“تەنهایییەک کە هێشتا ناوی پێکەوەبوونە”

قاپووتێکی ڕەش دەتکات بە پاڵەوان،

پێش ئەوەی قسە بکەی.

قەرەباڵخی دەتکات بە کۆیلە،

پێش ئەوەی تەنهاییت بێدار ببێتەوە.

کە گوڵەکان شان لە یەکدی دەخشێنن،

لە ڕەگەوە فەرمانیان پێ کراوە.

کە ڕەگەکان فەرمان دەکەن،

تڕۆییی گوڵەکان دەناسنەوە.

گرفتارییەکەی تۆ تەنهایییە،

تەنهایی دەتبڕێت،

وەک ڕێڕەوی قەترەئاوێک بەسەر لاشەتدا،

دەوروبەرت پەیکەرن و گوزارشت لە قەرەباڵخی ناکەن.

بوونی ئەوان، بە هەزاران پێناسە یەکسان نییە بە پێکەوەبوون.

جێت دەهێڵن،

وەک جێهێشتنی فلتەری جگەرەیەک لە مۆڵێکدا.

دەگەڕێنەوە وەک سەربازێکی دەستقرتاوی جەنگ،

کە ئیتر خوارەوەی خۆیشیان پێ چارەسەر ناکرێت،

گەنوگووت بۆ دەهێننەوە!

دەزانیت ئەم بێدەستانە

دەستیان لە پشت هەموو کەتنەکانی تەنهاییتەوەیە.

تەمەنت لەناو کاتژمێرەکانیاندا جێ دەهێڵیت،

شەرەفت لەسەر جێگەخەوەکەیاندا پاڵ دەخەیت،

خوێنت بە فڵچەکانیانەوەیە و

ڕەسمی ئازادیی پێ دەکێشن.

سەرت لە لای ئەوان گرەوێکی دۆڕاوە،

ناوت لە لای ئەوان سوێندێکی درۆیە.

پێکەنینت لە ئاهەنگەکانیاندا جێ دەمێنێ و دێیتەوە بۆ ماڵەوە.

شکۆمەندیت دەکەوێتە گیرفانی پشتەوەیان،

یاداشتەکانت دەکەن بە کلینکسی توالێت،

دەنگی گریانت مۆبایلەکانیان شەحن دەکات،

لەرز و بیماریت دەکەن بە کارەبا بۆ باخچەکانیان،

یادگارییە جوانەکانت لای ئەوان

دوو سوعبەتی قۆڕی ناو باڕ و یانەی بلیاردەکانە.

ڕۆحت دەخەیتە ناو تابووتەکانیانەوە،

ژیانت دەخەیتە ناو قەبرەکانیان.

بهێڵە تەنها بیت،

گەر ئەوەیش نەکەیت، هەر وایت!

photo_2023-04-28_01-54-51

سەرنجێک بنوسن