فێمینیزم و دەوڵەت؛

هاوکاری یان بەرامبەرکێ؟ کارامەیی یان ناکارامەیی؟

پوختە

پێوەندیی فێمینیستەکان لەگەڵ دەوڵەت و حکوومەتەکان دەبێ چۆن بێت؟ ئایا دەبێ یارمەتییان لێ وەربگرن؟ یان لە دەوڵەتەکان دوور بکەونەوە و کار لە سەر کۆمەڵگای مەدەنی بکەن؟ ئایا دەبێ هەوڵی چوونە ناو دەسەڵات و بەدەستەوەگرتنی کاروباری سیاسی و سیاسەتدانان بدەن یان ئێنێرژیی خۆیان بۆ تواناسازیی ژنان تەرخان بکەن؟ یان ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بەرەنگاری ئەم دەوڵەت و حکوومەتانە – کە هەر هەموویان درێژکراوەی ئۆتۆریتیی باوک‌سالارین – ببنەوە؟ ئایا کارکردن لەگەڵ دەوڵەتەکان بە مانای ئەوەیە کە چوویتەتە خزمەتی دەوڵەتەوە یان دەبێ وەک جۆرێک لە هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی خواست و داوا فێمینستییەکان نیشانی بدەی؟ و لە کۆتاییدا ئایا مەگەر دۆخی ژنان لە هەموو کات و شوێنێکدا هاوشێوەیە کە بکرێت وەڵامی هاوشێوەش بەم پرسیارانە بدرێتەوە و وەڵامەکان لە هەموو دۆخ و حاڵەتێکدا وەک یەک بن؟لەم وتارەدا هەوڵ دەدەین لەگەڵ پێناسەکردن و ناساندنی سەرجەم بوارەکانی ئەم تەوەرە نوێباوە و باسکردن لە پێشینە و شوێنگەی سەرهەڵدان و زاراوە و دەستەوشە پێوەندیدارەکان، ئاماژە بە هەندێ لەو بەربەستانەش بدەین لە کە کۆمەڵگاکانی جیهانی سێیەمەدا بەرەوڕووی ئەم ڕێبازە فیکری و پراکتیکییە دەبنەوە. هەم لەبەر ئەوەی کە تەوەرەکەمان بابەتێکی تازە و کەمتر باسکراوە و هەم لەبەر ئەوەی کە دەتوانێ وەک زانستێکی نێوان لقەکان ئەو کەپاسیتییەی هەبێت کە کۆمەڵێک توێژینەوەی مەیدانی و لۆکاڵی بە دوای خۆیدا بێنێت،ئەم وتارە بە ئامانجی ناساندنی ئەم ڕووکردە هاتۆتە نووسین و بەهیوایە ببێتە سەرەتایەک بۆ ڕێگایەکی پڕ بەرهەمی توێژینەوەی هاوشێوە و بەسوود.

پێشەکی

زۆرێک لە تیۆرڤانانی فێمینیست، دەوڵەت یان حکوومەتەکان لە دروستکردن، جێگیری و پەرەدان بە نایەکسانییە کۆمەڵایەتی و بەتایبەت نایەکسانییە جێندەرییەکان بەکاریگەر دەزانن. ئەم بەرە هاوکاری‌کردن لەگەڵ دەوڵەت سەرکۆنە دەکەن، چونکە بونیادی بۆرۆکراتیک و زنجیرەپلەیی دەوڵەت و دامەزراوە دەوڵەتییەکان دژ بە بەها فێمینیستییەکان دەبینن. بە بڕوای ئەوان، بە فەرمی دانانی دەوڵەت وەک “هاوکار” یەکسانە بە سەقامگیریی دەستوور و هزریزاڵ. ئەم بەرە، فێمینیزمی دەوڵەتی بە کردەوە بە فێمینیزم لە خزمەتی دەوڵەتدا دەبینن و لەسەر ئەو باوەڕەن کە چالاکانی مافەکانی ژنان باشتر وایە ئێنێرژیی خۆیان بۆ بەهێز و پتەوکردنی کۆمەڵگای مەدەنی و تواناسازیی ژنان تەرخان بکەن و هەوڵ بۆ دروستکردنی یەکگرتوویی لە دەرەوەی فەزای دەوڵەتی و لەنێوان “پەڕاوێزنشینان”ی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییدا بدەن. بەڵام بەرەیەکی دیکە لە فێمینیستەکان لایان وایە ئەوڕۆکە دەوڵەت بۆتە ناوەندی کۆبوونەوەی دەسەڵات و سەرمایە سیاسی، ئابووری و کولتوورییەکان و کەوابوو پچڕاندنی پێوەندی لەگەڵ دەوڵەت واتا خۆکوژی. بە بڕوان ئەمان، کشانەوە لە فەزای دەوڵەتی و وەڵامی “نا” بۆ سەرچاوە و ئیمکانیاتی دەوڵەتی، تەنها ئەو کاتە مومکینە کە هەلومەرج بۆ بیچم‌گرتن و گەشەی دامەزراوەی هاوتەریب و سەربەخۆ لە ئارادا بێت؛ شوێنێک کە کۆمەڵگای مەدەنی بتوانێ هەناسە بدات و دەوڵەت بەردەوام هەڕەشەی لێ نەکات و ئاستەنگی نەکاتەوە.

ئەی چارە؟ لەگەڵ دەوڵەت هاوکاری بکەین یان نەیکەین؟ لە کەرستە و سەرچاوەکان و ئیمکانیاتی دەوڵەتی بۆ کەمکردنەوەی نایەکسانییە کۆمەڵایەتییەکان کەڵک وەربگرین یان نەیگرین؟ داوای پشتیوانی و خزمەتگوزاری و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی لە دەوڵەت بکەین یان نەیکەین؟ بۆ داخڵ‌بوون بە دەوڵەت و بە ژنانەکردنی پۆستەکانی بەڕێوەبەرێتی هەوڵ بدەین یان هەوڵ نەدەین؟ وەڵامدانە بەم پرسیارانە ئاسان نییە. لە ڕاستیدا هەروەک لەم وتارەدا زیاتر باسی دەکەین، ناکرێ لەم بارەوە بڕیارێکی گشتی دەرکەین؛ ناتوانین بۆ هەموو چالاکانی مافەکانی ژنان و لە هەموو هەلومەرجێکدا ڕاسپاردەیەکی هاوشێوەمان هەبێت.

لێرەدا پرسیارێکی دیکە دێتە ئاراوە: کاتێک باسی دەوڵەت دەکەین ئاماژە بە چ دامەزراوە و کەسانێک دەدەین؟ پچڕانی هاوکاری لەگەڵ دەوڵەت دەتوانێ لەسەر ئاستی نەتەوەیی بێت (واتا کاتێک لە هەڵبژاردنی سەرۆک‌کۆماردا بەشداری دەکەین یان بایکۆتی دەکەین). بەڵام دەوڵەت تەنها چەند دامەرزراوەی وەک سەرۆک‌کۆماری، پاڕلەمان، وەزارەتخانەکان و … نییە؛ دەوڵەت لە کۆمەڵێک کەس و دامەزراوە پێکهاتووە کە لە ژیانی ڕۆژانەماندا سەروکارمان لەگەڵیاندا هەیە. وەک ئەنترۆپۆلۆژیستەکان دەڵێن، ئەم دەوڵەتە ڕۆژانە (Everyday State) بە تانوپۆی ژیانی ڕۆژانەمانەوە گرێ دراوە. ئایا پچڕانی هاوکاری لەگەڵ پاسەوانی پارک و یاریدەدەری کۆمەڵایەتی یان کارمەندانی دائیرەی کارەبا و کەرتی هاتوچۆی شارەکان و شارەوانی و بەڕێوەبەری قوتابخانە مومکین و پێویستە؟ چۆن؟ و بۆچی؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە هەمیشە هاوشێوە نییە و گرێدراوی کۆمەڵێک فاکتەری جیاجیایە کە هەوڵ دەدەین لە درێژەی باسەکەماندا ئاماژەی پێ بدەین.

کەواتە پرسیارە سەرەکییەکە هێشتا بێ وەڵام ماوەتەوە: لە دەوڵەتدا بین و لە ناوەوە هەوڵ بۆ گۆڕانکاری بدەین؟ لەگەڵ دەوڵەت هاوکاری بکەین؟ یان واز لە دەوڵەت بێنین و لێی دوور بکەوینەوە و لە دەروەی فەزا دەوڵەتی و حکومییەکان هەوڵ بۆ بەهێزکردنی کۆمەڵگای مەدەنی و گرووپە سەربەخۆ ژنانەکان بدەین؟ شیرین ڕای یەک لە باشترین وەڵامەکان دەداتەوە، کە لە درێژەدا ئاماژە بە باسەکەی دەدەین: ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە زۆرێک لە ژنان، بە تایبەت لە جیهانی سێیەم ئەو دەرفەت و ئیمکانەیان نییە کە لەنێوان ئەم دوو بژاردەیە یەکیان هەڵبژێرن؛ تێچووی بەرامبەرکێ لەگەڵ دەوڵەت لە هەندێ لە دەوڵەتەکاندا زۆر گرانە (بۆ نموونە لە ئێران کە هەوڵدان بۆ مافەکانی ژنان لە زۆرێک لە حاڵەتەکاندا بە هاوواتای دژایەتیکردنی سیستەم لە قەڵەم دەدرێت و دەستگیرکردنی ژنانی ئەکتیڤیستی لێدەکەوێتەوە).

دەگوترێ بۆ زۆرێک لە ژنان، پرسی سەرەکیی هاوکاری کردن یان بەرامبەرکێ لەگەڵ دەوڵەت نییە؛ مەسەلەکە هاوکاری و بەرامبەرکێی هاوکاتە. ئەو بە بەرجەستەکردنەوەی ئەزموونی ژنانی جیهانی سێیەم دەڵێ دەوڵەت و کۆمەڵگای مەدەنی هەردووکیان دەتوانن هەم لە خزمەتی ژناندا بن و هەم دژ بە ژنان یەک بگرن؛ چون لە هەردووکیاندا سیستەمی دەسەڵات و زاڵێتیی بوونی هەیە. کەواتە هاوکاری و بەرامبەرکێ لەگەڵ هەر دووکیان زەروورە.[1]

پێشینە و پێناسە

ئایا فێمینیستەکان لە شوێنێکدا لەگەڵ دەوڵەتەکاندا پێوەندیی باشیان بووە؟ ئایا توانیویانە بە شێوەیەکی کاریگەر داخڵ بە ڕەوتی سیاسەت‌دانان ببن و ئەندێشەکانی خۆیان بخەنە بەرکار؟ زاراوەی “فێمینیزمی دەوڵەتی” کە لە باس و دەقە فێمینیستییەکاندا بەدی دەکرێت خۆی لە خۆیدا دەلالەت لە چی دەکات؟

ئیمی مەزوور و دۆرۆتی مەک براید، لە توێژینەوەیەکدا سەبارەت بە فێمینیزمی دەوڵەتی لە دەیەی ١٩٨٠ بە دواوە ئاخێزگە و گۆڕانکارییەکانی ئەم چەمکە لێکدەدەنەوە.[2] ئەم دووانە لەو توێژەرانەن کە لە دەیەی یەکەمی ئەم سەدەدا، هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەم چەمکە لە وڵاتە دیمۆکراتیکەکاندا کردووە و ڕاپۆرتی ئەم هەڵسەنگاندنەشیان بڵاو کردۆتەوە کە پرسیاری سەرەتای ئەم تێکستەی بەردەستتانی لەخۆ گرتووە. ئەم توێژەرانە نیشانی دەدەن کە چۆناوچۆن ئەم چەمکە لە دەهەی ١٩٨٠دا کەوتە ڕوو و لە ماوەی دەیەکانی دواییدا گۆڕانی بەسەردا هات و لە کۆتاییدا لەلایەن توێژەرانێکەوە، بۆ نموونە خۆیان، لە چەمکێکەوە کە زیاتر ڕاسپاردەیی و ئایدۆلۆژیک بوو، گۆڕا بۆ چەمکێكی بەسوود لە ڕاڤە و شیکرنەوەی بان‌نەتەوەییی پرسەکانی ژنان. بەم چەشنە، نیشانی دەدەن کە توێژەرانی فێمینیست سەرەتا زاراوەی “فێمینیزمی دەوڵەتی”یان لە مانایەکی نەک زۆر ورددا دەخستە بەرکار تاکوو لە ڕێگەیەوە زنجیرەیەک لە چالاکییە دەوڵەتییەکان تەوسیف بکەن کە لەسەر پرس و بابەتەکانی ژنان و جێندەر چڕ بۆتەوە. دواتر ئەم زاراوە بۆ لێکدانەوەی دامەزراوەکانی سیاسەت‌دانان لە کاروباری ژنان کەڵکی لێ وەردەگیرا. و لە کۆتاییدا هەندی توێژینەوە لەم بارەوە هاتە ئەنجامدان کە نیشانی دەدا دامەزراوکانی سیاسەت‌دانان لە کاروباری ژنان لە وڵاتە دیمۆکراتیکەکاندا کە خۆیان لەناو دەوڵەتدان چۆن کاریگەرییان لەسەر بەدیهاتنی دەستکەوتە فێمینیستییەکان داناوە.

