من کێم

ئامادەکردنی بۆ شانۆنامە: فرمێسک مستەفا

کەسایەتییەکان

نارنج، ٢٧ ساڵ.

زەینەت، ١٩ ساڵ.

شوێن: ژوورێکی نیمچەتاریک، تیشکێکی زەرد باو، پەنجەرەیەکی بچووک لەسەر دیواری شانۆکەیە، کە تۆزێک بە بەرزییەوەیە، پەردەیەکی خامی چڵکنی پیادا هەڵواسراوە. ڕووناکییەکی کزۆڵە لەودیوو پەنجەرەکەوە دیارە. دوو دۆشەکی ئەسفنج لەسەر زەوییەکە بەرامبەر بە یەکتر ڕاخراون.

یەکێکیان کچێکی تەمەن نۆزدە ساڵانێکی لەسەر نووستووە، ئەوەی دیکەشیان بەتانییەکی ناڕێک و سەرچەفێکی لەسەر تۆپەڵ کراوە.

(سەر سەکۆ پڕیەتی لە تۆپەڵە دەسڕی کلینێکسی پەرش و بڵاو، تەنافێک لە سوچێکی ژوورەکەدا هەڵواسراوە. بەلوعەیەکی ئاو و حەوزێک لە پەنایەکی تری سەکۆکەدایە، مەنجەڵ و لەگەن و قاپ لەسەر زەوییەکە لە تەشتێکدا کەڵەکە کراون.)

(جاروبار گوێمان لە وەڕینی سەگە.)

نارنج:

(خەریکی گسکدان و جل هەڵخستن و جل کۆکردنەوەیە، کە هەمووی بریتین لە جلوبەرگی ژنانەی ژێرەوە. ڕەنگاوڕەنگن. بە شپرزەیی کارەکانی خۆی دەکات، دەمێک گسک دەدات، دەمێکیش جل هەڵدەخات و جلەکان هەڵدەواسێت. گسکەکەی بەدەستەوەیە گسک بدات، دەگاتە لای جێگەکەی زەینەت، زەینەت خەوتووە. نارنج تەماشایەکی دەکات و بەتانییەکەی پیادەداتەوە.) 

ماندوو دیاریت، سەفەرێکی پڕوکێنەر بوو! وانییە؟

(دەچێتەوە لای دەسڕە فرێدراوەکان و بە گسکەکەی دەستی کۆیان دەکاتەوە.)

ئێوەی هەمیشە برسی و وڕێنەخواردوو ئاوها سەر بژەننە هەناوییەوە، چۆن ماندوو نابێت؟ چۆن بێزار و بەدبەخت نابێت؟

(گسکەکە فڕێدەداتە تەنیشت خۆیەوە، کلێنکسە تۆپەڵەکان هەر لە جێی خۆیاندا جێدێڵێت. دەچێت جلەکان قەد بکات.)

دوو جەستەی لینج و بەیەک نامۆ بەتەک یەکەوە هاڵاوێکی خنکێنەریان لێ هەڵدەستێت.

(گوێمان لە دەنگێکە، وەک ئەوەی کەسێک بەدەم خەوەوە وڕێنە بکات.)

دەنگەکە:  دەی پەلەکە خوانەناس، پەلەکە… خوانەناسی تێرنەخواردوو پەلەکە، خەڵکی دیکەش هەن.

نارنج:

(ئاوڕێک لە جێگەکە دەداتەوە.)

 گوێ مەدەرێ، ئەم سەرحانە بەدفەساڵە با هەر بۆخۆی بڵێت، من ئەمڕۆم بۆ کردوویتەتە پشوو، هەر بۆ تۆ نا، بۆ هەردووکمان. با سەرحان هەر بۆخۆی بڵێ، با ئەمڕۆ هیچ داهاتێکی نەبێ! بخەوە جوانکیلەکەم بخەوە.

(جارێکی دیکە دەنگەکە دێتەوە، وەک ئەوەی بەدەم خەوەوە بێت.)

دەنگەکە: من کێم؟

نارنج:

(نارنج سەرقاڵی کۆکردنەوەی جلوبەرگەکانە، لەبەرخۆیەوە.)

ناهەقت نییە، شەو نییە ئەم پرسیارەت لێ نەکرێت، ناوی خۆتت لێ بۆتە مۆتەیەک. 

