زاخۆ؛ چرپەی چوارەمی من

نامەوێ دان بە کۆتایییەکەیدا بنێم

خۆری ئەم ناوچەیە زۆر سەیر ئاوا دەبێ

عمران شاهێدە

هەر دەمەوئێوارەیەک ڕەنگێکە و کۆمەڵێک هاتوهاواری منی بۆ ئەو هەموو هیچە پێیە

نامەوێ وەک کوڕەکانی دیکە لەسەر دیوار بنووسم

ئەوەی لە دەروونمە هێندە نامۆیە

دەترسم ئەو گەنجەی دوای من دێتە ئەو بەشەناوخۆیییە

لەنێو ئەو دیوارانەدا شێت ببێت

من ئیتر وەسفێکم نەماوە بۆ گوڵ و پەپوولە و زوڵف و پەرچەمی بۆیەکراو

من شەڕی مانەوە دەکەم

لەم زەبوونیی قەناعەت‌بەخۆهێنانە، بێمانایی تاریکی کردووین

بە ئاگری گەرمکردنەوەی هیچ خواردنێکی دوێنێ ڕۆشن نابینەوە.


من دەبوا لە ئوسامەوە فێر بم

کە بە بێدەنگی و بە دڵێکی غەمگینەوە

وەک منداڵێک بەدیار ژیانەوە دابمێنم

ئاخر ئەو دەوری غەریبییە

بە تەمەشاکردنیش دەرەقەتی نایێیت

چ جای شێتبوون لەناویدا

سەرۆک هەموو جاران دەڵێ

بێفایدەیە… بەڵێ بێفایدە بوو چوار ساڵ دەستبادان لەگەڵ ناخۆشترین گۆرانی.

سەرۆک مرۆڤێکی هێندە دوورودرێژە من نامەوێ دان بە کۆتایییەکەیدا بنێم.


زاخۆ لە بەیەکەوەییی من و سەعد هێندە دەترسا،

تەلیسمی پردی دەلال هەموو شەوێک سەعدی بە بەهانەیەک پەلکێشی لای خۆی دەکرد

وەک پیاوێک بیەوێ پەروەردەی هێتیمێک بکات

هەر ڕۆژە و سحرێکی لێ دەکرد

لە کۆتاییدا سەعد ناچار نەبوو بێتەوە زاخۆ

ئەو هێشتا کۆمەڵێک حەکایەتی دیکەی لێرە ماوە

بۆیە نامەوێ دان بە کۆتایییەکەیدا بنێم.


عمران زۆر هەوڵی دا بە عەرەبی بدوێ و ئەم شارە لێمان حاڵی نەبێت و نەمانناسێتەوە

کەچی بیری دەچوو گوێ لەو گۆرانییانە نەگرێ کە عەبدولقەهار

بۆ مانەوەی عەشق لەو سەردەمە دەیگوتن

زاخۆ بریتی بوو لە خەوە پچڕپچڕەکانی عمران

کە لەوەتەی دەیناسم تێرخەو نەبووە

بەڵام نامەوێت دان بە کۆتایییەکەیدا بنێم.


ئێمە ئیدی چاوەڕێی ئەو خۆشەیستەمان نین، کە تەنیا ئیدریس پێی دەڵێ

ئێوارە هات و تۆ ناهاتی

ئێمە خەریکە بەدەم نەهاتنی ئێوارەوە شێت دەبین

دایە گیان

خۆر بۆ ئاوا نابێت؟

من بیری خۆم دەکەم و

نامەوێ دان بە کۆتایییەکەمدا بنێم.


بە یادی ئەو ڕۆژانەی پێ ڕانەگەیشتم بیانبینم

بێهوودە لەبەر خۆمەوە دەڵێم

نامەوێ دان بە هیچی دیکەدا بنێم

کەچی بەبەر چاومەوە غەریبیم گووشێکی دڕاوە و

یادەوەریمی لێ بەردەبێتەوە.

گ

سەرنجێک بنوسن