بیر بکەرەوە تۆ خودایت

لە فارسییەوە: ڕەحمان عەزیزی

ماتێی ڤيسنيك[1] لە ساڵی ١٩٥٦ لە شاری ڕادوتی لە ڕۆمانیا لەدایک بووە. دوای خوێندنی مێژوو و فەلسەفە لە بوخارێست، لە ساڵی۱۹۸۰ تا ۱۹۸۷ دەستی بە وانەوتنەوە كرد و لە هەمان كاتدا دەستی بە نووسینی شیعر و شانۆگەری كرد.

ڤیسنیك بە بڵاوبوونەوەی بەرهەمەكانی، هەر زوو ڕووبەڕووی دۆخێكی پارادۆكسیكی بووەوە: لە لایەکەوە دەیتوانی کۆمەڵە شیعرەکانی بڵاو بکاتەوە و یەکێک لەو کۆمەڵە شیعرانە (بە ژیری لە کاتی چا خواردنەوەدا) لە ساڵی ١٩٨٤، خەڵاتی باشترین کتێبی شیعری کۆمەڵەی نووسەرانی ڕۆمانی وەرگرتووە و لە لایەکی دیکەوە شانۆنامەکانی سانسۆر دەکران و بە نهێنی پەخش دەکران.

سەرەڕای ئەمەش زیاتر لە بیست شانۆگەری لەنێوان ساڵانی ١٩٧٧ بۆ ١٩٨٧ نووسیوە، کە لە حیکایەت و وێناکردنی گرۆتێسک و گاڵتەجاڕەوە قەرز کراوە.

  لە ئەیلوولی 1987 کاتێک ڤیسنیک بانگهێشتی فەرەنسا کرا بۆ دامەزراندنی ناوەندێک بۆ ڕۆشنبیرانی ئەوروپی، لە ڕۆمانیا نمایشکردنی یەکێک لە شانۆنامەکانی بە ناوی “ئەسپەکانی پشت پەنجەرە” لە یەکەم شەودا ڕاگیرا.

  لە فەرەنسا مایەوە و داوای پەنابەری سیاسی کرد و لە ساڵی ١٩٩٣ بە فەرمی بووەتە هاووڵاتیی فەرەنسی. دوای ئه‌وه‌ش به‌رهه‌مه‌كانی ڤیسنیك له‌ فه‌ڕه‌نسا و زۆرێك له‌ وڵاتانی جیهان نمایش كران و كردیان به‌ شانۆنامه‌نووسێكی دیار.

شێوازی تایبەتی ڤیسنیك لە شانۆنامەنووسیدا، بەو ڕستە سادە و گاڵتەجاڕانە و خۆدزینەوە لە ڕیالیزمی نووسەر بۆ دروستکردنی جیهانێکی ناوازە، لەلایەن ڕەخنەگرانی شانۆ و بینەر لە هەموو شوێنێک پێشوازی لێ کراوە و بەرهەمەکانی بۆ چەندین زمان وەرگێڕدراون.

لە گرنگترین بەرهەمەکانی  دەتوانین ئاماژە بە شانۆنامەکانی ژێرەوە بکەین:

«گیرفانی پڕ لە نان»

«چیرۆکی ورچەکانی پاندا بە گێڕانەوەی ساکسۆفۆنژەنێکەوە کە لە شاری فرانکفۆرت کچە هاوڕێیەکی هەیە.»

«سێ شەو لەگەڵ مادۆکس»

«جەستەی ژن وەک گۆڕەپانی شەڕ.»

«چیرۆکی کۆمۆنیزم بۆ نەخۆشە دەروونییەکان»

«دوایین گۆدۆ»

«ڕیچاردی سێیەم ڕوو نادات»

شانۆنامەی “بیر بکەرەوە تۆ خودایت” لە زنجیرە شانۆگەرییەکانی «ئاگاداری پیرەژنە ڕزیو و تەنیاکان بن»، هەڵبژێردراوە.