بەڵام کاتێک باسی فێمینیزمی دەوڵەتی دەکەین، دەبێ تیگەیشتن و خوێندنەوەمان بۆ خودی “فێمینیزم” چی بێت؟ فێمینیزم بەپێی خوێندنەوەی هاوبەشی نێوان توێژەرانی ئەم ئاقارە بریتییە لە جۆرێک “فام”کردنی ژنان وەک گرووپێک کە لەسەر بەستێنی کۆمەڵایەتی، ئابووری و کولتووریدا خاوەن و هەڵگری فرەچەشنییەکی تایبەت بە خۆیانن؛ ئەم فامکردنە هاوکات بە دوای باشترکردنی بارودۆخی مافەکانی ژنان، باشترکردنی پلە و مەنزلەت یان پێگەیان وەک ئەندامانی ئەو گرووپە، هەم لە پانتاییی گشتی و هەم لە پانتاییی تاکەکەسییەوەیە؛ و هەروەها مەبەستی کەمکردنەوە یان نەهێشتنی زنجیرەپلەییی پشتبەستوو بە ڕەگەز و زنجیرەپلەییی باوک‌سالارانەیە کە نایەکسانییەکانی نێوان ژن و پیاو لە پانتایییە گشتی و تاکەکەسییەکاندا پتەو و بە‌هێز دەکات. با بزانین ئەم چەمکە چۆن بەدیهات و چ گۆڕانکارییەکی بەسەردا هاتووە.

سێ قۆناغی “فێمینیزمی دەوڵەتی

قۆناغی یەکەم: خوێندنەوەی گشتی بۆ جێندەر، فێمینیزم و دەوڵەت

توێژەرانی فێمینیست کە لە سەرەتاکانی دەیەی ١٩٨٠ی زایینی بە دوای تێگەیشتن لە هۆکارەکانی کزبوونی بزووتنەوە فێمینیستییەکان لە ئەورووپا، ئەمریکای باکوور و ئۆسترالیاوە بوون، بە تایبەت تیۆرڤانانی فێمینیزم لە بریتانیا و ئەورووپای قاڕڕەیی، گەیشتنە ئەو ئەنجامە کە هۆکاری سەرەکیی ئەم کزبوونە بەرەوڕووبوونەوەی سیستەماتیکی باوک‌سالارانەی دەوڵەتی لەگەڵ بەرنامە فێمینیستییەکاندا بووە. بەم چەشنە، ئەم فێمینیستانە بەرامبەر بە دەوڵەتەکانیان گەشبین نەبوون.

بەڵام بارودۆخەکە لە هەموو وڵاتانی ڕۆژئاوایی هەر بەم شێوە نەبوو. لە وڵاتانی نۆردیک و بە تایبەت خۆدی نۆروێژ فێمینیستەکان بە هۆی پێشینەی جیاوازەوە، کەمتر دژ بە سیستەم بوون و ئامادەی هاوکاری لەگەڵ دەوڵەت لە ڕێگەی حیزبەکان، یەکیەتییە کرێکارییەکان و پاڕلەمانەکانەوە بوون. هەر لەم وڵاتانەدا بوو کە زاراوەی “فێمینیزمی دەوڵەتی” گەڵاڵە کرا؛ وڵاتانیک کە بەهۆی لەسەر کار بوونی دەوڵەتی خۆشگوزەران، دەوڵەت خۆی بە فاکتەرێک بۆ بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەهاتە ئەژمار و پێوەندیی نێوان کۆمەڵگای مەدەنی و دەوڵەتیش پێوەندییەکی ئاریکارانە بوو و سیاسەت‌دانانیش بە زۆری لە هاوکاریی سێ لایەنەی دەوڵەت، کرێکاران و بەڕێوەبەراندا بیچمی دەگرت. هەر بۆیە فێمینیستی ئەم وڵاتانەش بواریان بۆ داخڵ‌بوون بە پانتاییی سیاسەت‌دانان و چالاکیی دەوڵەتی بە مەبەستی پێکانی مەبەستەکانی خۆیان لەبار دەدیت. لێرەوە هێلکا هارنز، فێمینیستی ئەڵمانی/ نۆروێژی کە داهێنانی زاراوەی “فێمینیزمی دەوڵەتی” بۆ ئەو دەگەڕێننەوە، بەم شێوە پێناسەی دەکات: “کۆمەڵێکی فرەچەشن لە سیاسەت‌دانانی گشتی و یاسا و ڕێسای دامەزراوەیی، کە هەم بۆ چارەسەرکردنی پرس و بابەت‌گەلی گشتییکۆمەڵایەتی و ئابووری گەڵاڵە کراوە و هەم بۆ دابینکردنی خواستەکانی ژنان”. هارنز فێمینیزمی دەوڵەتی بە جۆرێک لە “پێوەندی و دانوستانی نێوان جووڵە و بزاوتی لە خوارەوە و پەسەندکردنی لە سەرەوە” دەزانێت. توێژەرانی نۆردیکی دیکە ئەم فێمینیزمە “لە سەرەوە” کاتێک بە قابیلی بەدیهاتن دەزانن کە ژنانێکی داواکاری خواست و ویستە فێمینیستییەکان بۆ پلە و پۆستە حکوومەتییەکان هەڵبژێردرێن یان دابنرێن.

هەر لە سەرەتاوە ئەو شتەی لەم ئاقارە گونجاوەدا بواری بۆ بەدیهاتنی فێمینیزمی دەوڵەتی دەستەبەر کرد، ئامادەییی تاک و تەرای ژنانی فێمینیست لە پلە و پۆستە جیاجیا حکوومییەکان و هاوکاریی دڵسۆزانەیان لەگەڵ بزووتنەوە فێمینیستییەکان لە وڵاتانی نۆردیک و وڵاتانی سکاندیناوی بوو. هەڵبەت ئاماژە بەو خاڵەش سەرنجڕاکێشە کە هەر لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٠وە زاراوەی “فێمینزمی دەوڵەتی” بە شێوەیەکی سووک بەکار دەهێنرا: لە ڕاستیدا توێژەرانی ئەڵمانی ئەم زاراوەیان بۆ ئاماژە بە دۆخی بەدواداچوونی خواستە فێمینیستییەکان لە وڵاتانی هاوشێوەی سۆڤییەت دەخستە بەرکار، واتا لە شوێنێکدا کە دەوڵەتەکان خۆیان دەستیان دابووە دامەزراندنی ئەو گرووپانەی کە بڕیار بوو بە شێوەی فەرمی کار بۆ باشترکردنی دۆخی ژنان بکەن، بەڵام بە کردەوە لە ڕەوتی بەربەست‌دانان لەسەر ڕێگای چالاکییەکانی ژناندا کاریان دەکرد.

