جیهانێکی تر

 (١)

ئەم جیهانە

 جیهان کاتێ لە مندا دەمرێ،

جاڵجاڵۆکەکان دەگەڕێن بۆ شوێنێکی دیکە بۆ خۆحەشاردان

باڵندەکان دەگەڕێن بۆ ئاسمانێکی دیکە بۆ فڕین و

گوڵەکانیش بۆ سروشتێکی دیکە بۆ گەورەبوون.

***                  

وەها جیهان لە دڵمدا دەمرێ،

شەقامەکان خاڵی دەبنەوە لە تیشکی خۆر،

ئاسمان دەگەڕێ تا بە ڕەنگێکی دیکە خۆی ڕەنگ بکا و

تۆش خۆت دەشاریتەوە لە جوانی.

ئەوە من نیم لەنێو جیهاندا دەمرم، بەڵکوو ئەوە  تۆ و جیهانن لە مندا دەمرن.

(٢)

جیهانێکی تر

جیهانێکی تر ئەوەیە،

تۆ نەبی بە پاسەوانی ڕەشەبا، سێبەر و ڕەهێڵە.

خۆت نەکەیت بە خاوەنی ئاسمان و

دەست نەبەی بۆ ئەو گۆرانییانەی لە خۆوە* هەن.

***

جیهانێکی تر ئەوەیە،

بەیانییەک زوو، بێ دوودڵی، بە دەنگی چۆلەکەکان بەخەبەر بێیت.

نیوەڕۆیەک، بەنێو شەقامەکاندا بەبێ دەنگی تێپەڕی.

ئێوارەیەک، پیاسەیەک بەنێو نەمریدا بکەی.

شەوێک، سەر بخەیتە سەر سەرین و بیر لە هیچ نەکەیتەوە .

***              

جیهانێکی تر ئەوەیە،

فریشتەکان سەرقاڵ بکەیت بە خۆتەوە.

بگەڕێی بە دوای دۆزینەوەی نەسیمدا.

لەژێر سێبەری درەختێکدا تا هەتایە ڕاکشێی.

ڕێ بدەیت کۆترەکان بە ئارەزووی خۆیان دەنگ هەڵبڕن و

ئاژەڵەکانش بگەڕێنەوە بۆ نێو باخچەکانی سروشت.

 ***                 

وەهایە جیهانێکی تر،

بگەڕێی بە دوای زانینی ئەو شتانەدا کە نین.

واز بهێنی لە هەڵدانەوەی لاپەڕەکان و

فێری فڕینێکی بێ باڵ ببیت.

سالۆنیک، هاوینی ٢٠٢٣

*لە خۆوە یان لەخۆوەبوون: مەبەست لەوەیە شتێک بە شێوەی خۆکرد و ئۆتۆماتیک دەبێت و هەیە.

هیلال

سەرنجێک بنوسن