بە خاوی قسەکردن، ئاماژەیەکی بەهێز بۆ بە خێرایی لەناوچوونی زمانی کوردی

"بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی"

زۆر ئاماژە هەیە بۆ ئەوەی کە دڵنیا بین زمانی کوردی بەرەو لەناوچوون دەچێ! بەڵام ئاماژیەکی زۆر بەهێز کە تا ئێستا کەس سەرنجی نەداوە، یان لانی کەم من نەمدیتووە لە گۆشەنیگای منەوە سەرنجی بخاتەسەر؛ بە شێنەیی و بە خاوی قسەکردنە بە زمانی کوردی، بە هێوری و لەسەرەخۆ قسەکردنە بە زمانی کوردی، منگەمنگ کردن و سادە و ساکار قسەکردنە بە زمانی کوردی، خێرا قسە نەکردنە بە زمانی کوردی؛ بە کورتی مەبەست ئەوەیە کاتێک بە کوردی قسە دەکەی، هێندە خاو قسە بکەی کە گوێگر جارز بێ لەو کاتەی بۆتی تەرخان دەکات! حەجمینی لێ هەڵبگیرێ تا قسەکەت تەواو دەکەی! بۆیە ئەگەر ڕاستەوخۆ قسە بکەی، یان واز لە گوێگرتن دێنێ و هەڵدەستێ دەڕوات، یان بە هۆی ڕێزێکەوە کە بۆتی هەیە بە ناچاری و بە بێزاری بە دیارتەوە دادەنیشێ! یان ئەگەر لە تۆمارێکی دەنگ و ڕەنگیدا قسەت کردبێ، هەوڵ دەدات وەپێشی بدات، یان بیخاتە سەر دەوری خێرا، وەک ئەو بژاردەیەی ئێستا لە فایلە دەنگییەکانی تێلێگڕام و واتساپدا هەیە.

گوێگر بۆ وا دەکات؟

لەبەر ئەوەی ئەو قسانەی تۆ دەتوانی لە دە خولەکدا بیانکەی، هەر ئەو قسانە، بەبێ کەمی و زۆریی وشەکانی، بە خاوی لە بیست خولەکدا دەیانکەی. یانی تۆ لەجیاتیی ئەوەی هەزار وشە بە دە خولەک بڵێی، بە بیست خولەک دەیڵێی.

ئەی تۆ بۆ وا دەکەی؟

لەبەر ئەوەی تۆ لە کاتی قسەکردندا، هاوکات لە مێشکتدا بەدوای وشەی گونجاودا دەگەڕێی، بەدوای هاوتای دروستدا دەگەڕێی، خەمی ئەوەتە وشەکان لە جێی خۆیان بەکار بێنی، وشەیەکی هەڵە بەکار نەهێنی، زۆربەی گوێگرەکانت بە شێوەزارە جیاوازەکانیانەوە لێت تێ بگەن؛ ئەوانەش لە خێرایی قسەکردنی تۆ کەم دەکەنەوە.

دەی باشە لەبەرچی وا دەکەی؟

لەبەر ئەوەی تۆ زمانی کوردی تەنیا بۆ قسەکردن بەکار دێنێ! شەو و ڕۆژ بە زمانی دیکە دەخوێنییەوە و هەوڵ دەدەی ئەو شتانەی بە زمانەکانی دیکە خوێندووتنەتەوە بە کوردی بیانڵێی! بە کوردی ناخوێنییەوە و بە کوردیش قسە دەکەی! بە کوردی نانووسی و بە کوردیش قسە دەکەی! بە کوردی فیلم نابینی و بە کوردیش لەسەر فیلم قسە دەکەی! گوێ لە گۆرانی کوردی ڕاناگری و بە کوردیش قسە دەکەی! بە کوردی بیر ناکەیەوە و بە کوردیش قسه دەکەی! سەرچاوەی هەموو زانیاری و شتێکت لە کتێب و میدیای بینراو و بیستراو و تۆڕەکانی ئینتەرنێتدا بە زمانی فارسی و تورکی و عەڕەبی و زمانە بیانییەکانی دیکەیە و بە کوردیش قسە دەکەی! دەی تۆ بەم حاڵەوە چۆن دەتوانی بە خێرایی بە کوردی قسە بکەی؟ تۆیەک کە زمانی دایکیی خۆت تەنیا بۆ قسەکردن بەکار دێنی، چۆن دەتوانی بە خێرایی لە زارت‌دا هەڵیسووڕێنی؟ خۆ زمانە گۆشتییەکەی نێو زارت بۆ خۆی مێشکی نییە وشەی لێ بێتە دەرێ! تۆ چی بخەیە مێشکتەوە زمانت ئەوەت بۆ لە زاری دەخاتە دەرێ!

