سێیینەی پیرۆز

کات

لە ساتەوەختی خۆبەدەستەوەداندا و لە تەنیایییەکدا کە هەر تەنێ مەرگ چاوەڕێیەتی، چەشنی تاوی بیابانێکی هەمیشەیی، بە ئومێدەوە ئامێزی بێپایان، واڵا کردووە. بە وێنەی بارانی کەڵەهەوری شارێکی مژوولی جەنجاڵ، واژەی لێ دەبارێ. چەمەڕا دەکرێ تا لە کۆتایییەکی تراژیدیدا، هێور هێور وەبیر بچێتەوە؛ وەلێ بۆ وی کە لە هەناوی بوونەوە هەڵقوڵاوە، هیچ سەرەتایەک لە گۆڕێ نییە، تاوەکی کۆتایییەک هەبێت. زیاتر پێ دەچێ، دۆخێکی تەواو کۆمێدی بێتە خولقان.



شوێن

لە شوێنکاری یاخیبووندا، مینا تەنیاترین ڕاسپاردەهێنی ڕاستان؛ تەوربەدەست یەکیەک بتان دەشکێنێ و لەگەڵیدا بەرز و تاپاز، دەیکا بانگاواز. لەولاشەوە، ئاگری گڕگرتووی ڕەنگپەشیمانی و کوڵمەسوور، بە ئاهێکی ساردی سیخناخ لە ئەزموون و یادەوەریی تاڵەوە و، لەناو ئاپۆرەی بتپارێزاندا، بە هەموو بوونییەوە چاوەڕێیە تا بەڵکوو ئەم جارە کڵپەکڵپ، بیسووتێنێ.



ناسنامە

لە شەڕگەی کۆڵنەداندا، بەردەوام و بێوچان، زۆر و لە زۆر شت بیر دەکاتەوە. هەموو ئەوەی پێی دەبڕێ لە ئاکامدا؛ نە گوتن، نە نووسین، نە یاخیبوون؛ تەنیا بیرکردنەوە. بیرکردنەوە، بیرکردنەوە، بیرکردنەوە. بیرکردنەوە لە کات، لە شوێن، لە ئاگر و لە باران، لە سەرەتا و لە کۆتایی، لە مردن و لە نەمری؛ (بەردەوام و بێوچان، زۆر و لە زۆر شت بیر دەکاتەوە.) تا دەکەوێتە دۆخێک هۆشی نەخۆشی پڕ لە ناڵەناڵ، ناتوانێ تێبگا بیر لە کامیان، یا هەر لە چی ئەسڵەن، دەکاتەوە. ونبوون، ونبوون، ونبوون. لەدوای ئەوەوە، ناچارە بۆ ناکۆتا و لە کردەیەکی بێبڕانەوەی نەزادا، بەسەر کۆڵی ئەفسانەدا تۆپی هەردەم خزیوی جیهان، سەربخاتەوە تڕۆپکی مانا.

رەها

سەرنجێک بنوسن