خۆڕۆژهەڵاتناسی* و چارەنووسێکی دافلیقاو

لێکدانەوەی ڕۆمانی هەزارداڵانی جندۆکان

گەر بمانەوێت ڕەخنەگرێکی ئەدەبی لەنێو تەگەرەیەکدا بگەوزێنین، پێویستە هەر شێوە دەست ڕاگەیشتنێکی ئەو بە پێویستایەتییەکانی لێ بستێنینەوە. بە واتایەکی تر نووسین لەسەر بەرهەمێک، بێ دەست ڕاگەیشتن بە سەرجەم ماکە پێکهێنەرەکانی ڕەخنەی ئەدەبی، ئەستەمترین و، ڕەنگە مەترسیدارترین، شێوەی نووسینە. لووسییەن گۆڵدمەن 1Lucien Goldmann لەمەڕ پەیوەندیی پاژ و گشت دەڵێت “هەر حەقیقەتێکی پاژی واتای ڕاستینەی خۆی نادۆزێتەوە مەگەر لە ڕێگەی پێگەی خۆی لەنێو گشتێتییەکدا و، هەر بەو شێوە گشتێتیش ناس‌هەڵگر نییە مەگەر لە ڕێگەی پێشچوون لە ناسینی ڕاستییە پاژییەکانەوە.”(جڤاک، کەلتوور، ئەدەبیات، ل ١٨٩). لەم سونگەوە بەو دەرئەنجامە دەگەین کە هەر بەرهەمێک لە پەیوەندی لەگەڵ بەستێنی سیاسی، جڤاکی، کەلتووری و، هاوسانی ئەمانەش، ژین و ڕوانین و پرێسپێکتیڤی خولقێنەرەکەی بەرهەم دێت. هەروەها پەیوەندیی بەرهەم لەگەڵ بەرهەمەکانی پێش خۆی و سەردەمی خۆی گرنگییەکی هاوشانی هەیە. دەرخستنی هەموو لایەنە دیار و شاراوەکانی بەرهەمێک لە کردە نایەت و بەردەوام هەندێک شت لە دەرەوەی بازنەدا دەمێننەوە. بە واتایەکی تر ڕەنگە دوایین دەمەقاڵەی نووسەریش لەگەڵ هاوژینەکەیدا کاریگەرییەکی قووڵ [ئەرێنی یان نەرێنی] لە پێکهاتەی بەرهەمدا بەجێ بهێڵن کە ڕەخنەگر قەد دەستی بەو کەلێن و قوژبنانە ڕاناگات. بەپێی بۆچوونی گۆڵدمەن “نووسینەکانی نووسەرێک، لە ڕاستیدا، تەنیا بەشێک لە ئاکاری ئەو لە بەر دەگرن، ئاکارێک کە پێوەبەندی پێکهاتەیەکی تا دواڕادە تێکچنراویی هەناوین و فیزیۆلۆژیکە و بە هیچ شێوەیەک لە درێژەی ژیانی تاکینیی ئەودا لێکچوو و نەگۆڕ نامێننەوە.”(هەمان، ل ١٩٥). گەر تەنانەت ئێمە دەستمان بە هەموو پەیوەندییەکانی نووسەر، پاشخانی ژیان و پێکهاتەی هەناوینی ئەو ڕابگەیشتایەت، ڕەنگە تا ڕادەیەک بمانتوانیایەت بە چڕی لێکی بدەینەوە؛ بەڵام لەم وتارەدا تەنانەت بەرهەمەکانی تری نووسەر لە بەردەستدا نییە. بۆیە هەوڵم داوە زێدەتر ڕۆمانەکە لە باری فەنییەوە لێک بدەمەوە. هەروەها کەسایەتییەکان و ناوەڕۆکی ڕۆمانەکە لە پەیوەندی لەگەڵ فەزای هزری، جڤاکی و سیاسیی کورددا تاوتوێ بکەم. ئیدی ئەوەی کە تا چ ڕادەیەک کەموکۆڕی هەیە [کە بێگومان هەیەتی] بۆ خوێنەری دەقەکە دەمێنێتەوە.