(ڕوو دەکاتە بینەر).

خەڵکانی دیکە ناوی لێ دەنێن، ناوی سەرزاری و ڕەوتەنی، هەر کەسە و بە ئارەزووی خۆی، چۆن ئەقڵیان بیگرێ ئاوا ناوێکی لێ دەنێن. ڕەنگە بەپێی شێوە و ڕوخسار، لە کەسێکی تر بچێت، کە لەزاکیرەیدا ماوەتەوە. ئێ ئەم تا ئێستا ناسنامەیەکی بەناوی خۆیەوە لە گیرفان و جانتاکەیدا نەدیوە، ئیتر هەرشەوە و بە چەندین ناو بانگ دەکرێ، بگرە جگە لە ناوە تازەکە ناووناتۆرەئاساشی دەخەنە دوو، ناوی هەزاران توڕەهات. هەست دەکات ئەو سەگانەی کە خاوەنیان هەیە، ناوی خۆشیان لێ نراوە و هەتاهەتایە هەر بەو ناوەوە بانگ دەکرێن، کەچی ئەم هەر شەوە و بە چەندین ناو بانگ دەکرێت و بۆ سبەینێ لە بیری کەسدا نامێنێت، تەنانەت لە بیری خۆشی دەچێتەوە، کە بە چەند ناو بانگیان کردووە! ئەرێ بەڕاستی دەبێ ناوی چی بێت؟!

( سەیرێکی دەکات)

 ئەرێ هەر پێت نەوتم ناوت چییە؟! 

(جلە تەڕەکان لە تەشتەکە دەردەکات، هەڵیان دەواسێت.)

دڵنیام لە ڕابردوودا ناوێکت هەبووە، ڕابردوویەک با دەستکردی خەیاڵیش بووبێت، خۆ هیچ نەبێ لەو ڕابردووەدا شوێنێک هەیە، کەسانێکی ئاشنا و نزیک هەن، هەر ئەو کەسانەش ناوێکی خۆشیان لێناوە و بانگیان کردووە، کەچی هەست دەکات ئەمە لە مێشک گووشین زیاتر هیچی دیکە نییە. ئەو ڕابردووە لە تەمێک زیاتر هیچی تر نییە، نە شوێنێکی تێدایە و نە سەردەم و ڕۆژگارێک، نە کەسانێکی ئاشنا و نە ڕەگ و ریشەیەک، هەتا دێت مێشکی جەنجاڵ تر دەبێت.

(لەسەر دیواری پشتەوە، وەک ئەنیمەیشن دیوارەکە دەبێتە هێلانەی جاڵجاڵۆکە، کچۆڵەیەکی منداڵ بە تەونی هێلانەکەوەیە و دەسووڕێتەوە. گەر بکرێت کچۆڵە منداڵەکە لەناو پەنجەرەکەدا بێت.)

دەنگەکە: من کێم؟ ڕەنگە هەر لە ئەزەلەوە لەم ژوورە نسرمەدا پەیدا بووبم، یان لەنێو ئەو داوە ئاڵۆزانەی ئەو جاڵجاڵۆکانەی ساپیتەی ژوورەکە سەرم دەرهێنابێتە دەرێ و ئەم شتەی ئێستام لێ درووست بووبێت! یان لە گەرای ئەو سیسرکانەوە سەرم دەرهێنابێت، کە شەوانە بە نێو ئەم ژوورەدا بە زیکە زیک پەرت دەبن! دوور نییە، بێ ئۆقرەییەکەی من لە هی ئەوان دەچێت!

(وێنەکە نامێنێت.)

نارنج: ئەی سەرحان؟

دەنگەکە: ڕەنگە لە خڵتەی ئەو جەستە بۆگەنەوە پەیدا بووبێتم!

نارنج: بە بیری کەسێکدا نایەت ئەم سەرحانە، پیر و چاوکزە لە کەیەوە لێرەیە؟ ئاخۆ دەبێ چەندین کەسی بێ ناونیشانی وەک ئەوی خستبێتەوە؟!

ئەرێ هەر پێت نەوتم ناوت چییە؟!

دەنگەکە: ئێوە چ پێویستان بە ناوی منە! ئێ ئەوە نییە هەر یەکەتان ناوێکم لێ دەنێت، من دەیان ناوم هەیە.

