چین مامۆستاکەمی لەبەر چاوان ون کردووە لێ ناتوانێت شیعرەکەی بێدەنگ بکات

لە ئینگلیزییەوە: مسلم ئەحمەدی

پێشەکیی وەرگێڕ:

نازانم چۆن بوو بەسەر ئەم کورتە وتارەدا کەوتم. لێ کە خوێندمەوە پێم خۆش بوو هەموو کوردێک بیخوێنێتەوە. پێم خۆش بوو هەموو کوردێک شیعرەکەی تورسون لەبەر کات و ڕوو بە نەیارانی کورد بیڵێتەوە. لە کەرکووک و ورمێ و عەفرین و لە ئامەد و مێردینەوە ڕوو بە تورک و عەرەب و فارس بڵێت:

ئەگەر خودا مرۆڤی خولقاندبێ، ئێمەی بۆ ئێرە خولقاندووە

ئەگەریش مرۆڤ لە مەیموونەوە گەشەی سەندبێ، ئێمە لە مەیموونی ئێرەوە گەشەمان سەندووە.

پێم خۆش بوو هەر لە ورمێ و کەرکووکەوە بڵێن ئێمە لێرەوە سەرچاوەمان گرتووە و هەر لێرەش کۆتاییمان پێ دێت. لە هیچ کوێی ترەوە نەهاتووین و بۆ هیچ کوێی تریش ناڕۆین.

ئەم کورتەوتارەم لەسەر پاسە هەمیشە قەرەباڵغەکانی شەقامی وەلیعەسری تاراندا خوێندەوە و لە کاتی پشووی نیوەڕۆی ڕۆژە کارییەکانمدا کردمە کوردی. چ کاتێ دەمخوێندەوە و چ کاتێکیش کە وەرم دەگێڕایەوە یادی ئەو و بیری کوردستان وەکیەک دایانگرتبووم کە دڵ بۆ دڵدارە و سەر بۆ نیشتمان، تەنانەت ئەگەر لە دڵی دڵدار و نیشتمانیشدا جێگەت نەبێتەوە!

****


چین مامۆستاکەمی لەبەر چاوان ون کردووە لێ ناتوانێت

 شیعرەکەی بێدەنگ بکات.

دوایین جار کە مامۆستا کۆنەکەم، عەبدولقادر جەلالەدین[1]م بینی لە کۆتایییەکانی ٢٠١٦ و لە ماڵی خۆی لە ئورومچی[2] بوو. لەغمەن[3]یان لێ نابوو و لەگەڵ چەن بوتڵێک مەشرووبی چینییا خواردمان و هاوکات بە پێکەنینەوە باسی هەموو شتێکیشمان کرد، لە ئەدەبی ئۆیغوورەوە بگرە تا سیاسەتەکانی ئەمریکا. چەن ساڵ پێشی، کاتی بەرگری لە تێزی ماستەرەکەم لەسەر شیعری ئۆیغوور، جەلالەدین کە خۆی شاعیرێکی بەناوبانگ بوو بەرانبەرم دانیشتبوو و پرسیارە سەختەکانی ئاراستە کردبووم. لێ ئێستا بەس هاوڕێ بووین.

ئێوارەیەکی تایبەت بوو، لەوانەی قەت لەبیر ناچن و لەو کاتەوە، لە سەرەتاکانی ٢٠١٨ەوە، کە هەواڵم پێ گەیشتووە جەلالەدینیش لەگەڵ پتر لە یەک ملوێن ئۆیغووری دیکەدا دەسبەسەر کراون و نێردراون بۆ ئۆردووگا زۆر جار بیرم لەو ئێوارە کردووەتەوە.

وەک هاوڕێ و هاوکارەکانی دیکەم کە لەم گوولاگ[4]ە شاراوە زەبەلاحانەدا ون ببوون، مانگ بوو بە ساڵ و ساڵیش تێپەڕین و بە یەک وشەش هەواڵێکم لە جەلالەدینەوە دەست نەکەوت. تاکوو لە کۆتایییەکانی هاوینی ئەمساڵدا، ئەم بێدەنگییە شکا. زانیم مامۆستا کۆنەکەم لە ئۆردووگاکانیشدا دەستی لە شیعرنووسین هەڵنەگرتووە. زیندانییەکانی دیکە شیعرە نوێیەکانیان لەبەر کردبوو و توانیبوویان بیگەیەننە دونیای دەرەوەی کەمپەکان.