ڕۆمانی “هەزارداڵانی جندۆکان”2Labîrenta Cinan نووسینی “حەسەنێ مەتێ” نووسەری خەڵکی شاری ئامەد، لە ساڵی ١٩٩٤ز نووسراوە. ڕۆمانەکە لە سێ بەش پێک هاتووە و چیرۆکی مامۆستایەک دەگێڕێتەوە. بەشی یەکەمی ئەم ڕۆمانە بە گەیشتنی وەڵامی نامەی دەرکرانی “مامۆستا کەوانۆت” لە مامۆستایەتی دەست پێ ئەکات و تاکوو دیالۆگ و دۆستایەتیی مامۆستا کەوانۆت و گەبرانی باچۆ لە لاپەڕەی ٦٧ درێژەی هەیە. پاش خوێندنەوەی نامەکە بە پاش‌چوونێک3Flashback گێڕانەوەکە بۆ چوار ساڵی ڕابردوو دەگەڕێتەوە. کاتێک مامۆستا کەوانۆت “ماڵ و کۆچ ساز و تەیار دەکا. ورد و درشت هەموو کەلوپەلی ماڵێ دەخاتە پشت ماشێنە کۆنەکەی و لەگەڵ کەیبانووە ژیکەڵەکەی هێدی و هێمن بەرەو باکوور وەڕێ دەکەوێ.”(ل ٧). لە لاپەڕەکانی تردا گێڕانەوەکە بە چیرۆکی خوازبێنی کردنی مامۆستا کەوانۆت لە نێرگزی کۆچەر و، دژبەریی باوکی نێرگز درێژە دەدرێت و دەڵێت: “ئەمە هەر بەشی کوڕانی عەشیرەتی خۆمان کچمان هەنە، کچمان لە کوێ بوو بیدەین بە کوڕە شارستانی؟”(ل ٨). لە کاتی گێڕانەوەی ئەم بەسەرهاتە بەرەو “گوندی شێتان” دەڕۆن. گوندی شێتان گوندێکی سێحراوییە و هەر ئەم سێحراوی بوونەی سەرنجی مامۆستا کەوانۆتی ڕاکێشاوە: “وایان پێ دەڵێن. منیش لە زاری خەڵکم بیستووە […] بەڵام شوێنێکی خۆشە، زۆر خۆشە! ئاوەکەی، بەروبێستانی، پیوازەکانی. […] دەڵێن هۆی شێت بوونی خەڵکی ئەم دێیە، پیوازەکانیەتی. هێندێک خەڵکیش دەڵێن لە بەر ئاوەکەیەتی”(ل ١٤). پاش ئەمەش مامۆستا کەوانۆت لە قوتابخانەی گوند نیشتەجێ دەبێت و “سۆفی سێوەدین” بۆ دیداری دەڕوات و بەسەرهاتی خۆی بۆ دەگێڕێتەوە. لە یەکەم ڕۆژی قوتابخانەدا مار بە کچۆڵەی سۆفی سێوەدەینەوە دەدات و، ئەم ڕووداوە هەندێک پرسیار لە لای مامۆستا کەوانۆت دەورووژێنێت. بە پەیجۆر بوونی هۆکاری دەست ڕۆ کردنی منداڵان لە کەلێن و قوژبنەکان، دەستەیەک زانیاری تر لەمەڕ منداڵان و ئاکاری ئەوان بە دەست دەهێنێت و هەندێک پرسیاری تری بۆ دروست ئەبێت. بۆ دۆزینەوەی وەڵامی ئەو پرسیارە ڕوو لە چەقەخانەی گوند دەکات و لە وێدا “گەبرانێ باچۆ” دەناسێت. لە لای مامۆستا کەوانۆتدا گەبرانی باچۆ چاوانەیەکی گرنگە بۆ ئەوەی وەڵامی پرسیارەکانی بدۆزێتەوە. وێڕای دیالۆگەکانی گەبرانی باچۆ و مامۆستا کەوانۆت لەنێو چەقەخانەدا [کە زێدەتر مشتومڕێکە لەمەڕ بۆق کوشتن و کیسەڵ کوشتنی منداڵان لەگەڵ خەڵکی گونددا] دیالۆگەکانیان لە ێو حەوشەی قوتابخانەدا گرنگییەکی ئەساسیی هەیە؛ کە لە درێژەی وتارەکەدا ئاماژەی پێ دەدرێت.

ڕۆمانی “هەزارداڵانی جندۆکان”ی حەسەنێ مەتێ. فایمە کاکەسووری لە کورمانجییەوە کردوویەتە سۆرانی، چاپەمەنی خانی ١٤٠٠ هەتاوی

بەشی دووەمی ڕۆمانەکە لە دەستنووسی “گەبرانی باچۆ” پێک دێت کە لە نێویدا ماڵە گرنگەکانی گوندی شێتانی وەسف کردووە. گەبرانی باچۆ بۆ ئەوەی مامۆستا کەوانۆت زێدەتر خەڵکی گوند بناسێت، دەستنووسەکانی پێ دەدات و پاش ئەوە خۆی کۆچ دەکات. بە گشتیی وێنای گوندی شێتان بەم دەستنووسە بە بەر چاوی خوێنەر دەکەوێت. شازدە ماڵ لە سەرجەم ماڵەکانی گوند وەسف دەکرێت و لە هەر مەودایەکدا ماڵێک هەڵبژێردراوە.

