بە ناوی ئەخلاقەوە و لە خزمەتی دەسەڵاتدا

پرسی جێندەر لە تەلەڤیزیۆنەکانی باشووردا؛ ئاوڕدانەوەیەکی خێرا

لەم چەند ساڵەی دواییدا هەندێ لە تەلەڤیزیۆنەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی شێلگیر و بەردەوام دەستیان داوەتە ورووژاندنی پرسی جێندەر و لەوێشەوە پرسی کۆمەڵگەی «ئێڵ‌جی‌بی‌تی»یەکان لە کوردستاندا و بە بانگهێشتکردنی ژمارەیەک ئەکادیمیسیەن و مامۆستای زانکۆ، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە «تێڕامانی زانستی» بۆ ئەم پرس و بابەتە هەستیارانە دەکەن. بەڵام بە پێچەوانەی ئەم ئیدیعا و بانگەشانەوە، بەرنامەکانیان هەڵگری هیچ ڕاستییەکی زانستی و تەنانەت تێگەیشتنێکی بەرهەست و قووڵ نین و «ئەکادیمیسیەن و مامۆستا و زانست» زیاتر بۆ «جوانسازی و ڕازاندنەوە» بەکار دەهێنن تا بۆ دۆزینەوەی حەقیقەتێک کە تا ئێستە شاراوە بووە یاخود سەرکوت کراوە. بە واتایەکی تر، لەو بەرنامانەدا هەندێ زانیاریی کاڵوکرچ و ناتەواو و شرۆڤەنەکراو وەک مەعریفەی زانستیی سەلمێنراو لە قەڵەم دەدرێن و هەوڵ دەدرێت لە ڕێگای دەستکاریکردنی هەستەکانی جەماورەوە وەک پرسی هەرەگەورە و مەترسیدار وێنا بکرێن. لێرەدا دوو بەرنامە[1] کە هەردووکیان لە تەلەڤیزیۆنی «سپێدە»وە بڵاو کراونەتەوە، وەک نموونە وەرگیراون و هەوڵ دەدرێت لە سۆنگەی ئەو دووانەوە بە شێوەیەکی زۆر سەرپێیی ئاوڕێک بدرێتەوە لە بەرچاوترین کێشەکانی ئەم چەشنە نزیکبوونەوانە لە پرسێکی گرنگی وەک جێندەر و کۆی بزاڤی مافەکانی ژنان و کەمینە جێندەرییەکان لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی هەنووکەی کۆمەڵگای کوردستاندا.

بەدەر لە باسکردنی بنەما تیۆرییەکانی پرسی جێندەر کە خۆی باسێکی تێروتەسەلە و مەبەستی ئەم یادداشتە پەرژانە سەر ئەو بابەتە نییە، ئەم جۆرە بەرنامانە چەند کێشەیەکی بنەڕەتیی زۆر قووڵیان هەیە:

بە ئاستی یەکەم، بابەتێکی گرنگ (بۆ نموونە مافی ژنان و بزووتنەوەی فێمێنیزم) سادە دەکرێتەوە بۆ کۆمەڵە ڕستەیەکی سواو و کەمناوەرۆک کە نەک تەنها کۆی حەقیقەتی بابەتەکە وێنا ناکەن، بگرە تەنانەت زانیاریی ناڕاست و نیوەڕاستیش دەرخواردی خوێنەر دەدەن. هەر ئەمەش دەبێتە هۆی چەواشەبوونی بەردەنگ، چونکوو گواستنەوەی ناتەواوی بابەتێک زیاتر لە نەگواستنەوە و داشاردن و حاشالێکردنی، بابەتەکە بێمانا و ناشیرین دەکات. (ئەڵبەت لەم نموونە تایبەتانەدا ئامانجەکە ڕێک ناشیرینکردنی بابەتەکەیە، هەر بۆیە بەئەنقەست هەوڵ دەدرێت پەنجە بخرێتە سەر هەندێ لایەنی باسی مافی ژنان کە کۆمەڵگا لەسەریان هەستیارە و وەک تابۆ سەیریان دەکات.) چ پێشکەشکاران و چ مامۆستایانی بەرنامەکە گەلێ ڕووکەش و سادە باسی جێندەر و ژن دەکەن؛ پرسیارەکانی پێشکەشکار خۆیان وەڵامەکەیشیان