“ئەتمۆسفێری وێنە”

کەشوهەوا ئەم جۆرە ڕێکخستنەیە، کە هەستەکانمان بیر دەخاتەوە. بۆیە سەرکەوتووترین وێنەکان، ئەو وێنانەن کە کاردانەوەی هەستیاری دروست دەکەن. بەکارهێنانیان لە وێنەکانماندا، ئەگەری ئەوەی هەیە، وێنەیەک دروست بکەین، کە بە ڕاستی قسە لەگەڵ بینەر بکات. بە جۆرێک کە تۆنێکی هەستی ئاشکرا بگوازێتەوە لە وێنەدا، بۆیەش بایەخ و ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە فۆتۆگرافیدا.

خەڵک شێوازی کەشوهەوا لەگەڵ هەستە تایبەتەکانیان پەیوەست دەکەن، کەوایە زۆر گرنگە کە فۆتۆگرافەر هەوڵ بدات لەگەڵ کەشوهەوا کار بکات، بۆ دەستخستنی وێنەیەکی فۆتۆگرافیی جیاواز.

ڕوونە کە “کات و شوێن” دوو پێکهاتەن، بینەر زوو ڕادەکێشن و وا دەکەن پەیوەندییەکی خێرا دروست بێ لە نێوان چاو و هزری بینەر، لەگەڵ خودی وێنەکە.

زۆر ڕێگە هەن بۆ ئەوەی فۆتۆگرافەر بتوانێ کات و شوێنی وێنەیەک ڕێک وەک خۆی بگوازێتەوە. لێ قسەکە ئەوەیە تا چەند ڕێگەکان هونەرین و لایەق بەوەن؛ بینەر بوەستێنن.

ئەتمۆسفێری وێنە، باشترین بژاردەیە کە فۆتۆگرافەر بتوانێ کاری لەسەر بکات و لەم ڕێیەوە بینەر تێکەڵ بە هەمان هەست و دۆخی ئەو کات و شوێنە بکات، کە وێنەی تێدا گرتووە و لێیدا گرتووە.

چەند ڕێگەیەک هەن، بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بینەر، تا وایان لێ بکەین هەست بەوە بکەن کە ڕاستەوخۆ لەگەڵماندا وەستاون. لێرەدا “کات” و “شوێن” وەک دوو نموونەی زیندوو باس دەکەم:

کات

پێناسەی کات لە فۆتۆگرافیدا پێناسەیەکی ئاڵۆزە. چونکە لە کامێرادا مامەڵەکردن لەگەڵ کات، مامەڵەیەکی تەکنیکییە. دەتوانیت وێنەیەک بە کەمتر لە چرکەیەک بگریت، هەمان وێنە، دەتوانیت بۆ گرتنی سی چرکەت پێ بچێت. بۆیە لە فۆتۆگرفیدا کات بریتییە لەوەی ساتەکان لە کاتەکان دابڕین و وێنەیان بگرین.

هەندێک کات هەن، هەڵگری پەیام و لێکدانەوەی تایبەتن بە مرۆڤ، پێناسەی تایبەت و ئاماژەی دیاریکراوی بۆیان هەیە.

هەندێک کات بە نموونە:

(تەم)

 فۆتۆگرافەران، لە کاتە تەماوییەکان، تایبەت دەردەچن بۆ ئەوەی بتوانن وێنەیەکی کاریگەر و پڕ لە مانا بگرن. تەم، بژادرەیەکی زۆر باشە بۆ دروستکردنی نهێنی. هەروەها دەتوانێت ئاماژە بە تەنیایییش بکات.

