ژنەفتن ژنەفتن
شیعر

دوو شیعر لە “سوعاد سەباح” خانمە شاعیری کوەیتی

١

زۆر سادە بانگم کە

من وەک زمانی عەرەبی

لە ڕاستەوە بەرەو چەپ بانگ مەکە

من وەکوو زمانی لاتین

لە چەپەوە بۆ ڕاست بانگ مەکە

من وەکوو زمانی چینی

لە سەروە بۆ خوار بانگ مەکە

زۆر سادە و ساکار بانگم کە

هەروەک چۆن هەتاو

 بانگی گوڵ و گیا دەکات

و چۆلەکە

 بانگی لاپەڕەی گوڵ!

تۆ یەکەم ڕووناکبیری کە

خۆشەویستی بە مەسەلەیەکی نەتەوەیی و ئەتنی نازانی

و تەختی جێخەوەکەتت

نەکردۆتە تریبوونێک بۆ درووشمدان


باش دەزانم کە من یەکەم ژنی ژیانتم

بەڵام ئەو شەیتانەی هەموو ڕۆژێ لەگەڵمان قاوە دەخواتەوە

یەکسەر هانم دەدا

پرسیارت لێ بکەم

ئەی دووەم ژن کێیە؟

٢

کێشەی گەورەی تۆ ئەمەیە

کێشەی گەورەی تۆ ئەمەیە، هاوڕێم!

 یادگەت کردۆتە کۆگای

بیروبڕوای ڕزیو

و وشەی کۆن
و هەموو ئەو شتەی لە باوکت وەک میرات ماوەتەوە بۆت
لە مەیل بە ملهوڕی
و تاسەی دەسەڵات بگرە

هەتا ژنی زۆر!

کێشەی گەورەی تۆ ئەمەیە

کە بە پێچەوانەی قسە مۆدێڕنەکانت

خۆت مودێڕن نیت و

بە پێچەوانەی بانگەشەکانت

هی ئەم سەردەمە نیت و

بە پێچەوانەی سەفەرە زۆرەکانت

هێشتا دەوارەکەتت بەجێنەهێشتووە.

کێشەی گەورەی تۆ ئەمەیە

ئێستایش هەر ئاغا و خانی

لە ڕۆژگاری ڕزگاریدا

و هۆشت بە لای عەشیرەتەکەتەوەیە

لە ڕۆژگاری ئازادیدا

هەوساری وشترەکەت جەڕاندووە لە دەستت

لە ڕۆژگاری شەڕی ئەستێرەکاندا

کێشەی گەورەی تۆ ئەمەیە

ئەوەندەی پووشێک

نارسیزمی مێژووییت لێ نەبۆتەوە

بانگی ژنان دەکەی لەگەڵت سەما بکەن

بەڵام لەگەڵ خۆت هەڵدەپەڕی

لەگەڵ پرۆفیسۆرەکاندا هەڵس و نیشت دەکەی

بەڵام چاوت تەنیا هەر خۆت دەبینێ

کێشەی گەورەی تۆ ئەمەیە

تۆ بەربەستێکی لە بەردەم خۆشەویستیدا

 لە بەر پێی شیعردا

 لە بەرۆکی میهرەبانیدا

لەو کاتەوە دەتناسم

تەنیا ڕۆچنەیەکت نەکردۆتەوە بۆ هەتاو

و باڵگرتنەوەی چۆلەکەکان.

کێشەی گەورەی تۆ ئەمەیە

کتێب دەکڕی بەڵام نایخوێنیتەوە

دەچیتە مۆزەخانەکان

بەڵام یەکگرتنەوەی هێڵ و ڕەنگەکان ناتورووژێنێ

لە گرانترین هۆتێلەکان ژوور دەگری

بەڵام ژیان ناکەی

ژنەکانت دەگۆڕی

هەر وەک جلەکانت

و کراواتەکانت

مامەڵەت لەگەڵ خۆشەویستی

وەک دەرهێنانی پێڵاوەکانتە

کێشەی گەورەی تۆ ئەمەیە

کە ئەوەی لە خۆشەویستی دەیزانی

ئەوەیە لە هەزار و یەک شەو فێر بووی و بەس

کەوایە بەردەوام بە!

مێشکە بەردینەکەت بپارێزە

منیش هەموو هەوڵم بۆ ئەوەیە

ڕۆبۆتێک عاشقم بێ.

وەرگێڕانی: سەعادەت کوردستانی
دەربارەی نووسەر
وەرگێڕانی: سەعادەت کوردستانی
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە