تێنه‌گه‌شتندا و بیگۆڕیتەوە بە ڕقلێبوونەوە و بەرەنگاربوونەوە؟ تێنەگەیشتن بۆ خۆی ڕێگایەکە بۆ تەنیاییبوون کە تیایدا ڕقلێبوونەوە و بەرەنگاربوونەوە ڕێک بەتەواوی ئەو شتانەن کە تۆ دەتەوێت خۆتیانی لێ بتەرێنیت.

بەڕێزەکەم، بیر لەو جیهانە بکەرەوە کە لە ناختدا هەڵتگرتووە. دەتوانیت بە هەرچی جۆرێک دەتەوێت ئەم بیرکردنەوەیە ناوزەد بکەیت، جا یادکردنەوەی منداڵیت بێت یان تاسەکردنی پاشەڕۆژ بێت، تەنها هۆشمەند بە به‌وەی لە ناختدا دەبزوێت و لەپێش هەموو ئەو شتانەوە دایبنێ کە لە چواردەورتدا دەیانبینی. ئەوەی لە قوڵاییی ناختدا دەگوزەرێت شایەنی هەموو خۆشەویستیتە و بە چەشنێک لە چەشنەکان دەبێت ڕێگایەک بدۆزیتەوە بۆ ئەوەی لەگەڵیدا بسازێیت و کاتێکی زۆر یان توانایەکی زۆر لەوەدا بە خەسار نەدەیت هەڵوێستی خۆت بۆ خەڵکانی تر ڕوون بکەیتەوە. کێ دەڵێت تۆ ئەسڵەن هەڵوێستت هەیە؟ دەزانم، پیشەکەت سەختە و پڕیەتی لە چتانێک کە لە دژایەتیکردنی تۆدان و منیش پێشبینی غەم و پەژارەتم کرد و دەمزانی کە هەر دەبێت بێتە بەرەوە. ئێستاش کە هاتۆتە بەرەوە، ناتوانم هیچ شتێک بۆ دڵدانەوەت بڵێم، تەنها دەتوانم ئەوە بڵێم کە ڕەنگە هەموو پیشەکان وەهابن، پڕ بن لە داواکاری، پڕ بن لە دوژمنایەتیکردنی تاک، لێوانلێو بن لە بێزاریی ئەو کەسە ده‌مداخراو و بەدمیزاجانەی خەریکی ئەرکێکی بێتام و بۆنن. ئەو بارودۆخەی کە تۆ هەنووکە دەبێت تیایدا بژیت بە ڕادەیەکی زیاتر بار نەکراوە لەو نەریت و لایەنگیری و بیرۆکە ساختانەی لە هەموو بارودۆخەکانی تردا هەن. گەر دۆخگەلێ هەبن وا دەربخەن ئازادییەکی مەزنتر دەخەنە بەردەست، هیچ یەکێکیان لە خۆیاندا ئەوەندە فراوان و بەربڵاو نین بۆ ئەوەی بەسترابنەوە بەو شتە گرنگانەوە کە ڕاستەقینەترین جۆری ژیان لە خۆیانی دەگرێت. تەنها تاکێکی تەنیا لە ژێرەوەی قووڵترین یاسای شتەکانەوەیە و ئه‌و كاته‌ی بەرەو سپێدەیەک ڕێ دەکات یان لە ئێوارەیەکی پڕ لە ڕووداو دەڕوانێت و هەست ده‌كات بەوەی كه‌ دەگوزەرێت، له‌م كاته‌دا هەموو بارودۆخەکان لێی دەتەکن وەکوو ئەوەی لە پیاوێکی مردوو بتەکن، سەرەڕای ئەوەی لە ناوەڕاستی ژیانێکی پاراودا ڕاوەستاوە. بەڕێز کاپوس، ئەوەی تۆ هەنووکە وەکوو ئەفسەرێک ئەزموونی دەکەیت لە هەر پیشەیەکی داهێنراوی تردا بووایە بە هەمان شێوە هەستت پێ دەکرد. بەڵێ، تەنانەت ئەگەر لە دەرەوەی هەر پۆستێکی تردا هەوڵ بدەیت ڕێگایەکی سانا و سەربەخۆ بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ کۆمەڵگادا بدۆزیتەوە، ئەم هەستکردنە بە تەوق هێشتا لە کۆڵت نەدەبوویەوە. لە هەموو شوێنێک بەم چەشنەیە، بەڵام ئەمە بە هیچ جۆرێک مایه‌ی ترس یان خەفەت نییە. گەر هیچ شتێک نەبێت کە لەگەڵ خەڵکانی تردا هاوبەشی پێ بکەیت، هەوڵ بدە لە شتەکانەوە نزیک بە؛ ئەوان بەجێت ناهێڵن. شەوەکانیش هێشتا هەر لەوێدان، ئەو بایانەش کە بەنێو دارەکان و بەسەر چەندەها زەویدا هەڵ دەکەن. هەموو ڕەگەزەکانی جیهانی شتەکان و گیانداران پڕن لە جووڵە و تۆش دەتوانیت بەشدارییان تێدا بکەیت. منداڵانیش هێشتا هەر بەو شێوەیەن کاتێک تۆ خۆت منداڵ بوویت، بە هەمان شێوە خەمبار و دڵشادن. گەر بیریشت لە منداڵیت کردەوە، ئەوە کەڕەتێکی دیکە لە نێویاندا دەژیت، لەنێو منداڵە تەنیاکاندا. گەورەکانیش هیچ نین، شکۆمەندییەکانیشیان هیچ بەهایەکی نییە.

