تریفه‌ی مانگەشەو

شانۆنامەیەکە لە حەوت دیمەندا

کارەکتەرەکان


ژنی یەکەم

ژنی دووەم

ژنی سێیەم

منداڵێك

پیاوێك


سێ ژن و منداڵێك و پیاوێك لەسەرە ڕێگایەك، نزیك دارستانێك بە تەنیشت یەکەوە، بەرامبەر بە بینەران دانیشتوون. سیمای دەم و چاویان، هەروەك ئەوەی ماسکییان پۆشیبێت، تەواو سپی کراوە. پیاوەکە تا کۆتایی هیچ ناڵێت و بێ جووڵە، بەرامبەر بینەران دادەنیشێت، بەڵام هەندێك جار بە جووڵەی دەست و سەر و دەم و چاو، پەرچەکردای سەبارەت بە دیالۆگی ژنەکان دەبێت.


دیمەنی یەکەم


(دەنگی گڤەی با دێت.)


ژنی یەکەم

تاکەی چاوەڕێ بکەین؟


ژنی دووەم

برسیمە.


ژنی یەکەم

هیچ خواردنێکمان پێ نەماوە.


ژنی دووەم

برسیمە.


ژنی یەکەم

گوتم هیچ خواردنێکمان پێ نەماوە.


ژنی سێیەم

دەتوانن بێدەنگ بن؟


ژنی دووەم

دەبێت بڕۆین.


ژنی سێیەم

نا، دەبێت چاوەڕێ بین.


ژنی دووەم

تاکەی؟


منداڵەکە

سەرمامە.


ژنی سێیەم

ئێستا گه‌رمت ده‌بێته‌وه‌.


ژنی دووەم

هیچ خواردنێکمان پێ نەماوە.


ژنی یەکەم

برسیمە.

(وچانێکی کورت.)

سکم قۆڕەی دێت لە برسا.


منداڵەکە

سەرمامە.


ژنی یەکەم

دەترسم.


ژنی دووەم

پیاڵەیە چا بخۆینەوە؟

(وچانێکی کورت.)

ئاوەکە گەرم بکەم؟

(هیچ ناجووڵێت.)


ژنی یەکەم

(پێدەکەنێت.)


ژنی سێیەم

(بە تووڕەیییەوە.)

دەتوانن بێدەنگ بن؟

(وچانێکی کورت.)


ژنی دووەم

دەبێت بڕۆین… ناتوانین لێرە بمێنینەوە، زۆر چاوەڕوانمان کرد و هیچ خواردنیشمان پێ نەماوە، وا بڕوات دەمرین لە برسا.

(وچان.)

لە سەرمایشدا ڕەق دەبینەوە.

(بێدەنگی.)


ژنی دووەم

من دەترسم.


ژنی یەکەم

هەست بە ماندووبوون دەکەم.


منداڵەکە

سەرمامە.


ژنی سێیەم

کە خۆرهەڵات گه‌رم ده‌بیته‌وه‌.


ژنی یەکەم

خۆر؟! خۆری چی؟

(وچان.)


ژنی دووەم

چلەی زستانە و خۆر هەڵنایەت!


ژنی یەکەم

کەی خۆر هەڵدێت؟


ژنی دووەم

کە هاوین هات.


ژنی یەکەم

دەترسم.


ژنی دووەم

دەبێت بڕۆین و هیچ چاوەڕێ نەکەین.

(وچانێکی کورت.)

ناکرێت لەوە زیاتر چاوەڕێ بکەین.

(دەنگی گڤەی با دێت.)


ژنی سێیەم

سەیرم بکە… تۆ زۆر خەمبار دیاریت، من حەز ناکەم تۆ ئاوا خەمبار بیت.


ژنی یەکەم

دەترسم.


منداڵەکە

سەرمامە!


ژنی دووەم

خەمبار نیم.


ژنی سێیەم

کە خۆر هەڵات دەڕۆین…


ژنی یەکەم

کەی خۆر هەڵدێت؟


ژنی سێیەم

کە هەڵهات!


ژنی دووەم

ترس دایگرتووم و نامەوێت لێرە بمێنمەوە… لێرە هیچ یادەوەرییەك نییە.


ژنی سێیەم

کە خۆرهەڵات، دەڕۆین.


ژنی دووەم

(بە تووڕەیییەوە.)

کەی خۆر هەڵدێت؟


ژنی سێیەم

که ‌ڕۆژ بووه‌وه!

(وچان.)


ژنی دووەم

بێ ڕابردوو، بێ هیچ جێگادەستێك، بێ وێنەی سەر دیوارەکان. بێ هیچ چیرۆکێك.

(وچانێکی کورت.)

بێ هیچ یادگارییەك.


ژنی سێیەم

جێگادەستەکان بەسەر جەستەمانەوەن.

(بێدەنگی.)


ژنی یەکەم

برسیمە.


ژنی سێیەم

نان بخۆ.


ژنی دووەم

نان بخۆ با لەوە زیاتر برسیت نەبێت.