تۆ کە کۆگاکانی مێشکت پڕە لە بەرهەم و کاڵای هاوردە و بێگانە، بۆ پێت وایە دەتوانی بەرهەم و کاڵای خۆماڵی بدەیە دەرەوە؟

ئەگەر بشتهەوێ خۆماڵییان بکەی و مۆرکی کوردییان لێ بدەی، کاتێکی زۆرت دەوێ تا ناونیشان و قاوغە بیانییەکانیان دەسڕییەوە و بە ناو و مۆرکی کوردییەوە دەیاندەیەوە دەرێ! هەر ئەو کاتە زۆرەشە کە وا دەکات تۆ لە کاتی قسەکردندا بە خاوی قسە بکەی!

جا زۆر کەس بۆ ئەوەی بە خاوی قسە نەکەن و خەڵک بزانن زۆریان لەباردایە و زۆر زانا و تێگەیشتوو و شارستانین، ئەو کاتە بۆ سڕینەوەی ناونیشان و قاوغی بەرهەم و کاڵا بیانییەکان دانانێن و ڕێک ئەوەی لە کۆگای مێشکیان دایە، وەک خۆی دەیدەنەوە دەرێ!

ئە لێرەدایە کە مەرگی زمانی کوردی دەورێکی خێرا بە خویەوە دەگرێ، چوونکە زۆرینەی خەڵک پێیان خۆش نییە نەخوێندەوار و ناشارستانی بێنە بەرچاو. هەر ئەو زۆرینەیەشە بۆ شاردنەوەی نەخوێندەواری و نەزانییەکانی خۆی لە فێڵی خێراخێرا قسەکردن کەڵک وەردەگرێ، ئێستا چۆن دێ ـ لەبەر پاراو قسەکردن ـ بە منگەمنگ و بە خاوەخاو و بە هێوری و بە لەسەرەخۆیی قسە بۆ تۆ دەکات!؟

ئەگەر سەرنجتان دابێ، ئامریکاییەکان کاتێک قسە دەکەن، زمانیان وەک فڕفڕە هەڵدەسووڕێنن، هێندە خێرا بە ئینگلیسی قسە دەکەن، تەنانەت زۆر خەڵکی ئینگلیسی زمانی دیکە بەهاسانی لێیان تێ ناگەن، لەبەر ئەوەی منداڵێکی ئامریکایی لەو ڕۆژەوە کە لەدایک دەبێ، هەمووشتێکی بە ئینگلیسییە و بە پێویستی نازانێ بە هیچ زمانێکی دیکە بخوێنێتەوە و بنووسێ و ببینێ و گوێ بگرێ و بیر بکاتەوە! بۆیە کاتێک ئامریکاییەکان بە ئینگلیسی قسە دەکەن، دەڵێی ڕەپێت ناون! هێندە بە خێرایی و، بەبێ بیرکردنەوە لەوەی چ وشەیەک بەکار بێنن، لە چەند خولەکدا، مەبەستەکەیان دەگەیەنن؛ کەوا من و تۆ بە سەعاتێکیش، لەبەر منگەمنگ و خاوەخاو هەمان مەبەستمان بۆ ناگەیەندرێ!

جا بۆیە بۆ ئەوەی ئێمەش بتوانین بە خێرایی قسە بکەین و زمانەکەمان لە مەترسیی خێرا لەناوچوون ڕزگار بکەین، پێویستە نووسین، خوێندنەوە، گوێگرتن، بینین و هەمووشتێکمان بە کوردی بێت! یان لانی کەم زیاترەکەی بە کوردی بێت!