من هەر ئەوەندە دەزانم ناوم میچکەیەکە. ئێستا زانیت ناوم چییە؟

(نارنج لە تەشتەکەدا پارچە جل و شمەکی ژێرەوەی ژنانە دەشوات، ئاوی ناو تەشتەکە سوورە، لەبەر ئەوەی، کە جلەکان دەگوشێت، ئاوی سووریان پێدا دێتە خوارێ.)

(لەپشتی نارنجەوە، زەینەر لە ژێرجێگەکەوە دێتە دەرێ و هەڵدەستێتە سەرپێ، وەک ڕۆبۆتێک بەدەم خەوەوە بە ژوورەکەدا دێت و دەچێت. رۆبۆتێک نە ئاراستەی هەیە و نە هەنگاوێک. دەڕوات و لیرخە لیرخی لێ بەرز دەبێتەوە.)

زەینەت: نارنج تا دێت دنیا لەبەرچاوم تاریک و بچووک دەبێتەوە، جێگەی جەستەی منی تێدا نابێتەوە، هەست دەکەم ئەم ژوورە بووەتە گۆڕیچکەیەک و تادێت وێک دێتەوە و ئێسکەکانم وردوخاش دەبن، گوێم لە چرکە چرکی پەراسووەکانمە، نارنج پەلەکە با بڕۆین لەم گۆڕە ڕزگار بین، پەلەکە وا ئەم گۆڕیچکەیە دەمخنکێنێت.

نارنج:

(ئاورێکی لێدەداتەوە، زەینەت دەگرێ و رایدەوەشێنێ و دەیخاتەوە ناو جێگەکەی.)

زەینەت، زەینەت، ئەوە خەون دەبینی؟ ئاخر بۆ کوێ پەلە بکەم، ئێمە هەر لە نێو ئەم کەلاوەیەداین و لە شوێنی خۆمانین! زەینەت ئاخر من و تۆ و هەموو ئەوانەی لەم ژوورەدا گردمان دەکاتەوە شەوانە، نا… زەینەت نا، دەست لەو وڕێنانە هەڵبگرە، تازە ئێمە کارمان کراوە، نە دنیایەکی دیکەمان  هەیە و نە شوێنی دیکە! ئێمە پێمان لەسەر بەدرێکی لەق گیر کردووە، ئیتر هەر بەردەکە خزا، یان پێمان خزا، بەرەو هەڵدێرێکی ترسناک گلۆر دەبینەوە. ئاە! ئەو دەمە تووشی نەفرەتێکی دیکە دەبین، کە یەکجار لە نەفرەتەکەی ئێستا و ئێرەمان بەسوێترە و بەسوێترە.

(زەینەت لە جێگەکەیدا و لە دەستی نارنج ڕادەپسکێ، نارنج لە خۆی دوور دەخاتەوە، زەینەت دەچێت سەرچەفە تۆپەڵەکراوەکەی سەر جێگەکەی نارنج دەهێنێنێت و لەسەر سەکۆکە ڕایدەخات، بە ژوورەکەدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی شتێک لە ناوی دابنێت و بیپێچێتەوە. نارنج وەدووی دەکەوێت، زەینەتیش بەپەلە بە دوای شتێکدا دەگەڕێت بیخاتە ناو سەرچەفەکەوە.)

نارنج:

(هاوار دەکات.)

زەینەت گەرەکە ئەوە بزانیت ئێمە لێرە شەوانە کۆمەڵە نێروەسێک لەبەر پێمان دەبنە کۆیلەیەکی زەلیل، منداڵێک، بەڵام هەر پێمان نایە دەرێی ئەم چوار دیوارە، ئەدی ئەو نێروەسانە بەو کۆیلەیەتییە قایل نابن و هەر خۆیان پەتی نەفرەتمان لە مل دەکەن. زەینەت ئەوەی تۆ بیری لێ دەکەیتەوە دەرچوونە لە نەفرەتی دۆزەخێک بۆ دۆزەخێکی سووتێنەتر.

(زەینەت بەرەو حەوزی ئاوەکە دەچێت، دەموچاوی دەشوات و هێڵنج دەدات. نارنج  بەکوڵ دەگری.)