نمایشی (بیر بکەرەوە تۆ خودایت)

***

کەسایتییەکان:

ستانکۆ[2]، زۆر گەنج، نزیکەی حەڤدە ساڵ،

ڤیبکۆ[3]، کەمێک لە ئەو گەورەترە.

لە پشت دیوارێکەوە خۆیان شاردووەتەوە.)

***

ڤیبکۆ: هەڵامەتت گرتوە؟

ستانکۆ: نەخێر…

ڤیبکۆ: سوور بوویتەوە. سه‌رماته‌؟

ستانکۆ: نەخێر…

ڤیبکۆ: پاڵتۆت نییە، یان شتێکی گەرمتر؟

ستانکۆ: بۆچی؟

ڤیبکۆ: سەیری من بکە… هەمیشە پاڵتۆکەم لەگەڵ خۆم دەبەم… تەنانەت کاتێک گەرمە… خەڵکی کوێیت؟

ستانکۆ: کریکۆڤ[4].

ڤیبکۆ: لە کوێیە؟

ستانکۆ: دوور نییە.

ڤیبکۆ: پێویستە لەمە باشتر ئامێر و شتی پێویستت هەبێت. بیر بکەرەوە هەندێک جار لەوانەیە بۆ چەند کاتژمێرێک لە حەشارگەیەک گیر بخۆیت…تەنانەت چەند ڕۆژێکیش. ئەگەر شتومەکی پێویستت پێ نەبێت، ئەوا تیاچوویت. گۆێت لە منه؟

ستانکۆ: بەڵێ.

ڤیبکۆ: رامبۆ[5] یاری مەکە. ئەگەر دەتەوێت کارەکەت بە باشی ئەنجام بدەیت، دەبێت شتە پێویستەکانت هەبێت. ها ئەم دەستکێشانە وەربگرە.

ستانکۆ: بەڵام من سەرمام نییە.

ڤیبکۆ: ئەم دەستکێشانە لەدەست بکە، پێت دەڵێم. دەبێت ئاگات لە پەنجەنەکات بێت. دەستەکان زۆر گرنگن.

ستانکۆ: سوپاس.

ڤیبکۆ: پێش هەموو شتێک پێویستە ئاسوودە بیت… مەترسە… ئەگەر دەترسیت تووشی کێشە دەبیت. دەترسی؟

ستانکۆ: (کەمێک نیگەرانە) نەخێر.

ڤیبکۆ: پەنجەکانتم پیشان بدە. (سەیری پەنجەکانی ستانکۆ دەکات.) تۆ کەمێک دەلەرزیت.

ستانکۆ: هیچ نییە. تێدەپەڕێت…

ڤیبکۆ: پەنجەکانت کەمێک تەر بوون. پێش هەر کارێکی تر پێویستە ئاسوودە بیت و گەرم بیت. وەرە، جەگەرەێەک هەڵ کە. ئارامت دەکاتەوە…

ستانکۆ: بەڵێ، بەڵام… من جگەرە ناکێشم…

ڤیبکۆ: ئاها! بۆ؟! تەمەنت چەند ساڵە؟

ستانکۆ: حەڤدە.

ڤیبکۆ: هەرگیز لە قوتابخانە تاقیت نەکردووتەوە؟

ستانکۆ: بۆچی، بەڵام… هەمیشە حاڵم تێک دەدات.

ڤیبکۆ: باشە گرنگ نییە. حەزت لە بیرەیەک هەیە؟

ستانکۆ: بەڵێ، باشترە…

 (ڤیبکۆ دوو بوتڵی بچووکی بیرە دەکاتەوە، هەردووکیان دەخۆنەوە).

 ڤیبکۆ: باشترە؟

ستانکۆ: بەڵێ.

ڤیبکۆ: ئەمڕۆ هیچت خواردووە؟

ستانکۆ: بەیانیان ناتوانم هیچ بخۆم.

ڤیبکۆ: ئەمە باش نییە.

ستانکۆ: بەیانیان، قاوەیەک دەخۆمەوە و بەس..