تێدایە و مامۆستا تەنها دەبێ پشتڕاستیان بکاتەوە، بەڵام زۆر جار لە پشتڕاستکردنەوەکەیشدا کورت دەهێنن و بە ناچار پەنا بۆ سەرچاوەی متمانەپێنەکراوی نازانستی دەبەن. بۆ وێنە مامۆستا عالیە بەردەوام دەگەڕێتەوە بۆ بیرەوەرییەکانی خۆی و وەک بەڵگە و ئارگیۆمێنت بەکاریان دەهێنێت، ئاشکرایە لە هەموویشیدا خۆی پاڵەوان و کچە زیرەکەکەیە کە مامۆستاکانی موعجیب کردووە! یان مامۆستا بێخاڵ چیرۆکی سیاسەتمەداران و خەڵکانی تر دەگێڕێتەوە. ئەوەی کە مامۆستایەکی زانکۆ توانای سەلماندنی بابەتێکی بە شێوەی تیۆری نییە و ناچارە پەنا بۆ بیرەوەری و چیرۆک ببات و وەک «فاکت» بە بەردەنگی بفرۆشێتەوە، نیشانەی ئەوەیە کە بە پێچەوانەی ناونیشانی بەرنامەکە و بەڵگەنامەی دوکتورای میوانەکان، نەک تەنها هیچ بێلایەنییەکی زانستی لە باسەکەدا ڕەچاو نەکراوە بەڵکوو ئاستی مەعریفیی مامۆستایانیش بەشی بابەتەکە ناکات. یاخود دوکتور بێخاڵ ئەبووبەکر ئەگەرچی دەزانێت و خۆیشی لە سەرەتاوە ئاماژەی پێ دەکات کە یەک لە ڕووە جیدییەکانی پێناسە تازەکان بۆ جێندەری مرۆڤ لە زانستە پێوەندیدارەکان بە سایکۆلۆژیاوە سەرچاوە دەگرێت، کەچی بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو پێناسەیە، لە ناو زانستەکاندا تەنها بۆ زانستی پزیشکی دەگەڕێتەوە و لە زانستی پزیشکییشدا تەنها کۆمەڵێک لە پزیشکان بە نموونە دەهێنێتەوە کە باوەڕە پێشوەخت دیاریکراوەکەی خۆی پشتڕاست دەکەنەوە. ڕەنگە ئەم گەڕانەوەیە شتێکی ئاسایی بێت، بەڵام کاتێک کە تۆ باوەڕەکەت نەک بەرهەمی توێژینەوە و تێرامانی بێلایەنانەی زانستی، بەڵکوو درێژەی هەمان ئەو کولتوور و نەریتەیە کە تێیدا گەورە بوویت و ژیاویت، ئیدی ناتوانین ئەم چەشنە گەڕانەوەیە بە شتێکی ئاسایی و سروشتی بزانین. چونکوو لەم جۆرە میتۆدەدا ئیدی شتێک بە ناوی «توێژینەوە» -چ بگا بە توێژینەوەی زانستی- بوونی نامێنێت، بەڵکوو ئەم کارە جۆرێک لە گەڕان و پشکنینە بەدوای هەر سەرچاوەیەکدا کە بۆچوونە هەمیشەیییەکەی خۆمان پشتڕاست دەکاتەوە. ئاشکرایە لە ئاوەها پرۆسەیەکدا مێشکی مرۆڤ تەنها ئەو نموونانە دەبینێت کە لەگەڵ باوەڕەکەیدان و هیچ جۆرە ئامادەیییەکی ڕەخنەگرانە بۆ گومانکردن لەوەی هەیە و لەوێشەوە هەوڵدان بۆ توێژینەوەی بێلایەن، لە ئارادا نامێنێت. ئەمە گەورەترین کێشەی میتۆدۆلۆژیکی دەستێوەردانی ئیماندارانی نەریتییە لە پرسی نانەریتی و تازەی پێناسەی جێندەردا. ڕەنگە بتوانین بڵێین لە باسکردنی پێناسە تازەکانی جێندەردا مامۆستایانی مزگەوتەکان زۆر ڕاستگۆترن لەم جۆرە مامۆستایانەی زانکۆ، چونکوو بە چوار وشەی ناتەواوی زانستی باسێکی ئایدیۆلۆژیکی ناشیرین جوان ناکەن و ڕاستگۆیانە دەڵێن ئێمە تەنها پشت بە قورئان دەبەستین نەک هیچ سەرچاوەیەکی نائایینیی دیکە. بەڵام ئەم مامۆستا خاوەن شەهادە و بەڵگەنامانە تۆسقاڵێک لە زانست بەکار دەهێنن بۆ ڕەتکردنەوەی کۆی زانست، کە بە ئاشکرا هەوڵێکی ناڕاستگۆیانەی پارادۆکسیکاڵە؛ ئەگەر زانست خراپە بۆچی دەگەڕێنەوە بۆی؟ ئەگەریش دەگەڕینەوە بۆی بۆچی بە سەقەتی و ناتەواوی بۆ خوێنەری باس دەکەن؟! ئەڵبەت مامۆستا عالیە دواجار بە ڕوونی قسەی دڵی دەدرکێنێت و ئەڵێ ئەو باسانە دەبێ تەنها لە ناو کتێبدا بمێننەوە و قەت هەوڵ نەدرێ لە ئەرزی واقیعدا تاقی بکرێنەوە! جێی خۆیەتی مامۆستای بەڕێز وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە کە زانست ئەگەر خزمەت بە ژیانی حەقیقیی خەڵک نەکات بە کەڵکی چی دێت؟ ئینجا ئەو زانستە خەریکە شیکاری بۆ بابەتێک دەکات کە هەر ئێستەیش بوونی هەیە، کە وایە هەوڵدان بۆ تێڕامان و لێکۆڵینەوە لەو بابەتە یان برەودان بە هۆشیاری لەو بوارەدا، ناوی تاقیکردنەوە یان دابەزاندن نییە، بەڵکوو ناوی پەرەپێدانە بە زاستی پێوەندیدار بە ژیانی خەڵکەوە. ئەگەر بڕیارە «مەعریفە» و «زانست» کاریان پێ نەکرێت و لە دووتوێی کتێبەکاندا قەتیس بمێنن، ئیدی فەلسەفەی دروستکردن و بوونیان چییە و ئەگەر نەبن چ شتێک لە کۆمەڵگا کەم دەبێتەوە؟ بێگومان هیچ. کاتێک خەڵکانی عیلمانی دەڵێن با ئایین وەک بەها پیرۆزەکەی خەڵکان بمێنێتەوە و کۆنترۆڵی دەسەڵات و کۆمەڵگا نەکات، زۆربەی ئیماندارانی وەک ئەم مامۆستایانە قەڵس دەبن و بە گژ هەرچەشنە ڕەخنەیەک لەم بوارەدا دەچنەوە، لە حاڵێکدا کە ئەو داوایە پشت بە ئارگیۆمێنت و بەڵگەی تیۆری و مێژووییی زۆر جیدی دەبەستێت و ئایینیش ناشیرین یان ڕەت ناکاتەوە، بەڵکوو دەوری ئایین لە سیاسەتدا دەخاتە ژێر پرسیارەوە و دەڵێ بەم هۆکارانە نابێ ئەو دووانە تێکەڵ بن. کەچی مامۆستا عالیە زانستی جێندەرناسی هەر لە بنەڕەتەوە دوور دەخاتەوە بۆ ناو کتێبەکان و هیچ دەورێکی بۆ دیاری ناکات! گەرچی دەستەواژە و چەمک و وشەی تازە لە زاری ئەم بەڕێزانەوە دەبیسین، بەڵام پێناسە و باوەڕەکانیان بچووکترین جیاوازی لەگەڵ باوەڕی مێژووییی کۆمەڵگادا نییە و ڕێک درێژەی هەمان باوەڕی کۆنە. بۆ وێنە لە باسی باڵاپۆشیدا دەستەواژەی «لایف ستایل» بەکار دەهێنن بەڵام دەرئەنجامەکە هەر واجببونی باڵاپۆشییە کە فەرمانێکی خودایییە و ئازادی لە هەڵبژاردنی شێوەژیاندا هیچ جێیەکی پێ نادرێت! باسی «جێندەر ڕۆل» دەکەن بەڵام دیسان ڕۆڵی سەرەکیی ژن هەر دەگەڕێننەوە بۆ ناو خێزان و ستایشی خۆقۆربانیکردنی ژن لە ئەرکی خێزانیدا دەکەن! بە واتایەکی زۆر سادە، نە خوێندن تا دوکتورا و نە بەکارهێنانی زمان و دەستەواژەی مۆدێرن و نوێ و نە بینینی وڵاتانی تر نەیتوانیوە بچووکترین گۆڕانکارییەک لە ڕوانگەی ئەم مامۆستایانە لە ئاست پرسی ژن و جێندەردا بەدی بهێنێت.

