دیالێکتیکی تابلۆ

لە ئەشکەوتنشینەکانەوە تا هونەری هاوچەرخ

بەشێک لە پێشەکی توێژینەوەکە

هەموومان ئەوە دەزانین کە چالاکیی هونەری پێش چالاکیی بیرکردنەوەی زانستی، فەلسەفی دێت، بەڵام بەبێ درکپێکردنێکی ئەوتۆ توانیویانە شتێکی لێ تێبگەن. چالاکییەکانی بەر لە هونەریش بریتی بوون لە چالاکیی خۆژیێنی، کە ڕاوکردن و کۆکردنەوە دەگرنەوە. هەر چالاکییەکیش بەر ڕەگەزێک کەوتووە.

کاتێک مرۆڤ لە گۆ دەکەوێ، بوونی خۆی لەنێو چالاکییەکی هونەریدا دادەنێت. واتا هونەر خۆی دەکرێ وەک پێناسەیەک بۆ بوون ببینرێ؛ پەیامی بوون لە هونەردا جێی بکرێتەوە. بە گشتی بۆ تێگەیشتن لە واتەی هونەر یان چالاکیی هونەری، پێویستە چییەتیی هونەر دەربخەین و بۆ دەرخستنی چییەتیی هونەریش، دەبێ ئەو مەرجە بنەڕەتییانە دیاری بکەین کە بەرهەمێک دەکات بە هونەری و ئەوەی دی بە ناهونەری. لەگەڵ سەرهەڵدانی بیرکردنەوەی فەلسەفی لە سەردەمی ئەفلاتووندا، ئەم بابەتە بووە بە بابەتی توێژینەوە. گەرچی ئەفلاتوون خۆی وێنەکێش و شاعیر بووە، بەڵام لەگەڵ ناسینی سوکرات وازی لێیان هێناوە و بووە بە قوتابیی سکرات. هەروەها مێژووی فەلسەفەی هونەر لە ئەفلاتوونەوە دەست پێ دەکات. ئەو هونەر وەک خزمەتێک بۆ بەرنامەیەکی هونەری بەکار هێناوە، واتە هونەر لەپێناو هونەر. گەرچی ئەفلاتوون لە کۆمارەکەیدا هونەری سنووردار کردووە و بۆ خزمەتی دەسەڵاتی پەروەردە بەکاری هێناوە.

پێویستە بپرسین چۆن بەرهەمی هونەری بناسین؟

بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە بۆ لای ئەرستۆ دەگەڕێینەوە. ئەرستۆ چەمکێک دادەدەڕێژێ بە ناوی (technē). ئەم چەمکە واتە بەخشینی هەموو چالاکییەک لەپێناو دروستکردن و بەرهەمهێنانی شتێک. بۆ ئەرستۆ درکپێکردنی هزری پێویسته بۆ ناسینی کارێکی هونەری؛ ڕاستە بابەتە هونەرییەکان لە هەریەک لە فۆرم و ماتەر (مادە) پێکدێ، بەڵام هونەر فۆرمە نەک ماتەر. ئەرستۆ نموونەی پەیکەرێک دێنێتەوە کە بە ڕاست پەیکەرە نەک تەنیا تاشەبەردێک. ماتەر هەرشتێک بێت، فۆرم بابەتی بۆ پەیدا دەکات. ئێمە لە پەیکەرەکە دەڕوانین نەک لە تاشەبەردەکە. تێڕامان و بیرکردنەوەی ئێمە لە فۆرمەکەیەوە دێت، فۆرمەکەش بڕیار و پەیام بۆ کارێکی هونەری دروست دەکات. ئەرستۆ بەگەڕخستنی هۆش بۆ ناسینی فۆرم دادەنێت و هەستەکان دەخاتە دواوە، بەڵام بەرهەمی هونەری کار لە هەستەکانمان دەکات نەک هۆش. مرۆڤ باسی ئەزموونی ئیستاتیکیی خۆی دەکات نەک درککردنە هزرییەکەی. لەگەڵ ئەوەشدا هەستکردن ناتوانێت فۆرم بدۆزێتەوە. گەر هونەر تەنیا پەیوەندی بە هەستەوە هەبێ، ئەوا ئاژەڵیش دەتوانێ هەست بکات. هەڵۆیەک چەند چاوی تیژ بێ و سەگیش چەند هەستی بۆنکردنی بەهێز بێ ناتوانێ چێژ لە بەرهەمی هونەری ببینێ، چون درککردنی هزرییان نییە. لە دونیای ئێستا، ئەوەی بۆ هەبووەکان و بوونە ناڕەسەنەکە (بە مانا هایدیگەرییەکەی) گرنگە، جوانییە نەک چێژی هزریی هونەری.

درێژەی ئەم توێژینەوەیە بە فایلی pdf لە دوگمەی (داگرتنی پەڕگەی pdf) دابگرە.

سەرنجێک بنوسن