ڤیبکۆ: پێش ئەوەی بێیتە ئێرە دەبێ شتێک بخۆی. ئەگەر دەتەوێت بە باشی مامەڵە لەگەڵ ئەم کارە بکەیت، دەبێت بەیانیان نان بخۆیت. گوێت لێیە؟

ستانکۆ: بەڵێ.

ڤیبکۆ: ئەم کارە پێویستی بە تەرکیز هەیە، تێدەگەیت؟ ناتوانیت بە زەگی برسی تەرکیز بکەیت.

ستانکۆ: من دەتوانم.

ڤیبکۆ: نەخێر کەڵکی نییە. پێویستە پێش هاتنت نانی بەیانییەکی باش بخۆیت… نانی بەیانییەکی بەهێز. دوای ئەمە دەبێت نانی بەیانی ژەمی سەرەکیی تەواوی ڕۆژەکەت بێت. تێدەگەیت؟

ستانکۆ: بەڵێ.

ڤیبکۆ: ئەمە فەرمانێکە. پێویستە بەیانیان خواردنێکی گەرم بخۆیت، گۆشت، هێلکە، نان… هەروەها پێویستە شیری گەرمیش بخۆیتەوە…

ستانکۆ: شیر، نەخێر، پێم ناکەوێ. هێڵنجی پێ دەدەم

ڤیبکۆ: (پارچە سۆسیسێکی وشکی پێ دەدات.) وەرە بیگرە… بیخۆ.

ستانکۆ: سوپاس… (دەیخوات.) باشە.

ڤیبکۆ: پێویستە هەمیشە شتێک هەبێت بۆ ئەوەی بیجوی… سۆسیس، بسکیت، نان… ئەم کارە وەک ئەوانی تر نییە… وەک کاری ڕاوچییەکان وایە. دەبێت چاوەڕێ بین… باشە، باشتری؟

ستانکۆ: بەڵێ.

ڤیبکۆ: با دەستت ببینم… هێشتا تۆزێک دەلەرزیت. بۆ چی دەلەرزیت؟

ستانکۆ: نازانم.

ڤیبکۆ: ئەمە یەکەم جارتە ئەم کارە دەکەیت؟

ستانکۆ: نەخێر…

ڤیبکۆ: وەرە جێگیر بە  … (ستانکۆ تفەنگەیکی کامێرادار دەردەهێنێت و شوێنی تەقەکردن دەگرێت.) خۆت زۆر مەخە بەسەر قۆناخە تفەنگەکەدا… باشە… دەبێت ئارام بیت، ئێمە پەلەمان نییە، باشە؟ وابزانە خوای. خودا هەرگیز پەلە ناکات. تەنها کاتێک تەقە دەکەیت دەبێت هێندەی پارچە سەهۆڵێک ئارام و سارد بیت… پێویستە دڵت بە شێوەیەکی ئاسایی لێ بدات. سەرەتا گوێ لە دڵت بگرە. ئایا ئاسایییە؟

ستانکۆ: بەڵێ.

ڤیبکۆ: تا ئێستا لە بواری مۆسیقادا کارت کردووە؟

ستانکۆ: هەندێک کاری کەمانچەم کردووە.

 ڤیبکۆ: باشە وابزانە ئەم تفەنگە کەمانچەیە. کەمانچە دەبێتە بەشێک لە جەستەی مرۆڤ. کاتێک کەمانچە دەژەنی مۆسیقا لە لەشت  دێتە دەرەوە. هەروەها پێویستە ئەم فیشەکەش لە جەستەتەوە بێتە دەرەوە. ئەگەر لە تفەنگەکەت بترسیت، تۆ فەوتاوی.

ستانکۆ: من ناترسم.

ڤیبکۆ: پێشتر بەمە ئاوازت لێداوە؟

ستانکۆ: بەڵێ.

ڤیبکۆ: مەبەستم ئەوەیە تا ئێستا بە تفەنگەکەت فیشەکێکی ڕاستەقینەت تەقاندووە؟

ستانکۆ: بەڵێ.

ڤیبکۆ: کەواتە پێشتر کوشتوتە؟

ستانکۆ: (بە پێکەنینێکی نائیرادی و ڕاستەقینەوە) کۆترێک!