لەم شوێنە فەرامۆشکراوەدا دەستم بەر خۆشەویستی ناکەوێت

هەر شەوێک کە دێت خەونی تاریکتر لەگەڵ خۆی دێنێت بۆ منی بێ چاوەزار

بەس داوای ژیانم دەکەم، حەزم لە چی تر نییە

ئەم فکرە بێدەنگانەن ئازارم دەدەن، کوا ڕێگەیەک هیوام پێشکەش بکات


پێشتر کێ بووم، ئێستا چیم، نازانم

حەز و خولیاکانم بۆ کێ دەکرێ باس کەم، ناتوانم

خۆشەویستی من، نازانم حاڵ و ئەحواڵی چارەنووس چۆنە

ئارەزووی دیداری تۆمە و هێزی جووڵانم نییە


لە درز و کونەکانەوە گۆڕانی وەرزەکانم سەیر کردووە

لە خونچە و گوڵدا بێهوودە بەدوای هەواڵی تۆوە گەڕاوم

تا سەر ئێسقانم تێخزیوە تەمەننای لەگەڵتبوون

کامە ڕێگە بوو بۆ ئێرەی هێنام، ئەی بۆ ڕێی گەڕانەوە نادۆزمەوە


ئەم شیعرەی جەلالەدین شایەتێکی تەواوە بۆ ئەو کارەساتە بەردەوامەی لە ناوچەی خودموختاری ئۆیغووری شینژیانگی چێندا ڕوو دەدات. لە ساڵی ٢٠١٧ەوە حکوومەتی چین ڕێژەیەکی زۆری حەشێمەتی ئۆیغووری لەگەڵ کەمینە موسڵمانەکانی دیکەدا ڕەوانەی ئۆردووگا، زیندان و کەمپی کاری زۆرەملی کردووە. ئەم گرتووخانانەش بەردەوام گەورەتر دەکرێنەوە کە ژمارەی زۆرتر لە خۆیاندا جێگیر بکەن. شاڵاوێکی بەکۆمەڵیش بۆ نەزۆککردنی ژنە ئۆیغوورەکان دەستی پێ کردووە و دەرکەوتنی بارێکی چەن تۆنیی قژ کە لەم ناوچەیەوە هاتبوو و بە ئەگەری زۆرەوە لە کەمپەکانەوە، تاریکترین کات‌وسەکاتەکانی مرۆڤایەتیمان بیر دێنێتەوە.

لێ شیعری مامۆستاکەم شایەتیی ئەوەش دەدات کە چلۆن ئۆیغوورەکان شیعر وەک کەرستەیەک بۆ نەتوانەوە و زیندوومانی بەکۆمەڵ بەکار دێنن. ڕەنگە بڵێن جا لەبەرانبەر توندوتیژییەکی دەوڵەتیی بەزەبر و بەهێزدا شیعر یارمەتییەکی وا نادا بە دەستەوە. بەڵام بۆ زۆرێک لە ئۆیغوورەکان – بەتایبەت ئەوانەی کە ئەو مەترسییەیان بە گیان کڕیوە و شیعرەکەی جەلالەدینیان بە ئێمە گەیاندووە – شیعر هێز و گرنگییەکی وای هەیە کە کەسێکی ئەمریکی ناتوانێت هیچ دەرکی پێ بکات.

شیعر خزاوەتە گیان و ژیانی ئۆیغوورەوە. کەسایەتییە فەرهەنگییە کاریگەرەکانی ئۆیغوور زۆرتر شاعیرن و ئۆیغوورەکان لە هەموو چین و توێژێکیاندا شاعیریان تیا هەڵکەوتووە. قسەوباسی ڕۆژانەیان پڕە لە پەندی سەروادار، وەک دەڵێن: “بنج و بنەوانت لەبیر مەکە / لە کۆنەپێڵاوت نەبڕێ بریکە” و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕن لە شیعری تازە لەسەر بابەتە جۆراوجۆرەکان، لە بێکارییەوە بگرە تاکوو پاراستنی زمان. ئۆیغووری نییە وشەکانی عەبدولخالق[5]ی شاعیری لەبەر نەبێ، کە لە ساڵی ١٩٣٣دا بە دەستی فەرماندەیەکی چینی شەهید کرا، لەوێ کە دەڵێ: “لە خەو ڕاپەڕە، ئۆیغووری داماو، هەتا کەنگێ دەخەوی…”[6]

