یاداشتە ڕۆژانەییەکانی نەخۆشێک کە نووسینی لێ قەدەغەکراوە

لە عەرەبییەوە: خەڵات عەلی

١

تۆ قەدەغەکراویت خۆشەویستەکەم، لە هاتن بۆ لای من

قەدەغەیە دەست لە چەرچەفە سپییەکان یان پەنجە بەفرینەکانم بدەیت

قەدەغەیە دابنیشیت، بچرپێنیت، یان دەستت لەناو دەستمدا بەجێ بهێڵیت

قەدەغەیە لە ماڵەکەمان لە شام،

پۆلە کۆترێک

یان یاسەمینێک یان گوڵەباخێک بهێنیت،

قەدەغەیە بوکەشوشەیەکم بۆ هەڵگریت تا لەباوەشی بگرم

یان چیرۆکی کورتە باڵاکان و شاژنە جوانەکە و جنۆکەکانم بۆ بخوێنیتەوە.

چونکە خۆشەویستم، لە بەشی نەخۆشییەکانی دڵ

خۆشەویستی و تامەزرۆیی و نامە نهێنییەکان زەوت دەکەن.

٢

هەناسەی قوڵ هەڵمەکێشە، ئەگەر هەواڵێکی سەرنج ڕاکێشت لە ڕۆژنامەکاندا خوێندەوە

ئەسپیش هەست بە ماندووێتی دەکات خۆشەویستم،

کاتێک سمی یەکەمی دەخاتە ناو دیمەشقەوە و

سمەکەی دیکەیشی دەخاتە ناو کۆمەڵەی خۆر

٣

ئەو چەند کاتژمێرە خۆت بگرە خۆشەویستم،

چونکە کاتێک شاعیر بڕیار دەدات پێستی گۆی زەوی بە پیتەکان کون بکات و

دڵی ببێتە سێوێک و

منداڵانی کۆڵانە شەعبییەکان گازی لێ بگرن…

کاتێکیش شاعیر هەوڵ دەدەت لە شیعرەکانی

کۆمەڵێک کولێرە دروست بکات بۆ ئەوەی برسییەکانی نان و ئازادی بیخۆن

مردن نابێتە کارێکی بەپەلە

چونکە خۆشەویستم ئەوەی دەنووسێت

دڵەکوتێیەکەی لە پەڕەکانیدا هەڵدەگرێت

٤

تکات لێ دەکەم کە زەردەخەنە بکەیت، تکات لێ دەکەم کە زەردەخەنە بکەیت

ئەی دارخورمای عێراق، ئەی چۆلەکەی شەوانەی ڕەسافە

چونکە دڵەکوتێی شاعیر هەرگیز بابەتێکی کەسی نییە

بەس نییە کە دوای خۆم زمانم بۆ منداڵان و ئەلفوبێم بۆ عاشقان جێهێشتووە؟

٥

سەرینەکەم سپییە،

هەروەها کات و کاتژمێر و ڕۆژەکانیشم، هەمووی سپیین.

بۆیە خۆشەویستم دەکرێت

شتێکی سوور بخەیتە سەر لێوی سافت؟

چونکە مانگێکە من وەک منداڵان خەون دەبینم

 پەپوولەیەکی سووری گەورە سەردانیم دەکات…

٥

داوای قەڵەم دەکەم و پێم نادەن

داوای ڕۆژەکانم دەکەم، ئەوانەی هیچ ڕۆژێکیان نەبوو

پرسیاری دەرمانێکیان لێ دەکەم کە بمباتە نێو دنیای خەونەکان

تەنانەت حەبی خەویش وەک من لەسەر بێداری ڕاهاتووە و ناخەوێت

٧

ئەگەر وەک سەردانیکەرێک هاتیتە لام

هەوڵ بدە ملوانکە و مستیلە بە نقێم نامۆ لەبەر بکەیت

هەوڵ بدە دارستان و درەختەکان لەبەر بکەیت

هەوڵ بدە كڵاوێکی شادمانی وەک پێشانگای گوڵوگوڵزار لەسەر بکەیت

چونکە من لە بازنەکانی لم بێزارم، لە بازنەکانی گفتوگۆش

٨

خۆشەویستم، کەسێکی تامەزرۆ لەو زیندانە تاکەکەسییەدا چی دەکات؟

کە دەرگا و پاسەوان و فەرمانە نەریتییەکان لە نێوانماندان

زیاتر له بیست هەزار ساڵی ڕووناکیمان لە نێواندایە

تامەزرۆ چی بکات بۆ خۆشەویستی و ژەنین لەسەر پەنجە عاجییەکان و

دڵیش هێشتا لە مانەوەیەکی ناچاریدایە

٩

هەست بە تاوان مەکە بچکۆلانەکەم، هەست بە تاوان مەکە

چونکە هەر ژنێک خۆشم ویستبێ

میراتی دڵەکوتێیەکی بۆ جێهێشتووم.

١٠

ئامۆژگاری پزیشک بۆ من:

ساڵێکی تەواو شیعر نەڵێم

ساڵێکی تەواویش چاوەکانت نەبینم و

گۆڕانکارییەکانی دەریا لە چاوە وەنەوشەییەکاندا نەبینم!

ئای خوایە، ئەو ئامۆژگارییە چۆن بە پێکەنینم دێنێت…

photo_٢٠٢٢-٠١-١٨_١٤-٢٦-٤٣

سەرنجێک بنوسن