ڤیبکۆ: بەم حیسابە ئەمڕۆ یەکەم گێژی ڕاستەقینەت دەکوژیت.

ستانکۆ: بەڵێ…

ڤیبکۆ: باشە کەواتە بۆ تۆ وەک غوسڵی مەعمودیەت وایە. وەرە، جێگر بە. پێم بڵێ چی دەبینیت.

ستانکۆ: شەقامەکە دەبینم.

ڤیبکۆ: باڵەخانەکە دەبینیت؟

ستانکۆ: بەڵێ.

ڤیبکۆ: بەنزینخانە، دەیبینیت؟

ڤیبکۆ: زۆر باشە… ئێستا یەکەم کەس کە دەجووڵێ، ئامانجی تۆیە.

ستانکۆ: دوو پیرەژن دەبینم… پێم وایە لە بازاڕکردن دەگەڕێنەوە.

ڤیبکۆ: ئەگەر حەزت لێیە دەتوانیت لە یەکێکیان بدەیت.

ستانکۆ: نا پیرەژن نا… نامەوێ لە داپیرەیەکەوە دەست پێ بکەم.

ڤیبکۆ: بەهەر حاڵ بۆ ئێمە گرنگە ئەمەیە کە ئەم گێژووێژانە ناچار کەین لە ماڵەوە بمێننەوە… پێویستە بزانن کە ئەوان کۆمەڵێک مشکن و هیچ کوونێکیان بۆ هەڵهاتنیان نییە. کاتێک تەقە دەکەیت دەبێت بیر لەم شتانە بکەیتەوە. تۆ کۆمەڵێک مشک دەکوژیت، تێدەگەیت؟

ستانکۆ: بەڵێ.

ڤیبکۆ: ناوت چییە؟

ستانکۆ: ستانکۆ.

ڤیبکۆ: من ڤیبکۆم. نابێت لە مشک بترسیت. نابێ رەحمیان پێ  بکەیت. مشک، مشکە… پیر و گەنج، نێر و مێ، منداڵ نییە. ئەوان دەیانەوێت ئێمە و نیشتمان پێکەوە بخۆن، وایان لێ دەکەین لە کوونەکانیاندا بمرن. ئەمە ئەرکی تۆیە. تێگەیشتیت چی دەڵێم؟

ستانکۆ: بەڵێ.

ڤیبکۆ: پەیوەندیت بە سوپاوە کردووە؟

ستانکۆ: نا، هێشتا نا.

ڤیبکۆ: نیگاکانت بسووڕێنە… بە تفەنگەکەت بگەڕێ، مەترسە… مەحەپەسێ… چاوەڕێ مەکە ئەوان هێڵی ئاگرەکەت ببڕن، بگەڕێ، بگەڕێ و سەیرکە،… هەوڵ بدە هەموو شەقامەکانمان ببینیت، دەرگای چوونە ژوورەوەی باڵەخانەکان، پشت پەنجەرەکان … پەنجەرەکان سەیرکە، پەنجەرەکان دەبینیت؟

ستانکۆ: بەڵێ…

ڤیبکۆ: پەنجەرەکان زۆر گرنگن. ئەو مشکانە لە پشت ئەم دیوار و پەنجەرانەوە دەژین… هەر شتێک لە پشت پەنجەریەکەوە بجووڵێت، ئامانجی تۆیە..

ستانکۆ: داپیرەیەکی تر دەبینم کە خەریکە پێخەفێک بڵاو دەکاتەوە بۆ ئەوەی وشک بێتەوە.

ڤیبکۆ: ئای خوایە تۆش تەنها داپیرە دەبینیت… بە هەر حاڵ دەبێت پێش خۆرئاوابوون مشکێک بکوژیت. ئەگەر ئەمڕۆ ڕۆژی داپیرەکانە، داپیرەیەک هەڵبژێرە. هەندێک ڕۆژەکان بەم شێوەیەن!

ستانکۆ: کچێکی بچووک دەبینم یاری بە بووکەڵەیەک دەکات.

