بۆ ئێڵ ئێڵ

لە ئینگلیزییەوە: مسلم ئەحمەدی

ئاخۆ دەتوانین ئەم گەنجینە لەمێژەنێژراوە هەڵکۆڵینەوە،

ئاخۆ باییی ئەو چێژە بوو،

ئێمە هەرگیز نەماندەتوانی فێری سترانی ئەڤین بین،

ئێمە لەمێژەوەیە لەیەک دابڕاوین.


ئاخۆ ئەو ڕابردووە بەگوڕوتینەی هەڵاتووە

دەتوانێت مردووەکانی بانگهێشت کاتەوە،

ئاخۆ دەتوانین دیسانەوە ئەو ڕابردووە بژینەوە،

ئاخۆ بڵێی بتوانین بڵێین باییی ئەو ئازارە بووە!


بیرمە ژوانگەکەمان

کورسییەکی بە لاولاو داپۆشراو بوو،

و یەک بە یەکی ئەو وشە جوانانەی

لە گەرووتەوە دەردەهات

چریکەی ئاوازی باڵندەیەک بوو؛

و لەرینەوەیەک لە دەنگتدا دایدابووەوە،

ڕێک وەک ئەوەی سەیرەیەک،

و وەک گەرووی ڕەشیشەش

بەدەم دوا نۆتەوە

دەلەرییەوە؛


و چاوەکانت، وەک ڕۆژێکی بەهاری

سەوز بوون و بۆر،

بەڵام کە دانەویمەوە بۆ ماچکردنت

ببوونە ئەمیتیست و دەدرەوشانەوە؛

و دەمە نازارەکەت کە بۆ ماوەیەکی درێێێێێێێێێژ

زەردەخەنەی نەدەکرد،

پاش پێنج خولەکێک

شەپۆلی پێکەنین یەکسەر دایدەگرت.


هەمیشە لە ڕێژنە دەترسای

وەک چۆن گوڵێک:

بیرمە کە باران دایدەکرد

هەڵدەستای و هەڕاتدەکرد.


بیرمە قەت نەمدەتوانی پێت ڕابگەم،

چون کەس بە قولەپێشت نەدەگەیشت،

پێکانت، جووتێ باڵی پڕشنگدار و

گورجوگۆڵی بێوێنەیان پێوە بوو.


قژەکەتم بیر دێتەوە – بۆم نەبەستی؟

چونکوو هەمیشە ئاڵۆز و شێواو بوو –

وەک گزینگی تێک‌ئاڵاوی زێڕین:

ئای کە ئەمانە هەموو چەن کۆنن و دێرین.


ژوورەکەم زۆر بەباشی لەبیرە،

شکۆفەی یاسەکەش

کە لە چوارچێوەی پەنجێرەکەدا

لە گەرمەبارانەکەی حوزەیراندا

دڵی لێی دەدا.


و ڕەنگی کراسەکەت

قاوەییەکی کارەبایی

و دوو کەوانە ساتەنییە

زەردەکەی سەر شانەکانیشت.


و دەسماڵە تۆڕییە فەڕەنسییەکەت

کە بە ڕوومەتتدا دەهێنا –

پەڵەی فرمێسک بوو ئەوە بەسەریەوە؟

یان لە بارانەوە مابووەوە؟


لەسەر دەستت کە بە نیشانەی

ماڵئاوایی دەتشەکاندەوە

دەمارە ئاوییەکانتم دەبینی؛

لە دەنگتدا کە ماڵئاواییت لێ دەکردم

هاوارێکی خوڵک‌تاڵ دەبیسرا،

گوتت

“تۆ بەس ژیانت بە فێڕۆ داوە.”

ئاخ کە نەشتەر بوو ئەو قسەیەت بۆم!

گەرچی بەپەلەش لە درگای باخەکەوە

تێپەڕیبووم، دەمزانی ئیتر زۆر درەنگ بووە.


ئاخۆ دەتوانین دیسانەوە ئەو ڕابردووە بژینەوە،

ئاخۆ باییی ئەو ئازارە بوو!

ئاخۆ ئەو ڕابردووە بەگوڕوتینەی هەڵاتووە

دەتوانێت مردووەکانی بانگهێشت کاتەوە!


ئازیزەکەم، خۆشەویستەکەم

ئەگەر بڕیارە لەبەر تۆ

دڵم بشکێ، باش بزانە

شکانەکەی مۆسیقایە

شکانی دڵی شاعیر وەهایە.


لێ زۆر سەیرە کەس نەبووە پێم بڵێ

مێشک دکارێ

لە ژوورۆچکەیەکی شفرەییدا

بەهەشت و دۆزەخی خوا ڕاگرێ!

photo_٢٠٢٢-٠٩-١٢_١٤-٣٨-٢١

سەرنجێک بنوسن