ژنی یەکەم

هیچمان نییە بیخۆین.


ژنی سێیەم

نیمانە؟

(وچانێکی کورت.)

دە بێدەنگ بە.


ژنی دووەم

چیمان پێ بوو، خواردمان… تەواو بوو.


ژنی سێیەم

چی تەواو بوو؟


ژنی دووەم

ئەو خواردنەی پێمان بوو.


منداڵەکە

منیش برسیمە.


ژنی سێیەم

ئێستا دەڕۆین.


ژنی یەکەم

کەی؟


ژنی سێیەم

ئێستا!


ژنی یەکەم

ئێستا کەیە؟


ژنی دووەم

وابزانم گوتی کە خۆر هەڵات!


ژنی یەکەم

کە خۆر هەڵات؟ کەی خۆر هەڵدێت؟


ژنی دووەم

که ڕۆژ بووه‌وه!

(بێدەنگی.)

(لە دوورەوە دەنگی پێی کەسانێك دێت، کە بە شپرزەیی دەڕۆن.)

(تاریکی.)


دیمەنی دووەم

(سەر شانۆ زۆر ڕووناك نییە و تریفەی مانگەشەو بە بەرزایییەوە و لە ناوەڕاستی شانۆکەدا بە کزی دەدرەوشێتەوە.)

(بە درێژاییی ئەم دیمەنە بە ڕیتمێکی تایبەتی دەنگی دڵۆپی ئاو دێت، دڵۆپ دڵۆپ لە شوێنێکی نادیارەوە، هێدی هێدی دێتە خوارەوە.)

(بێدەنگی.)


ژنی سێیەم

(وەك خەون ببینێت.)

ئێستا لەوێوە هاتوومەتەوە!


ژنی دووەم

لە کوێوە هاتوویتەوە؟


ژنی سێیەم

لە برسێتی زیاتر هیچ شتێکی تری لێ نییە.


ژنی یەکەم

(سەیری ژنی دووەم دەکات.)

لە کوێوە هاتوویتەوە؟

(وچانێکی کورت.)

برسێتی؟


ژنی دووەم

لە کوێ؟


ژنی سێیەم

له‌ داهاتووه‌وه بۆ ئێستا گه‌ڕاومه‌ته‌وه.


ژنی یەکەم

داهاتوو؟

(پێدەکەنێت.)


ژنی سێیەم

باشتروایە بە داهاتوو پێنەکەنی…

(وچانێکی کورت.)


ژنی دووەم

من لەو بڕوایەدام داهاتوو پڕ بێت لە خۆشەویستی.


ژنی سێیەم

داهاتوو لەمڕۆ باشتر نییە!

(وچان.)

ژیان لە داهاتوودا هیچی تیا نەماوە.

(وچانێکی کورت.)

زەوی دەیەوێت خۆی لە مرۆڤ پاک بکاتەوە.


ژنی یەکەم

خۆشەویستی!

(پێدەکەنێت.)

(وچانێکی کورت.)

خۆشەویستیی چی؟

(وچان.)

برسیمە!


ژنی سێیەم

نا…


ژنی دووەم

گوتت چی؟


ژنی یەکەم

گوتم برسیمە…


ژنی دووەم

تۆ ناڵێم.

(بۆ ژنی سێیەم.)

چی نا؟


ژنی سێیەم

من ئیستا لەوێوە گەڕاومەتەوە!

(وچان.)

(بە تۆنێکی پڕ لە نائومێدییەوە.)

لە داهاتووەوە…

(وچان.)

ئه‌وه‌ی ناویژیان بێ، له داهاتوودا نه‌ماوه.


ژنی دووەم

گوناهی ئێمەیە.

(بێدەنگی.)


ژنی سێیەم

داهاتوو جێگای مرۆڤی تیا نەماوە.

تەنیا دارستانی سووتاو و برسێتیی لێیە.

(وچانێکی کورت.)

مەرگ… زەویی شەقار و ڕووباری وشك…

(وچان.)

مەرگ و جەنگ لە هەموو شوێنێکە.

(وچانێکی کورت.)

داهاتوویەکی تاریك.

(وچان.)


ژنی یەکەم

چیتر زەوی جێگای مرۆڤی تیا نابێتەوە.

(پێدەکەنێت.)


ژنی سێیەم

برسێتی…

مەرگ…

جەنگ…

دارستانی سووتاو…

(سەیری بەردەمی خۆی دەکات.)

(وەك قسە بۆ خۆی بکات.)

زەوی لە بێئاویدا شەقی بردبوو…

درەختەکان لە شەڕەکاندا سووتابوون.

تەنیایی و ترس و ژنی ڕەشپۆش.

(وچانێکی کورت.)

دووکەڵ لە هەموو شوێنێکەوە بەرز دەبووەوە.

(ژنی یەکەم و ژنی دووەم پێدەکەنن.)

(بێدەنگی.)


