سەبارەت بە لەدایکبوونەوە، بە تۆفانەکە، بە تۆ

سەبارەت بە ڕێگاکان

کە لەمێژە پاڵەوانەکان پیایدا ڕۆیشتوونەتەوە

سەبارەت بە نینۆکەکانت کە لەناو زامەکانمدا جێ ماون

سەبارەت بە گوێیەکانت،

گوارەکانت،

بە زمانت کە لەنێو زاری منت نابوو.

سەبارەت بە ئاگردانەکان

چیرۆکەکان

پاڵەوانەکانی نێویان

بە بەلەمە زۆرەکان کە بە شازادەکانەوە ڕۆیشتن و

نەگەڕانەوە


لە خۆم دەپرسم!


وەڵامەکان

بێ لە بۆشاییی

دەریاکان، بێ لە ماسیی نائاشنا

خەونەکان، بێ لە داچڵەکین

هیچیان

هیچ نەبوون و

هیچ نین و

هەرگیز هیچ نابن.


سەبارەت بە بڕوا

بە تاریکی

بە زمان، کە هێشتا هەمە و

لەگەڵ زەریا و با و خوێندا

پێی دەپەیڤم

لە خۆم دەپرسم؟

خۆم،

کە شەقامەکان بردیان

ترومبێلەکان کردیان بەژێرەوە

باڵاخانەکان زیندانییان کرد

کارگەکان کوشتیان…


لە تۆ دەپرسم؟

کە شانێڵ و لویسڤیتۆن و بۆنە گرانبەهاکان

بردیانیت

سەبارەت بە منداڵەکان خۆشەویستم

سەبارەت بە جەنگەکان، دارستانەکان، گوناهەکان، خاچەکان

کە ئەوانەی تاوانەکانیان کرد

ئێمەیان پیادا هەڵواسی!

لێت دەپرسم،

بەڵام کوا وەڵامێک؟

بۆ چرایەک

کز بە خاچەوە بسووتێ خۆشەویستم…


کات ڕۆیشتووە و

هەموو شتێک

شتێکی لەدەست داوە

من؛ تۆ

تۆ؛ من

شارەکان؛ هێمنی

هێمنی؛ شارەکان

دەریاکان؛ ماسییەکانیان

ماسییەکان؛ دەریاکانیان

هەموو مرۆڤێک منداڵییەکەی؛ هەموو منداڵییەک مرۆڤەکەی

کات ڕۆیشتووە و

چۆن دڵۆپە فرمێسک بە برژانگەوە جێ دەمێنێت

زەمان ئاوا بەم زەمینەوە جێماوە کە ناوی منە،

منێک لەناو عەموود و تارمایی،

لەناو دار و گەڵا و ڕێگە و ترومبێل و خەم و ئاوارەیی و گوناهدا،

لەناو پۆستمۆدێرنە و هەڵوەشاندنەوەی منەکاندا

لەناو ئەفسانە و سەما و شاخ و شار و دۆڵەکاندا

ونم، ونم، ونم، خۆشەویستم.


سەبارەت بە دەستت

سەبارەت بە بۆشایی

بە کات

بە ئەفسانە دێرینەکانی لەدایکبوونی ئاسمان و زەوی

بە کەشتیی ناو تۆفانە دێرینەکان،

لێم دەپرسن

وەڵامەکە تۆیت

بۆشایییەکە تۆیت

کاتەکە، بردت…

ئەفسانە دێرینەکان، تۆ لێیان هاتیتە دەرەوە و

من كە لەپەنجەرەکەوە دەڕوانم

کە کەس نیم و

هەرگیز کەس نابم،

هیچ وەڵامێکم لا نییە بێ لە تۆ،

تۆ!

کە ئەفسانەکان کردیانیت بە دەریا و

منت تەنانەت بۆ خنکانیش نەگرتە خۆ.

image_2023-02-05_07-22-15

سەرنجێک بنوسن