نارنج: ئەی خودایە، تۆ ئێمەت لە پڕشەی ئاوی کانییە ئەستێرە دروست کرد، کەچی تووشی نەفرەتت کردین! ئەی خودایە، ئەوە چی بوو، چ گەمەیەک بوو، چ ئارەزووییەک بوو، چ دەستێک بوو! نێوچنگەکانی، تا تینی تیا بوو بۆ ئێرەی تووڕ داین!

ئەوە کێ بوو خودایە، ئەوە کێ بوو؟!

زەینەت:

(زەینەت بە تووڕەییەوە هاوار دەکات.)

من دەڕۆم، دەبێت بڕۆم… دەزانم سەر بە جێیەکی ترم.

(وەک ئەوەی خەو بگێڕێتەوە.)

نارنچ: زەینەت! واز لەو خەون و وڕێنانە بێنە، تۆ وێڵگەردی بەهەشتێکی ون بووی، ئاخر لەوانەیە ئەوانەی لە بەهەشتی خەیاڵەکەی تۆدان، ونبوویەکی دیەکی ئەم دنیایە بن. دەی وا گریمان دۆزیتەوە، ئاخر کەسانی نێو ئەو بەهەشتە نارنج، و زەینەتێکی دیکەیان گەرەکە، نارنج و زەینەتێکی خێر نەدیوو و پاکیزە، ڕەنگ و روخساریان لە هی خۆیان بچێت، ئامان! تووشی نەفرەتێکی دیکەمان مەکە.

زەینەت: من کێم! لەوەیە من جاران هەبوویەک بووبم، ئەی ئەوجارانە کەیە و کوێیە؟!

نارنج: زەینەت ئەوەی ئۆقرەی لە تۆ هەڵگرتووە، لە منیشی هەڵگرتووە، ئاخر ئێمەی لەو تاوی نیوە شەوە سوورەکان تازە بەکەڵکی چی دێین؟ تۆ فوو لە پشکۆیەک دەکەیت دەمێکە خامۆش بووەتەوە. فووی لێ مەکە دەمانسووتێنێت.

زەینەت: من کێم! من پەیکەرێکی کەڕوڵاڵ و خۆڵ لێ نیشتوەکەی نێو کوختەکەیە و تەنیا باڵندە دارکونکەرەکەی نێوکاسەی سەرمە، دەجریوێنێت… من کێم! نارنج تۆش تارمایییەکی دیکەیت ڕووت لە بۆشایییەکی بێکۆتایییە!

نارنج:

(دەستی زەینەت دەگرێ و دەیباتەوە سەرجێییەکەی خۆی.)

دەزانم زەینەت! دەزانم ئەم پرسیارە چەشنی خۆرە دەتپوکێنێتەوە، پیروخەڕۆت دەکات…

زەینەت:

(دەچێتەوە سەر جێگاکەی و بە دەنگێکی کز و ماندوو.)

من لە هەموو سەردەمێک دابڕاوم و تەنیا فڕندەدارکونکەرەکەی نێو کاسەی سەرم دەجریونێ. بە بۆن دیاندۆزمەوە. لەهەر شوێنێک پەکم کەوت، چاوەکانم لێک دەنێم و خەون دەبینم، لە ئاوی ئەو کانییە خۆم پسمیل دەکەم، کە بەردەوام لە خەونەکانمدا دەیبینم… لە دوای هەر ڕقێک بەر ئەم جەستەیە کەوتبێ، ئەو کانییە شەوانە ئەستێرەکان دەڕژێنە ناوی و ڕێنماییم دەکەن. نارنج، تۆ ئەو کانییەت دیووە؟ جەستەم لە پونگەڵانی دەم کانییەکە هەڵدەسووم و جەستەم دەبێتە چڵە پونگەیەک، بۆنی جەستەم پێش خۆم دەگاتە جێ، ئەوسا بەدەم ئەو بۆنەوە پیرەژنێک و پیرەمێردێک دێن و لە ئامێزم دەگرن، پێم دەڵێن: “ئۆخەی ! چەند بۆنت خۆشە، بۆنی پونگە و خاکت لێ دێت، کەنیشکە، یەژی قەت ئەیرەت جێنەهێشتیە! ئەرێ ئەو هەموو ساڵە لە کوێ بوویت؟!”

ئەرێ نارنج لە کوێ بووم؟!

نارنج:

(لەسەر جێگەکەی خۆیەوە گرمۆڵە بووە و سەیری زەینەت دەکات.)

زەینەت ئیدی روحت بەو جەستە بۆگەنەت قایل نییە! زەینەتی ڕاستەقینە روحەکەیە و خۆی دۆزیوەتەوە، ئای زەینەت! لەوە دەترسم کلیکلی بەهەشتی خەیاڵەکانی تۆ ئێستا بەدەست سەی فاروخەوە بێت.

(سەگ بەردەوام دەوەڕێت…)

 زەینەت: ئەو سەگە بەرەڵایانە هەر لەوێ دەترەکێن، ئەو سەگانە ناوبەناو ون دەبن و لەپڕ بە گوانی شۆڕ و پڕشیریانەوە پەیدا دەبنەوە، لەپەنا دیواری کوختەکەدا بە سۆزێکی دیکانەوە دەردەکەونەوە. توتەڵەکانیان بین بە گوانیانەوە دەنێن. ئەو سەگانە بە نووز بۆن بە دیوار و دەرگای کوختەکەوە دەکەن، وەک ئەوەی بڵێن: “هەرچەندە ئێمە و ئێوە لە دوو ڕەگەزی جیاوازین، بەڵام هەردوولامان هاودەردین، وەک یەکیش نەفەرتلێکراوی ئەم دنیایەین…”

(سەگەکان بەردەوام دەوەڕن.)

زەینەت:

(لە پەنجەرەکەوە هاوار دەکات.)

دە بنوون، بێ خەم و خەیاڵ ڕازەکانی خۆتان بلاوێننەوە. لەوەتەی پاروەکانتان بۆ فڕێ نادەمە دەرێ، هەستی هاوسۆزی و هاوماڵیتان نەماوە. دەزانم لە حەسرەتی چاوەڕوانییە هەر دەلورێنن و بۆن بە دەرگا و دیواری کوختەکەوە دەکەن. بێ ئاگان لەوەی ئەم دوو مرۆڤە ڕۆژبەڕۆژ دەبنە دوو بوونەوەری بێ زمانی وەک ئێوە. هۆ گەلۆ سەگ، من و نارنج هەر ئەوەندە پەیوەندیمان بەم دونیایەوە ماوە، ڕۆحمان لەنێوان دوو بۆشاییدا دێت و دەچێت! بۆشاییی دۆزەخئاسای شەوە سوورەکان، کە بەردەوام وەک ئاگرێک بەر بووەتە تەمەنمان و پیرمان دەکات.

نارنج:

(لەبەر خۆیەوە.)

بۆشایییەکی خەیاڵ کردەوە و دوورەدەست بە زیندوویی لە چاوەکانمدا لە ئاوێنەدا دیارە، کاتێک تەماشای ئاوێنە دەکەم، بۆشایییەکی خەیاڵکردی دوور لە چاوەکانمدا دیارە. دنیایەکی بەهەشتئاسا، کە دایک و باوکم وەک جاری جاران بە بەر چاومدا دێن و دەچن، نەخەمێکیان هەیە و نە ترس، ئەوە بۆنی پونگەیە و لە کانییە ئەستێرەوە بە دەم باوە هەڵدەکات و دەگاتە زەینەت. هەموو جەستەی، جلەکانی، سییەکانی پڕ دەبن لەو بۆنە.

زەینەت:

(لەبەرامبەر نارنج لەسەر جگەکەی خۆیەوە دانیشتووە.)

لەپڕ ئەو بۆنە دەگۆڕێت و کانییە ئەستێرە چک دەکات، لەبری بۆنی پونگە، بۆنێکی گەنیووی گۆگردئاسا بە سەرمدا دێت و لەبەر چاوی خۆماندا پیر دەبین!

نارنج: لەبەرچاوی دایکمان و باوکمانا پیر دەبن. بە چاوی خۆم سەی فەروخ دەبینم و گوێم لێیە دەڵێت: “هۆ خەڵکینە، گەر من گۆشتیان بخۆم، ئێسقانتان ناشکێنم، دەی بە ورد و هەراشتانەوە جیا ببنەوە، کوڕە بە قسەم نەکەن حەیا و حەیسەتتان دەچێت، ئێوە خاوەن ژن جوان و جحێڵن. خاوەن کچ عازەون. ئەدی ئەم دیمەنانە لەنێو هاڕە هاڕی پێچکەی زنجیر و تەپوتۆزی پێی سەدان روخساری نەناس لەبەر چاوی تێکەڵە و لێکەڵە بوون.”

