گەڵایەک کەوتە سەر کۆشی تەنیایی
ئەمە چیرۆکی درەختێکە
بۆ پایزی دەگێڕێتەوە.
گەرووێک ملی بە تەورداسێک پەڕێندرا
ئەمە چیرۆکی گۆرانییەکە
بۆ ئازادی دەگێڕێتەوە.
تیشکێک لە نێو درزی دیوارێکدا خنکا
ئەمە چیرۆکی تاریکییە
بۆ کوێرێکی دەگێڕێتەوە.
فوویەک با بردی
ئەمە چیرۆکی ئاگرێکە
بۆ نەوەکانی دەگێڕێتەوە.
دوو دڵۆپ فرمێسک
خەونی کەسێک دەخۆن
ئەمە چیرۆکی دڵێکە
بۆ مەعشووقەکەی دەگێڕێتەوە.
هاوارێک بە شاخێکدا هەڵدێرا
ئەمە چیرۆکی نزایەکە
بۆ خودای دەگێڕێتەوە.
لێوێک ماچێکی دۆشی
ئەمە چیرۆکی ژنێکە
بۆ پاکیزەیی خۆی دەگێڕێتەوە.
پەیڤێک ملی بە پەتی قەڵەمێکەوە هەڵواسرا
ئەمە چیرۆکی شیعرێکە
بۆ شاعیرێکی دەگێڕێتەوە.
ئەی منی بێچارە
چیرۆکی خۆم بە کێ بگێڕمەوە؟