بە ئاستی دووهەم، گەورەکردنەوەی بابەتێکی وەک «ئێڵ‌جی‌بی‌تی»یەکانە و پێناسەکردنی وەک گەورەترین مەترسی بۆ سەر ژیانی هەنووکەی مرۆڤایەتی. بەدەر لە هەرجۆرە ڕوانگەیەکی ئەرێنی و نەرێنی لەسەر فۆبیاسازی لە «ئێڵ‌جی‌بی‌تی»یەکان و مافەکانی ئەم کەسانە، لە ڕاستیدا نەک لە کوردستان بەڵکوو لە هیچ شوێنێکی ئەم جیهانەدا «ئێڵ‌جی‌بی‌تی» تەنانەت نەبووەتە بابەتێکی کاریگەر و هاوکێشەساز، چ بگا بەوەی کە ببێتە هەڕەشە و هێندە پەرەی سەندبێ و بەهێز بووبێ کە بتوانێت بنەوانی کۆمەڵگا لێک بپچڕێنێت! تەنانەت لە ئەورووپا و لە ڕۆژئاوایشدا بە گشتی، هێشتا کۆمەڵگەی «ئێڵ‌جی‌بی‌تی» کەمینەیەکن کە کۆمەڵگا وەریان ناگرێت و بە پەرچەکرداری توندئاژۆیانەی زمانی و فیزیکی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. بەتایبەت بەرەی نیۆکۆنسێرڤاتیست کە گرنگترین و بەدەسەڵاتترین بەشی دونیای سەرمایەدارین، زۆر زیاتر لە مامۆستا موسڵمانە کوردەکەی ئێمە دژی «ئێڵ‌جی‌بی‌تی»یەکانن، بە ئاستێک کە کەسانی وەک ترامپ کە نوێنەری بێئەملاولای سەرمایەدارین، لە کێبڕکێی هەڵبژاردندا دژایەتیکردنی کەمینە جێندەرییەکان و مافی لەباربردنی ژنان دەکەنە بانگەشەیەک بۆ سەرکەوتن بەسەر ڕکابەرەکانیاندا. کە وایە ئەو بانگەشانە کە پرسی «ئێڵ‌جی‌بی‌تی» یان پێوەندیی سێکسی لە دەرەوەی زەواج وەک پرۆژەیەکی سەرمایەداری پێناسە دەکەن کە «فاندی بۆ دیاری کراوە و دەیانەوێ کۆمەڵگای ئێمە لە ئەخلاق خاڵی بکەنەوە» زیاتر لەوەی هەڵگری حەقیقەتێکی کۆنکرێت و سەلمێنراو بێت، نیشاندەری زاڵبوونی «تیۆریی پیلان»ـە بەسەر مێشکی سادە و سەرەتاییی مامۆستاکانی ئێمەدا. ئەم مامۆستایانە بە چەشنێک پرسی جێندەر و ئێڵ‌جی‌بی‌تی دەبەستنەوە بە سەرمایەدارییەوە کە بینەر وادەزانێت هیچ ڕەگێکیان لە ناو مێژووی مرۆڤایەتیدا نەبووە، لە حاڵێکدا کە بە درێژاییی مێژووی ئینسان شێوە و فۆرمی هاوڕەگەزخوازی هەبووە و خەڵکانێک مەیلی سێکسیی لەم چەشنەیان تاقی کردووەتەوە. چیرۆکی قەومی لووت یەکێکە لەو چیرۆکە بەناوبانگانەی کە دەیسەلمێنێت هاوڕەگەزخوازی دیاردەیەکی مێژووییی کۆنە، یان وێنای عەشق لە یۆنانی کەونارادا کە لە «عەشقی پیاو بۆ پیاو»دا ڕەنگی دەدایەوە. لە مێژووی ئیسلامیشدا هاوڕەگەزخوازی نەتەنها بوونی هەبووە بەڵکوو بە درێژاییی چەندین سەدە ئاسانگیریشی بەرانبەر نوێنراوە، بە چەشنێک کە لە سەدەکانی ناوەڕاستدا یەک لە ڕەخنەکانی مەسیحیان لە ئیسلام ئەوە بووە کە لە بەرانبەر هاوڕەگەزخوازەکاندا زۆر نەرمونیان و ئاسانگیرە. لە مێژووی ئیسلامیدا هاوڕەگەزخوازی بە ئاستێک بەربڵاو و ئاسایی بووە کە تەنانەت هەندێ لە پاشاکانی سەردەمی ئومەوی و عەباسی بە ئاشکرا لەگەڵ هاوڕەگەزی خۆیاندا خۆشەویستی و سێکسیان کردووە. هەر لەم مێژوو و کولتوورەدا وشەی وەک «موخەنەس: مخنث» هەبووە کە تەعبیر لەو پیاوانە دەکات کە مەیل و سیمای ژنانەیان هەیە (لە کوردیدا نێرەمۆک) و ئەمەیش بەڵگەیە بۆ بوونی ترەنس لە دونیای کۆندا. هەر لە خودی زمانی کوردییشدا