ڤیبکۆ: لە کوێیە؟

ستانکۆ: لە باڵکۆنێکدا.

ڤیبکۆ: دە وەرە… وەک پێم گوتی ئەگەر ڕەحم بکەی لە هەموو شوێنێک مشک دێتە دەرەوه. نابێت بەزەییت بە مشکەکاندا بێتەوە، ئەگینا ڕیخۆڵەکانمان دەخۆن…

ستانکۆ: بەڵام من منداڵان ناکوژم…

ڤیبکۆ: سەیرکە، هەرچۆنێک هەست دەکەیت مامەڵە بکە. بڕیارەکە هی تۆیە. بەڵام دەبێت بە هەر شێوەیەک بێت کارەکە ئەنجام بدرێت. ئەمشەو لەم کەرتەدا پێویستە لانیکەمیەک کەس بکوژرێت… نابێت ئیسراحەتیان پێبدرێت.

ستانکۆ: بۆیە من داپیرەم پێ باشترە لە کچێکی بچووک کەیاری بە بووکەڵە دەکات.

ڤیبکۆ: زۆر بیر دەکەیتەوە کوڕی چاک… بەڵام گرنگ نییە، تۆ مافی بیرکردنەوەت هەیە… لەگەڵ ئەوەشدا، من هەمیشە لە خۆم دەپرسم، ئایا خودا بیر دەکاتەوە؟ پێم وانییە کە خودا بیر بکاتەوە… خودا ڕەفتار دەکات، ئەوەیە و بەس. (وچان) ئایا هێشتا یاری دەکات؟

ستانکۆ: بەڵێ.

ڤیبکۆ: هەفتەی ڕابردوو، پاسەوانی ئەودیوی دۆڵێم دەکرد. لە کۆتاییی بۆلڤاری تیتۆ[6]… هەموو شوێنێکی حەوشەیەکی بینایەکم دەبینی. هەر وەک تۆ منیش بینیم پیرەکان ڕاکە ڕاک دێنەدەرەوە و دەچنەوە ژوورەوە… پاشان، کچێکی حەوت هەشت ساڵانم بینی کە یاریی پەت دەکات. دەمەوێت بڵێم بە درێژاییی ڕۆژ یاریی پەتی دەکرد. دوای دوو کاژێر، من وەرەز بووم، بە خۆمم گوت کە ئیدی خەریکە زۆر پەتپەتێن دەکات. دەیەوێت گاڵتەم پێ بکات. یەکەم فیشەکم لە بەرپێی دا. ئاگادارکردنەوەیەک بۆ رەپێنانی. قیژاندی و بە ڕاکردن چووە پشت باڵەخانەکە خۆی شاردەوە. بەڵام، دوای دە خولەک، ئەو کەرە هەموو شتێکی لەبیر کرد…. جارێکی تر بەو پەتە نەفرەتییەی هاتە دەرەوە… کاتژمێرێک چاوەڕێم کرد و فیشەکی دووەمم بەرەو ئەو نارد… خەریک بوو لە پەتەکەی بدەم، هاوارێکی کرد و بۆ ماوەی دە خولەک ون بوو… پاشان جارێکی تر لووتی وەدەر کەوت و سەیری چەپ و ڕاستی کرد. زۆر بە بێدەنگی هاتە دەرەوە. لەسەر نووکی پێیی دەڕۆیشت. کەرە، وەک بڵێی دەترسا دەنگەدەنگ دروست بکات. وە جارێکی تر دەستی پێ کردەوە. بە درێژاییی ڕۆژ بەو پەتە شێتی کردم… فیشەکم زۆر نەبوو.بەڵام هەروەها سێیەمیانم تەقاند کە ون بێت. بەڵام کەر بچووکەکە هەمان یاری دەست پێ کردەوە. گریا و دوای دە خولەک هاتەوە…

ستانکۆ: ئەی دوای ئەوە؟

ڤیبکۆ:… بە هەر حاڵ مشک مشکە.