قۆناغی دووهەم: چڕبوونەوە لە سەر فێمۆکراتەکان و دامەزراوەکانی سیاسەت‌دانانی ژنان

سەرەتاکانی دەیەی ١٩٦٠ بوو کە توێژەرانی ئۆسترالیایی چەمکێکی دیکەیان گەڵاڵە کرد و باسی فێمینیزمی دەوڵەتییان قۆناغێکی دیکە پێش خست. ئەم توێژەرانە زاراوەی فێمۆکرات(Femocrat)یان خستە بەرکار. پێشنیاری ئەم چەمکە لەوێوە سەرچاوەی گرتبوو کەئەم توێژەرانە لە خوێندنەوەی یەکپارچە بۆ دەوڵەت بەگومان بوون: دەوڵەت گشتێتییەکی یەکپارچە نییە، بەڵکوو کۆیەکی پێکەوە پەیوەستی پێکهاتوو لە پانتایییە جیاجیاکانە کە بۆ ئاستەکانی سیاسەت‌دانان، حکوومەتداری و دەور و ڕۆڵی بەڕێوەبەرێتیی دابەش دەکرێت. ئەم شڕۆڤە لە ڕوانگەی تیۆریکەوە ڕێگای بۆ بە مومکین زانینی بەڕێوەچوونی دەوری ژنان لە دەوڵەتدا دەکردەوە؛ نەک تەنها وەک کەسانێک کە بڕیار بوو تەنها جۆرێک لە هاوکارییان لەگەڵ چالاکانی دەرەوەی دەوڵەتدا هەبێت، بەڵکوو وەکفاکتەرگەلی تاکەکەسی و کۆیی کە خاوەنی بەرنامەی دیاریکراوی فێمینیستی بوون. لە ڕێگەی ئەم شرۆڤەوە ژنان دەیانتوانی لە پانتایییە جیاجیاکانی دەوڵەتدا ئامادەیییان هەبێت بەو ئامانجەوە کە بەرەنگاری ڕەوتی سیاسەت‌دانانی باوک‌سالارانە ببنەوە. ئەم دەرفەتە لەوێوە دەهات کە ژنان لە دەوڵەتدا لەگەڵ گشتێتییەکی یەکپارچەدا ڕووبەڕوو نەبوون کە لە بەڕێوەبردنی سیاسەتە باوک‌سالارانەکاندا بە تەواوی یەکگرتوو و یەکپارچە کار بکات و بەدواداچوون بۆ سیاسەتەکان و گێڕانی ڕۆڵە ئاڵترناتیڤەکان نامومکین بکات.

زاراوەی فێمۆکرات هەر لەم بوارەدا لەلایەن تیۆرڤانانی ئۆسترالیایی گەڵاڵە کرا کە بە دوای هاندانی فێمینیستەکان بۆ ئامادەیی لە چوارچێوەی دامەزراوەکانی دەوڵەتی فێدڕاڵی ئۆسترالیاوە بوون: فێمۆکرات بە مانای ئەو فێمینیستانەیە کە لە قاڵبی دەوڵەتی دیمۆکراتیک بۆ پێشخستنی بەرنامە فێمینیستییەکان، هەم وەک سیاسەت‌دانان و هەم بە گێڕانی ڕۆڵ لە دامەزراوە دەوڵەتییەکاندا، ئامادەییان هەیە. ئەم تیورڤانانە دەیەی ١٩٩٠ وەک “فێمینیزمی فەرمی” یان “فێمۆکراسی” باسی ئامادەییی فێمینیستەکان لە دەوڵەتیان دەکرد و کەمتر زاراوەی “فێمینیزمی دەوڵەتی”یان بەکار دەهێنا.

بەرهەمی توێژەرانی نۆردیک و ئۆسترالیایی بوو بە هۆی ئەوەی کە ئەو ڕوانگە کە دەوڵەت دەتوانێ پانتایییەک بێت بۆ چالاکیی فێمینیستەکان، لە نێو فێمینیستە ئەزموونگرا و پۆزیتیڤیستەکاندا زیاتر مەقبوولییەت وەربگرێت و ئەم توێژەرانە فێمینیزمی دەوڵەتی بە ڕەوتێکی ئاڵۆز ببینن کە فێمۆکراتەکان، دەستکەوتەکانی سیاسەتدانانی یەکسانیخواز، و هاوپەیمانیی نێوان فاکتەرە دەوڵەتییەکان و بزووتنەوەکانی ژنان، کاریگەرییان لە سەری دەبێت. هاوکات، لە دەوڵەتە ڕۆژئاوایییەکانیشداڕەوتی پێکهاتنی ئەو دامەزراوانەی کە سیاسەتدانانی پەیوەست بە کاروباری ژنانیان لە ئەستۆدا بوو، برەوی سەند و گەیشتە تەشقی خۆی. جگە لەمانە، ئەو چالاکییانەی لە قاڵبی دەوڵەتەکاندا ئەنجام دەدرا،دەیەی ١٩٩٠ سەردەمی چرۆگرتنی سیاسەت‌دانان بۆ ژنان لە قاڵبی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو کە لەم بوارەدا ساڵی ١٩٩٥کۆنفڕانسی ژنان لە پەکین خاڵێكی وەرچەرخان لە یەکگرتنی فێمینیستەکان لە وڵاتە جیاجیاکانی جیهان لەوانە وڵاتانی جیهانی سێیەم دەهاتە ئەژمار. ئەکتیڤتربوونی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەم بوارەدا و پێکهاتنی دامەزراوەکانی تایبەت بە سیاسەت‌دانانی ژنان لەگەڵ ئەندامێتیی وڵاتانی زیاتر لەم دەیەدا کاریگەرییەکی هەرە بەرچاوی لەسەر دۆخی جیهانیی ژنان هەبوو، بە شێوەیەک کە پێشتریش بەڕێوەچوونی “دانیشتنی جیهانیی ژنان” لە ساڵی ١٩٧٥ لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، ببوو بە هانە و هاندەری کردنەوەی نوێنەرایەتی و نووسینگەی سیاسەت‌دانان بۆ کاروباری ژنان لە وڵاتە جیاجیاکاندا.