ئۆیغوورەکان هەزار ساڵە لە چوارڕێیانی پێکگەیشتنی شارستانییەتەکانی ئورووپا و ئاسیادا ژیاون و بۆیەشە شیعری ئۆیغوور لە کورت‌وپوختیی شیعری زارەکیی تورکی، کێشی شیعری فارسی و بزووتنەوە مۆدێرنیستییەکانی ئورووپا، دونیای عەرەب و چین بەهرەی وەرگرتووە. فۆرمی زارەکی و نڤیسکی لە بەرهەمی شاعیرگەلی هاوچەرخی ئۆیغوور وەک عادل تونیاز[7]دا تێکەڵ بوونە و چەشنی شیعرەکانیش لە چەشنی کلاسیکی شیعرە ئۆردووگایییەکەی مامۆستاکەی منەوە بگرە تا نەریتبەزێنیی[8] پێشڕەو و ئاڤانگاردی شاعیرانی هیچگەرا[9]یان تێدایە. (“شیعر لەگەڵ ئەو کوندەبۆوە تەنیاگەلەدا دەفڕێت کە جوانییەکی خەمبار بە شەو دەبەخشن”، مانیفێستە ڕەمزاوییەکەی ساڵی ٢٠٠٩ی هیچگەرایی وا دەڵێت.)

نەوە لەدوای نەوە، ئەم فەرهەنگە شیعرییە زیندووە ڕێگەی بە ئۆیغوورەکان داوە شیعر بکەنە هەوێنی هێز و ئیرادە بە دژی داگیرکاری و سەرکوت. بۆ نموونە دەتوانین سەرنجی سەدەی ١٩ بدەین: سادر پالوان[10]، جەنگاوەرێکی ئازای دژی ئیمپراتۆرییەتی چینگ بوو کە هەستی دژەئیمپراتۆریی خەڵکی بەو شیعرە فۆلکلۆرانەی زاربەزار بڵاوی دەکردنەوە دەورووژاند. سادر کە چەندین و چەند جار زیندانی کرابوو لە ژووری زیندانەوە شیعری دادەنا و لە کاتی هەڵاتنەکانیشیدا، بە زمانێکی توندوتیژ دەسەڵاتدارانی داگیرکەری بەگاڵتە دەگرت. “لە ڕێگەی کوورێ[11]بوو گالیسکەکەتان تێک شکا بەڕێز دادوەر؟ کە سادرتان گرتووە، دڵتان دامرکا بەڕێز دادوەر؟”


سەدەیەک دواتر، لە کاتی شۆڕشی فەرهەنگیی ١٩٧٦-١٩٦٦دا کە نووسەرە ئۆیغوورەکان زیندانی دەکران و کتێبەکانیان دەسووتێندران، ئەوە شاعیرە فۆلکلۆرەکان بوون کە هونەرەکەیان لەڕێگەی بیر و زارەوە دەپاراست. بەرهەمی ئەم شاعیرانە دوایی لە دەیەی ١٩٨٠دا ڕۆڵێکی بنەڕەتی لە زیندووکردنەوەی فەرهەنگی ئۆیغووردا بینی و جەماوەرێکی زۆر کۆ دەبوونەوە و گوێیان لە شیعرە حەماسییەکانیان دەگرت.