(هەناسەیەکی قووڵ و جەخاراوی هەڵدەکێشێت.)

ئاخر زەینەت، تۆ سەید فەروخ ناناسیت. دڵنیام ئێستا سەدان دەیان سەی فەروخی دیکەی لێکەوتۆتەوە و کلیلی بەهەشتەکەش لە گیرفانی ئەودایە! دەترسم زەینەت، دەترسم وەک جاری جاران بەهەشتەکەشمان لێ بکاتەوە دۆزەخ!

(سەگەکان زیاتر دەنگیان بەرز دەبێتەوە.)

زەینەت: نارنج…

نارنج: زەینەت ئەو دەنگەی دەرەوە چییە؟ گوێت لێ نییە؟

زەینەت: نارنج، هەر دەنگی تۆ دەبیستم، ئەوە دەڵێی چی؟

نارنج: زەینەت، منیش لێوەکانت دەبینم دەجووڵێنەوە، بە عاسەتەم لێوەکانت، ئەوە چیت گوت؟ گوێکانم تەواو کپ بوون.

(فیلمی ئەنیمەیشنەکە دەردەکەوێت، بە شێوەی ئەپستراکت دوو کیژۆڵە بەدەستی کەسێکەوەن لە ناو گۆماوێکدان، دەڕۆن، یەکێک لە کیژۆڵەکان سەیری دواوەی خۆت دەکات و دەمی کراوەتەوە، وەک ئەوەی هاوار بکات، ئەوەی تر توند خۆی نووساندووە بە کەسەکەوە.)

زەینەت: نارنج، ئەوە تۆش هاتیت؟ ئای! چەند خۆشحاڵم ئەو دۆزەخەمان جێهێشت و وا پێکەوە کەوتووینەتە ڕێ. ئەرێ نارنج گەیشتووینەتە کوێ؟ تۆ بڵێیت زۆرمان مابێت بگەینە جێ!

نارنج:

(ڕادەکات و باوەش دەکات بە زەینەتدا.)

بۆ ئێمە لە کوێ بووین، تا بگەینە جێ؟! ئێ ئەوە نییە هەر لە وێرانەکەی خۆمانداین!.

(زەینەت چاو بەدەوری خۆیدا دەگێڕێت و نارنج لە باوەشی دەکاتەوە. دەست ئەدات لە ڕوخساری نارنجەوە.)

نارنج: زەینەت…

زەینەت: دەزانم تۆ نارنجیت، بەڵام ئەی من کێم؟ نارنج تۆش ناوی دیکەت هەیە؟ تۆش ئەو هەموو ناوەت لێنراوە؟ نا، نا دەبێت یەک ناوم هەبێت. دەبێت دوو بنیادەمی نێر و مێ دایک و باوکی من بن!

نارنج:

(نارنج جامێ ئاوی بۆ دەهێنێت.)

زەینەت: تۆ بڵێی هەر لە ئیجادەوە من ناوم نەبێت و لە ڕەچەڵەکی بەشەر نەبم! 

(جامە ئاوەکە وەردەگرێ و دەیکات بە سەری خۆیدا.)

گەر بەشەر نەبم، دەبێ، دەبێ لە هێڵکەشەیتانەیەکی ئەم رۆخی دەریا بۆگەنە، یان گەراماسییەک، کیسەڵێک، لە جانەوەرێک، دەعبایەک کەوتبێتمەوە!

نارنج: زەینەت، ئەوە خەون دەبینی؟

زەینەت: نارنج، تا دێت ئەم ژوورە دەبێتە گۆڕیچکەیەک و تا دێت وێک دێتەوە و ئێسکەکانم ورد و خاش دەبن، گوێم لە چرکە چرکی پەراسووەکانمە.

(ئەنیمەیشنەکە دێتەوە، وەک زیندان و کۆمەڵێک بوونەوەری نەناسراو، کە وەک ئاژەڵ دەردەکەون.)

نارنج: زەینەت خەون دەبینی؟

زەینەت: نارنج، پەلەکە با بڕۆین و لەم گۆڕە ڕزگارمان بێت، پەلەکە وا ئەم گۆڕیچکەیە دەمخنکێنێت.