قؤناغی سێیەم: بەرەو پێناسەیەکی ورد بۆ فێمینیزمی دەوڵەتی

هەر وەک لە سەرەتای ئەم باسەدا ئاماژەمان پێدا، مزوور و مەک براید وەک “ئەندامی تۆڕی توێژینەوەیی سیاسەتە جێندەرییەکان و دەوڵەت” بەشدارییان لە توێژینەوەیەکدا کردووە کە لەلایەن ئەم تۆڕەوە و وابەستە بە زانکۆی دەوڵەتیی واشنتۆن سەبارەت بە چالاکییە فێمینیستییەکانی دەوڵەت لە سیانزە وڵاتی دیمۆکراتیکی پۆست پیشەسازی لە ماوەی چوار دەیەدا ئەنجام دراوە و ساڵی ٢٠٠٦ بڵاو بۆتەوە. ئەم توێژینەوە بە دانانی جۆرێک لە میتۆدۆلۆژیا بۆ پێوان و هەڵسەنگاندنی ڕێژەی چالاکییە دەوڵەتییەکان لەم بوارەدا، ئەم زاراوەی لە چەمكێکی گشتییەوە بۆ ئاستی چەشنێک چەمکی قابیلی هەڵسەنگاندن و پێوان بەرز کردەوە. ئەم توێژینەوە فێمینیزمی دەوڵەتی بەپێی وەڵامێک هەڵدەسەنگێنێت کە لەلایەن دامەزراوەکانی تایبەت بە سیاسەت‌دانانەوە بە ئەکتیڤیستەکانی بزووتنەوەی ژنان دراوەتەوە. ئەم توێژینەوە بەرەوڕووی ئەو بابەتەش بۆتەوە کە لە گەلێک حاڵەتدا خواستەکانی بزووتنەوەی ژنان خواست و داواکاریی فێمینیستی نین؛ ئایدۆلۆژیا و چالاکییە فێمینیستییەکان تەنها بەشێک لە بزووتنەوەکانی ژنانیان بیچم داوە و هەموو بزووتنەوە و چالاکییەکانی ژنان فێمینیسی نین.

هەروەها لە ڕەوتی توێژینەوەکەدا زەروور بوو توێژەران چەمکی “فێمینیزمی دەوڵەتی” بە وردی لێکبدەنەوە. بەپێێ ئەم لێکدانەوە وردە، فێمینیزمی دەوڵەتی تەنها کاتێک دێتە ئاراوە کە دامەزراوەکانی تایبەت بە سیاسەت‌دانان ژنان، چالاکان و ئەندێشە فێمینیستییەکان بخەنە ناو دەوڵەتەوە؛ واتا بەدیهاتنی فێمینیزمی دەوڵەتی سەرتر و زیاترە لە نوێنەرایەتی‌کردنی بەرژەوەندییەکانی ژنان و یان تەنانەت خواست و داوکارییەکانی بزووتنەوەی ژنانە. فێمینیزمی دەوڵەتی واتا نوێنەرایەتی‌کردنی بەرژەوەندی و چالاکانی فێمینیستی کە بە ئامانجی پێکانی دەرەنجامی فێمینیستی، خواست و داواکاریی فێمینیستی گەڵاڵە دەکەن.

تا ئەو ئاستەی پێوەندی بە پرسیاری سەرەتاییی ئەم بەشەوە هەیە، دەکرێ بڵێین ئەم توێژینەوە نیشانی دەدات کە لە ماوەی چەند دەیەی ڕابردوودا لە وڵاتانی پێشکەوتووی پۆست پیشەسازیی دیمۆکراتیکدا، پێوەندی و دانوستانی نێوان دەوڵەت و فێمینیستەکان پێوەندییەکی کارامە بووە: ڕەوتێک کەسەرەتا لە هەندێ لە وڵاتە ڕۆژئاوایییەکان دەستی پێکرد و لە وڵاتانی دیکەدا بە گەشبینییەوە بەرەوڕووی نەدەبوونەوە، بەڵام بەرە بەرە ژمارەی ئەو وڵاتانەی، هەرچەند بە خاوی، ئەزموونێکی سەرکەوتوویان سەبارەت بەم هاوکارییە هەبوو، زیادی دەکرد. ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە وڵاتانی جیهانی سیێەم فێمینیستەکان هێشتا دەبێ مەسەلەی بەقا و مانەوەیان لە دەوڵەتدا لە پێش بگرن.

illustration by K. Jones

فێمینیزمی دەوڵەتی و وڵاتانی جیهانی سێیەم

فێمینستەکانی جیهانی سێیەم لەگەڵ دەوڵەتەکانیاندا چێ بکەن؟ ئەوان تا چەند دەتوانن سوود لە ئەزموون و تیۆریی فێمینیستە ڕۆژئاوایییەکان سەبارەت بە پێوەندی لەگەڵ دەوڵەت وەربگرن؟ شیرین ڕای، مامۆستای بە ڕەچەڵەک هیندیی زانکۆی وارویک، لە سەر ئەو باوەڕەیە کە ئەو ڕوانگانەی ژنانی ئەکتیڤیستی وڵاتانی لیبڕاڵی ڕۆژئاوایی لەم بارەوە بیچمیان داوە، بەپێی پێویست دەقاودەقی دۆخی ژنان لە وڵاتانیجیهانی سێیەم نییە.[3]

ڕوانگەی فێمینیستەکانی جیهانی سێیەم چۆناوچۆن بووە؟ فێمینیستەکانی جیهانی سێیەم سەرەڕای جیاوازییەکانیان کاتێک کە سەیری کۆمەڵگاکانی خۆیانیان کردووە، تووشی مەسەلەی پێوەندیی باوک‌سالاریی زاڵ لەگەڵ دەوڵەت هاتوون: ئایا ئەم پێوەندییە پێکەوە ژیانە؟ یان بەرامبەرکێ؟ و بە هەر حاڵ دەبێ چی لەم دووانە بکرێت؟

هەر دوو ڕوانگەکە لەلایەن کەسانێکەوە ڕوون کراونەتەوە. بەرەیەک لە فێمینیستەکان شوناسی دەوڵەتە نوێکانیان لە وڵاتانی خۆیاندا بە تەواویی دژ بە باوک‌سالاریی سوننەتی بینیوە، و گرووپێکی دیکە باوەڕیان بە پێکەوەژیانی ئاشتییانەی ئەم دووانە هەیە. بەڵام هەر دوو بەرە کەم تا زۆر لەسەر ئەو خاڵە هاوڕان کە نە دەبێ لە دەوڵەت وەک کەرستەیەک لەژێر ڕكێفی زاڵێتیی نێرینەدا چاو دابخرێت و نە دەکرێ بە باوەشی کراوەوە هاوکاری لەگەڵدا بکرێت، بەڵکوو لە هەلومەرجی تایبەتدا دەکرێ گەڕانەوە [بۆ دەوڵەت] وەک کەرستەیەک بۆ گۆڕانکاری لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ژناندا لەبەرچاو بگیریەت.

