شاعیری شار، سه‌رده‌می پیشه‌سازی، چین و توێژه‌كان
پاریسی پیر چیتر نییه ( فۆڕمی شار، مه‌خابن! خێراتر له دڵی مرۆڤ ده‌گۆڕێت(
له زه‌ینمدا ته‌نیا كه‌مپی كابینه‌كان ده‌بینم
زۆری سه‌قفه ته‌واونه‌كراوه‌كان و گنه‌داره‌كان
گیاكه‌ڵه[1]و گابه‌رده له‌گیاداپۆشراوه‌كانیی نێو چاڵئاوەكه و[2]
شڕوشیتاڵه ئاڵۆزكاوه‌كان كه له‌سه‌ر كاشییه‌كان ده‌دره‌وشێنه‌وه[3]
بۆدلێر شاعیری مه‌زنی شاره. ئه‌و ناوه‌ڕۆكی شیعره‌كانی له سه‌رده‌می ئێستا و ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییه بنه‌ڕه‌تییه‌ی كه زاڵه‌به‌سه‌ریدا وه‌رده‌گرێت، شاری گه‌وره‌ش ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ته‌واوی دونیای سه‌رده‌می نوێیه، شوێنێكی “قه‌ره‌باڵخ” و “پڕله‌خه‌ون” له‌گه‌ڵ ئه‌و تارمایییانه‌ی كه له ڕۆژی ڕووناكدا چنگاوشی[4] ڕێبواران ده‌كه‌ن”. لێره‌دا چیتر باس، باسی گوڵ و باخچه و كه‌ژ و ده‌شت نییه، ته‌نانه‌ت باسی دیمه‌نه دڵگیره شاعیرانه‌كانیش. له شیعری “ئه‌نگۆره‌دا[5]” بۆدلێر وێنه‌یه‌ك له ناشیرینییه‌كانی شار ده‌نه‌خشێنێت:
له‌شفرۆشی شه‌قامه‌كان ڕووناك ده‌كاته‌وه
له‌شفرۆشی وه‌ك مێرووله گشت شوێنه‌كانی هاتووچۆی ده‌كاته‌وه
له‌شفرۆشی له هه‌موو شوێنێك ڕێگایه‌كی نهێنی ده‌كاته‌وه
وه‌ك دو‌ژمنێك ده‌ستی هاوكاری بۆ ببا
له‌شفرۆشی له هه‌ناوی ئه‌م شاره‌چڵپاوه خۆی ده‌له‌قێنێ
وه‌ك كرم له مرۆڤی ده‌دزێ ئه‌و شته‌ی كه ده‌یخوا
بۆ بۆدلێر پاریس پایته‌ختێكی كۆنه كه به هه‌ڵاتنی خۆر چالاكییه تاقه‌تپڕووكێنه‌كانی ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه:
كازیوه‌ی له‌رزۆك به كراسی سوور و سه‌وزه‌وه
له‌سه‌رخۆ به‌ره‌و ڕووباری چۆڵی سێن مل ده‌نێ
پاریسی تاریك چاو هه‌ڵئه‌گڵۆفێ
كه‌ره‌سته‌كانی به‌ده‌ست ده‌گرێت، پیره‌مێردی ئیشكه‌ری چالاك[6]
بۆدلێر به گۆڕانكاری له وێنه‌ی هه‌ژاری و ناشیرینی كه له شاری گه‌وره‌دا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه تا ئاستێكی سوریالی به‌رز ده‌كاته‌وه. دیمه‌نه‌كانی شار، كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی دونیای مۆدێرنن، به‌و گۆڕانه‌ی كه شاعیر ده‌یكات ده‌بنه دونیایه‌كی تر. هه‌ڵبه‌ت له‌و سه‌رده‌مه‌ی كه بۆدلێر تێیدا ده‌ژیا گۆڕان و گۆڕانكاری له ڕه‌هه‌ندێكی تره‌وه له پرۆسه‌ی گۆڕانی شاری سه‌ده‌كانی ناوه‌ڕاست بۆ شاری مۆدێرن ڕوویدا.