لە دەیەی یەکەمی ئەم سەدەیەدا، مرۆڤناسی ئۆیغوور ڕاحلە داود[12] دەستی کرد بە تۆمارکردنی ئەم شیعرانە کە بەڵگەی یادەوەریی بەکۆمەڵ بوون و ڕوانگەی خەڵکی ئاساییی کووچە و کۆڵانیان لەسەر مێژووی ناوچەکە دەردەخست. بۆ نموونە داود لە ناوچەی قومول[13] لە ڕۆژهەڵاتی شینژیانگدا گێڕانەوەیەکی حەماسی تۆمار کردبوو کە باسی شۆڕشێکی سەدەی حەڤدەی لە دژی مەغۆلەکانی جووکغار[14] دەگێڕایەوە پاش ئەوەی ئەم مەغۆڵانە لە داگیرکارییەکی خوێناویدا دەستیان بەسەر ناوچەکەدا گرتبوو. شاعیرێکی فۆلکلۆری بەناوبانگی قومول پێش ئەوەی دەست بکات بە گێڕانەوەی چیرۆکی تراژیکی یاشیبەگ[15] ئاوای خوێند: “گوێم بۆ ڕادێرن، ئەوا ڕابردووتان لەگەڵ باس دەکەم.” یاشیبەگ ئەو شۆڕشگێڕە بوو جڵەوی شۆڕشەکەی بەدەستەوە گرتبوو و زنجیرەیەک سەرکەوتنیشی بەدەست هێنابوو بەڵام دوایی بە خەیانەتی کاربەدەستێکی ناوچەیی شۆڕشەکەی کۆتایی پێ هات.

داود بەباشی لە دەوڵەمەندی و بەگوڕوتینیی فەرهەنگی ئۆیغووری تێگەیشتبوو، لێ هاوکات بەوردیش سەرنجی ئەوەی دابوو کە ئەم فەرهەنگە هێشتا فشاروگوشاری زۆری لەسەرە.

ئەو لە وتارێکی ساڵی ٢٠١٠یدا نووسیبووی: “هەر جارێک لێکۆڵینەوە مەیدانییەکانم دەست پێ دەکرد، لە ‘مۆزەخانەی زیندوو”ی خەڵکانێک دەگەڕامەوە کە بڕیاریان دابوو بابەت و کەرستەی زۆرترم بۆ کۆ بکەنەوە. بەڵام بەداخەوە تا ئەو کاتەی دەگەڕامەوە ئەم بابەت و کەرستانە دیاریان نەمابوو” چونکوو بەرپرسانی ناوچەکە ڕێگەیان لە بەڕێوەچوون و گواستنەوەی شیعری زارەکی گرتبوو. داود ئێستەکانێ بۆخۆشی دیاری نەماوە و لە ساڵی ٢٠١٧ەوە لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە مامۆستا ئۆیغوورەکانی دیکەی زانکۆی شینژیانگ دەسبەسەر کراوە.

ئەمڕۆکە، لە کاتێکدا کە حکوومەتی چین هێشتا قەدەغەی خستووەتە سەر کتێبی ئۆیغووری و گۆڕستانەکانیان قیرتاو دەکات و ڕێگەوبانیان بەسەردا دەکێشێت، شیعر هەر وەک جاری جارانەکەی وەک ئامرازێکی بەهێزی خۆڕاگری و بەرخۆدانی گەلی ئۆیغوور ماوەتەوە. ئۆیغوورەکانی سەرتاسەری دونیا بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو نەهامەتییەی بەرۆکی نیشتمانەکەیانی گرتووە بەرەوڕوو بنەوە ڕوو لە شیعر دەکەن. تاهیر حەموت ئیزگیل[16]شاعیری دوورەوڵات لە ساڵی ٢٠١٨ و لە واشنتۆنەوە ئاوا دەنووسێت: “گەرچی ناوچاوانمیان کردووەتە ئامانج / لێ ناتوانن چۆکم پێ دابدەن”.

تەنانەت لە کاتێکدا کە ڕۆشنبیرانی دیاسپۆرای ئۆیغوور تاوان و دڕندەیییەکانی حکوومەتی چین دەگێڕنەوە، ڕۆشنبیرە هەرە بەناوبانگەکانی ئۆیغوور لە شینژیانگدا – لیبراڵ و کۆنەپارێز، موسڵمانی تۆخ و بێباوەڕ، لایەنگرانی پارتی کۆمۆنیست و ڕەخنەگرانی – هەموویان وەک یەک ڕەوانەی کەمپکەکان کراون و دیاریان نەماوە. تەنانەت لەم کاتەشدا حکوومەتی چین هیچ وازی لە شاڵاوی کڕوکپکردنی ناسنامەی ئۆیغوور نەهێناوە بەڵکوو بە خێرایییەکی پترەوە لێی بەردەوامە.

