جەماوەر

وەرگێڕانی: ژیار ئەسوەد

کاتێ جەنگ کۆتایی ھاتبوو

شەڕڤانەکەیش مردبوو، پیاوێک ھاتە لای و

پێی گوت: “مەمرە، زۆرم خۆشدەوێی!”

بەڵام لاشەکە، بە داخەوە! لە مردنی بەردەوام بوو.


دوانی تر نزیک کەوتنەوە و دووپاتیان کردەوە:

“جێمان مەھێڵە، ئازا بە، بگەڕێوە بۆ ژین!”

بەڵام لاشەکە، بە داخەوە! لە مردنی بەردەوام بوو.


بیست کەس سەردانیان کرد، سەد، ھەزار، پێنج سەد ھەزار

قیژاندیان: “ئەم ھەموو خۆشەویستییەیش ھێشتا بەرانبەر مردن ھیچی پێ ناکرێ!”

بەڵام لاشەکە، بە داخەوە! لە مردنی بەردەوام بوو.


ملیۆنان کەس لە دەوروپشتی ڕاوەستان

بە ھەمان داواوە: “لامان بمێنەرەوە برا!”

بەڵام لاشەکە، بە داخەوە! لە مردنی بەردەوام بوو.


پاشان تەواوی خەڵکی سەر زەوین

ئاپۆڕەیان بەست؛ لاشەکە خەمگینانە لێیانی ڕوانی، قووڵ ڕۆ چووبوو،

بە ئەسپایی ھەستایەوە

قۆڵی کردە ملی یەکەم پیاو و دەستی بە ڕێکردن کرد.

سحزا

سەرنجێک بنوسن