(باران)

بە باران، دەتوانیت هەستێکی دڵتەنگ و خامۆش دروست بکەیت لە وێنەکەتدا. هەروەها ئامرازێکی زۆر باشە کە فۆتۆگرافەر بتوانێت لەم ڕێیەوە ڕیتم بۆ وێنەکانی دروست بکات بە شێوازێکی  سروشتی.

blank

(بەفر)

هیچ شتێک هێندەی بەفر، وا لە مرۆڤ ناکات هەست بە ئارامی بکات.

blank

(خۆر)

تیشکی خۆر دەتوانێت هەستی دڵخۆشی و گەرمی  دروست بکات. بە دەرکەوتنی تیشکی خۆر لە وێنەکەتدا، دەتوانیت ئەم هەستانە باشتر بگەیەنیت.

blank

(هەورەکان)

دیاردەی دروستبوونی پەڵەهەور لە ئاسمان، دیاردەیەکی سەرسوڕهێنەرە، هەمیشە کە سەیری ئاسمان دەکەین بە بوونی هەورەوە، جگە لەوەی سەرنجڕاکێشترە، شکۆی زیاترە. بۆیە دەکرێت ئەو سەنگینی و شکۆردارییە بخزێنیتە ناو وێنەکەت، وێنەکەت بەهای زیاتر بکات.

blank

(خۆرهەڵاتن و خۆرئاوابوون)

لەم دوو کاتەدا، ڕووناکییەکی نەرم بڵاو دەبنەوە، ڕووناکییەک بەرهەم دێت، کە درەوشاوەیەکی گەرم و جوانە. لەگەڵ بوونی کۆنتڕاستێکی سەرنجڕاکێش لەم کاتەدا، هەستێکی دراماتیکی بە وێنەکەت دەبەخشێت.

blank
blank

(نیوەڕۆی ڕۆژ)

خۆری نیوەڕۆی بەهێز، سێبەری قورس دروست دەکات. گەر ورد بینەوە لەو وێنانەی لە نیوەڕۆدا گیراون، بەهۆی جیاوازی توندی نێوان ڕووناکی و سێبەر، دەتوانیت حاڵە گرژ و ئاڵۆزەکان بگوازیتەوە. بۆ نموونە لە وێنەی پۆرترێتدا، دەکرێ ئەو سێبەرە چڕە وەک تەکنیک سوودی لێ ببینی بۆ شاردنەوە و ئاڵۆزکردنی هەندێک لایەنی نێو وێنەکە.

blank

(ئاسمانی ڕەش، یان خۆڵەمێشی)

ئەم جۆرە ڕەنگانە لە ئاسمان، نیشانەی توڕەیین. دەکرێ کەشێکی ترسناکیشیان پێ دروست بکەیت. یان حاڵەتێکی فریودەرانە! بە شێوەیەک کە مرۆڤ لە بەرانبەر ئەو ئاسمانە گەورە و توڕەیەدا، خۆی

وەک کائینێکی بچووک ببینێت.

blank

(مانگ)

مانگ زۆر لە شیعر دەچێت، تەنیا ئەوانە تێی دەگەن، کە سەری بۆ بەرز دەکەنەوە. کەوایە بوون و دەرکەوتنی مانگ لە ناو وێنەدا ئیمکانی نییە چاوی بینەر وەک موگناتیس ڕانەکێشێت. ئەو وێنانەی مانگیان تێدان جگە لە وێنەیەکی فۆتۆگرافی، پتر وەک وێنەیەکی ئەدەبییش دەبینرێن.

مانشانۆن ئێڵ دەڵێت: مانگ بۆیە زۆرینەی کات لە تاریکیدا دەژیت، بۆ ئەوەیەتی تا ببینێرێت.

blank

(تۆز و خۆڵ)

هەستێکی دڵتووندکەرە کاتێک دێیتە دەرەوە، دەبینی کەشوهەوا پیسە. نائومێد دەبیت لە دەرەوە، بینینی هیچ شتێک شادمانت ناکات. کەوایە دەرفەتێکی گونجاوە تا فۆتۆگرافەر لەم کەشەدا، وێنەیەکی خەماوی بگرێت.

blank

“شوێن”

شوێن، دەکرێ تەوەرێکی سەرەکی بیت لەو پەیامەی کە فۆتۆگرافەرەکە کاری لەسەر دەکات. یان دەکرێت بابەتێکی لاوەکی بێت. هەروەها دەتوانرێت یارمەتیدەر بێت لە بنیاتنانی گێڕانەوە لە وێنەدا، تا هاوکارێکی زۆر باشی بینەر بێت تا لە مەبەستی پشت وێنەکە تێ بگەن.