لێ ناسنامە وەکوو گیای هەرز لاسار و سەربزێوە، وەک شاعیر و ڕۆماننووسی ئۆیغوور پەرهات تورسون[17] لە شیعرێکی بەناوبانگیدا کە بەم دێڕە بەرهەڵستکارانە دەس پێ دەکات دەڵێت:

وەک ئاوەکەی تاریم[18]

ئێمە لێرەوە سەرچاوەمان گرتووە

و لێرەش کۆتاییمان پێ دێت

لە هیچ کوێی ترەوە نەهاتووین

و بۆ هیچ کوێی تریش ناڕۆین

ئەگەر خودا مرۆڤی خوڵقاندبێ

ئێمەی بۆ ئێرە خولقاندووە

ئەگەریش مرۆڤ لە مەیموونەوە گەشەی سەندبێ

ئێمە لە مەیموونی ئێرەوە گەشەمان سەندووە


پتر لە دە ساڵ لەمەوپێش کە تورسون بۆ یەکەم جار ئەم شیعرەی بە شێوەی سەرهێڵ بڵاو کردەوە، هاوڕێکانم لە ئورومچی ئەم شیعرەیان لەبەر کردبوو و بۆ چەندین مانگ هەر جارە و بەشێک لەم شیعرەیان دەگێڕایەوە. لە سەرەتاکانی ٢٠١٨دا کە پاکتاوکردنی ڕۆشنبیرانی ئۆیغوور لەلایەن چینەوە پەرەی سەندبوو، توروسونیش وەبەر کەوت و ڕەوانەی کەمپەکانیان کرد. لێ هێشتا دەنگدانەوەی شیعرەکانی دەبیسترێت: کە سەرقاڵی نووسینی ئەم دەقە بووم، چالاکێکی ئۆیغووری دیاسپۆرام بینی کە شیعرەکەی تورسونی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کردبووەوە و ئێستەکانیش بەردەوام ئەم دەس و ئەو دەسی پێ دەکرێت.

دونیا دکارێت زۆر شت لەم فەرهەنگەوە فێر ببێت، فەرهەنگێک کە هونەری کردووەتە دژەژەهری پاوانخوازی. مامۆستا کۆنەکەم لە پشتی تەلە دڕکاوییەکان و تاوەرە پاسەوانییەکانەوە وەبیری هێناوینەتەوە کە نابێت لە قڕکردنی ئۆیغوورەکان و تەفروتووناکردنی فەرهەنگەکەیان بێدەنگ ڕابوەستین.

٢٣ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٠ لە نیۆیۆرک‌تایمزەوە بڵاو بووەتەوە

سەرچاوە:

China Disappeared My Professor. It Can’t Silence His Poetry.https://www.nytimes.com/2020/11/23/opinion/uighur-poetry-xinjiang-china.html


[1]Abduqadir Jalalidin

[2]Urumqi: پایتەختی ناوچەی خودموختاری شینژیانگە

[3]Laghman: خوراکێکە کە لە گۆشت، سەوزی و نوودڵی چینی پێک هاتووە

[4]گوولاگ سەروشە (acronym)ەیەکی ڕووسییە کە سێ وشەی (بەڕێوەبەریی سەرەکیی کەمپەکان)ی کورت کردووەتەوە و ئاماژە بەو ڕێکخراوە حکوومییەی سۆڤیەت دەکات کە بەرپرسی کەمپە کارە زۆرەملییەکان بوو کە لێنین وەڕێی خستبوون و لە کاتی ستالیندا بە تروپکی خۆیان گەیشتن

[5]Abdukhaliq

[6]بێکەسی شاعیر لە ساڵی ١٩٤٣دا لە سلێمانییەوە ڕوو بە نەتەوەی کورد دەڵێت:
سەدەی بیستەمە، کوردە غیرەتێ

لە خەوڕاپەڕە، هەوڵێ هیممەتێ

سمایل سەردەشتیی کۆچکردووش لە گۆرانی “بەختی خەواڵوو”دا دەخوێنێت:
هەستە بەختی خەواڵوو، هەتا کەنگێ دەخەوی

خەوتنت بێفایدەیە، لە گەلان دوا دەکەوی

[7]Adil Tuniyaz

[8] Iconoclasm

[9]Nothingist

[10]Sadir Palwan

[11]Küre

[12]Rahile Dawut

[13]Qumul

[14]Zunghar

[15]Yachibeg

[16]Tahir Hamut Izgil

[17]Perhat Tursun

[18]Tarim