خەڵکی گوندی شێتان بەم شێوە وەسف دەکرێن: چاوپیس، دەڵاڵ، داوێن‌پیس، تەڵەکەباز، مامەڵەچی، چاوچنۆک، شێت، دەستلێوەشراو، جندۆکەدار، دۆخین‌شل، بەدفەڕ، نووشتەنووس، شەیتانی، لووتبەرز، دەستدرێژ، وجاخ‌کوێر، بۆگەن، مرخن، خەرەفاو، دەست‌قووچاو، نێرەمۆک،ژنانیلە، بەدگومان، ڕەشبین، بێ‌سەرەوبەرە، هەلپەرست، دەم‌پیس، تەماحکار و هتد.

بەشی سێهەمی ڕۆمانی “هەزارداڵانی جندۆکان” وەکوو ڕۆمان یان چیرۆکێکی سەربەخۆ دەست پێ دەکات. پاش چوار ساڵ ژیان لە گوندی شێتان “ئاڵوگۆڕێک وا سروشت دەتوانێ بەسەر دار و درەخت و ئاژەڵ، یان بەسەر مرۆڤدا بیهێنێ، بێگومان لەسەر بنەماڵەی مامۆستا کەوانۆتیش کاریگەری هەبووە”(ل ١١٩). لە کاتی قۆچەقانی دروستکردن و خۆتەیارکردن “میخۆی پاسەوان” بە مامۆستا کەوانۆت دەڵێت: “بەخودا، ئاغا، تۆش تەواو خووی ئێمەت گرتووە!” (ل ١٥٧). هەروەها نێرگزی کۆچەر، کە ڕۆیشتووە بۆ ماڵی شێتان نزای کردووە و دووگیان بووە، لە شەوێکدا بە دەم خەوەوە دەڕوات بۆ گەڕەکی شێتان و هەندێک ڕووداوی سەیری بۆ دەقەومێت. لە درێژەی ڕۆمانەکەدا ئەم ئاڵوگۆڕییە تا ڕادەیەک پەرە دەستێنێ کە نێرگزی کۆچەر منداڵەکەی سەقەت دەبێت و مامۆستا کەوانۆت شێت دەبێت. لە ڕاستیدا تەنیا بە خوێندنەوەی ئەم بەشە گرنگترین زانیاریگەلێک وا خوێنەر پێویستیەتی، بە بەردەست دەکەوێت.

وێڕای ئەم سێ بەشە گشتی و بەرچاوە، ڕۆمانی “هەزارداڵانی جندۆکان” لە دەستەیەک وردەگێڕانەوە پێک دێت. ڕووداوەکان بە شێوەیەکی ڕووناکی‌نەخواز4Photonegative پێکەوە لکێندراون. لۆژیک و زەروورەتێکی گێڕانەوەییی ڕووداوەکان پێکەوە نالکێنێت و، وێژیار بە زەینێکی ئاڵۆزەوە گێڕانەوەکە بەرەو پێش دەبات. بە ناقائیلییەوە بەسەر ڕووداوەکاندا باز دەبات و تێکهەڵکێشی و لێکپێزییەک”بەستێن – کەسایەتی – ڕووداو” پێکەوە گرێ نادات. گەر بمانەوێت ئەم ڕۆمانە لە نێو دەستەبەندییەکدا بخونجێنین، دەکرێت وەکوو ڕۆمانێکی ناتۆڕالیستی ناوی لێ ببەین. جۆرج لووکاچ لە وتاری “گێڕانەوە یان وەسف”ـدا، بە جوداکردنەوەی ڕۆمانی ڕیالیستی و ناتۆڕالیستی، باس لە ئەوە دەکات کە نووسەری ناتۆڕالیست چۆناوچۆن بە زێدەوەسفی هاوڕێکیی گێڕانەوە دەشێوێنێت و گێڕانەوەیەکی ناهاوڕێک بەرهەم دەهێنێت. تایبەتمەندیی نەرێنی ئەم شێوە گێڕانەوە پڕکردنەوەی ساویلکەئاسای فەزای ڕۆمانە و ڕووداوەکان تەنیا بە تاڵێکی زێدەناسکەوە بە گەڵاڵەی ڕۆمانەوە گرێ دەخۆن. لە ڕاستیدا نووسەر لەم ڕۆمانەدا تەنیا بە شێوەیەکی ساکار، ڕووکەشی سرووشتی و کەلتووری نوواندووەتەوە.

