قـژی

وەرگێڕانی: شەهلا نەجمەدین

ئاهـ قژی، بە گەردندا هاتووە خوار!

ئاهـ چین چین! ئاهـ عەتری پڕ ئەفسوون و ئاسوودەیی!

چ تاقانەیییەکە! چ نەشئەیەك!

بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەم ژوورە تاریکە بەو یادەوەرییە کپ و بێدەنگانەی لەنێو ئەم قژەدان،

ئەمشەو چەشنی ئاڵایەک لە سروەدا دەیشەکێنمەوە!


ئاسیای هێور و ئەفریقای سووتێنەر،

جیهانی بێشوومار دوور، ون، تەنانەت لەناوچوو، لە قووڵایییەکانی تۆدا دەژین، باغی بەرامەخۆش!

ئەو دەمەی ڕۆحی ئەوانی تر لەسەر ئاوازی مۆسیقا سەوڵ لێ دەدەن،

ڕۆحی من، ئەی دڵدارم! لەنێو گوڵاوی تۆدا مەلە دەکات.


دەچمە ئەوێ، دەڕۆمە ئەو جێیەی کە درەخت و مرۆڤ، پڕن لە تەڕی،

لەژێر تینی هەوا و کەشدا مەست مەست دەبن بەقووڵی؛

قژی بەهێز، ببە ئەو شەپۆلەی کە بەرەو دوور ڕاپێچمەکا

لە تۆدایە، زەریای ڕەش، خەونی بەرشەوارەکەوتووی چارۆکەکان، کەشتیوانان، بڵێسە و ستوونگەی پاپۆڕان:


کەناری پڕ لە شەپۆل کە ڕۆحم دەتوانێت لە تەوژمەکانی، بۆن، دەنگ، ڕەنگ بخواتەوە

ئەو شوێنەی کەشتییەکان لەسەر شەپۆلە زێڕین و ئاوریشمییەکان دەخلیسکێن

باڵە فراوانەکانیان کە هاڵاوی ئەبەدییان لێهەڵدەستێ، بۆ لەباوەشگرتنی شکۆمەندی ئاسمانی بێگەرد دەکەنەوە.


عاشق بە مەستبوون سەری خۆم نوقوم دەکەمە نێو ئەم ئۆقیانووسە ڕەشەی کە ئەوی تری زیندانی کردووە؛

ڕۆحی پێگەیشتووم کە شەپۆلەکانت نازی بەسەردا دەکەن

دەزانێت چۆن بتدۆزێتەوە، ئەی مەستی بەپیتوفەڕ،

لەنێو ڕاژەنینی بێکۆتا لە پشووی بۆندار!


قژی ڕەنگ شەوەزەنگ، کۆشکی تاریکاییی چڕ

تۆ تاریکیی ئاسمانم بەرینتر و بێگەردتر بۆ دەردەخەیت؛

لە سەرتاڵەکانی زوڵفە لێکئاڵاوەکەتدا

لە بۆنی تێکەڵاوبووی ڕۆنی کاکاو و میسک و تاردا سیامەست دەبم.


ساڵانێکی زۆر! بۆ هەمیشە! لەنێو قژە قورسەکەتدا

دەستی من یاقووت، مرواری و ئەڵماس پەرش دەکاتەوە،

تا بەرامبەر ئارەزووی من هەرگیز تۆ نەژنەوا نەبیت!

تۆ دواکانیاوی بیابان نیت کە من خەونی پێوە دەبینم؟ لێی دەخۆمەوە؟

لە قومی قووڵدا هەڵدەمژم شەرابی یادەوەری؟


تێبینی: ئەم وەرگێڕانە بەراورد کراوەتەوە بە هەر حەوت دەقە ئینگلیزییەکە بۆئەوەی بتوانین لە شیعرییەتی دەقە ئەسڵییەکە نزیکتر ببینەوە. وەرگێڕانەکەی جێفری واگنەر-١٩٧٤، کەمێک زیاتر لەبەرچاوگیراوە.

photo_٢٠٢٢-١٢-٠٧_٢١-٢٠-٥٠

سەرنجێک بنوسن