ئه‌و پاریسه‌ی كه هه‌وێنی ئافراندنی باشترین به‌رهه‌مه‌كانی بۆدلێر بوو، به تایبه‌ت په‌خشانه‌شیعره‌كانی له كۆبه‌رهه‌میی “وه‌ڕه‌سییه‌كانی[7]“دا، په‌یوه‌سته به سه‌رده‌مێكه‌وه كه “جۆرج ئۆژن هۆسمان” به فرمانی ناپلیۆنی سێیه‌م، پاریسی به‌پێی به‌رنامه‌یه‌كی دیاریكراو و به مه‌به‌ستی به مۆدێرنكردنی شار، سه‌ره‌تا ڕووخاند و دواتر سه‌رله‌نوێ دروستی كردەوه. هۆسمان كۆمه‌ڵه بوولڤارێكی[8] فراوانی له ناوه‌ڕاستی به‌شه كۆنه‌كه‌ی شاردا دروست كرد كه بڕیار بوو ئه‌م بوولڤارانه ڕۆڵی شاده‌ماره سه‌ره‌كییه‌كان له سیستمی شاردا ببینن. دروستكردنی ئه‌م بوولڤارانه، ڕووخاندنی ته‌واوی ناوچه له‌چینكۆدروستكراوه‌كان و زۆرێك له بیناكان، ئاواره‌بوونی دانیشتووانه‌كانیان و لەو‌ناچوونی هه‌ندێك له گه‌ڕه‌كه كۆنه‌كانی شاری لێ كه‌وته‌وه، ئه‌مه‌ش بووه هۆكاری تێكشاندنی ئه‌و په‌ڕژینه‌ی كه تا ڕاده‌یه‌ك به چوارده‌وری جیهانه هه‌ژارنشینه‌كانی شاردا كێشرابوو. به‌م شێوه هه‌ژاره‌كان بۆ یه‌كه‌مجار به‌ره‌و به‌شه‌كانی تر شار ڕۆیشتوون و هه‌نگاویان نایه نێو ئه‌م میوانی و خوانه تازه‌یه‌وه. له هه‌ردوو به‌ری گه‌ڕه‌كه‌كاندا، فرۆشگا و نووسینه‌گه‌ی بازرگانی و بینای شووشه‌یی و چه‌نده‌ها ڕێستۆران و كافتریا به چرا و گڵۆپی غازی و دره‌وشانه‌وه فریوده‌ر و ڕازاوه‌یییه سیحرئاساكه‌یان دروست بوون، ئیدی به‌م شێوه‌یه ژیانی شه‌وانه‌ی پاریس له‌گه‌ڵ شانۆكان و جوانكارییه‌كانی و عه‌یش و نۆشه‌كانی شه‌وانه‌ی ده‌ستی پێ كرد و خوو و خولیای خه‌ڵكی به‌ره‌به‌ره تووشی گۆڕان كرد. ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م وێنه و دیمه‌نانه به چه‌ندین جار له به‌رهه‌مه‌كانی بۆدلێردا به‌دی ده‌كه‌ین. بۆ نموونه له‌م پارچه‌یه‌ی “چاوی هه‌ژاران[9]“دا وه‌سفی دیمه‌نه درهوشاوهكهی شار به‌م شێوه‌یه‌یه:
بوولڤارێكی پڕ له داروپه‌ردوو كه شكۆی خۆی له كافتریایه‌كی نوێ‌دا ده‌خاته ڕوو. شه‌وقی ڕووناكی به د‌ره‌وشاوەیییه‌وه دیمه‌نێكی شكۆمه‌ندی دروست كردووه… ڕووناكییه‌ك كه به هه‌موو هێزیه‌وه سپیایییه به‌رچاوه‌كه‌ی دیوار و ئاوێنه گه‌وره‌كان و پێچوخواری سه‌قف و ئاوێنه‌كان ئاشكرا ده‌كات…[10]
خستنه‌ڕووی ئه‌م دیمه‌نانه له‌گه‌ڵ وه‌سفی ڕازاوه‌یی به‌رچاوی فه‌زای نێو كافتریاكان له‌گه‌ڵ وێنه و په‌یكه‌ری زۆری خواوه‌نده‌كان، خواوه‌ندی ژن، ساقییه‌كان، باز و تانجییه‌كان پێكه‌وه ته‌واو ده‌كرێت. دواتر ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌م دیمه‌نه ڕازاوه و پڕله‌شكۆیه له‌نێو چاوی حه‌په‌ساو و ساكاوی ماڵباتێكی هه‌ژاری شڕپۆش ده‌بینین كه به نیگا حه‌په‌ساو و واقوڕماوه‌كه‌یان، ده‌ڕواننه ئه‌م جیهانه دره‌وشاوه. نه ڕق و كینه و تووڕه‌یییه‌كیان له دڵدایه نه یاخیبوونێكیان له مێشكدایه، ته‌نیا ده‌یانه‌وێت ئه‌وانیش له‌م خوان و میواندارییه بێوێنه‌یه ئاماده بن و به‌شێكیان هه‌بێت له‌م هه‌موو نووره فریوده‌ر و دڵڕفێنه.
شار له زاتی نووسینی بۆدلێردا، ئاماده‌بوونێكی جیدی هه‌یه و به‌شێكی جیانه‌كراوه‌یه له تانوپۆی نووسینی ئه‌و. ئه‌و به كتێبێكی شیعری لیریك وه‌ڵامی هه‌موو گۆڕانه گه‌وره كۆمه‌ڵاییه‌تییه‌كان و گۆڕانی بیناسازی شار ده‌داته‌وه كه له سه‌رده‌می خۆیدا ڕوو ده‌دات و، هه‌موو ناوه‌ڕۆكه په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌م گۆڕانانه، له خه‌م و دڵگیری نامۆ و سه‌یری شاری نوێ، هه‌مووی به ته‌نیا له‌م كتێبه بچووكه به‌ڵام به‌نرخه‌دا شوێن ده‌كاته‌وه. شاعیر ڕوو له هه‌رچی شتی ئاشنا و باوه وه‌رده‌گێڕێت. چه‌ند وشه‌یه‌كی وه‌ك ڤاگۆنی ئه‌سپ، تراموا، چرا و گڵۆپی غازی بۆ یه‌كه‌مجار له قامووسی شیعره‌كانی بۆدلێردا به‌دی ده‌كه‌ین. پۆل كلودل[11] هه‌ر له سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه شیعری بۆدلێر به پێكهاته‌یه‌ك له شیعری ڕاسین[12] و په‌یامهێنه‌ری ده‌زانێت.
پرۆژه و پێكهاته‌ی نوێی پاریسی گه‌وره، فه‌زایه‌كی دروست كرد بۆ كۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵكانێكی زۆر و به‌ركه‌وتنی تایبه‌تی نێوانیان و دروستبوونی په‌یوه‌ندیی ناكۆتای نێوانیان، كه ئه‌م شتانه ته‌نیا له نێو ئەم فه‌زایه‌ی شاردا ده‌سته‌به‌ر ده‌بوو. به‌م شێوه‌یه بوو كه چه‌مكی چین و توێژه‌كان له سه‌ر بنه‌مای ڕووخساری شار دروست بوو و بووه یه‌كێك له ناوه‌ڕۆكه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی شیعری بۆدلێر. چین و توێژه‌كان له شیعری بۆدلێردا مه‌به‌ست چینێكی تایبه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی نییه به‌ڵكوو ڕه‌نگدانه‌وه‌ی چین و توێژێكی بێ فۆرمن له ڕێبواران و پیاسه‌كه‌ران و خه‌ڵكانی سه‌ر شه‌قام، دانیشتووانێكی زۆر له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی بۆدلێر هه‌رگیز خۆی له بوونی ئه‌واندا بێبه‌ری ناكات به‌ڵام به تایبه‌ت باسی هیچكامیشیان ناكات.