ژنی یەکەم

بیر دەکەمەوە…

(قسەکەی تەواو ناکات و سەیری ژنەکانی تر دەکات.)


ژنی دووەم

بیر لە چی دەکەیتەوە؟


ژنی سێیەم

بیر دەکەیتەوە؟


ژنی یەکەم

بیر دەکەمەوە و بیر دەکەمەوە.

(ژنی دووەم و ژنی سێیەم پێدەکەنن.)


ژنی دووەم و ژنی سێیەم

بیر دەکاتەوە!

(وچان.)


ژنی یەکەم

بیر لە داهاتوو دەکەمەوە!

(وچان.)

داهاتوو…

(وچانێکی کورت.)

هیچ داهاتوویەك…

پاشەڕۆژێك نییە.

(ڕوو دەکاتە ژنی دووەم و ژنی سێیەم.)

هەیە؟

(وچان.)

بۆ وەڵام نادەنەوە…

(وچانێکی کورت.)

هەیە؟

هیچ پاشەڕۆژێك هەیە؟

(وچانێکی کورت.)

کە بیر لە داهاتوو دەکەمەوە، ئەوەی لە ئێستادا ڕوو دەدات، بۆ من دەبێتە داهاتوو… داهاتوویەکی نادیار…

(وچان.)

دەڕوات… ڕادەبوورێت، ئێستا دەبێتە ئەو داهاتووەی چاوەڕوانی دەکەم…

(وچانێکی کورت.)

نابێتە ڕابردوو… نا، داهاتوو. ئێستا لە داهاتوودا ون دەبێت…

(وچان.)

دەزانم، لەوانەیە… کە دەبێت… ئەو…

(وچانێکی کورت.)

(هەر سێ ژنەکە بۆ چەند ساتێکی کەم، بێ جووڵە بەرامبەر یەك دەوەستن و سەیری یەك دەکەن.)

نا… من ناتوانم بیر بکەمەوە… هەرگیز نەمتوانیوە بیر بکەمەوە… بیرکردنەوە شتێك نییە بۆ من.

(بێدەنگی.)

(لە پڕ دەنگی هاژە و شەپۆلی دەریا دێت.)

(ڕووناکیی سەر شانۆکە گۆڕانکاریی بەسەردا دێت، تریفەی مانگەشەوەکە دیار نامێنێت.)


دیمەنی سێیەم


منداڵەکە

سەرمامە.

(بێدەنگی.)

(ژنەکان وەك لە خەونێکی قورس بە ئاگا هاتبنەوە.)


ژنی سێیەم

وا دەگەینە شوێنی مەبەست.


ژنی دووەم

شوێنی مەبەست! شوێنی مەبەست کوێیە؟ ئێمە لە شوێنی خۆمان نەجووڵاوین.


ژنی یەکەم

لە شوێنی خۆمان نەجووڵاوین؟

ژنی دووەم

تەواو ترس دایگرتووم.


ژنی سێیەم

پێویست ناکات بترسن… زۆرمان بڕیوە و کەممان ماوە… کە خۆر هەڵات، دەگەینە شوێنی مەبەست. پشوو دەدەین و نان دەخۆین و لە هەموو مەترسییەك ڕزگارمان دەبێت.

(وچانێکی کورت.)


ژنی یەکەم

ئەی ئەو؟


ژنی دووەم

ئەو کێیە؟


ژنی یەکەم

ئەو؟

(سەیری پیاوەکە دەکات.)


ژنی سێیەم

ئەو لێرە دەمێنێتەوە.


ژنی دووەم

کێ لێرە دەمێنێتەوە؟


ژنی یەکەم

نازانم.

(وچان.)

(پیاوەکە سەیرێکی ژنەکان دەکات، خێرا ڕوو وەردەگێڕێت و بە سیمایەکی پڕ لە زەردەخەنەوە سەیری بەردەمی خۆی دەکات.)


ژنی سێیەم

دەتوانن بێدەنگ بن؟

(وچان.)


ژنی یەکەم

بێدەنگ بین؟

(بێدەنگی.)


ژنی دووەم

مرۆڤ شایانی بەزەیییە.


ژنی سێیەم

هیچ بە من ناکرێت… بۆ هیچ کەسێك.

(وچانێکی کورت.)

دەزانم.


ژنی یەکەم

چی دەزانیت؟


ژنی سێیەم

هیچ شتێکیش بە دەست من نییە… بڕواشم بە هیچ نییە. تەنیا ڕاستییەکان دەبێت دەرکەون.


ژنی یەکەم

ڕاستی؟


ژنی دووەم

بە ڕاستی ئێمە شایانی بەزەیین!

(وچانێکی کورت.)


ژنی سێیەم

با ئێمە نەبین بە دۆزەخێکی تر بۆ بەرامبەرەکانمان.


ژنی یەکەم

باوەڕناکەم دۆزەخ بووبم بۆ هیچ کەسێك…

(وچانێکی کورت.)

هەمیشە دۆزەخیان بۆ دروست کردووم.


