«ئاور لە گەڵای زەیتووندا»

وەرگێڕانی: ڕابوون ڕۆژهەڵات

“بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی و بەرگری خەڵکی کوردستان”


لە دڵی کوردەوە

هەموو گەلانی ئێران

 گەڵای زەیتوون بە تەبڕڕوک دێنن

لە دەمارەکانیشییەوە

ئاگر دەچننەوە بەرەی زەحمەتکێش


گەلێک، بە ساکاری خودموختاری

لە کەلی مێژوو دێتە سەر.

تووڕەیی و ئازادی

 لەسەر پشتی ماینەکان ڕادەگوێزێ.

لە بریقەی لوولەی موسەلسەلەوە واتایەک بۆ هەتاو دەدۆزێتەوە.


بۆنی شەویشی

لە لەرەی مل و یاڵی ماینەکاندا.


دەنگی ماڵاتەکانی

لە دەشت دەبیستێ

خوێنی گەنمە جاڕیشی

لە زەوییە زەوتکراوەکاندا

دەخوشێ.


دەست بە چەک

چاوێکی لە ماڵێیە و

چاوێکی دیشی لەسەر خاک ئۆقرە دەگرێ.

گڕی هەزار ئاوایی لە سینگیدا

لە دۆڵ و دەرەکانی کوێستاندا

شوێن دەگۆڕێ.


لە لووتکەیەکەوە بۆ خەرەند و

لە چۆمێکەوە

بەرەو دارستان

پەرە بە سووراییی زەوی و ئاسۆ دەدا

*

                            لە هێڵی بەبەڕوو تەنراوی بەرگری

چاوی پێشمەرگەکان هەموو شەوێک

ڕۆ دەچێتە لەشی مەرگەوە و

ئێسقانی جیهانخۆرەکان قاڵ دەکاتەوە.


لەشی شەو لە هەزار ڕۆچنەوە دەڕووشێ

چونکە چاوی پڵینگەکان

دەرفەت بە لەرەی نسێیەک نادا.


بۆنی پڵینگ

لە هەناسەکانی کوردێکەوە دەشنێتەوە

بەفر و سەوزایی

خاک و شنە

پشووی نەیاران سوار دەکا

                                      *

هەر باری جینایەت دەخەن

لە شار و دێ

تانگ و ترێلییەکان

.

وڵاتی خودموختاریش

ئاڵاکانی لەسەر سینگی کوڕان و کچان هەڵدەکا.


 لە خەونی فاتۆمیی تیمسارەکاندا

دە جار کوردستان خاپوور دەکرێ.


لە خەیاڵی قاڕنایی جاشەکاندا

سەد جار پێشمەرگەکان

لەت و کوت دەبن.


هەتاوی “ئاربابا”ش هەموو ڕۆژێ

لەسەر باڵی گوللە

لەسەر جادەی سنە

پەرەدەدا بە:

“ئەی رقیب! هەرماوه قەومی کورد زوبان

   نایشکێنێ دانەری تۆپی زەمان”


دەڕوازەی گەورە لەسەر گازەرای پشتە

جادەکانی پێشمەرگەیەک یەکتری لەئامێز دەگرن


لە سەر جادەی سنە

ژیان دارە دارە دەکا.

لە سەر جادەی سنە

دایکان شیر بە منداڵەکانیان دەدەن.

لە سەر جادەی سنە

باری جینایەت بێ ئۆقرەیە.

لە سەر جادەی سنە

چەکداران بەردەوام فیشەکەکانیان دەبژێرن.

لە سەر جادەی سنە

منداڵان فیتوو لێ دەدەن.

لە سەر جادەی سنە

چەکداران ددان لە چیڕەوە دەبەن.

لە سەر جادەی سنە

دەمار و دەستەکان ڕیشاژۆیان کردووە لە خاکدا.


لە سەر جادەی سنە

تانکەکان ژیان دەکێڵن.

لە سەر جادەی سنە

لە کڵاوی ئاسنین لەگەنی منداڵان چێ دەکەن.

لە سەر جادەی سنە

ماڵەکان بە راکێت خاپوور دەکەن.

لە سەر جادەی سنە

کۆڵانەکان

نسێ بە نسێ شوێنی چەکداران هەڵدەگرن.

لە سەر جادەی سنە

دەستفرۆشەکان چەک و خۆراک دەفرۆشن.


لە سەر جادەی سنە

چەکداران منداڵی مەلۆتکە دەپشکنن.

لە سەر جادەی سنە

نارنجۆک بۆ وەرزێڕەکانی “سەردەشت” دابین دەکەن.

لە سەر جادەی سنە

چەکداران نانەبەرەکان دەپشکنن.

لە سەر جادەی سنە

دەستکێشی خوری

بۆ پێشمەرگەکانی “بانە” دەچنن.

لە سەر جادەی سنە

هێلیکۆپتەرەکان هەڵفڕین بەسەر “کەلی خان”دا تاقی دەکەنەوە.


لەسەر جادەی سنە

منداڵان سێرەگرتنی “کاک فواد” فێری یەک دەکەن.

لەسەر جادەی سنە

پادگانەکان لێک دوور دەکەونەوە.

لەسەر جادەی سنە

شار و دێهات سەری یەکتر دەدەن.

لەسەر جادەی سنە

خودموختاری شەهیدەکانی دەنێرێتە دیدەنی پێشمەرگەکان.

لەسەر جادەی سنە

“قازی محەممەد” سێدارەکەی

سەنگەراوسەنگەر دەبا.

لەسەر جادەی سنە

ناوی بەرزی کوردستان

لە ئاور و ئازادیدا رەنگ دەداتەوە و

چاوی گەلان رووناک دەکاتەوە.

چاوەکانی “هیرمەند” و “کەشەف ڕوود”

ئەگەر کرابانەوە

خوێنی “چل چەمە” لە کەویر و شۆرەکات

دارستانێکی خودموختاری دەڕواند و دەیگوت:

“ئەو ڕەنگه سوورە بوو که‌ لە ئاسۆی بڵندی کورد

  موژدەی بەڵێنی بۆ گەلی دوور و نزیک ئەبرد”


سەرچاوە: ویژەنامە هنر و ادبیات رشت، شمارە ١١، تیرماە ١٣٥٩

photo_٢٠٢٢-١٠-٠٣_١٥-١٢-٠١

سەرنجێک بنوسن