دەستەواژەی تایبەتی زۆر کۆنمان بۆ کرداری هاوڕەگەزخوازانە هەیە: سەربەسەر، پانپانۆکێ، قوزەخشانێ، کوزەتەقانێ، گونەتەقانێ و… . ئەمانە کۆمەڵە وشەیەکن کە مێژوویەکی زۆر کۆنیان لە زمانی کوردیدا هەیە و دەیسەلمێنن کە ئەو دیاردەیە بە ئاستێک بوونی هەبووە کە زمان بە پێویستی زانیوە دەستەواژەی بۆ دابهێنێ. کە وایە مەیلە جیاوازە سێکسییەکان بە هیچ شێوەیەک دیاردەیەکی تازە یان بەرهەمی پیلانی سەرمایەداری نین، بەڵکوو بەشێکن لە بوونی مرۆڤ کە لە بەشێکی گەورەی مێژوودا کراونەتە مایەی شەرم و هەوڵ دراوە بەتەواوی پشتگوێ بخرێن و حاشایان لێ بکرێت. بەڵام ئێستە تا ڕادەیەک ئەو شەرمە شکاوە و مرۆڤ خەریکە باسیان دەکات و هەوڵ دەدا لێیان تێبگات. ئەوەشی کە دەڵێن سەرمایەداری پرسی جێندەر بە ئاڕاستەی قازانجی مادیدا بە کار دەهێنێت، هیچ شتێک لەم پرسە ناگۆڕێت، چونکوو سەرمایەداری هەوڵی داوە نەک تەنها جێندەر بەڵکوو هەر شتێکی پێوەندیدار بە مرۆڤەوە لەناو ئەم گەردوونەدا بکاتە کەرەستەی ئابووری بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ڕێژەی سەرمایە لە بەرژەوەندیی سیستەمەکەدا. کە وابوو ئەم مەیلەی سەرمایەداری لە خۆیدا ناتوانێ ڕەوایەتی لە شتێک بسێنێتەوە یان بە پێچەوانەوە ڕەوایەتی بە شتێک ببەخشێت. ئێستە تەنانەت ئاویش بووەتە کاڵایەک و سەرمایەداری لە هەزاران ڕێگاوە دەیهەوێ کۆنترۆڵی سەرچاوەکانی ئاو بکات و پارەیان لێ دەربهێنێت، خۆ بە میتۆدی ئەو مامۆستایانە بێ، دەبێ بایکۆتێک بخەینە سەر ئاویش و لەبەر ئەوەی بووەتە هۆکاری پارەدەرهێنانی سەرمایەداری، ڕەوایەتیی لێ دابماڵین و بە کاری نەهێنین!

بە ئاستی سێهەم، لە ڕێگەی بچووککردنەوەی پرسی زۆر گرنگی مافی ژن یان کەمینە جێندەرییەکانەوە بۆ لایەنی سێکسواڵیتەی ڕووت، لەمپەرێکی گەورەی کۆمەڵایەتی دەخەنە بەردەم هەموو هەوڵێکی یەکسانیخوازانە بۆ دەستەبەرکردنی مافی یەکسانیی هەموو هاووڵاتییان. بزاڤی یەکسانیخوازی هەڵگری بنەمای مەعریفی و فەلسەفیی زۆر قووڵە و لایەنی سێکسواڵیتە تەنها بەشێکی بچووکی ئەم بزاڤەیە، بەرجەستەکردنەوەی ئەو لایەنە کە لە هەموو دونیادا تا ئێستایش کەمتازۆر وەک تابۆ و بڤە چاوی لێ دەکرێت، بەرکورتکردنەوەی ئیمکانی خەباتە لە پێناو مافی ڕەوای مرۆڤەکاندا. ئاخۆ مامۆستایەکی ژنی زانکۆ بە پلەی دوکتۆراوە کە باسی جێندەر یان ژن دەکات، چ شتێک وای لێ کردووە کە ڕێک هەمان ئەو تێڕوانین و زمانە پیاوسالارانەیە بەکار بهێنێت کە چەندهەزار ساڵە ژنانی کردووەتە مرۆڤی پلەدووی زەعیفە و ئۆبژە و لە بەرانبەریشدا پیاوی کردووەتە خودای سەرزەوی و خاوەنی کەون و کائینات؟! کە وایە بە ئاسانی دەتوانین بڵێین ئەو مامۆستا ژنەیش هەر پیاوێکی نێرسالارە و لە ڕێگای چەواشەکردنی حەقیقەتی بزاڤە کۆمەڵایەتییەکانەوە، خەریکە خزمەت بە کولتووری دزێوی پیاوزاڵی و نێرسالاری دەکات. مخابن ئەم جۆرە دابڕاندن و لێکپچڕاندنەی گوتارە فیکری و کۆمەڵایەتییەکان، بووەتە نەریتێکی ڕووخێنەر لە ناو ئەکادیمیاکان و لە لای مامۆستایاندا.

blank

بە ئاستی چوارەم، زەقکردنەوەی لەڕادەبەدەر و ناڕاستی ئەم پرسانە یارمەتیی دەسەڵاتە گەندەڵەکان دەدات بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵک و مەشغووڵکردنیان بەو بابەتانەوە تاکوو بەبێ هیچ لەمپەر و بەربەستێکی کۆمەڵایەتیی جیدی درێژە بە دەسەڵاتی ستەمکارانە و گەندەڵی خۆیان بدەن. ئاشکرایە کۆمەڵگای سوننەتیی ئێمە بە بەراورد لەگەڵ کۆمەڵگا ڕۆژئاوایییەکاندا زۆر دەمارگرژترە بەرانبەر بەو پرس و دیاردانەی بە دروست یان بە هەڵە وەک بەشێک لە ئەخلاق (بەتایبەت لە بواری سێکسواڵیتەدا) لە قەڵەم دراون. هەموو دەسەڵاتێکی نادیمۆکرات لە هەموو شوێنێکی جیهاندا شەیدای میکانیزمەکانی خافڵاندن و دوورخستنەوەی جەماوەرە لە سیاسەت، چونکوو لەم ڕێگایەوە پرۆژەی «ناسیاسیکردنەوە»ی کۆمەڵگا دەباتە پێشەوە و بەم چەشنە زۆر ئاسانتر درێژە بە دەسەڵاتی خۆی دەدات. بێگومان هیچ میکانیزمێک ناتوانێت یارمەتیدەری ئەم مەبەستەی سیاسەتبازان بێت مەگەر ئەوەی ڕەگێکی قووڵی لە ناو کولتووری کۆمەڵگاکەدا هەبێت. ئاشکرایە کولتووری ئێمە بە قورسی بارگاوییە بە ئایین و بەها ئایینییەکان، هەر بۆیە دەسەڵاتە زاڵە نادیمۆکراتەکان هەمیشە ئایینیان بە ئاڕاستەی خۆڵکردنە چاوی خەڵکدا بەکار هێناوە و کردوویانەتە کەرەستەیەک بۆ دوورخستنەوەی خەڵک لە کێشە سەرەکییەکانی کۆمەڵگایەکی لێقەوماوی ستەملێکراو. سەدام حسێن لە چەمکی ئیسلامیی «ئەنفال» بۆ جینۆسایدکردنی کورد کەڵکی وەردەگرت، خومەینی چەمکی ئیسلامیی «جیهاد»ی گۆڕیبوو بۆ هۆکاری هێرشکردنە سەر کوردستان، ئەردۆغان هەر ئێستە پرسی ئیسلامیی «حیجاب» بۆ بردنەوەی هەڵبژاردن بەکار دەهێنێت. لەم نێوانەدا بەشێک لە ئیماندارانی کوردستانیش خوازراو و نەخوازراو، بە ئاگایییەوە یان لەڕووی نائاگایییەوە، ڕاستگۆیانە یان لەڕووی نیفاقەوە، ڕێک بە ئاڕاستەی ئەم ویست و گەڵاڵەیەی هەردوو دەسەڵاتی گەندەڵی زەرد و سەوزدا دەجووڵنەوە. کۆمەڵگا لە ئەنجامی گەندەڵیی دەسەڵاتداراندا تووشی هەژاری و هەڵاواردن و درزی چینایەتی بووە، بەڵام تەنها یەک پۆستی سادە لەسەر کچێکی مۆدێل بەقەدەر هەموو هەواڵە پێوەندیدارەکان بە گەندەڵی و بەتاڵانبردنی سەرمایەی گشتییەوە سەرنجی جەماوەر بۆ لای خۆی ڕادەکێشێت. ڕۆژانە بە دەیان بەرپرس و مەسئوولی دز و جەردە لە شەقامەکان و لە تەنیشت دانیشتووانی شارەوە تێدەپەڕن و خەڵک تەنانەت دەست لەسەر سنگ، ڕێزیشیان لێ دەگرن، بەڵام کچێک دەچێتە شوێنی ماتۆرلێخوڕین و بە سەدان پیاوی گەنج نەتەنها سووکایەتی بە کەرامەتی دەکەن بەڵکوو دەکەونە گیانی و تا ئاستی مردن لێی دەدەن، کەچی ئەم وەحشیگەرییە لە فەزای گشتیی سۆشیاڵ میدیادا پێشوازیشی لێ دەکرێت! ئەم فەزا بێمانا و توندئاژۆیە خۆی بەشێکی گەورەیە لە پرۆسەی سیاسەتسڕینەوە و نغرۆکردنی کۆمەڵگا لە ناو «کێشەی ساختەی ناواقیعی»دا کە وەک وترا یارمەتیدەرێکی گەورەیە بۆ بەردەوامکردنی ستەمکاری و گەندەڵیی سیاسەتبازانی دژەخەڵک.

«ئەگەر دەتانەوێ نەتەوەیەک لەناو ببەن، باشترین و شاراوەترین کەرەستە بریتییە لە هەڵئاوسان. هەڵئاوسانێکی درێژخایەن دروست بکەن، چونکوو وردەوردە هەرهەموو بنەما ئەخلاقی و ئابوورییەکانی ئەو نەتەوەیە دادەڕووخێت.»

جان مینارد کینز، ئابووریزانی ناسراوی سەدەی بیست، ڕستەیەکی بەناوبانگی هەیە، ئەو دەڵێت: «ئەگەر دەتانەوێ نەتەوەیەک لەناو ببەن، باشترین و شاراوەترین کەرەستە بریتییە لە هەڵئاوسان. هەڵئاوسانێکی درێژخایەن دروست بکەن، چونکوو وردەوردە هەرهەموو بنەما ئەخلاقی و ئابوورییەکانی ئەو نەتەوەیە دادەڕووخێت.» ڕەنگە بتوانین هەندێ دیاردە و بەڵای دیکەی وەک درزی چینایەتی و ئیستیبداد و گەندەڵیی ئابووری و سیاسییش هەر لەم ڕیزەدا دابنێین. لە ڕاستیدا ئەوەی بنەما ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگایەک دادەڕووخێنێ، بە هیچ شێوەیەک کردار یان حەزێکی سێکسیی دوور لە عورفی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵە تاکێکی کەمهەژمار و تەنانەت پڕهەژماریش نییە، بەڵکوو بڵاوکردنەوەی هەژاری، هەڵاواردن، گەندەڵی و گرانییە، زەوتکردنی مافی خەڵکە لە دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان و بەشداریکردن لە سیاسەتدا، کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگایە لە لایەن مافیا ئابووری و سیاسییەکانەوە، نەمانی هەستی ئارامی و جێگیربوونە و… . ئەم چەشنە بەرنامانە کە لەژێر ناوی دڵسۆزی و خەمخۆری بۆ ئەخلاقی کۆمەڵایەتی و بەها ئایینییەکاندا دروست دەکرێن، خۆیان یەکێکن لە هۆکارەکانی کوێرکردنی چاوەکان و کەڕکردنی گوێیەکانی جەماوەرێکی ستەملێکراو و لە هەمان کاتدا میکانیزمێکی زۆر کاریگەرن لە کۆمەڵە میکانیزمەکانی دەسەڵاتە نادیمۆکراتەکان بۆ شاردنەوەی کێشە حەقیقی و سەرەکییەکان و قوتکردنەوەی دیاردەی ساختە و دەستکرد. لەم نێوانەدا ڕەنگە مەبەستی هەندێ لەو کەسانە خێر بێت، بەڵام هێندە ئاستی خوێنەواری و مەعریفییان نزم و کەمە کە ناتوانن لە لێکەوتەکانی ئەو چەشنە کارانەی خۆیان تێبگەن، هەر بۆیە زەمینەی ئەوە فەراهەم دەکەن کە دەسەڵاتداری گەندەڵ بە داخستنی دوو قومارخانە و بەشداریکردن لە نوێژی چێژندا و کردنەوەی چوار مزگەوتی گەورە و ڕازاوە، خۆڵ بکەنە چاوی خەڵکانی ئیماندار و لە ئاست ستەمە ڕاستەقینەکاندا بێ‌ئینتیما و ناکاریگەریان بخەن. بەشی هەرەزۆری ئەو کێشانەی هەنووکە بەرۆکی کۆمەڵگای کوردستانیان گرتووە بەرهەمی ئەو گەندەڵی و ئیستیبدادە سیاسییەیە کە بە ساڵانە خۆی بەسەر کۆمەڵگادا سەپاندووە، بەرهەمی ئەو دەسەڵاتدارانەیە کە خۆیان وەک پاشا و خودان و خەڵکیش وەک ڕەعییەت و ڕەشۆک وێنا دەکەن و بەبێ سنوور لە ئەدەبیاتی ئایینییش بۆ ئەم مەبەستە کەڵک وەردەگرن. وەک نموونە، بە پێچەوانەی بۆچوونی مامۆستا بێخاڵ، بەرزبوونەوەی تەمەنی هاوسەرگیری لە کوردستاندا هیچ پێوەندییەکی بە تاکگەرایی یان پێناسە جێندەرییە تازەکانەوە نییە، بەڵکوو دەرئەنجامی نادڵنیاییی گەنجانە لە داهاتووی خۆیان و نیشتمانەکەیان. لە وڵاتێکدا کە درزی چینایەتی و ستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوونی هەیە هیچ دڵنیایییەک لە ئاست داهاتوودا بوونی نابێت و هاووڵاتییان هەست بە جێگیربوون و ئاسوودەیی ناکەن، هەر بۆیە وردەوردە و بە ناچار ئاستی ڕیسککردنیان دادەبەزێت و بڕیاردان لەسەر بەرنامەکانی ژیان، بۆ وێنە هاوسەرگیری یاخود تەنانەت کردنەوەی دووکانێک بۆ کەسابەت، دەبێتە کارێکی ئەستەمتر بۆیان.

نەناسینی هۆکارە ڕاستەقینەکانی دیاردە یان قەیرانێکی کۆمەڵایەتی و دەستنیشانکردنی هۆکاری ناڕاست، تەنها خیانەتکردن لە حەقیقەت نییە، بەڵکوو یارمەتیدانی هۆکارەکانی قەیرانە بۆ درێژەدان بە کارەکانیان. ئەگەر بە میتۆدی خودی ئەو مامۆستایانە بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەستەکەمان بمانەوێ نموونەیەکی بابەتییانە بهێنینەوە، باشترە ئاوا بڵێین: سەیارەیەک کێشەی بۆ دروست بووە و دووکەڵی زۆر دەکات، فیتەرەکە دەڵێت ئەوە هیی بەنزینی خراپە و پێویستە بەنزینخانەکەت بگۆڕیت، کەچی کێشە لە مەکینەکەوەیە و فیتەرەکە پێی نەزانیوە و بۆی چاک ناکاتەوە، خاوەنەکەی لەسەر قسەی فیتەر بە کاری دەهێنێت و تەنها بەنزینی بۆ دەگۆڕێت، دەرئەنجام سەیارەکە یەکسەر پەکی دەکەوێت و مەکینەکەی دەسووتێت. واتە نەناسینی هۆکاری ڕاستەقینە بووە هۆی قووڵتربوونەوەی کێشەکە و دواجاریش لەخشتەچوون و لەناوچوونی سەیارەکە. ئەم پرەنسیپە لە ئاست کێشە کۆمەڵایەتی و مرۆیییەکانیشدا هەر دروستە: بە ئاستی یەکەم نابێ ناکێشە بکەینە کێشە، بە ئاستی دووهەم نابێ دیاردە مرۆیییەکان لە پێشینە مێژوویییەکانی خۆیان داببڕین، بە ئاستی سێهەم نابێ هۆکاری ناڕاست و ساختە بۆ کێشە و دیاردە کۆمەڵایەتییەکان دەستنیشان بکەین، بە ئاستی چوارەم دەبێ لە باسکردنی کێشە ئاڵۆزە مرۆیییەکاندا هەستیارییەکی گەورە و زانستی پێویستمان هەبێت و ڕوانگە ئایدیۆلۆژیکە پێشوەختەکەی خۆمان وەک فاکتی سەلمێنراو بەکار نەهێنین، بە ئاستی پێنجەمیش نابێ دیاردە کۆمەڵایەتییەکان یەکسەر ببەستینەوە بە ئەخلاقەوە و هەرتەنها لەو ڕۆچنە و سۆنگەیەوە ئاوڕی لێ بدەینەوە.

چالاکان و مامۆستایانی سەر بە تەیاری ئیماندارانی کوردستان کە ڕۆژوشەو شیوەن بۆ نەمانی ئەخلاق دەگێڕن و بانگەشەی گەڕانەوە بۆ بەهاکان دەکەن، بەو میتۆد و تێگەیشتنە ڕووکەش و سواوەی خۆیان، دەورێکی بەرچاویان هەیە لە بەردەوامبوونی دۆخی هەنووکەی سیاسەت لە کوردستاندا و بەو پێیەیش لە بەتاڵبوونەوەی کۆمەڵگا لە مانا و واتای ژیان و بەهای ئینسانیدا. کەچی گەلێ دەمارگرژیشن لە ئاست ڕەخنەکاندا و بە میتۆدی تەکفیر و تەشهیر وەڵامی خەڵکانی ڕەخنەگر دەدەنەوە. ئەم بەرنامە تەلەڤیزیۆنییانەیش کە بوونەتە پرۆژەیەکی ئایدیۆلۆژیکی ئاییندارانەی بەردەوام، دەورێکی نیگەتیڤی گەورەیان هەیەلە بەلاڕێداچوونی کۆمەڵگا و دوورکەوتنەوەی جەماوەر لە هۆکارە ڕاستەقینەکانی کێشە و قەیرانەکان. کە وایە بەتەواوی شیاوە کە بڵێین بە ناوی ئەخلاقەوە خزمەتی دەسەڵاتی گەندەڵ و ستەمکار دەکەن.


[1]. یەکەمیان بە بەشداریی دوکتور عالیە فەرەج مامۆستای بەشی کۆمەڵناسی لە زانکۆی سلێمانی و دووهەمیانبە بەشداریی دوکتور بێخاڵ ئەبووبەکر، مامۆستای بەشی ئینگلیزیی زانکۆی سلێمانی. ئەڵبەت ژێرخانی مەعریفیی ئەو مامۆستایانە لە بەرنامەو نووسینەکانیتریشیاندا تا ڕادەیەک لە بەرچاو گیراوە.