نارنج: زەینەت واز لەو وڕێنانە بێنە، تازە ئێمە کارمان کراوە، نە دنیایەکی دیکەمان هەیە و نە شوێنێکی دیکە، ئێمە پێمان لەسەر بەردێکی لەق گیر کردووە، ئیتر هەر بەردەکە خزا، یان پێی ئێمە خزا، بەرەو هەڵدێرێکی ترسناک گلۆر دەبینەوە، هاە! ئەو دەمە تووشی نەفرەتێکی دیکە دەیبنەوە.

زەینەت: ئەی خودایە، ئەوە چی بوو! چ  گەمەیەکی بوو، چ ئارەزوویەک بوو، چ دەستێک بوو! ئەوە دەستی کێ بوو وا ئێمەی گرمۆڵە کرد و وەک تۆپەڵێک خستینیە نێو چنگەکانی و تا تینی تێدا بوو بۆ ئێرەی تووڕداین. ئەوە کێ بوو؟ خودایە کێ بوو؟

نارنج: من کێم؟! نارنج تارماییەکی دیکەیە و رووی دەمی لە بۆشایییەکی بێکۆتایییە! دەزانم، زەینەت دەزانم ئەم پرسیارە چەشنی خۆر دەتپوکێنێتەوە و پیر و خەڕۆت دەکات.

زەینەت: بنیادەمی هەوەسباز هەر بە بۆن، بە بۆنی ئەو کوختە تەریک و لاپەڕە دەمان دۆزێتەوە، کە دوو تارماییی لێڵ لە خۆی دەگرێت، دوو تارمایی لە پشتی نارنج و زەینەتەوە دەیان ناوی تریان هەیە.

نارنج: کوختێک، لە دنیای دەرەوە جیایان دەکاتەوە، کوختێک لەنێو زەل و گژ و گیای نێوان ریزە دارخورمایەک خنکاوە. بنیادەمی ناجسن گەر مەیلی چونە ژوورەوەشی نەبێت،، ئەوا بە دەستی بەتاڵ ناگەڕێتەوە! بە پارچە گەچێک چەند وشەیەکی داماڵراو لەسەر دەرگا ژەنگاوییەکە دەنووسێت و دەڕوات.

(ڕووناکی سەر شانۆکە ڕەنگی سوورێکی خامۆش دەبێ.)

زەینەت: زەینەت، هێشتا هەر پەیکەرە کەڕ و ڵاڵ و خۆڵ لێ نیشتووەکەیت.

من کێم؟

(ڕەنگی ڕووناکییەکە دەبێتەوە بە زەردێکی خامۆش.)

(ئەنیمەیشنەکە دەردەکەوێتەوە، خانووی گوندێکە و لەسەر سەکۆی ناو حەوشەی خانووەکە دوو کیژۆڵە یاری دەکەن، دایک و باوکێک دەبینرێن، دەکرێت ئەم فیگورانە هەموو وەک باڵندە بن، پێکەوە بفڕن بە ناو چیا و دۆڵدا.)

نارنج: زەینەت، ئەو ڕازەی عەیامێکە لێم شاردوویتەتەوە، بەرگەی ناگریت. دەی خیرەتێ بدەرە بەر خۆت، دەی کچە گەرمیانییەکە بەرگەی ڕازێک بگرە، کە حەڤدە ساڵە کونا کون دەیگێڕم، دەی زەینەت لەگەڵ تۆمە، ئا تۆ زەینەت، ئەو زەینەتەی لە کۆچەک کۆچەکی خەیاڵەکانت، لە پشتی سەرحەد و لە هەناوی ئولفەت بەربوویتەتەوە.

(نارنج دەکەوێت و دەگریت، زەینەت قاپەکانی ناو تەشتەکە یەکە یەکە لەگەڵ هەر وشەیەکی نارنج دەشکێنێ.)

نارنج: هێە زەینەت، ئەوا منیش لەگەڵ درکاندنی ئەو ڕازە، بارێکی گران لە کۆڵم دەبێتەوە. هۆ خودا کەسەکەم کێ دەتوانێت حەڤدە ساڵ بارێکی قورس هەڵبگرێت و هاوار و ئۆفێک نەکات؟! لە من زیاتر کێ دەچێتە ژێر ئەو بارەوە؟ لە من زیاتر کام خەڵقندەی مێینە حەڤدە ساڵ بەرگەی زگێکی شەیتان ئاوس دەگرێت؟

زەینەب:

(دۆشەکە ئەسفنجەکان هەڵەوگێڕ دەکات و سەچەفەکان دەدڕێنێ.)