بۆ بۆدلێر شار نه ڕه‌هه‌ندێكی عاتیفی هه‌یه و نه تایبه‌ته‌مه‌ندییه‌كی ڕاسته‌قینه و دڵڕفێن، به‌ڵكوو شوێنی هاتووچۆی لێقه‌وماوان و به‌دبه‌خته‌كان و نائومێدان و كوێره‌كان و پیره‌ژنه ناشیرینه‌كانی نێو قومارخانه‌كانه. قسه‌ی ئه‌و ڕووی له “دایكێكی جه‌رگ سووتاوه” ئیتر “له‌شفرۆش بێت یا قه‌دیس”، ڕووی ده‌می له‌وانه‌یه كه كه‌س نایانناسێته‌وه ئه‌گه‌رچی “هێشتا ڕۆحیان تیاماوه”، ڕووی ده‌می له “تارمایییه‌كی لاواز و تێكشكاوه”، له‌وانه‌ی “له نێو فرمێسكدا تێراو” ده‌بن و “له مه‌مكی ده‌ڵه‌گورگی میهره‌بان ئازار ده‌مژن”، بۆ ئه‌و “هه‌تیوه له‌ڕولاوازانه‌یه كه وه‌گ گوڵ ده‌ژاكێن” بۆ “ئه‌و ژنه ڕه‌شه لاواز و داهێزراوه‌یه”، بۆ “مێشكی مرۆڤه‌كان”، بۆ “زیندانییه‌كان، شكستخواردووه‌كان…. و بۆ زۆرێكی تریش!”
لێره‌دا بۆدلێر له‌گه‌ڵ زۆرێك له هه‌ژاران و نائومێده‌كان هاوسۆزی ده‌رده‌بڕێت و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی وێنه‌ی ئه‌وان له ڕۆحی خۆیدا به‌دی ده‌كات. به سه‌ره‌نجدان بۆ كوێره‌كان، به خه‌مه‌وه بیر له‌م نوقسانییه‌ی ئه‌وان ده‌كاته‌وه و گله‌ییی ئه‌وه له شار ده‌كات كه “تا ئاستی سته‌مكاری فریوی چێژی خواردووه”، ئه‌مه ده‌ڵێت و پێده‌كه‌نێت و نه‌ڕه ده‌كات. ته‌نانه‌ت ڕووی ده‌می له ته‌رمێك ده‌كات كه هه‌ڵیانواسیووه و هاوخه‌می خۆی وا باس ده‌كات:
له‌سێداره‌دراوی گاڵته‌جاڕ، ئازاركانت هی منن!
له سیمای ئه‌ندامه‌كانت
وه‌ك ڕشانه‌وه‌یه‌ك كه هه‌ڵده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ لای ددانه‌كانم
هه‌ستم به
ڕووباری درێژی تاڵاوی ئازاره دێرینه‌كان كردبوو![13]
به‌زه‌یی و هاوسۆزییه‌ك كه له قووڵاییی ڕۆحی شاعیره‌وه هه‌ڵده‌قووڵێت، له شارێكی لێوان‌لێو له پاشماوه و زبڵی مرۆیی، هه‌ستی “هاوسۆزییه‌كی به ئازار” له ئه‌ودا به خه‌به‌ر دێنێت كه ڕه‌نگدانه‌وه‌ی له شیعره‌كانییدا، له ڕاستیدا كاریگه‌ره و بیرهێنه‌ره‌وه‌ی سۆز و عاتیفه‌یه‌كی مرۆیی و پاكه.
من برین و چه‌قۆم
زلله و ڕوومه‌تم
زنجیر و كه‌ره‌سته‌ی ئه‌شكه‌نجه‌م
قوربانیم و ئه‌شكه‌نجه‌ده‌ر
له نێو دڵی خۆمدا ئه‌و خوێنمژه‌م
یه‌كێك له‌و ئاواره گه‌ورانه‌م
كه مه‌حكوومی پێكه‌نینێكی سه‌رمه‌دین و
ناتوانن زه‌رده‌خه‌نه بكه‌ن.