هەندێک شوێن بە نموونە:

یەکەم: هەندێک شوێن، دروستکەری هەستن. بە شێوازێک، هەستەکە بووەتە هەستێکی جیهانی.

بۆ نموونە: زۆربەی خەڵک، کەشوهەوای کڵێسا، بە ڕێزگرتنێکی بێدەنگ پەیوەست دەکەن.

blank

دووەم: نەخۆشخانە، یەکێکە لەو شوێنانەی کە هەمیشە ژینگەیەکی ڕەق و ترسناکی هەیە. بۆیەش هەمیشە ئیدیتۆرە جیهانییەکان، ئیدێتی ئەم جۆرە وێنانە بە ڕەش و سپی دەکەن. تا زیاتر ئەو هەستەی تێدا ببینرێ.

blank

سێیەم: کۆڵان و گەڕەکەکان.

دەرکەوتنی کۆڵانەکان و یاریکردنی منداڵان تێیدا لەنێو وێنەکاندا، مانا بۆ چیرۆکی وێنەکە زیاد دەکەن. هەر خۆی بینینی منداڵ، هیواخواستن و گەڕاوەنە و ئومێدی گەورەکانە.

blank

چوارەم: هەندێک شوێنی تر هەن، پەیوەندییەکی تایبەتیان لەگەڵ خودی فۆتۆگرافەرەکە هەیە، واتا دەکرێ زۆر کەسییش بن بۆی، بەڵام زۆر جار بیرەوەریی هاوبەش دروست دەکات لەگەڵ بینەراندا.

بۆ نموونە ئەم وێنەیە، ماڵی باپیرەمە، هەستێکی دڵخۆشانە و نۆستالژیا دەگوازێتەوە.

blank

پێنجەم: زانایانی دەروونزانی دەڵێن: یەکێک لە هۆکارەکانی دڵنەرمی، سەیرکردنی شوێنە ڕووخاوەکانە. سەیرکردنی دیمەنی دیوارە ڕووخا و داتەپیوو و دەڵزبردووەکان، گەڕانەوەیە بۆ نۆستالژیا.

blank

شەشەم: دارستانە چڕەکان.

دیمەنی دارستانەکان، ئەگەرچی دیمەنی سروشتی و ڕیاڵیستین، بەڵام کە لەوێ پرۆسەی بینین دەست پێ دەکات لەوێ، بینینەکە بینینێکی ئاسایی نابێت.

کاتێک تۆ لەژێر دارە بەرز و چڕەکان سەیری سەرەوە دەکەیت تا باڵای دارەکان ببینیت، هەستێکی سەیرت بۆ دروست دەبێت، وەک ئەوەی دارەکان بیانەوێت بڕۆن و ئەو شوێنە جێبێڵن.

ئەگەر بە پێچەوانەوە لە سەرەوە بڕوانیتە دارەکان، وا هەست دەکەیت تۆ دەتەوێ بڕۆیت و بەرز بیتەوە.

blank

حەوتەم: کەنارەکان

قەراغ ئاوەکان، لە ئازادترین شوێنەکانی دنیان کە مرۆڤ تێیدا هەست بە ئازادی بکات. یەکێکە لەو شوێنانەی مرۆڤ دەگەڕێنێتەوە بۆ ناوەوەی خۆی.

blank

هەشتەم: بیابان

مرۆڤ کە گوێی لە وشەی بیابان دەبێت، چۆڵی، تێنوێتی، زریان و ڕەشەبا دێتە خەیاڵی. بینینی وێنەی بیابان، هەستێکی تاقەتپڕوکێنە، بێ ئومێد دەبیت و هیلاک…

blank