دانوستان لەگەڵ دەوڵەت

ژنان لە جیهانی سێیەمدا هەم بەرامبەر بە کۆمەڵگای مەدەنی و هەم بەرامبەر بە دەوڵەت لەگەڵ کێشە و گرفتی هاوشێوەدا بەرەو ڕوون: هەردووکیان لێکدابڕاو، سەرکوتکار و هەڕەشەکەرن و هاوکات فەزایەک بۆ دانوستان و خەبات دەستەبەر دەکەن. دەوڵەت و کۆمەڵگای مەدەنی هەردووکیان بیچم بە ئاستەنگییەکانی ژنان دەدەن.گەر ژنان ئەم ئاستەنگییانە لەبەرچاو نەگرن، دەکەونە بەر توندوتیژی.

هەروەها دەوڵەت خاوەنی کەسایەتییەکی چەند لایەنەیە. لە بەرپرسانی ناوچەیییەوە تاوەکوو کارمەندانی کەرتی خزمەتگوزاری، لە پۆلیسەوە تا دادوەر، ژنان بە بەرین کردنەوەی داواکاری و خەباتەکانیان، ئەزموونی جۆراوجۆریان لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دەوڵەتدا هەیە. پرسیار ئەوەیە کە شوناسی دەوڵەتانی پەرەگرتنخوازی جیهانی سێیەم چ مەجالێک بۆ پێشخستنی ستراتیژەکان بۆ ژنان دەستەبەر دەکات؟

زۆربەی ئەم دەوڵەتانە خۆیان بە فاکتەری گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و ئابووری دەزانن، و هاوکات توانایی تەواویان بۆ بەڕێوەبردنی سیاسەتەکانیان نییە. دەوڵەتانی جیهانی سێهەم چونکە بەزۆری لەڕووی ژێرخانەوە لاوازن، بەڕێوەچوونی سیاسەتەکانیان گرێدراوی پێوەندی و دانوستانی نوخبەکانی دەسەڵات و کۆمەڵگای مەدەنییە. کاتێک کە ئەم سیاسەتانە لەلایەن ئەو گروپانەوە کە لێی سوودمەند دەبن پەسەند نەکرێت، بەڕێوەچوونیشیان پێوستی بە پێوەندیی پشتبەستوو بەزۆر و ناچارکردن دەبێت. لەم جۆرە هەلومەرجانەدا پلە و پایە ئیداری و دادوەرییە “باشەکان” دەتوانن تا ڕادەیەک دۆخی ژیانی خەڵک باشتر بکەن، بەڵام ئامادەییی ئەم جۆرە کەسانە دژ بە بونیادێکی حکوومییە کە بەڕێوەبردنی سیاسەتەکانی پێویستی بە زۆرداری و ناچارکردنە.

تایبەتمەندییەکی دیکەی ئەم دەوڵەتانە گەندەڵییە. ژنان لەو دەوڵەتە گەندەڵانەدا کە کاربەدەستانی بۆ جێبەجێکردنی کارەکان بەرتیل وەردەگرن، بە شێوەیەکی جیاواز لە پیاوان دەکەونە بەر کاریگەریی ئەم حاڵەتانەوە. کارمەند یان خاوەن پلەیەک کە دەبێ ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێ‌کردنی کارەکانیان دەرببڕیت، لەوانەیە جگە لە داواکاریی پوول و پارە، داخوازیی دیکەشی لەوان هەبێت. جگە لەمە، گەندەڵی شتێکە کە دەوڵەتەکان لە کار دەخات، لێرەوە ئەو ژنانەی بەنیازن داواکارییە فێمینیستییەکانیان گەڵاڵە بکەن، لە دەوڵەتانی جیهانی سێیەمەدا یەکەم شت بەرەوڕووی بەربەستی گەندەڵی دەبنەوە کە ئەنجامدانی هەموو کارێک نامومکین دەکات. ئەنجام، کارکردن لەناو دەوڵەتەکاندا بۆ جێبەجێکردنی ئەم داواکارییانە هەمیشە مومکین نییە.

بەم چەشنە، ئەو پێوەندییەی چالاکانی مافەکانی ژنان لە جیهانی سێیەمەدا لەگەڵ دەوڵەت دروستی دەکەن لە پێوەندیی ژنانی ڕۆژئاوایی زۆر ئاڵۆزترە و جیاوازە لەویش. واتا کاتێک کە دەچینە سەر باسی پێوەندیی ژنان و دەوڵەت، دەبێ دوو هەڵوێستی جیاوازمان لەبیر بێت.

یەکەم مەسەلە ڕاستییەکانی ژیانی ڕۆژانەی زۆربەی هەرە زۆری ژنانە. کاتێک کە لەسەر ئەم تەوەرە دەکەوینە مشتومڕەوە هەم دەبێ شوناسی بیچم‌گرتنی ئەو دەوڵەتەی گرووپە دیاریکراوەکانی وەک ژنان تێیدا دەژین، لەبەرچاو بگرین و هەم ئەو بگۆڕە کۆمەڵایەتی و سیاسییانەی کاریگەری لەسەر پێوەندیی ئەوان لەگەڵ دەوڵەت دادەنێن، ڕەچاو بکەین.