ستانکۆ: (لە کامێرای تفەنگەکەیەوە سەیر دەکات.) سەیرکە، کەسێک لەو بەشە دەگەڕێت.

ڤیبکۆ: لە کوێیە؟

ستانکۆ: لای بەنزینخانەکە… دەتەوێت بیبینیت؟

ڤیبکۆ: نەخێر.

ستانکۆ: دەبێ چی بکەم؟

ڤیبکۆ: خەریکی هەڵاتنە؟

ستانکۆ: نەخێر.

ڤیبکۆ: باشە ئەوە هی تۆیە. چاودێری بکە، کاتێک هەستت پێ کرد، تەقە بکە…

ستانکۆ: سەیرە…

ڤیبکۆ: چی؟

ستانکۆ: بۆ پەلە ناکات؟

ڤیبکۆ: نازانم. پێوەندی بە خویەوە هەیە. بە هەر حاڵ خەمی ئەم بابەتە مەخۆ. پەلە ناکات، پەلە ناکات. بەم شێوەیە کاتێکی زیاترت دەبێت.

ستانکۆ: پێم وایە ئەو سەرخۆشی سەرخۆشە.

ڤیبکۆ: پیرە؟

ستانکۆ: نەخێر، زۆر پیر نییە… هێشتا لە سەر پیی خۆیەتی…

ڤیبکۆ: کەواتە دەکرێ بگوترێ تۆ گێژێکی حیسابی دەکوژیت. وەرە لێی بدە!

ستانکۆ: رێگەی پێ دەدەم لە شەقامەکە تێپەڕێ، دەچێت بۆ دووکان.

ڤیبکۆ: ئیستا تێدەپەڕێت؟

ستانکۆ: بەڵێ… کابرا جانتایەکی پێیە… هیچ بە خەیاڵیشیدا نایەت، ڕاست دەکەیت، هیچ پەلەیەکی نییە.

ڤیبکۆ: ئەگەر لە شەقامەکە دەپەڕێتەوە، ئەوا دەچێتە دوکانی خواردن و خواردنەوە.

ستانکۆ: دوکانی خواردن و خواردنەوە لە کوێیە؟

ڤیبکۆ: لای چەپی بەنزینخانەکە. بەڵام لێرەوە نابینرێت.

ستانکۆ: ئەوکات ڕێگەی پێدەدەم سەرەتا بیکڕێت.

 (ڤیبکۆ بیرەیەکی تر هەڵدەپچڕێ).

 ڤیبکۆ: دەتەوێت؟

ستانکۆ: بەڵێ.

 (دەخۆنەوە.)

 ڤیبکۆ: باشە؟ پیاوەکە چی دەکات؟

ستانکۆ: دەگەڕێتەوە… شیری کڕیوە… سێ بوتڵ شیر…

 ڤیبکۆ: هێشتاش پەلەی نییە؟

ستانکۆ: نەخێر.

ڤیبکۆ: وەرە بە نەفرەت بی، تەقەی لێ بکە! ئەویش هەمان شتی دەوێت. گاڵتەت پێ دەکات. وەرە دڵت بە دەریا دادە، دەبێت دەست پێ بکەیت، گوو! (ستانکۆ تەقە دەکات.) باشە لێت دا؟

ستانکۆ: نازانم… کەوتە سەر زەوی، بەڵام نازانم… پێم وایە لە یەکێک لە بوتڵەکانیم داوە… زەوییەکە پڕە لە شیر.

ڤیبکۆ: دووبارە تەقە بکەرەوە. تۆ ئەم مافەت هەیە.

ستانکۆ: ناتوانم… شیر حاڵم تێک دەدات. هێڵنجی پێ دەدەم.

***

  تێبینی: ئەم شانۆگەرییە لە ژمارەی دووهەمی کۆمەڵەی شانۆنامەنووسانی ئێران، زستانی۱٣۹۰ هەتاوی چاپ کراوە. لە وەرگێڕانی (ئەسغەر نووری)یە


[1] Matei Visniec

[2] Stanko

[3] Vibko

[4] Krikov

[5] Rambo

[6] Tito