ژنی دووەم

دۆزەخ؟


ژنی یەکەم

نامەوێت قوربانی بم… بەڵام هەمیشە ژیان بۆ من وا بووە.


ژنی دووەم

چی بووە؟


ژنی یەکەم

دۆزەخ.


ژنی سێیەم

هیچ بە من ناکرێت… بۆ هیچ کەسێك.

(بێدەنگی.)


منداڵەکە

برسیمه‌و سەرمایشمە… دەمەوێت بڕۆمەوە بۆ ماڵەوە… دەمێکە بە ڕێوەین و ناگەینە هیچ شوێنێك.


ژنی سێیەم

کە خۆر هەڵات، دەڕۆین.

(وچان.)


ژنی دووەم

هیچ خواردنێکیشمان پێ نەماوە…تاریك داهاتووە و خۆر لە هیچ لایەکەوە دیار نییە، نە لە ڕۆژهەڵاتەوە و نە لە ڕۆژئاواوە.


ژنی یەکەم

ڕۆژهەڵات لە کوێوەیە؟


ژنی دووەم

لەوێوەیە.

(دەست بەرەو بەردەمی خۆی ڕادەکێشێت.)


ژنی یەکەم

لەوێوە کوێیە؟


ژنی دووەم

لە ڕۆژهەڵاتەوە.


ژنی یەکەم

(پێدەکەنێت.)


ژنی سێیەم

کە خۆر هەڵات، دەگەینە شوێنی مەبەست.


ژنی دووەم

شوێنی مەبەست؟


ژنی یەکەم

(پێدەکەنێت.)


ژنی سێیەم

بە چی پێدەکەنیت؟ دەمت داخە.

(بێدەنگی.)


ژنی یەکەم

شوێنی مەبەست کوێیە؟

(وچان.)


ژنی دووەم

زستانە… کات دەڕوات، لە کۆتاییدا من دێم.

(وچانێکی کورت.)

دوایی دەگەڕێمەوە.


ژنی یەکەم

من تەنیام… پایزە. کات دەڕوات. لە کۆتاییدا ئەو دێت…

(وچانێکی کورت.)

دەگەڕێمەوە.

(ژنی سێیەم پێدەکەنێت.)


منداڵەکە

کەی خۆر هەڵدێت؟


ژنی دووەم

کە هەڵهات!

(بێدەنگی.)


ژنی یەکەم

برسیمە.


ژنی سێیەم

گوتم دەمت داخە.


ژنی دووەم

دەترسم و نامەوێت چیتر لەم شوێنە بمێنمەوە. دەبێت بڕۆین… ئەگەر ئێوە نایەن، من دەڕۆم… نامەوێت لەوە زیاتر چاوەڕوانی هیچ شتێك بکەم. سەرماکەیش چۆتە ناو ئێسقانەکانمەوە… هیچ خواردنێکیشمان پێ نەماوە.

(دەنگی لوورەی سەگێك لە دوورەوە دێت.)


ژنی سێیەم

گوتت چی؟


ژنی دووەم

هیچ… هیچ شتێکم نەگوت!


ژنی سێیەم

هیچت نەگوت؟


ژنی یەکەم

نەخێر. هیچی نەگوت.


ژنی سێیەم

ئێوە درۆ دەکەن.

(وچان.)

ئەو چی بۆ تۆ باس کردووە؟


ژنی یەکەم

ئەو کێیە؟

(بێدەنگی.)


ژنی دووەم

کە من بیرم لەو دەکردەوە، هەمیشە شەو بوو.


منداڵەکە

برسیمە.


ژنی یەکەم

برسیمە.


ژنی دووەم

دەترسم.


ژنی سێیەم

ئەو کێیە؟


ژنی دووەم

ئەوەی من بیرم لێ دەکردەوە.

(وچانێکی کورت.)

هەموو شتێك ناگوترێت.

(وچان.)

هەمیشە، کە من بیرم لەو دەکردەوە، شەو بوو.


ژنی سێیەم

(پێدەکەنێت.)

ئەو هەر بە شەو دەهات!


ژنی دووەم

ئەو کێیە؟


ژنی سێیەم

ئەو!


ژنی یەکەم

باشتر وایە بڕۆین.


ژنی سێیەم

کە خۆر هەڵات، دەڕۆین.


ژنی یەکەم

خۆر! خۆر کەی هەڵدێت؟


ژنی سێیەم

نازانم.


ژنی یەکەم

خۆر لە کوێوە هەڵدێت؟


ژنی دووەم

لە خۆرهەڵاتەوە.

(ژنی یەكەم و ژنی دووەم پێدەکەنن.)

(لە پڕ ژنی یەکەم و ژنی دووەم هەستی پێ دەکەن، کە ژنی سێیەم بە تووڕەیی و بێزارییەوە سەیریان دەکات، لەبەر ئەوە بێدەنگ دەبن.)

(بێدەنگی.)


ژنی یەکەم

خۆرهەڵات لە کوێوەیە؟


ژنی دووەم

لە خۆرهەڵاتەوەیە.


منداڵەکە

کەی خۆر هەڵدێت؟


ژنی سێیەم

کە لە خۆرهەڵاتەوە بەرز بووه‌وه‌.


منداڵەکە

کەی خۆر بەرز دەبێتەوە؟


ژنی سێیەم

بەیانی…


ژنی یەکەم

بەیانی خۆر هەڵدێت؟


ژنی دووەم

بەم زستانە!


منداڵەکە

سەرمامە.


ژنی یەکەم

برسیمە.


ژنی سێیەم

(بە توورەیییەوە دەقیژێنێت.)

دەمت داخە.

(وچانێکی کورت.)

گوتم دەمتان داخەن.

(بێدەنگی.)


دیمەنی چوارەم


(سەر شانۆ بۆ تاوێك تاریك دەبێت.)

(دەنگی پێی خەڵك لە دوورەوە دێت، وەك لە مەترسییەك ڕابکەن.)

(لە پڕ ژنی دووەم دەقیژێنێت.)

(سەر شانۆ نیمچە ڕووناك دەبێتەوە.)


ژنی یەکەم

چی بوو؟


ژنی دووەم

مردووەکان!


ژنی یەکەم

مردووی چی؟


ژنی سێیەم

(بە تۆنێکی گاڵتەئامێزەوە.)

هیچ نییە خەونی بینیوە.


ژنی دووەم

خەونم بە مردووەکانەوە بینی.


ژنی سێیەم

مەیگێڕەرەوە.


ژنی دووەم

سەر ڕێگاکانیان لێ گرتبووم.


ژنی سێیەم

گوتم مەیگێڕەرەوە.


ژنی یەکەم

بیگێڕەرەوە.


ژنی سێیەم

مەیگێڕەرەوە.


ژنی یەکەم

با بیگێڕێتەوە.

(بۆ ژنی دووەم.)

بیگێڕەرەوە.

(وچان.)


ژنی دووەم

بۆ هەر شوێنێك دەچووم، بە دوامەوە بوون…

(وچانێکی کورت.)

سێبەرەکانیان زۆر گەورە بوون.

(ژنی سێیەم پێدەکەنێت.)


ژنی یەکەم

(بۆ ژنی سێیەم.)

بە چی پێدەکەنیت؟

(وچان.)


ژنی دووەم

سێبەرەکانیان زۆر گەورە بوون. بە ڕیز دەڕۆیشتن و دارستانێکی چڕ و گەورەیان لە دوای خۆیانەوە و لە پێش خۆیانەوە بە سێبەرەکانیان دروست دەکرد. شوێنەکە تاریك بوو، بۆ هەر شوێنێك دەڕۆیشتم تاریك… تاریك و مردووەکانیش بە دوامەوە بوون. پێدەکەنین، دەگریان، هاواریان دەکرد، بە چپە دوو قسەیان دەکرد. بێدەنگ دەبوون. من هەوڵم دەدا ڕابکەم بەرەو ڕووناکییەك، کە نەبوو… مردووەکانیش دەیانویست لەنێو سێبەرەکانیان بێنە دەرەوە، هاواریان دەکرد و دەیانویست خۆیان بگەیەننە ڕووناکییەك، کە دەگەیشتنە هەر ڕووناکییەکیش دەبوو بە تاریکی.

(بێدەنگی.)


ژنی یەکەم

دەترسم.


ژنی دووەم

هەرچۆنێك بووە دەبێت بنووم… تەنیا شەوێك خەوم لێ بکەوێت و بتوانم تا بەیانی بنووم…

(وچانێکی کورت.)

بەرگەی شەوێکی تری بێ خەوتن ناگرم… تا بەیانی دێم و دەچم.


ژنی سێیەم

(پێدەکەنێت.)

(وچان.)

بۆ ڕێگا نادەی بمریت؟

(وچانێکی کورت.)

باشتر نییە!


ژنی دووەم

بیرم لەوە کردۆتەوە.


ژنی یەکەم

بیرت لە چی کردۆتەوە؟


ژنی دووەم

(بە بێزارییەوە.)

بەڵام تۆ بیرت لەوە نەکردۆتەوە!


ژنی یەکەم

بە ڕاستی ئێمە شایانی بەزەیین.

(وچان.)

زۆر بێچارەین.


ژنی دووەم

من وەك تۆ نیم…


ژنی یەکەم

من وەك تۆ نیم؟

(وچانێکی کورت.)

مەبەستت چییە؟ تێناگەم!


ژنی دووەم

من بە تەواوی بێچارە نیم.

(وچان.)

(بە تۆنێکی گاڵتەئامێزەوە.)

ئەمەیش هەمیشە بێچارەییی من بووە.


ژنی سێیەم

تەواو بێچارە نیت…

(وچانێکی کورت.)

بەڵام تۆ هەموو ڕۆژێك زیاتر بێچارە و نەگبەت دەبیت.

(پێدەکەنێت.)


ژنی دووەم

(تووڕەیە.)

بە شێوەیەکی زۆر نا…


ژنی یەکەم

چی بە شێوەیەکی زۆرنا؟

(وچانێکی کورت.)

من لە هیچ ناگەم.

(لە پڕ وەك ئەوەی منداڵەکە لە خەو ڕاپەریبێت، هەڵدەستێتە سەرپێ و هاوارێك دەکات. ژنی سێیەم خێرا دەستی دەگرێت و لە تەنیشت خۆیەوە دایدەنیشێنێتەوە.)


ژنی سێیەم

بنوو… هیچ نەبوو خەونت دەبینی.

(بۆ ژنی یەکەم و دووەم.)

منداڵەکەتان خەبەر کردەوە.


ژنی دووەم

دەمەوێت بڕۆمەوە.


ژنی سێیەم

دەمت داخە…

(وچانێکی کورت.)

(بە تۆنێکی ڕەق و هەڕەشەئامێزەوە.)

پێویستە گوێڕایه‌ڵ بیت، فێر بیت ئەوەی پێت دەسپێردرێت بیکەیت، دەنا تووشی کێشە و گرفت دەبیت.

(وچان.)

تێگەیشتیت.

(بێدەنگی.)


ژنی دووەم

ئەو پێی دەگوتم: “تۆ پێویستە هەمیشە ئامادەی ماڵئاواییکردن بیت.” منیش دەمگوت دەزانم، من لەو ڕۆژەوەی تۆم ناسیووە، هەمیشە ئامادەی ماڵئاواییکردنم.


ژنی یەکەم

تۆ تەنیایت… هاوڕێت نییە!


ژنی سێیەم

متمانەت پێ بوو؟


ژنی دووەم

بە کێ؟


ژنی سێیەم

ئەوەی پێی دەگوتی دەبێت ئامادەی ماڵئاواییکردن بیت!


ژنی دووەم

نازانم من خۆم جێگای متمانەم؟

(وچان.)


ژنی یەکەم

هەست دەکەم خۆم نیم… کەسێکی ترم.


ژنی سێیەم

هەندێك کات هەن، مرۆڤ تەنیا خۆی دەتوانێت یارمەتیی خۆی بدات و خۆی ڕێك بخاتەوە، ڕەنگە هیچ کەسێك نەتوانێت ئەوەی بۆ بکات.

(بێدەنگی.)


ژنی یەکەم

تۆ گوتت دەتەوێت دنیا ڕزگار بکەیت!


ژنی سێیەم

من؟

(پێدەکەنێت.)


ژنی یەکەم

بەڵێ تۆ… گوتت دەتەوێت دنیا ڕزگار بکەیت!

(وچانێکی کورت.)

دەتەوێت دنیا لە چی ڕزگار بکەیت؟


ژنی سێیەم

من وام گوت؟


ژنی یەکەم

بەڵی تۆ وات گوت!


ژنی دووەم

دەتەوێت دنیا لە چی ڕزگار بکەیت؟


ژنی یەکەم

ئێستایش بیر لەوە دەکەیتەوە دنیا ڕزگار بکەی؟


ژنی سێیەم

من دنیا ڕزگار بکەم؟


ژنی یەکەم

بەڵێ تۆ.


ژنی سێیەم

کەس ناتوانێت دنیا ڕزگار بکات.


ژنی یەکەم

مەبەستت چییە؟

(وچانێکی کورت.)

کە دەڵێت، من دەمەوێت دنیا ڕزگار بکەم.


ژنی دووەم

دەزانیت دنیا زۆر جەنجاڵە.


ژنی یەکەم

مەبەستت چییە؟


ژنی سێیەم

(وەڵام ناداتەوە.)

(بێدەنگی.)

(تاریکی.)


دیمەنی پێنجەم


ژنی یەکەم

من دەڕۆم.


ژنی دووەم

منیش دەڕۆم.


ژنی یەکەم

دەترسم دوا بکەوم.

(وچانێکی کورت.)


ژنی دووەم

لە چی دوا بکەویت؟


ژنی یەکەم

هەمیشە ترسم لەوە هەیە دوا بکەوم. لەبری سێشه‌ممه‌، وا دەزانم چوارشه‌ممه‌یه‌… یان پێنج شەممەیە.


ژنی دووەم

(پێدەکەنێت.)


ژنی یەکەم

خەریکە لە دنیایەکی نادیاردا ون دەبم.

(بێدەنگی.)


ژنی سێیەم

دنیا بە کەس ڕزگار ناکرێت.

(ژنی یەکەم و دووەم پێدەکەنن.)


ژنی یەکەم و ژنی دووەم

دنیا بە کەس ڕزگار ناکرێت!


ژنی سێیەم

ئێوە دەبێت لە من بگەن.


ژنی یەکەم و ژنی دووەم

ئێمە زۆر باش لە تۆ دەگەین.


ژنی سێیەم

خۆتان لە شتە ناخۆشەکان مەدزنەوە… بگرین و بیر لە منداڵەکانتان بکەنەوە. ئەگەر ئێوە بێ هێز و بێ ویست بن، ناگەنە هیچ شوێنێك… هەرگیز خۆتان بە قوربانی مەزانن و بەزەییتان بە خۆتاندا نەیەتەوە. ئێمە لە مەرگ دەترسین، بەڵام زیاتر لە ژیان دەترسین. من نەمدەتوانی ژیانی خۆم لە ناوەوەی خۆمدا بژیم… نەمدەتوانی خۆم بژیم.

(بێدەنگی.)


ژنی یەکەم

دەترسم.


ژنی سێیەم

(تووڕەیە.)

لە چی دەترسیت؟


ژنی یەکەم

لەوە دەترسم شتێکمان بەسەردا بێت…


ژنی دووەم

چیمان بەسەردا بێت… لە چی دەترسیت؟


ژنی سێیەم

پێویست ناکات بترسیت.


ژنی دووەم

لە چی دەترسیت؟


ژنی سێیەم

لە مردن دەترسیت؟

(وچانێکی کورت.)

کەس نازانێت کەی دەمرین… لەبەر ئەوە هەموو بیرکردنەوەیەك گرینگە، لەوانەیە هەموو بیرکردنەوەیەك دوا بیرکردنەوە بێت.

(وچانێکی کورت.)

هەموو بیرکردنەوەیەك گرینگە.

(بێدەنگی.)

(دەنگی هەور و بروسکەیەکی بەهێز، سەر شانۆکە بۆ تاوێك ڕووناك دەکاتەوە و ژنەکان دەترسێنێت و بێدەنگییەکەیش ناهێڵێت.)

(تاریکی.)


دیمەنی شەشەم


(ڕووناکی سەر شانۆ گۆڕانکاری بەسەردا دێت.)

(مانگەشەوەکە بە کزی دەردەکەوێت.)

(ژنەکان جێگاکانیان دەگۆڕن.)

(دەنگی ئەو ئاژەڵ و باڵندانە دێت، کە تەنیا لە بێدەنگی شەودا دەبیسترێت.)


ژنی یەکەم

(وەك گوێی لە دەنگێك بێت.)

گوێتان لێ بوو؟


ژنی دووەم

لە چی؟


ژنی یەکەم

کەسێکی تر لێرەیە! گوتی تۆ کێیت؟


ژنی سێیەم

کەسی تر لێرە نییە.


ژنی یەکەم

گوێم لێیە دەڵێ چی…

(وچانێکی کورت.)

ئێوە گوێ لە من ناگرن.


ژنی دووەم

من گوێم لە هیچ نییە.

(وچان.)


ژنی یەکەم

دەترسم


ژنی سێیەم

(بە تووڕەیییەوە.)

پێم ناڵێیت لە چی دەترسیت؟


ژنی یەکەم

لەوە دەترسم بمدۆزنەوە.

(وچانێکی کورت.)


ژنی دووەم

گوێم لە هیچ دەنگێك نییە!


ژنی سێیەم

کێ بتدۆزێته‌وه؟


ژنی یەکەم

ئەوانەی بە دوامدا دەگەڕێن.

(وچان.)


ژنی دووەم

کێ بە دواتدا دەگەڕێت؟


ژنی سێیەم

کەس بە دواتدا ناگەڕێت.


ژنی یەکەم

دەگەڕێن.


ژنی دووەم

من گوێم لە هیچ دەنگێك نییە!


ژنی سێیەم

دەنگی چی؟!

(سەیری ژنەکان دەکات.)

لە ئێمە زیاتر کەسی تر لەم شوێنە نییە.


ژنی یەکەم

(بە ترسەوە.)

دەڵێت تۆ کێیت؟

(وچانێکی کورت.)

گوێم لێیە…

(سەیری ژنی دووەم و ژنی سێیەم دەکات.)

(بە نائارامییەوە.)

هەست دەکەم لێم نزیك دەبێتەوە.

(بێدەنگی.)


ژنی دووەم

(بۆ ژنی سێیەم.)

تۆ دەترسیت.


ژنی سێیەم

من ناترسم.


ژنی دووەم

پێتەوە دیارە، کە دەترسی.


ژنی سێیەم

دەڵێم ناترسم.

(وچان.)

(مانگەشەوەکە دیار نامێنێت.)


ژنی یەکەم

هەستم دەکرد له‌ تاریکییه‌که‌دا کەسێك چاودێریم دەکات، یان چاوەڕوانی دەکردم… ترس دایگرتم. دەمویست لەو شوێنە دوور بکەومەوە، ڕابکەم… بەڵام هەر وەك ئەوەی لە خەونێکدا بم، قاچەکانم لەناو قوڕ و چڵپاوێکدا چەقیبن و نەتوانم ڕابکەم.

(وچانێکی کورت.)

زۆر بە هێواشی بەرەو کەسەکە چووم.


ژنی دووەم

دەبێت بڕۆین و لەم شوێنە نەمێنینەوە.


ژنی یەکەم

دەبێت بڕۆین.


ژنی سێیەم

دەڕۆین.


ژنی دووەم

کە سەیری چوارده‌وری خۆم دەکەم، خەڵك دەبینم… هەست دەکەم هەموو کەسێك بەرەو شوێنێك دەڕۆن… شوێنێکیان هەیە بۆی بڕۆن.

(وچانێکی کورت.)

تەنیا من نەبێت.


ژنی یەکەم

من هیچ نازانم… ئاگام لە هیچ نەماوە و تەنیا له‌ناو خه‌یاڵه‌کانی ئێستا و ڕابردوومدا دەخولێمەوە… نازانم چووم بۆ کوێ و لە کوێم.

(بێدەنگی.)


ژنی سێیەم

باران ده‌بارێت… مانگەشەوەکە دیار نەما، دنیا تەواو تاریك بوو… بێدەنگییەکی ترسناك.

(پێدەکەنێت.)


ژنی دووەم

لەبەر ئەوەی من دەوێرم ئەوەی ئازارم دەدات بیبینم… خۆم تووشی ئازارەکە دەکەم، بەمەیش ئەوانی تریش ئازار دەدەم… بەڵام تۆ توانای ئەوەت نییە ئازارەکانی من ببینیت.

(وچانێکی کورت.)

بەڕاستی تۆ شایانی بەزەییت.


ژنی سێیەم

ڕاستی گرانە…

(وچانێکی کورت.)

کە زیاتر چوویتە تەمەنەوە، لەمە دەگەی.


ژنی یەکەم

ئێمە شایانی بەزەیین.


ژنی سێیەم

ئەوەتان لە بیر نەچێت، کە ئێوە بێ من، هیچ نین! هیچ…

(وچان.)


ژنی دووەم

تۆ هەڵەی.


ژنی سێیەم

من؟ بۆ هەڵەم؟

(وچانێکی کورت.)

هەڵەی چی؟


ژنی دووەم

تۆ وا دەزانیت زۆر لە ئێمە گرینگتر و به‌هێزتریت.

(وچانێکی کورت.)

تۆ نازانی من کێم!


ژنی سێیەم

کێیت؟

(پێدەکەنێت.)


ژنی یەکەم

چاوەڕێ بکە، دەیبینی…


ژنی سێیەم

باشترە دەمتان داخەن.

(وچانێکی کورت.)

چاوەڕێم.


منداڵەکە

برسیمە.


ژنی دووەم

دەمێکە چاوەڕێی تۆ دەکەم.


ژنی یەکەم

چاوەڕێی من؟


ژنی دووەم

ئێستا چی بکەین؟


ژنی سێیەم

بۆ چاوەڕێی من دەکەیت؟


ژنی یەکەم

ئێستا چی بکەین؟


ژنی دووەم

چی بکەین؟

(وچانێکی کورت.)

مەبەستت چییە؟


ژنی یەکەم

لەم چاوەڕوانییە!

(ژنی سێیەم پێدەکەنێت.)

(بێدەنگی.)

(تاریکی.)


دیمەنی حەوتەم


ژنی سێیەم

دەڕۆین…


ژنی یەکەم

بابڕۆین.

(ناجووڵێن.)

(لە پڕ بەفر دەبارێت.)

(سێ ژنەکە و منداڵەکە دەستیان بەرز دەکەنەوە و دەیدەنە بەر بەفرەکە. بەفرەکە بەسەر دەستیاندا دەبارێت.)


ژنی دووەم

دەبوو زووتر بچوومایەتە ناو تاریکییەوە، بۆ ئەوەی زووتر خۆم بدۆزیاتەوە.


ژنی یەکەم

کە زۆر دەترسام پێویستم بە ژوورێك بوو بۆ ئەو ترسەم… ژوورێکی چۆڵ و بێدەنگ.


ژنی سێیەم

تۆوەکانم چاند، بەو هیوایەی پایزی داهاتوو بیانبینم سەوز بوون.

(وچانێکی کورت.)

بیرم لەوە دەکردەوە پایزێکی داهاتوویش هەیە.


(بێدەنگی.)


(سەر شانۆ تاریك دەبێت، تا لە پڕ تریفەی مانگەشەوێكی ڕووناك بە بەرزاییی پانتاییی شانۆکەوە دەردەکەوێت. مانگەکە هێدی هێدی لە چاو ون دەبێت.)

(تاریکی.)


(سەر شانۆ ڕووناك دەبێتەوە.)

(پیاوەکە و منداڵەکە لەسەر شانۆکە نەماون. سێ ژنەکە بە تەنیا، وەك سەرەتای شانۆنامەکە، بە تەنیشت یەکترییەوە، بە بێدەنگی، ڕووەو بینەران دانیشتوون.)

(بێدەنگی.)

(تاریکی.)

یەکەم ڕەشنووس

٢٢/٧/٢٠٢٢