مەسەلەی دووەم کاردانەوەی فێمینیستییە بەرامبەر بە دەوڵەت. وەک دیاری‌کردنی ستراتیژی خەبات بێت یان وەک ڕەخنەگرتن لە دۆخەکە، دەبێ وشیارانە هەڵبژاردنی فێمینیستەکان لە هەڵبژاردنی زۆرینەی ژنان جیا بکەینەوە تاکوو بتوانین لە پێگەیەکدا جێگیر بین و هەردووکیان بە باشی دەرک بکەین. یەک لە جیاوازییەکانی نێوان دۆخی ژنان لە دەوڵەتانی لیبڕاڵی ڕۆژئاوایی و دۆخی ژنان لە جیهانی سێیەم ئەوەیە کە دەسەڵاتی ڕێکخەری دەوڵەت تا چەند دەتوانێ کایگەرییان لەسەر دابنێت. ژنانی وڵاتانی جیهانی سێیەم زیاتر لە ژنانی ڕۆژئاوایی لە هەموو دەرکەوتەکانی دەولەت سڕاونەتەوە. هۆکاریش ئەوەیە کە لە جیهانی سێیەمدا دەوڵەت بە زۆریی ئەو شێوازە لە تۆڕی پارێز و پشتیوانی کە جێبەجێ‌کارانی خۆشگوزەرانیی دەوڵەتانی لیبڕاڵی رۆژئاوایی پێیان دەکرێت، دەستەبەر ناکات. بەم چەشنە، هەم ژنانی چینەکانی خوارەوە و هەم ژنانی چینە باڵاکان لە ئاقاری کارکردەکانی دەوڵەت بەرپەرچ دەدرێنەوە. ژنانی چینە باڵاکان کە دەستیان بە سەرچاوەگەلی زیاتر ڕادەگات، بۆ دابینکردنی تەندروستی، فێرکاریی خزمەتگوزاریی چاوەدێریی منداڵ و کارکردن بە شێوەی نەریتی کەڵکیان لە کەرتی تایبەت وەرگرتووە و ژنانی چینەکانی خوارەوەش ناتوانن پشت بە دەوڵەت ببەستن، چونکە بە ڕادەی پێویست پشتگیرییان ناکات.

جیاوازیی دیکە ئەوەیە کە لەم دەوڵەتانەدا ژنان بەزۆری ئاگاداری پانتاییی کار و کردەوە و یاسادانانی دەوڵەت نین. دەیتا و زانیاریی نوێ لە مەڕ یاسادانانی تازە بەزۆری بە شێوەی پچڕ پچڕ و شپرز بڵاو دەبێتەوە. نەخوێندەواری و بێبەریبوونی ژنان لە چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانیش ئەم نائاگادارییە گرژتردەکات. یەک لە تایبەتمەندییە هەرە دیارەکانی ئەم دەوڵەتە باوک‌سالارانە ئەوەیە کە نایانهەوێ بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ بەها نەریتییەکانی خێزاندا بەریەککەوتنیان هەبێت و گەر چەند دروشمێکیشیان سەبارەت بە مافەکانی ژنان دابێت، هەر کە هەستیان کرد گرووپەکانی پشتیوانیان زۆر حەزی پێ ناکەن، بە ئاسانی چاوپۆشی لێ دەکەن و گەر یاسایەکیان پەسەند کردبێت، جگە لە ناتواناییی هەمیشەیییان لە بەڕێوەبردنی یاساکاندا، کەمتر بەدواداچوون بۆ بەڕێوەچوونی ئەو یاساش دەکەن.

 لە لایەکی دیکەشەوە، زۆرێک لە دەوڵەتانی جیهانی سێیەم، قووڵ ڕەگیان لە کۆمەڵگای مەدەنیی ئەم وڵاتانەدایە. ژنانی ئەم وڵاتانە هەم لەلایەن دەوڵەتەکانەوە گوشاریان دەخرێتە سەر و هەم لەلایەن کۆمەڵگای مەدەنییەوە. لەم وڵاتانەدا پێچەوانەی وێنای تیۆرڤانانی ڕۆژئاوایی، فەزایەکی لێوانلێو لە هەڕەشە کە کەشی داتەنیوە کە کۆمەڵێک مەترسیی شاراوە و ئاشکرا تێیدا بۆسەی بۆ ژنان ناوەتەوە.

لەم ڕووەوە، “ڕەگدار”بوونی دەوڵەت لە کۆمەڵگای مەدەنیدا، هەروەک ژمارەیک لە تیۆریسیەنەکانی ئابووریی پەرەگرتن لەسەر ئەو باوەڕەن، بابەتێکی پۆزەتیڤ نییە و بەکارهێنانی تواناکانی دەوڵەت هاوئاسۆ لەگەڵ نۆڕمە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانێ بۆ ژنان پێکهاتەیەکی ترسناک بێت کە هەڕەشە لە هەر چەشنە هەوڵدانێک بۆ ڕەخساندنی گۆڕان لە واقیعەکانی ژیانیان بکات. لێرەدایە کە لە بەر یەک هەڵوەشانی بەش و پاژەکانی دەوڵەت گرنگ دەبێت.

شتێک کە ڕاهاتووین پێی بڵێین دەوڵەت، تەنها تۆڕێک لە پێوەندییەکانی دەسەڵاتە کە بەش و پاژەکانی هاوکاریی یەکدی دەکەن و هەڵبەت ناکۆکییەکیش هەیە لە نێوانیاندا. ڕێک هەر بەهۆی ئەم سەیالییەت و پرش و بڵاوییەی دەسەڵاتە کە ناتوانین هاوشێوەی فێمینیستە ڕۆژئاوایییەکان بڵێین گەڕانەوە بۆ دەوڵەت بۆ پارێزگاریی لە ئێمە بەو مانایە کە “لە دامەزراوە نێرینەکان داوا بکەین لە دژایەتیکردنی پیاواندا یارمەتیمان بدەن”. گەر تێگەیشتنی خۆمان لە ئاڵۆزییەکانی کۆمەڵگای مەدەنی سەبارەت بە ژنانیش بخەینە سەر ئەم تەفسیرە بۆ پێوەندییەکانی دەسەڵات، ئەوسا بۆمان دەردەکەوێت هەڵوێستی ڕاشکاوی “دژی دەوڵەت” بوون دەتوانێ بۆ ژنان زۆر مەترسیدار بێت.

ئایا مەسەلەکە نزیکبوونەوە یان نزیکنەبوونەوە لە دەوڵەتە؟

هەروەک بینیمان لە نەبوونی پشتیوانییە فەرمییەکاندا، ئامادەییی دەوڵەت لە ژیانی زۆرێک لە ژنانی جیهانی سێهەمدا پەڕاوێزییە. ئەم ئامادەیییە زۆربەی جاران تەنها کاتێک تۆخ و پڕڕەنگ دەبێتەوە کە ژنان لەو سنوورانەی دەوڵەت دیاریی کردووە لا بدەن و لەلایەن دەوڵەتەوە بکرێنە ئامانجی سەرکوت یان داواکراوی دادوەری. کەوابوو، بۆ زۆبەی زۆری ئەم ژنانە مەسەلە ئەوە نییە کە لە دەوڵەت نزیک ببنەوە یان نزیک نەبنەوە؛ ئەوە دەوڵەتە کە تەنها کاتێک ئاوڕیان لێ دەداتەوە کە دەیهەوێ بیانکاتە ئامانجی بێ‌بەزەیییەکانی خۆی.