ئەگەر بیرکردنەوەش لە منداڵی و لەو سادەیی و بێدەنگییەی هاوشانییەتی تووشی تۆقینت دەکات و خه‌مبارت ده‌كات لەبەر ئەوەی تۆ چیدیکە ناتوانی بڕوا بە خودا بکەیت کە لە هەموو شوێنێکیدا خۆی بەیان دەکات، ئەودەم لە خۆت بپرسە بەڕێز کاپوس، ئایا بەڕاستی خودات ون کردووە؟ ئایا ڕاستتر نییە کە بڵێیت تۆ هەرگیز خودات لەخۆ نەگرتووە؟ دەبێت ئەوە کەی بووبێت؟ پێت وایە کە منداڵێک بتوانێت لەخۆی بگرێت؟ ئەوێک کە پیاوە گەورەکان بە زەحمەتێکی زۆرەوە بەرگەی دەگرن و ئەوێک کە قورساییەکەی کەسە بەتەمەنەکان تێک و پێک دەشکێنێت؟ پێت وایە کەسێک کە بەڕاستی خاوەنی بێت دەکرێت وەکوو بەردێکی بچووک ونی بکات؟ یان ئایا پێت وا نییە کە ئەگەر کەسێک بۆ جارێک خودا لەخۆ بگرێت، تەنها لە لایەن خوداوە ون دەکرێت؟ بەڵام ئەگەر بۆت دەرکەوێت کە ئەو لە منداڵیتدا بوونی نەبووە و پێشتریش بوونی نەبووە، ئەگەر گومان بکەیت کە مەسیح بە تاسەکردنەکانی خەڵەفا بێت و موحەمەد لەخۆباییبوونی هەڵیخەڵەتاندبێت، ئەگەر ئێستاش هەستکردن بەوەی ئەو بوونی نییە بتتۆقێنێت، تەنانەت لەم کاتەشدا کە ئێمە باسی دەکەین، ئەگەر ئەو بوونی نەبێت، ئیتر چ پاساوێکت هەیە بۆ ئەوەی کە بیری دەکەیت وەکوو کەسێک کە کۆچی کردبێت و بۆی دەگەڕێیت وەکوو ئەوەی ون بووبێت؟

        بۆچی وەکوو کەسێک بیری لێ ناکەیتەوە کە لە هاتندایە، کە لە ئەزەلەوە لە نزیکبوونەوەدایە، ئەو کەسەی کە ڕۆژێک هەر دەگات، میوەی ئەو دارەی کە ئێمە گەڵاکانین؟ چی ڕێگری دەکات لەوەی لەدایکبوونی ببەستیتەوە بەو سەردەمانەی کە لە هاتندان و هەنووکە ژیانی خۆت وەها بژیت وەکو ئەوەی ڕۆژێکی نازدار و ئازاراوی بێت لە پیتاندنێكی مەزن؟ ئایا نابینیت کە هەموو ئەو چتانەی ڕوو دەدەن هەمیشە دەستپێکن، هەر بۆیە ئایا ناکرێت دەستپێک بن بۆ ئەو، چونکە دەستپێکردن لە خۆیدا هەردەم گەلێک دڵڕفێنە؟ گەر ئەو کامڵ بێت، ئایا نابێت ئەو شتانەی ناکامڵن لەپێش ئەوەوە بێن بۆ ئەوەی ئەو بتوانیت لەنێو پڕیەتی و پڕبەرهەمیدا خۆی هەڵبژێرێت؟ ئایا نابێت ئەو دواهەمین بێت بۆ ئەوەی هەموو شتێک لە خۆیدا هەڵبگرێت؟ ئەی چ مانایەکی دەبێت ئەگەر ئەو کەسەی کە ئێمە خوازیاری هاتنین پێشتر بوونی هەبووبێت؟