بۆدلێر به هەمان شێوه له‌و بڕگه شیعره‌ی “چین و توێژه‌كان”دا باسی ده‌كات، شاعیر به هه‌ڵگری به‌هره‌یه‌كی ناوازه ده‌زانێت كه ده‌توانێت ڕۆ بچێته نێو به‌رگی هه‌ر دیارده‌یه‌كه‌وه كه بیه‌وێت و شێوه و حاڵه‌تی خۆی بگۆڕێت و به‌م شێوه‌یه له سێڵاوی پڕ له شه‌پۆلی چین و توێژه‌كاندا به ئاسانی قووت بخواته‌وه.[14]
شاعیر خاوەنی ئه‌و پله ناوازه‌یه كه ده‌توانێت به‌پێی ویستی خۆی هه‌م خۆی بێت و هه‌م ئه‌وی تریش. هاوشێوه‌ی ئه‌و ڕۆحه سه‌رگه‌ردانانه‌ی به‌دوای جه‌سته‌یه‌كدا ده‌گه‌ڕێن، شاعیر ده‌توانێت هه‌ركاتێك بیه‌وێت ڕۆبچێته نێو هه‌ركه‌سێكه‌وه كه خۆی ده‌یه‌وێت. بۆ شاعیری ته‌نیا، هه‌موو شوێنێك به‌تاڵه. ئه‌گه‌ر شوێنێكیش له به‌رانبه‌ریدا داخرا بێت هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه تیپه‌ڕین به‌وێدا هیچ نرخێكی بۆی نییه. ڕێبواری ته‌نیا و نوقمبووی نێو بیركردنه‌وه، له‌م هاوسۆزییه جیهانگره ده‌گاته سه‌رمه‌ستییه‌كی تایبه‌ت. له‌وێدا كه له‌گه‌ڵ هه‌مووان ببێت به یه‌ك، له چه‌ند چێژێكی تاهێنه‌ر تێده‌گات، كه كه‌سێكی خۆپه‌ره‌ستی وه‌ك سندووق داخراو، یان كه‌سێكی ته‌مه‌ڵی وه‌ك گیاندارێكی لیق و نه‌رم و گۆشه‌گیر، تا ئه‌به‌د بێ به‌شه له‌م شتانه. ئه‌و هه‌موو ئیش و كاره‌كان و هه‌موو چێژ و ڕیسوایییه‌كان كه ڕه‌وتی ڕووداوه‌كان دروست ده‌كه‌ن ده‌كات به هی خۆی.
ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی به عه‌شقی ده‌زانن، زۆر بچووك و سنووردار و هیچه به به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌رزه‌بوونه وه‌سف نه‌كراوه، له‌گه‌ڵ ئه‌م سۆزانیبوونه پیرۆزه‌ی ڕۆح، كه خۆی به ته‌واوه‌تی له قاڵبی شیعر و چاكه ته‌سلیمی هه‌ركه‌سێك ده‌كات كه كه‌مجار خۆی ده‌رخات یان بێگانه‌یه‌ك.
بۆدلێر له شیعری جوان و به‌ناوبانگی “بۆ ژنه ڕێبوارێك”، عه‌شقێكی ڕاگوزه‌رمان پیشان ده‌دات كه له به‌ركه‌وتنێكی كتوپڕدا چه‌خماخه ده‌دات، ده‌دره‌وشێته‌وه و گڕ ده‌گرێت و دواتر نامێنێت. عه‌شقێكی به‌م شێوه‌یه ڕه‌نگه ته‌نیا له قه‌ره‌باڵخی و هه‌راوهوریای شارێكی گه‌وره‌دا بشه‌كێته‌وه. چڕی دانیشتووان له شیعری بۆدلێردا وه‌ك په‌رده‌یه‌كی جووڵاوه كه شاعیر له نێو چرچ و لۆچه‌كانیدا له پاریس ده‌ڕوانێت. له شیعری “ژنه ڕێبوارێك”دا ئه‌گه‌رچی ئاماژه‌یه‌كی ڕاسته‌خۆ بۆ دانیشتووان یان شار ناكرێت به‌ڵام له ڕاستیدا سروشتی دانیشتووان و چینوتوێژهكانی شاره كه گوڕ و جموجۆڵ به شیعره‌كه ده‌به‌خشێت، هاوشێوه‌ی بایه‌ك كه چارۆكه‌كه ده‌جووڵێنێت:
شه‌قام پڕله ژاوه‌ژاو به چوارده‌ورم ده‌ینه‌ڕاند
به‌رز، باریك، له پرسه‌ی ئازارێكی شكۆدار
تێپه‌ڕی ژنێك كه به‌ده‌ستی ڕازاوه‌ی
دامێنه نه‌خشینه‌كه‌ی ته‌نووره‌كه‌ی هه‌ڵده‌كرد
……………………………………………..
برووسكه و ڕووناكییه‌ك ………. پاشان شه‌و! ــ جوانییه‌كی هه‌ڵاتوو
نیگای له ناكاو سه‌رله‌نوێ زیندووی كردمه‌وه
ئایا جارێكی تر له ئه‌به‌دیه‌تدا ده‌تبینمه‌وه؟[15]
سه‌رچاوه:
“جنون هوشیاری”، داریوش شایگان، موسسه فرهنگی پژوهشی چاپ و نشر نظر، تهران، چاپ سوم 1395، ص‌ص. 75 – 81 .
[1] گیای هه‌رزه
[2] چاڵی سه‌ر شۆسته وشه‌قام كه ئاوی تێدا بوه‌ستێت.
[3] خوێنه‌ری به‌رێز هه‌موو ئه‌و شیعرانه‌ی بۆدلێر كه له‌م ده‌قه‌دا هاتووه، ڕاسته‌وخۆ له فره‌نسییه‌وه وه‌رمگێراون نه‌ك له سه‌ر وەرگێڕانە‌كه‌ی داریۆش شایگان، هۆكاره‌كه‌شی ئه‌وه‌یه كه له هه‌ندێك شوێن سه‌لیقه و له هه‌ندێك شوێنیش هه‌ستم به‌وه كردووه وه‌رگێرانه‌كه‌ی شایگان ئافراندنه‌وه و نزیكردنه‌وه بووه له شیعری فارسی. بۆیه ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌قه فارسییه‌كه‌دا جیاوازی له شیعره‌كاندا هه‌بوو هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌م دوو بابه‌ته.
[4] چنگاوش، واته ده‌ست و چنگ بۆ كه‌سێك ده‌وه‌شێنێت یان دوو كه‌س كه ده‌ستیان له یه‌خه‌ی یه‌كتر گیر ببێت، وشه‌كه ، وشه‌یه‌كی ڕه‌سه‌نی كوردییه و له گه‌رمیان به‌كاردێت.
[5] Le Crépuscule du soir
[6] Le Crépuscule du matin
[7] Le spleen de Paris ئه‌م به‌رهه‌مه هه‌موو په‌خشانه شیعره‌كانی بۆدلێر له خۆ ده‌گرێت.
[8] boulevard له بیناسازی شاردا به‌و شوێنه ده‌وترێت كه چوار شاڕێگه‌ی سه‌ره‌كی یان زیاتری ده‌كه‌وێته سه‌ر و به چوارده‌وریدا باخچه هه‌یه و بیناكان له‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری به درێژی و یه‌كئاستی دروست كراون و كافتریاكانیش له ڕوكنه‌كاندا دروست كراون، كه له شیعری بۆدلێردا زۆر به‌ری ده‌كه‌وین، له كوردیدا هیچ ناوێكم بۆی نه‌دۆزییه‌وه بۆی به‌م شێوه‌یه وه‌ك خۆی دامنایه‌وه.
[9] les yeux des pauvres
[10] له‌م بڕگه‌یه‌ی كه داریۆش شایگان له “وه‌ڕه‌سییه‌كانیی پاریس ” هه‌ڵیبژاردووه چونكه مه‌به‌ستی پیشاندانی ئه‌م دیمه‌نه‌یه به جۆرێك تێكه‌ڵ و پێكه‌ڵی كردبوو كه من نه‌مده‌توانیی ڕاسته‌وراست له فره‌نسییه‌كه بیكه‌م، چونكه ئه‌م كافتریایه له لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی هه‌ژاره‌وه سه‌رنج ده‌درێت و شایگان لێره حیكاتخوانی په‌خشانه شیعره‌كه و بڕگه‌كانی گۆرێوه بۆیه وه‌ك خۆی كه‌م به ده‌ستكاری و سه‌ره‌نجدانی بۆ ده‌قه‌كه بێ ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی شایگان بگۆرم دامناوه.
[11] paul claudel (1868-1955)
[12] ژان ڕاسینی شاعیری سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌یه‌می فره‌نسا.
[13] Un Voyage à Cythère
[14] كه‌وتنه ژێر ئاو و قووتخواردنه‌وه له ئاودا.
[15] À une passante