وشەکان

وەک تۆوێ، “با” هەڵیفڕانم و لە ئاسمانیش، “جوان”ی فریویدام.

بردمیان دوور دوور تا سەر خاکی گریک.

لەوێ وەک درەختێ ڕووام، چڵ و پۆپ و گەڵا گەشەیان کرد.

لە خۆر و ئاسمان ڕائەمام،

وزەم ئەبەخشییە وشە لەنێو زماندا.

لەنێو زەمەندا، ئەو گۆرانییانەم ئەوتنەوە لە شاخەکانەوە پەیدا ئەبوون.

جوانی منی فریودا لە خۆیدا.

ئەو ئەفسانانەی لەبارەی دەریا، ئاسمان و ئەستێرەوە ئەوتران، فریویاندام.

ئێستا لەنیوەی ڕێگا، ناتوانم بگەڕێمەوە سەر هەمان خاک، هەمان ئاو و هەمان گۆرانی.

چارەم نییە، وەک درەختێ لەنێو ڕۆحی تۆدا ئەژیم.

باسی ئاسمانت بۆ ئەکەم، هەر خۆیەتی و خۆی.

یەک وێنە و

یەک ڕەنگ و

یەک سنووری هەمیشەیی.

باسی ڕووناکیت بۆ ئەکەم، هەر خۆیەتی و خۆی.

یەک وێنە و

یەک تیشک و

یەک هێزی هەمیشەیی.

لەنێو زماندا،

نە ئاسمان، خۆی گرێ دەدا بە خۆر و بە هەشت و ئایندەوە.

نە ڕووناکی، خۆی گرێ دەدا بە ئاسمان و زەوی و مێژوەوە.

کاتێ لە تۆ ڕائەمێنم، هیچی دیکە نییە لە تۆ بچێ لەنێو زماندا.

ئەلف و بێی نوێ پەیدا ئەبێ و

درەختەکان وانەی جوانی ئەڵێنەوە.

تۆ: دووبارە وشە بە وشە من ڕیز ئەکەی لە خۆتدا.

بە دەستێ پەنجە ئەخەیتە سەر وشەکان و

بە دەستێ وشەکان ئەخەیتە نێو دڵم.

هەر تۆی لە ڕۆحی خۆتدا پەیدا ئەبی.

هەر وشەیەک وزەی خۆی هەیە لەنێو زماندا

ئاسمان، هەر خۆیەتی و خۆی،

یەک وێنە و

یەک ڕەنگ و

یەک سنووری هەمیشەیی.

ڕووناکی، هەر خۆیەتی و خۆی

یەک وێنە و

یەک تیشک و

یەک هێزی هەمیشەیی.

جوانی، هەر خۆیەتی و خۆی

یەک وێنە و

یەک وزە و

یەک عەشقی هەمیشەیی.

یۆنان ١٠-٤-٢٠٢٢

هیل

سەرنجێک بنوسن