هەروەکوو چۆن هەنگ شیلە کۆ دەکاتەوە، ئێمەش لە هەموو شتێکەوە شیرینترین بەشیان لێ کۆ دەکەینەوە و ئەوی لێ پێک دەهێنین. تەنانەت لەگەڵ شتە تڕوهات و کەم نرخەکانیش (تا ئەو ڕادەیەی لە خۆشەویستییەوە سەرچاوە دەگرن) ئێمە دەست بەکار دەبین، لەگەڵ کارکردن و ئەو پشووەی کە دواتر دێت، لەگەڵ بێدەنگی یان لەگەڵ خۆشییەکی کورتی تەنیایی، لەگەڵ هەموو ئەو شتانەی بە تەنیا دەیانکەین، بێ ئەوەی هیچ کەسێک بەشداربێت یان یارمەتیمان بدات، ئێمە ئەو پێک دەهێنین، ئەوێک کە ئەوەندە ناژین بۆ ئەوەی بیناسین، هەروەک چۆن باوباپیرانمان نەیانتوانی ئەوەندە بژین بۆ ئەوەی ئێمە بناسن. لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان، ئەوانەی دەمێک پێش ئێستا کۆچیان کرد، هێشتا لە ئێمەدا دەژین، لە هەڵسوکەوتماندا، لەو ئەرکەی ماڵه‌ به‌سه‌ر چارەنووسمانەوە، لە خوێنماندا کە دەبزوێت، هەروەها لەو گوزارشتەدا کە لە قوڵاییی کاتەوە سەر دەردەهێنێت.

ئایا هیچ شتێک هەیە داتببڕێت لەو هیوایەی کە بەم شێوەیە ڕۆژێک لە ڕۆژان لە ئەودا دەژیت، ئەوێک کە دوورترینە، ئەوێک کە دوا سنوورە؟

بەڕێز کاپوسی ئازیز، بەم هەستی خۆ تەرخانکردنەوە یادی کریسمس بکەرەوە، بەوەی کە ڕەنگە ئەو پێویستی بەم ئەندێشەیەی تۆ بێت بۆ ئەوەی دەست پێ بکات. ڕەنگە ئەم قۆناغی گواستنەوەیە ئەو ڕۆژانە بن کە هەموو شتێک له‌ تۆدا لەسەر ئەو کار دەکات، هەروەکوو چۆن پێشتر لە منداڵیتدا لێنەبڕاوانە کارت لەسەر ئەو دەکرد. ئۆقرە بگرە و خۆت ڕووگرژ مەکە، ئەوە بزانە کەمترین شتێک بتوانین بیکەین ئەوەیە هاتنەبوونی ئەو سەختتر نەکەین، هەروەک چۆن زەوی لەگەڵ بەهاردا نایکات کاتێک بەهار دەیەوێت بێتەبەرەوە.

کامەران بە و دڵنیابە.

دڵسۆزت،

ڕەینە ماریا ڕیڵکە

٢٣ کانونی یەکەم ١٩٠٣

ڕۆما

تێبینی: ئەم نامەیە لە کتێبی “نامەیلێ بۆ شاعیرێکی گەنج” کە کۆمەڵێ نامەی ڕینە ماریا ڕیڵکەی شاعیرە بۆ گەنجێک بە ناوی (فرانز گزاور کاپوس) کە لێهاتووی و توانایەکی شاعیرانەی هەبووە و داوای ڕێنوێنی لە ڕیڵکە کردووە. دیلان قادر لە ئینگلیزییەوە کردوویەتی بە کوردی و ساڵی ٢٠١٨ لە لایەن ناوەندی غەزەلنووسەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە.