ژنەفتن ژنەفتن
شیعر

کرانەوە

نووسەر موحسین عیمادی
وەرگێر لە ئیسپانییەوە: ژیار هۆمەر

موحسین عیمادی شاعیر و وەرگێڕ و نووسیار و دەرهێنەرێکی مازەندەرانییە. ساڵی ١٩٧٦ لە گوندی ئەمرەی سەر بە شاری ساری لە باکووری ئێران هاتووەتە دنیاوە. ئەندازیاریی کۆمپیوتەری لە تاران خوێندووە، ماستەری هونەر و فەرهەنگی دیجیتاڵی لە فینلەندا و دکتۆرای ئەدەبی بەراوردکاری لە مەکسیک وەرگرتووە. خاوەنمافی بڵاوکردنەوەی دیجیتاڵیی کۆبەرهەمی ئەحمەد شاملووە. ساڵی ٢٠٠٣، یەکەمین دیوانی بە وەرگێڕانی کلارا خانێس لە ئیسپانیا بڵاو بووەتەوە. تا هەنووکە ١٠ کۆمەڵەشیعری نووسیوە و نموونەی بەرهەمەکانی بۆ سەروو دووانزە زمان وەرگێڕدراوە. ڕێژەیەکی بەرچاوی شیعریشی بۆ فارسی و ئیسپانی وەرگێڕاوە. ساڵی ٢٠١٦، لەگەڵ ئارتورۆ لۆیێرا، چەند شیعرێکی کوردی لە فارسی و ئینگلیزییەوە بۆ ئیسپانی وەرگێڕاوە و پێشکەشی کچانی کۆبانی کردووە. شیعرێکی درێژیشی بە یادی فەرزاد کەمانگەر نووسیوە و بۆ هەشت زمان وەرگێڕدراوە؛ شرۆڤەی خاتوو سارسما بۆ ئەم شیعرە، ساڵی ٢٠١٩، پاڵێوراوی سەرەکیی خەڵاتی باشترین وتاری ئەکادیمیی فینلەندا بووە. موحسین عیمادی براوەی مەدالیای شانازیی سندووقی جیهانیی شیعر و خەڵاتی ئەنتۆنیۆ ماچادۆ و خەڵاتی جیهانیی شیعر لە ئیسپانیا بووە، هەروەها لە فەڕەنسا، مەکسیک، ئەمریکا، هۆڵەندا، ئەڵمانیا، پورتوگال، بەرازیل و فینلەندا میوانی چەندین فیستیڤاڵ و کۆڕی شیعری بووە. هەنووکە نیشتەجێی مەکسیکە. پەخشانەشیعری «کرانەوە»ـی بە ئیسپانی نووسیوە و بە ئاگاداریی خۆی وەرگێڕدراوە.

blank

کرانەوە

موحسین عیمادی

لە ئیسپانییەوە: ژیار هۆمەر

دەهزریم لە ژوورۆچکەیەکی هێلسنکیین و خزاومەتە ئامێزتەوە؛ حوزەیرانی ساڵێکی نەزانراوە. ئەسپی سرک لەسەر دیوارەکانی سمکۆڵانیانە. کەشەکەیشی هەر هاوینە. ڕۆژانە لەو ژوورەدا وەرز دەگۆڕا: ئەو ڕۆژەیان پاییز بوو و ڕامدەمووسییت. لێوت تامی خۆکوشتنی دەدا و هەناسەیشت بەرامەی ماڵاواییی ئێجگار دوورودرێژی دەدایەوە. دەستم دەژەندە هەموو شتێک و تینووی لاواندنەوە بووم. باڵاخانەکە بووە بنکی زەریایەکی کەیلی کەشتیی نوقم. ئەم کەڤری هەڵدەگرت، ئەو چەکی کەونارا، ئەویدی بارووت. دەهزریم لە ژوورۆچکەیەکی هێلسنکیین. ماچومووچ، وێنەی زەریای سڕاوەی سەر نەخشەیش لە ناخمدا دەنەخشایەوە. شوێنێک بانگی دەکردین. کەس پێ ناخاتە سەر هیچ خاکێک مەگەر خاکەکە بانگی بکات. ئەوەی لەو ژوورەدا بانگی دەکردین دەشێت زەریایەکی نەناسراو بووبێت. دەشێت منداڵیم بووبێت و دەستلەناودەست لای کەنداوەکەوە هەنگاومان هەڵهێنابێت. دەشێت ئەو شوێنە سڕاوەیە لە کەنداوێکی هێلسنکیدا بەرەو لامان هاتبێت. دەشێت شەوگار بووبێت، ڕەنگیشە ڕۆژێکی نەبووی مانگی حوزەیرانی ساڵێکی نەزانراو بووبێت.