blank
حەسەنێ مەتێ (١٩٥٧) نووسەری کورد

هەر وەک لە سەرەوە باس کرا، دەکرێت بەشی سێهەمی ئەم ڕۆمانە وەک چیرۆکێکی درێژ جودا بکەینەوە و، وێڕای ئەوەش، شتێک لە گێڕانەوەکە کەم نەبێتەوە. بەشی سێهەم تەنیا لە ڕێگەی ناوی کەسایەتییەکانەوە لەگەڵ بەشی یەکەمدا پەیوەندی هەیە. بە واتایەکی تر پێویست ناکات خوێنەر بەشی یەکەم و دووهەم بخوێنێتەوە. ڕەنگە گەر تەنیا بەشی سێهەم وەک چیرۆکێک بڵاو بکرایەتەوە، چ لە باری فۆڕم و چ لە باری ناوەڕۆکەوە، لە ئاستێکی بەرزتری ئەدەبیدا جێگیر ببوایەت. هەر بەم شێوەش بەشی دووهەمی ڕۆمانەکە لە ئەساسدا هیچ پەیوەندییەکی بە گشتێتی ڕۆمانەکەوە نییە و بگرە بتوانین وەک یاداشت هەڵگرتنێکی بەر لە نووسین ناوی لێ ببەین. لێرەدایە کە لەنێوان “حەقیقەت” و “ڕووداو – کەسایەتی – بەستێن”ـدا دابڕانێکی قووڵ دروست دەبێت. هەر وەک لووکاچ ئاماژەی پێ دەدات حەقیقەت تەنیا لە ڕێگەی کردەوە، ئاکار و ئاکسیۆنەوە ئاشکرا دەبێت و “کەسایەتی چیرۆکیش لە ڕوانگەیەکی کۆنکرێتەوە، تەنیا ئەگەری هەیە لە ڕێگەی ئاکسیۆنەوە ئاشکرا بێت.”(هەمان، ل ٣١). بەڵام لەم ڕۆمانەدا وێژیار وەکوو ڕاپۆرتنووسێک دەردەکەوێت. بێجگە لە چەند جێگا [وەک دیالۆگەکانی مامۆستا کەوانۆت و گەبرانی باچۆ، دیالۆگەکانی نێرگز و خانێ و حەوشەی ماڵی شەڕۆ] کەسایەتییەکان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ وەسف دەکرێن و فەزای هیچ خۆدەرخستنێکیان پێ نادرێت. تەنانەت گۆڕانی مامۆستا کەوانۆت بەو شێوە ڕاپۆرت دەدرێت کە “عادەت و خوویەکی سەیری لێ پەیدا بووە. لە هەر کوێیەک چۆلەکەیەکی وە بەر چاو دێ، تەواو ملی وەردەسووڕێنێ و تەماشای دەکا. هەرگا بە تەنیشت یا ژێر دارێکدا ڕەت دەبێ، بێ ئەوەی بۆ خۆی هەست بکا سەری هەڵدێنێ و سەیری لکوپۆپی دارەکە دەکا. ئیتر وەکوو دێهاتییەک ژیانی دێی پێ خۆش دەبێ.”(ل ١٣٠). هەروەها لە درێژەدا وێژیار دەڵێت: “لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا بە بیانووی دەرسی گیاناسی لایەک لە حەوشەی مەدرەسە بڕ دەدا و بە منداڵانی قوتابخانەی هەڵدەکەنێ دەیکاتە بێستانی تەماتە و بیبار، لایەکی دیکەی حەوشە دەکاتە ئاخوڕ و ئەو لایەی دیکەش دەکا بە کولانەمریشک.”(ل ١٣١). لە ڕاستیدا ئیزنی ئەوە بە خوێنەر نادرێت کە گۆڕانی مامۆستا کەوانۆت ببینێت. واتا خوێنەر ناتوانێت بینێت کە چۆناوچۆن ڕۆشنبیرێک وا خۆی بە ئەرکدار دەزانی ڕیفۆڕمێک لە ئاکار و ڕەوشتی خەڵکی ئەو گوندەدا دروست بکات، ئێستا لەسەر ئەوەی “شەڕۆ” بە دەستی خۆی کفتە لە مەنجەڵ دەربێنیت گرێو دەکات و، لەگەڵ هەرزەکاری گونددا چۆلەکە دەکوژێت. ئەم گۆڕانە بە خوێنەر ڕاپۆرت دەدرێت.

ئوزلەم چاخلایان بە لێکدانەوەی ڕۆمانی “هەزارداڵانی جندۆکان” کەسایەتییە سەرەکییەکانی نێو ئەم ڕۆمانە بەپێی پێناسەی “فۆرستەر” هەڵدەسەنگێنێت. مامۆستا کەوانۆت و نێرگزی کۆچەر بە کەسایەتیی گشت‌لایەن5Round و کەسایەتی گەبرانی باچۆ بە کەسایەتیی ساکار6Flat ناو دەبات. (چاخلایان، ٢٠١٩: ٣). ئەو گۆڕانی نێرگزی کۆچەر و مامۆستا کەوانۆت وەک تەنیا هۆکاری ئەم دەستەبەندییە ناو دەبات. بەڵام ئەم گۆڕانە نەک لەنێو ئاکسیۆنی گێڕانەوەکە و لە قووڵاییی ڕووداوەکاندا ڕوو نادات، بەڵکوو لە زاری وێژیارەوە ڕادەگەیەنرێت. ڕاستییەکەی گەر بە شلگیریشەوە لەگەڵ ئەم دەستەبەندییەدا هاوڕا بین، کەسایەتییەکان بۆ ئەم مەبەستە لە ئاستێکی ڕووکەشیدا پەرداخت کراون و هیچ شێوەیەک لە لۆداریی و پوخت بوونیان پێوە دیار نییە. لە ئەساسدا نووسەر لە زۆربەی پەردەکاندا تووشی کۆسپ دەبێت و کەڵکیان لێ وەرناگرێت. بە واتایەکی تر نووسەر گێڕانەوەکە سواخ دەدات و تا قووڵایییەکەی ڕۆ ناچێت. بۆ نموونە لە چەقەخانەدا وێڕای ئەوەی پەردەکە بۆ پێکدادانی کەسایەتییەکان تەیار دەبێت، مشتومڕی “فەقێ دمسۆ” و “گەبرانی باچۆ” لە لاپەڕەیەکدا تەواو دەبێت.(ل ٥١) نموونەی تری ئەم شێوە سواخ دانە کۆتایی بەشی یەکەمە کە گەبرانی باچۆ بەبێ هیچ زەروورەتێک لە گێڕانەوەکە دەسڕدرێتەوە.

وێڕای ئەم باسانە و، ڕەنگە گرنگتر لە هەمووی، ئەوەیە کە گوندی شێتان بە شێوەیەکی تەواو سروشتی و سێحراویی وەسف دەکرێت. دووانەی شاری/گوندی بەردەوام دووپات دەکرێتەوە. گەر بمانەوێت ئەم ڕۆمانە بچەمکێنێن وەکوو ڕۆمانێکی “خۆڕۆژهەڵاتناسیSelf-Orientalism” پێناسە دەکرێت. زۆرینەی کەسایەتییەکان سەرسووڕهێنەر و سەیر و سەمەرە وێنا کراون. بەپێی ئەوەی کە مامۆستا کەوانۆت ماشێنێ هەیە بێگومان کاتی ڕووداوەکان نیوەی دووهەمی سەدەی بیستەمە، بەڵام شوێنێ ڕووداوەکان هیچ نیشانەیەک لە ئاوەزمەندی7Rationality سەردەمی مۆدێڕن و شارستانییەتی پێوە دیار نییە. ئەم ئاوەزمەندی و شارستانیەتە لە لای مامۆستا کەوانۆتدایە و، بە ئەرکی خۆی دەزانێت کە نەک هەر منداڵان، بەڵکوو خەڵکی گوندەکەش ئاوەزمەند بکات و دەڵێت: “ڕووناکبیرێک و دێهاتییەک وەکوو یەک نین. تێگەیشتن و بیر و ڕامانیشیان وەکوو یەک نییە. ئینسانی کوێرفام و نەزان خۆڕاگریی کەمە، لە ڕاستیدا خەڵکی ئەم دێیەش شتێکی ئاوان، هەر وەکوو کوتم ئەرکی سەرشانی ڕووناکبیر و زانا چییە؟ ئەو شتەی دەیزانم ئەوەیە: ئینسانی کەللەشەق و ناحاڵی زۆر جێی عەیب و ئیراد نین، بەڵام بۆ کەسێکی عاقڵ وا نییە. بۆ عاقڵ زۆر شەرم و ئیرادە لە کەسێکی کەم‌عەقڵ و نەزان تێنەگات. تەنانەت ئەرکی سەرشانیەتی حەول بدات حاڵی بکات.” (ل ٥٦). ئەساسی ئەم ڕۆمانە لە سەر ئەم ئایدیا پێک هاتووە: ڕۆشنبیرێک کە خۆی لە سەرووی جڤاکەوە دەبینێت و، بە سەپاندن، گشتاندن، پێوە لکاندن و خۆماکی8Intrinsic کردنەوەی هەندێک نازناو [یان ناونیتکە]، هەوڵی داگیرکردنی هزر و ئیرادەی جڤاک دەدات. ڕۆشنبیر بەم گشتاندن و شێوەڕوانینە، کە لە ئەساسدا یۆرۆسەنتەریکە و نیشانەگەلی ڕۆژئاوایی پێوە دیارە، جۆرێک دەست‌ڕۆیشتوویی و ڕایەداری9Authority بۆ خۆی پێک دەهێنت. مامۆستا کەوانۆت بێجگە لەوەی کە لە باری ئابوورییەوە لەسەر زکی “گوندی شێتان” ماڵ و نەوایەکی کۆ کردووەتەوە، مافی هەر شێوە گوڕاندنێک بەسەر خەڵکدا بە خۆی دەدات: “هەستن بچن لە کووچە و کۆڵان بانگەواز بکەن بڵێن ئاغا شێت بووە، بڵێن ئاغا نەخۆشی شێتی گرتووە… بڵێن هەڵیت و پەڵیت دەڵێ… بڵێن جنێوی بە ئیبلیس و شاگردەکانی داوە! دە هەستن دەی! هەتا لە دەستتان دێ بڕۆن بڵێن ئەوە ئاغا بەرۆکی بە پیرە جندۆکان گرتووە و شیر و تیریان لێ دەکێشێ […] با تەواوی خەڵکی دێی بێ‌عەقڵەکان، دێی شێتەکان، دێی جندۆکان، دێی ئیبلیس، خەبەردار ببن!” (ل ١٩٨). کەواتە هۆکاری شێتی مامۆستا کەوانۆت نەک جندۆکان، بەڵکوو خەڵکی گوندن؛ کە بە نەفامی و تێنەگەیشتوویی خۆیان ئەویان شێت کردووە. بێگومان هەر ئێستا نموونەی ئەم ڕۆشنبیرە لەنێو فەزای هزری و ئەدەبی کوردیدا زۆر دەبینرێتەوە؛ کە باس کردنیان لەم وتارەدا ناخونجێت. ئەم شێوە ڕوانینە، کە لە بەرهەمگەلی ئوریەنتالیستەکان، کوردۆلۆژیستەکان و ئێران شارییەکاندا زۆر بە بەر چاو دەکەوێت، لە ئەساسدا ستراتیژییەکی کۆلۆنیالیستییە. تاکی کۆلۆنیالیست بۆ ئەوەی هەبوونی کۆلۆنیالیستی خۆی پاساو بدات، پێویستە کەلتوور و شێوەژیانی جڤاکی کۆلۆنیکراو سووک و چرووک بکات؛ یان تا ئاستی ژینێکی ناماقووڵ 10Disrespectfulدایبەزێنێت.

گەر بمانەوێت ڕۆڵی ڕۆشنبیر لەم ڕۆمانەدا تاوتوێ بکەین، لە ڕاستیدا لێرەدا ڕۆشنبیر هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ڕۆژهەڵاتناسێکدا نییە. وانوواندنەوەی فیگۆڕێ ڕۆشنبیرێکی خەمناک کە لە گەمژەتی و بێعەقڵی خەڵک وەڕەز و شێت بووە. فیگۆڕی مامۆستا کەوانۆت بێجگە لەوەی کە ناتوانێت دۆخی هەنووکە فام بکات، بە یەکدەست کردنەوە، بەرزکردنەوە و گەڕان بە دوای هۆکاری مێتافیزیکیدا فامێکی ناسیاسی بەرهەم دەهێنێت. دواکەوتوویی و کاڵفامی بە سەر جڤاکدا گشتاندووە و هۆکاری هەموو ڕەنج و مەینەتەکان بە ئەستۆی جڤاک دەخات. هێڵگەلێک وا دۆخی هەنووکەیان دیاری و جێگیر کردووە ناکێشرێنەوە و، ئەوەی کە دۆخی هەنووکە لە ژێرسای چ هێزگەلێکدا سەقامگیر بووە بە بەر چاو ناکەوێت. گەر بمانەوێت ڕۆشنبیری وەکوو پێگە و هەڵوێستێک، یان جۆری ڕاوەستان لە بەرچاو بگرین، بێگومان ئەرکی ئەوە نییە کە لۆمەی دار و دیوار بکات و هەر دەم دەست بە ناڵین بکات؛ بەڵکوو ئەرکی ئەوەیە کە هەوڵ بدات ئەو شتەی وا شاردراوەتەوە بە بەر چاو بخات. ئەم تێکۆشانە و پەیوەندییەک وا ڕۆشنبیر لەگەڵ شرۆڤە کردنی جیهانی خۆیدا دەیگرێت، ڕۆڵ و ئەرکی ئەو دیاری دەکات. بە واتایەکی تر ڕۆشنبیر لەسەر بەستێنی جڤاکیی-کەلتووریی خۆی و، لە مەیدانی زانست و پرێسپێکتیڤی ژیانی جڤاکەکەیدا قسە دەکات. ئەم شێوە ڕۆڵ گێڕاندنە خۆی جۆرێک دەستێوەردانی سیاسییە کە لە لای مامۆستا کەوانۆتدا بەدی ناکرێت.

حەسەنێ مەتێ نووسەری ئەم ڕۆمانە [کە بە درێژاییی نزیک بە ٣٠ ساڵ لە ئەورووپادا ژیاوە] لەنێو ئەو نەزم و ڕێکدارییەی ئەورووپادا تێکەڵ بووە. هەر بۆیە لە ئەساسدا وەکوو زۆربەی ئەو کوردانە وا لە دیاسپۆرادا ژیاون لە چاوی ڕۆژئاوایییەکەوە لە جڤاکی خۆی دەڕوانێت. واتا ئەو جڤاکێکی دواکەوتوو و هەژار [لە هزر و ڕاماندا] وێنا دەکات. بەڵام پرسیار لێرەدا ئەوەیە کە ئەم جڤاکە کە تاقانەی خستووە لە چ شتێک دوا کەوتووە؟ ئەو شوێنەی وا جڤاکی کوردی لێی بە جێ ماوە کوێیە؟ لە ڕاستیدا پرسیار ئەوە نییە کە چما لەنێو پانتایییەکی ژئۆگرافیکدا گوندێک و لەنێو ئەو گوندەدا دەستەیەک تایبەتمەندی جیا کراونەتەوە؛ بەڵکوو پرسیار ئەوەیە کە ئەم تایبەتمەندیگەلە بۆ چ بەردەنگێک دەستەبەندی کراون؟

سادق جەلال ئەلعەزم11Sadiq Jalal Al-azm لە وتاری “ڕۆژهەڵاتناسی و ڕۆژهەڵاتناسی ئاوەژوو12Reverse“دا سەبارەت بە ڕۆژهەڵاتناسەکان دەڵێت: “ئەوان بۆچوونەکانییان وەکوو ڕاپۆرتێکی تەواو و دەرخەر لە ڕاستییەکی نەگۆڕ و هەتاهەتایی دەنوێننەوە، تەنیا لەبەر ئەوەی کە کۆمەڵێک پلان و ڕێکاری بەربڵاو لەمەڕ ئەوەی کە ڕۆژئاوایییەکان چۆناوچۆن ئەبێت ڕۆژهەڵاتییەکان لە ئێستا-ئێرەدا وەرسووڕێنن، بشارنەوە.” (جەلال ئەلعەزم ١٠:١٩٨٠) واتا ئەم ڕاپۆرتانە “پێناسەگەل ئۆپراسیۆناڵ”13Operational definitions بە گرووپگەلی سیاسەتوان، مامەڵەچی، مامۆستا، بەڕێوبەر، میلیتار، دیپلۆمات و کۆمپانیای بازرگانی و هتد دەدات. هەروەها “ئەم ڕێکارە ئاماژەئاساگەلە، ئەو کەسانە تێدەگەیەنێت ئەوە لە بەرچاو بگرن کە ژیانی ئایینی، سۆزداری عەشیرەیی، تێگەیاندنە تێئۆلۆژیکاڵەکان14Theological explanations و شتگەلێکی وەها، ئێستاکەش لە بڕیار و ئاکارگەلی ژیانی هاوچەرخی جڤاکە ڕۆژهەڵاتییەکاندا زێدەتر لە جڤاکە ڕۆژئاوایییەکان ڕۆڵ دەگێڕێت.”(جەلال ئەلعەزم ١٠:١٩٨٠). بۆیە نووسەری ئەم ڕۆمانە نایەوێت ڕووداو یان بارودۆخێک بگێڕێتەوە، بەڵکوو هەندێک پێناسە، دەستەوشە و تایبەتمەندیی نادنیایی و ئایینی بە جڤاکێکەوە دەلکێنێت. ئەو شتەی وا لێرەدا ڕوو دەدات تەنیا نوسخەیەکی دواکەوتوو لە جیهانێکی ترە کە بە خەیاڵێکی دەرەکییەوە بەستراوەتەوە. شوێن و کات بوونیان نییە یان بە شێوەیەکی خەیاڵاوی وەسف کراون. پەیوەندی و پێکبەستراویی جێگا و پێگەی ناوەند-پەراوێز، وا لەنێو ڕایەڵەی تێکچنراوی دەسەڵاتدا پێویستە لە بەرچاو بگیردرێت، داپۆشراوە [یان ون بووە]. هەر پاژێک نێومانی 15Immanent نەزم و ڕێکداری جیهانییە و پێویستە وەک هێز و جیاوازییەک لەنێو ئەو گشتێتییەدا بگێڕدرێتەوە یان شرۆڤە بکرێت؛ نەک وەکوو شتێکی خەیاڵی لە هەمبەر شتێکی خەیاڵی تردا. لە ڕاستیدا ئەو ڕۆشنبیرە خەمینەی وا خەڵک بە کەللەڕەق و نەفام و ناحاڵی ئەزانێت، نەک هەر نوێنەری خەڵک نییە بەڵکوو خەڵک وەکوو ترێ ڕەشەکەی نێو دەمی دەفلیقێنێتەوە.16لە لاپەڕەی ٢٠ـی ڕۆمانەکەدا، کاتێک کە مامۆستا کەوانۆت لەگەڵ نێرگزی کۆچەردا لەمەڕ خەڵکی گوندی شێتان دەدوێن، مامۆستا کەوانۆت بە ئاماژە بە ترێ ڕەشەکەی نێو دەستی ئەڵێت: “بەڵام… نەزانن، نەفامن، کەلەڕەق و ناحاڵین. چارەنووسیان وەک ئەو ترێ ڕەشەیە.” پاش ئەوەش وێژیار دەڵێت: “ئەو قسانە دەکات و ترێ ڕەشەکە لە نێو دەمیدا دەفلیقێنێتەوە.”

__________________

چاوانەکان:

  • مەتێ، حەسەن، ١٩٥٧، هەزارداڵانی جندۆکان، کاکەسووری، فاتمە، ١٣٥٠، وەرگێڕ، سەقز، وەشانخانەی خانی، ١٤٠٠
  • پویندە، محمد جعفر، مترجم و گردآورندە، جامعە، فرهنگ، ادبیات: لوسین گلدمن، تهران، نشر چشمە، ١٣٧٦
  • لوکاچ، جورج، ١٨٨٥-١٩٧١، نویسندە، نقد و فرهنگ، معصوم‌بیگی، علی‌اکبر، تهران، نشر دیگر، ١٣٧٩
  • جلال‌العظم، صادق، شرق‌شناسی و شرق‌شناسی وارونە، ١٩٨٠، کلاهی، محمدرضا، نشر الکترونیکی

-Çaglayan, ozlem, Bawerîyên Pûç di Labîrenta Cinan a Hesenê metê da, 2019, weş.Rûpel

*Self-Orientalism خۆڕۆژهەلاتناسی


پەراوێزەکان

  • 1
    Lucien Goldmann
  • 2
    Labîrenta Cinan
  • 3
    Flashback
  • 4
    Photonegative
  • 5
    Round
  • 6
    Flat
  • 7
    Rationality
  • 8
    Intrinsic
  • 9
    Authority
  • 10
    Disrespectful
  • 11
    Sadiq Jalal Al-azm
  • 12
    Reverse
  • 13
    Operational definitions
  • 14
    Theological explanations
  • 15
    Immanent
  • 16
    لە لاپەڕەی ٢٠ـی ڕۆمانەکەدا، کاتێک کە مامۆستا کەوانۆت لەگەڵ نێرگزی کۆچەردا لەمەڕ خەڵکی گوندی شێتان دەدوێن، مامۆستا کەوانۆت بە ئاماژە بە ترێ ڕەشەکەی نێو دەستی ئەڵێت: “بەڵام… نەزانن، نەفامن، کەلەڕەق و ناحاڵین. چارەنووسیان وەک ئەو ترێ ڕەشەیە.” پاش ئەوەش وێژیار دەڵێت: “ئەو قسانە دەکات و ترێ ڕەشەکە لە نێو دەمیدا دەفلیقێنێتەوە.”