تۆوێک بیری دەچێتەوە بڕوێت

یەک:

ژیان، ئەی بەرەبەیان

ئەی ڕووناکی، ئەی بریسکەی ئەستێرەکان

ئەی بوون، ئەی خواوەندە گەورەکە

بۆ لای خۆت بانگم بکە

ئەی کانییە ڕوونەکە، ئەی ئەوەی ئێواران ئاوت لێ دەخۆینەوە

پیرۆزم بکە

ئەی ژیان، ئەی خەونە مەحاڵەکە

بهێڵە بتبینم

بهێڵە لە سیحرەکەت بخۆمەوە

بۆ ئەوەی جاویدان بم

ئەی ژیان، ئەی ئەوەی لەنێو منداڵدانت خەونم بینی

خەونم بینی لە دایک بووم،

خەونم بینی بەرەو ڕووت دێم، بی ئەوەی ئاوڕ لە دواوە بدەمەوە.


دوو:

باڵندە غەمگینەکە بە خۆی گوت:

یان دەبێت بمرم، یان دەبێت قەفەزەکەم بشکێنم

چونکە دەزانم ژیان گەورەترە لە مردن

دەزانم باڵەکانم، دەنووکم، چاوەکانم بۆ ژیان دروست بوون،

نەک بۆ مردن

کەواتە دەبێت قەفەزەکەم بشکێنم و

دواتر سەما بکەم.


سێ:

مۆرانە بەردەبنە جەستەم

ڕووبارێک بیرەوەری لە جەستەمدا جێ دەهێڵن و

ژیانیش وەک خاچێک بە کۆڵمدا دەدەن

چ گوناهێکم کرد هاتم بۆ ئەم شارە؟

ئەم شارە دەمتۆقێنێت

وەک سەگێکی برسی ئابڵووقەم دەدات

ئەمە شارێکە بۆ دەرەوەی خۆی فڕێت دەدات

بە دەروازەکەیدا هەڵتدەواسێت تا ڕسواییت پیشانی تازەهاتووەکان بدات

ئەمە شارێکە هیچ گوڵێک تێیدا ناڕوێت

هیچ باڵندەیەک هێلانەی تێدا دروست ناکات

ئەمە شارێکە هەمووان لێی هەڵدێن

ئەمە گۆڕستانێکە هیچ خەونێکی تێدا نییە

چەقەڵەکانی بەردەداتە گیانت و

گورگەکانیشی خەونەکانت بە تاڵان دەبەن.

ئەمە شارێکە تێێدا لە دایک دەبیت و

ئامادەت دەکات بۆ مردن

ئەمە شارێکە کەڵبەکانی دەچەقێنێتە گۆشتت

چڕنووکەکانی هێرش بۆ جەستەت دەهێنن

ئەمە شارێکە وەک کفن لێت دەپێچرێت

وەک تابووتێک تێیدا دادەنرێیت

ئەمە شارێکە کفن بۆ خەونەکانت دەدوورێت

دڕکەکانی پێیەکانت دەخوات.


چوار:

تۆوێک بیری دەچێتەوە بڕوێت

باڵندەیەک بیری دەچێتەوە هێلانەکەی چێ بکات

دایکێک کۆرپەلەکەی ناو منداڵدانی بیر دەچێتەوە

ماسییەک ئاوی لە بیر دەچێتەوە

برسییەکان ڕەنگی نان و جەللادەکانیش خوێن لە بیر دەکەن

ڕووبارێک ڕێڕەوەکەی بیر دەچێتەوە، نازانێت بۆ کام لا بڕوات

خودا پەیامبەرەکانی لە بیر دەچێتەوە

شیعرێک سەرواکەی لە بیر دەچێتەوە

شاعیرێک خەونەکەی و منداڵێکیش خەونی گەورەبوونی بیر دەچێتەوە

نەخشەیەک ڕووبار و دارستان و بیابانەکانی لە بیر دەچێتەوە

گیاندارەکان دارستان و منیش ناوی تۆ فەرامۆش دەکەم

ئەستێرەیەک بریسکەکەی ون دەکات و

خوداش ناوی خۆی لەسەر تاشەبەردێک فڕێ دەدات

حەقیقەت حەقیقەتی بیر دەچێتەوە

ئاسکێکی کێوی سەوزایی و

ئاوێك ڕوونییەکەی بیر دەچێتەوە

شەو ئەستێرەکانی بیر دەچێتەوە و

خۆریش تیشکەکانی

بێدەنگی بێدەنگیی بیر دەچێتەوە و

شەونمیش بەرەبەیان

دارستانێک لوورەی گورگەکانی و

شۆڕشگێڕێک شۆڕشەکەی

کۆیلەیەک ئازادیی بیر دەچێتەوە و

کۆترێکیش گمەگمەکەی

پەیامبەرێک ئایەتەکانی و شارێکیش شەقامەکانی

گوڵێکی کێوی ڕەنگ و بۆنەکەی و

بنجەگیایەکیش زەوی بیر دەچێتەوە

خەونێک خاوەنەکەی و سەربازێک نیشتیمانەکەی

سیلیسە ناوی منی بیر دەچێتەوە و منیش ڕوخساری ئەو.


پێنج:

باڵندە بریندارەکە بە خۆی گوت: چ جیاوازییەکی هەیە فڕین؟

بۆ هەر لایەک بچم دێمەوە ئەو شوێنەی لێێ بووم،

کەواتە نافڕم و لە هێلانەکەمدا بەم ئازارەوە دەتلێمەوە و

خۆم بۆ مەرگ ئامادە دەکەم، پەڕەکانم لێ دەکەمەوە،

بۆ ئەوەی ئیدی خەون بە فڕینەوە نەبینم، خەونەکەم هۆی ئازارەکەمە

باڵندەکە لەناکاو باڵندەیەکی دیکەی بینی

ویستی وەک ئەو بدات لە شەقەی باڵ،

بەڵام ئەو بەو باڵانەوە کە بریندارن بۆ کوێ بفڕێت؟

بۆ ئەو کە خەونی نەماوە چ جیاوازییەک هەیە لە نێوان فڕین و نەفڕین؟

ئەوەی خەون نابینێت، جیهان چەند گەورە بێت

هیچ نییە جگە لە قەفەزێکی تەنگ.


شەش:

هەموو چوارشەممەیەک پێم وایە پێنجشەممەیە،

من چیم بەسەر هاتووە؟

photo_2023-04-06_00-54-35

سەرنجێک بنوسن