کەنداوەکە بە لاشەی نەورەس تەنرابوو. دەستلەناودەست لەگەڵ منداڵیمدا هەنگاوت هەڵدەهێنایەوە، منداڵیشم مەلیچکێکی لۆقدرێژ. نزم دەفڕی. سڵی لە مرۆ دەکردەوە. بەرەبەیان هێلانەکەی جێ دەهێڵا و تاریکان دەگەڕایەوە. دەچوو لە قەراغی ئاوەکە دەنیشتەوە. تینوویشی بووایە لێی نەدەخواردەوە. نەیدەویست ئاوەکە کەم ببێتەوە. تا تینووتر با، زیادتر دەڕسکا. ڕۆژێک هێندە زەبەلاح بوو تا سێبەرەکەی باڵی بەسەر هەموو ئاوەکەدا کێشا. خۆی لەناو ئاوەکەدا بینییەوە. ئەو مەلە مڵۆزمە ئێمەی لە سێبەرەکەیدا دەشاردەوە. بەبێ‌ ڕووخسار، بەبێ دەنگ. باڵی فش دەکردەوە و ڕووناکییەکەی دەشاردەوە. بەو ڕێژنەیە، چاوی دەترووکاند و ڕێی لە بارانەکە دەگرت. دەستی گرتییت و فرمێسکی گەشت هەڵوەراند. هەر لە مەلێکی هەڵنیشتووی سەر هەژگەڵ دەچوویت و دەتچریکاند. هێندە پەلت فرتاند تا ئاورنگی پەڕوباڵت بەر هەژگەڵەکە کەوت و ئاگری تێ بەر دا. خۆت لە ئاگرەکەوە دەرهاویشت، منیش بوومە خۆڵەمێش. هێلکەیەک لەناو خۆڵەمێشەکەدا بوو؛ مەلێکی تێدا زا کە ئەسرینەکەی کۆنەبرینی پێ ساڕێژ دەکرا. هەر کاتێک دەستوپلت دەلاوێنمەوە، ئەو مەلە لەسەر هەژگەڵەکە هەڵنیشتووە.

ناتوانم بە «ئەڤین» ناوت بهێنم چونکە ئەم وشەیە لە سنووری لەشولارتدا هیچ ئاماژەیەکی ژینی تێدا نییە: چەشنی هەژدیهای سەر جامی شەرابە. توێکارییەکەی کەیلی واقوڕمانە، کەچی ئەمێستا هەموو ئەندامەکانی بەبێ هیچ مەترسییەک بەرچاوە. لاقت دەکەیتەوە، دەستبەجێ شوێنەکە لە هەوا و ئەو پەیڤانەی لە زارمەوە ناگەنە گوێت بەتاڵ دەبێتەوە. گشت پەیڤێکی دڵداری وەک منداڵێکی زۆڵە کە دایکی لە ترسان دەیهاوێتە ناو بیرەوە. تاساو، خۆم هەڵدەدەمە ناو بیرەکەوە تا منداڵەکە بدۆزمەوە. چاو هەر لە ڕەهەندی تاریکیدا دەکرێتەوە. بەبێ ئاسۆ، بەبێ بنک. لە ناختدا نیشتەجێ دەبم وەک ئەو کەسەی لە مەڵبەندی کپی و نووتەکیدا نیشتەجێیە. من لەناو دڵی مردووەکەدام و نەمردووم. ناتوانم بە «مردن» ناوت بهێنم.