بەم چەشنە، ئایا ناکرێ بڵێین “پارێزراو بوون” لە لایەن هەمان ئەو دەوڵەتەوە کە دەترسین بمانکاتە ئامانجی توندوتیژی، ئەنجامەکەی بەردەوامیی هەمان بێ‌دەسەڵاتیو وابەستەیییە کە ئەزموونی زۆربەی زۆری ژنانی لە قۆناغ و کولتوورە جیاجیاکاندا پێک‌هێناوە؟

ئەزموونی ژیانی ڕۆژانەی ژنانی جیهانی سێیەم دەڵێ کاتێک کە بەرەوڕووی دەسەڵاتی توندوتیژیی دەوڵەتی دەبینەوە، ڕەنگە جیاوازیی وەرگرتن یان وەرنەگرتنی دەنگی دادگایەک کە بەرامبەر بەو توندوتیژییە دەمانپارێزێت، جیاوازیی نێوان مەرگ و ژیان بێت. وەکی تر مەسەلەکە بۆ ژنی جیهانی سێیەم لە بنەڕەتدا نزیک بوونەوە لە دەوڵەت یان “داواکردنی پشتیوانی”ی دەوڵەت نییە، بەڵکوو بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دەوڵەتە. لەوانەیە شێوە و شێوازی ئەم بەرەنگاربوونەوە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە گۆڕانی بەسەردا بێت، بەڵام شێوەی ڕاستی گەڵاڵەکردنی مەسەلەکە هەر ئەمەیە و لەبەرچاونەگرتنی بە مانای گرنگی‌نەدان بە ژیانی ملوێنان ژن دەبێت. لەمەش خراپتر ئەم ڕێگا بەرەو بێکردی و پووچی دەگاتە کۆتایی.

خەباتی ژنانی جیهانی سێیەم بەردەوام بەرامبەر بە ئاستەنگییە تازەکان وشیاریی زیاتر بەدەست دێنێت کە نەزمی حکوومەتی لە دژیان دایدەنێت. هەر بۆیە ژنان بەردەوام خەبات و تێکۆشانەکانیان دەگوازنەوە بۆ بەرەکانی دیکە بۆ ئەوەی لەو پشتگیرییە جۆراوجۆرانەی دامەزراوەکانی حکوومەت پێیان نادات، بەهرەمەند بن. لێرەوە دەتوانین بڵێین مەسەلەی لەگەڵ دەوڵەتدا بوون یان دژ بە دەوڵەت بوون پێویستی بە ڕوانینێکی نوێیە.

ئەنجام

هەرچەندە چەمکی “فێمینیزمی دەوڵەتی” لە مانای ئەرێنیی خۆیدا لە ئەورووپای دەیەی ١٩٨٠دا پەروەردە کراوە، بەڵام لە ساڵی ١٩٧٥ەوە کە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە دەوڵەتەکان کرد کە دامەزراوەی تایبەت بە سیاسەت‌دانان لە بونیادی خۆیاندا دابمەزرێنن، هەم ئەم جۆرە دامەزراوانە لە سەرتاسەری جیهاندا کرانەوە و هەم بزووتنەوە فێمینیستییەکان لێرە و لەوێ پێوەندییان لەگەڵیان دروست کرد. لەو سەردەمەوە دەور و کاریگەریی ئەم دامەزراوانە و ئەم پێوەندیی‌گرتنانە بوونەتە تەوەری توێژینەوەی جۆراوجۆر و لە گەلێک ڕوانگەوە لێکدانەوەیان بۆ کراوە. ستراتیژی بەدواداچوون بۆ داواکارییە فێمینیستییەکان لەناو دەوڵەتەوە بوو بەهۆی ئەوەی کە چەندین جۆر گومان و پرسیار لەم بارەوە بێتە ئاراوە: وابەستەیی بە دەوڵەت؟ چاکسازی یان شۆڕش؟ زنجیرەپلەیی یان بڕیاردانی کۆیی بەدەر لە زنجیرەپلەیی؟

“فێمۆکرات” بە مانای ژنێکی فێمینیستە کە بە بەرنامەی تایبەتەوە دەچێتە ناو دەزگا دەوڵەتی و حکوومییەکان تاوەکوو بەدواداچوون بۆ خواست و داواکارییە فێمینیستییەکان بکات. لە دەیەی ١٩٨٠ بەدواوە زاراوەی فێمۆکرات ئاماژەیە بۆ ژنانێکی بەهێز و بەدەسەڵات کە بەڵێنی ئایدۆلۆژیک و سیاسییان بەرامبەر بە فێمینیزم هەیە و هەوڵی بۆ دەدەن.

سەبارەت بە پێوەندیی فێمینیزم و دەوڵەت لە وڵاتانی جیهانی سێیەم دەتوانین بڵێین ئەم پێوەندییە گەلێک جیاوازیی گرنگی لەگەڵ پێوەندیی فێمینیستە ڕۆژئاوایییەکان لەگەڵ دەوڵەتەکانیاندا هەیە و ناکرێ ئەو تیۆرییانەی بە نیسبەت ئەم ڕووکردەوە لە ڕۆژئاوا بەدیهاتوون بۆ فامکردنی دۆخی فێمینیزمی دەوڵەتی لە جیهانی سێیەمدا بەکار ببرێت. وردتر بدوێین ئەم تەوەرە بەپێی هەر کات و شوێنێکی جیاواز تایبەتمەندیی جیاواز و یەکەی دەبێت و لێرەوە توێژینەوە و لێکدانەوەی سەربەخۆ و یەکە داوا دەکات.


[1]Shahrokni, Nazanin. “Women in Place, the politics Gender Segregation in Iran.pdf

[2]Mazur, Amy G., and Dorothy Mc Bride. “State Feminism since the 1980s: From Loose Nation to Operationalized Concept.” Politics & Gender 3.4 (2007)501-505

[3]Rai. Shirin. “Women and State in the Third World” in Women and politics in theThird World. HalehAfShar (ed), Taylor & FrancisGroup, 1996