نارنج: ئاخر خودایە زەینەتێکی  تەمەن دوو ساڵ، لەپە گۆشتی باوک و دایک نەدیوت کردە ئەو نوتفە قورسە و لە رەحم و کۆڵ هەمێزی من جێگیرت کرد، من لە خوایشی تۆ لام نەداوە، هەر ئەو چرکەساتەی، کە زەینەت چەشنی گۆیەک لە باوەشی خەڵتان خوێن بووی ئولفەت پەڕی و کەوتە هەمێزی کچێکی ناباڵق و پاکیزەی وەک من، ئیدی من ئەو ئەمانەتەی تۆم وەک چاوەکانی خۆم پاراستووە. هەر لەو ساتەوەی سەی فەروخ کەوتبووە پێش سەدان سیما بیابانی و بەزمانێکی خۆمانە بانگی دەکرد: “هەی نمەک حەرامینە جیا ببنەوە، دڵە شڕەکان بە جیا و هەتیوویش بە جیا. دەی ماتەڵمان مەکەن.” ئا، هەر لەو کاتەدا دەنگی گولەیەک تێکەڵی دەنگی سەی فەروخ بوو، ئیتر کەس نەیزانی ئەوەی سەرحەد و ئولفەتی لەنێو خوێندا گەوزاند، هەر سەی فەروخ خۆی بوو، یان سیما بیابانییەکان بوو.

زەینەت:

(لە دواوە، کە ژوورەکەی کردووە بە وێرانە، هاوار دەکات.)

خودایە، تۆ قەڵەمی چارەنووسەکە بەدەست خۆتەوە بوو، ئەی بۆچی نووسیت: “گەرەکە ئەم  دوێتانە بکەونە دەست ئەم بێ مەزەبانە، گەرەکە بە ژەمێ تێر و بە سێ برسی… خودایە گەرەکە لەم دۆزەخەدا بەتەنیا بەجێمان بێڵی.”

نارنج: حەفتەیەک بە پاس و قەتار دنیایان پێ تەی کردین، دواجار لەم کەلاوە تەریکە بووینە بەردی بن گۆم! زەینەت گوێت لێمە؟

زەینەت: لەوە نیگەرانم لەو خەون و خەیاڵەتدا دایک و باوکی خوێن گەوزاوت دەبینی و من نا! ئێمە لەگەڵ کەلوپەلی ژوورەکەماندا جیا ناکرێینەوە. بووینەتە دوو تارمایی سەر بە هیچ چاخ و سەردەمێک نین.

(ژوورەکە تەواو تاریک دەبێت.)

 من هیچ نابینم، وەی ئەم تاریکییە هەناسەم توند دەکات.

نارنج: زەینەت ئەوە تۆ لە کوێیت؟

(لەپشتەوە دوو تارماییی زەبەلاح دەردەکەوێت جلی سپیان لەبەردایە، پرچیان درێژ و سپییە.)

نارنج و زەینەت: ئەوەتا بووینە دوو تارمایی سەر بەهیچ چاخ و سەردەمێک نین، نە نیشانەی ناسینەوەمان دیارە، نە سەر بە هیچ تیرەیەکین. 

(دەنگی شۆفڵ دێت، لەگەڵ قیژەو هاواری خەڵک. دەسڕێژی گولە، کۆمەڵێک تارماییی ژن بەرەو تاریکی دەڕۆن و لەنێو تاریکییەکەدا ون دەبن.)

(بە ئەنیمەیشن، شۆفڵێک کوخت و دوو تارمایییەکە دەبات.)

(تەنیا دەسرە تۆپەڵەکان ڕووناکییەکی کزەڵەیان لەسەرە.)

(هێدی هێدی لورەی سەگەکان نامێنن.)

 کۆتایی.

*ئەم شانۆنامەیەم لە چیرۆکی “من کێم”ی جەلیل کاکەوەیس-ەوە ئامادە کردووە، کە یەکێکە لە چیرۆکەکانی کتێبی (ڕاوە سێبەر)، لە ساڵی ٢٠١٨ لە خانەی موکریان بڵاو کراوەتەوە.