زامێک و چەند ماڵئاوایی

زوانم لاڵ

ئەگەر لایەکم لە بناری ئەم ئێوارانە جێ نەمێنێ

ئەگەر ڕێگاکان نەچنەوە سەر بانە و

ئەم قەتارە لە دەرەنجامدا نەگەیێتە کۆتایی،

مەجبورم بنووسم؛

هەرچێ دیت وەچەم شی نەسەفەردا[1]

هەرچێ دیت

شەوێک بوو

درەنگ بۆ خواحافیزی و کاتژمێرێک سەرخۆشی

ناوەخت بۆ دیتەنەوەی خۆم

لەو ئاوێنانەی بە ڕابردوومدا هەڵواسراون و

زامەکانم بۆ دووبارە ئەکەنەوە.

گوێم کە ئێستە

بۆ بیستنی ئەم گۆرانییە نادیارە کەڕ و کاسە و

پێم کە بۆ ئەم سەفەرە ناڕوا و یاس

من کە باوکم لە شەوێکی زەخمیدا جێ دێڵم،

مەجبورم بڵێم خواحافیز!

خواحافیز!

کە ماڵت لە وڵاتێکی ڕۆژهەڵاتی ناوینە و

هەموو بەیانییەک

لەوانەیە بۆمبێک لە شەقامەکەتان داکەوێ

شێعرێکم لە گۆڵدانی بەر پەنجەرەکەت بۆ بەجێ هێشتووی

مزگەوتێک لە نۆستالژی و نوێژەکانم

سەرێک بۆ سەودا

لاشەیەک بۆ تەنیایی

ئەو کاتانەی دڵت ئەشکێ و

هیچ پێخەفێک، بووکەشووشەیەک

باوەش بۆ دەستەکانت ناکاتەوە

دەنگی ئەم دهۆڵە

بەشکم لە دوورەوە خۆش بێ و

چیدی هەناسەکانت سوار نەکا

خواحافیز

کە باوان وێرانی لە چاوەکانتا ئەتکێ و

لە ناکەس کاریا خاکت بە سەر[2]

ڕۆیین بە با ئەو ڕۆژانە

ئیتر لە ئێرەم پاییزێک تەنیایی و

هەندێ هاوڕێ ئەمێنێتەوە…

خواحافیز تەنیایییەکانم!

کە شەو درەنگان دەستان ئەگرت بە زەخمەکانمەوە

دڵخۆشیی دوو پەیک و

قاپەعەکسێک لە هیوا سەربڕاوەکانتان بۆ بەجێ دێڵم

ئاخر مەجبوورم و بەجێ نایێ[3]

ئەبێ ڕوو بکەمە ئاسۆ و شارەزوور

سوێن بۆ شێخانی بیارە و

بەرماڵەکەی دایەم بخۆم

کە مەجبوورم و

چارەنووسم وشترێکە و ئێستە

لە بەردەم ماڵی ئەم شیعرە خەوتووە.

گەلاوێژی ٩٩ی هەتاوی


[1]

[2] مەحوی

[3] مەحوی

هژ

سەرنجێک بنوسن