تاریکی لە دژی ڕووناکی یەک دەگرێت. کاتێک دواگڕ لە بێکەڵکیی چاودا، لە ناواخنی شێتیدا دەکوژێتەوە، تێکڕای پیاوانی ڕابوردووت دێنە ناوتەوە: ئەوانەی ڕەنگێنراون بە چێژ و تۆڵەسەندنەوە. دەکەومە چاڵێکی ناو زەریاکەوە، تا بگەمە پێش‌مێژووت. چاوی پێستی گریاوم خۆی لە بنکی چاڵێک هەڵدەسووێت کە سترانی بە هەموو زمانێک لێ هەڵدەقووڵێت. کاتێک باران دادەکات، هیچ سترانێک نابیسترێت. ئەوسا پێل قووڵاییی زەریایەکی مەنگ هەڵدەقڵیشێنێت. زەریا پیاوەکان هەڵدەلووشێت و ئێسکوپرووسکیان دەگەڕێنێتەوە. ئەوسا زەریاکە چاڵێکە. گەر ئاوەکەی جوێ بکەنەوە، دەبێتە خوێن و گەر خوێنەکە دوورتر بخەنەوە، دەبێتە کەڤر. ئەوسا زەریایەکی مەندە بە کەناراوی بەبەردبووەوە. هەر شتێک بکەوێتە ناو ئاوەکەوە، چڵێسانە لەسەر بەردەڵانی کەناراوەکەی بەرەنگاری دەبێتەوە. بە بانگکردنێکی بێ‌زایەڵە، شوێنێک لە ناو تۆدا بانگم دەکات. لەو شوێنەی یەکەمین مرۆڤ درکی بە ڕووتییەکەی کردووە؛ ئەوەی نیوەی لە ئاوەکەدا و نیوەی لەسەر خاک نێژراوە. ڕووتوقووت لە گۆڕەکەیدا، لە ناخی چوار توخمەکەدا، چاو هەڵدەهێنم. ئەفسانەیەک لە زەمەندا حەقیقەت هەڵدەلووشێت. هیچ چیرۆکێک باسی گۆڕەکەی حەوا ناکات. ئەو قەت نەمردووە. من ئادەمم: هەڵماڵینی ڕووتییەکەی تۆ واقی وڕ ماندووم.

ڕووناکی لە تاریکیدا دەزێت. ئەوە تاریکییە وشە بۆ فۆڕمی خۆی دەگەڕێنێتەوە. من ئاژەڵێکی فۆڕمم؛ فۆڕمی ڕامووسین، فۆڕمی لاواندنەوە. ناوی واتایی و ڕاناو لە زماندا دەتوێنەوە. چوار توخمەکە لە ژوورۆچکەیەکی هێلسنکی گەمارۆیان داوم، کەچی من چاو لە چاوت ناترووکێنم. گۆڕەکەی ئادەم لە پێخەفەکەتدا شی دەبێتەوە. ناتوانم بە «ئەڤین» ناوت بهێنم. ناتوانم لە مانگی حوزەیرانی ساڵێکی نەزانراودا بە «مردن» ناوت بهێنم. ڕاتدەمووسم و لێوت ڕەنگەکان لە ناخمدا دەتەقێنێتەوە. هەوا دیار دەبێت. گەردیلەی هەوا لەسەر پێستمان. گەردیلەی هەوا لەسەر زارمان. گەردیلەی هەوا لە نێوان پەیڤەکان. چاوت هەڵدەهێنیت. پێکەوە گەیشتووین. منداڵییت دەستی منداڵیم دەگرێت. بارانی بەخوڕە و هەژگەڵەکە تەڕوبڕە. مەلێک لە بزەتدا ئاو دەخواتەوە. مەلێک لە بزەتدا نسێ دەبەشێتەوە. مەلێک لە بزەتدا ڕۆندک هەڵدەڕێژێت. خۆشەویستم، گشت جارێک مەل لە بزەتدا دەزێت.

سەرچاوە:

Obertura, Mohsen Emadi, Sonata en la ceniza (Una égloga), P: 9-15, Olifante Ediciones de Poesía – 2022 (traducido al kurdo por Jiyar Homer)

blank
دەربارەی نووسەر
موحسین عیمادی
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە