مرۆڤ لە سەرەتاوە ویستی ئیدراک و تێگەیشتنی هەبووە، بۆ ئەم مەبەستەش ئەفسانەکانی داهێنا. ئەفسانە لە مانایەکیدا کۆمەکی مرۆڤ دەکات بۆ تێگەیشتن لە بوون. ئەفسانە گەشتی مرۆڤە بەدوای ڕاستیدا. پرسیارەکان بەردەوامن و دواتر داستانە شیعرییەکان دروستبوون لە وێنەی ئێلیادە و ئۆدێسەی هۆمیرۆس. ئەمجارە پرسیار دروست دەبێت دەربارەی: ئەخلاق، مەرگ و ژیان، دەسەڵات و فەرمانڕەوایی، سەردار و کۆیلە، عەشق…تد ئەنتیگۆنەی سۆفۆکلیس و تراژیدیای شەکسپیر لەدایک دەبن. وەک دەبینین لەنێو مێژووی دەقەکاندا و لە کۆنسێپتی دەقی شانۆییدا، خودی دەقەکان لەنێو ئایدیا فەلسەفییەکاندا خۆی دەبینێتەوە. کاتی ئەوەیە بپرسین، مێژووی دەقی شانۆیی کوردی دەرگیرە لەتەک چ پرسێک؟
مەبەستمان نییە کرۆنۆلۆژییانە باسی مێژووی چەمکی شانۆ بکەین، ئەگەرچی لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی ٢٠٠١ـی فەرهاد پیرباڵ هەیە لەم بوارەدا، پێی وایە وشەی “شانۆ” لە هیچ فەرهەنگێکی کوردیدا بەدی ناکرێت و یەکەم کەس کە وشەی تیاترۆی لاتینی {/ثیاتەTheatre}ی بەکارهێنابێ مەحوی شاعیرە، لە دوو نیوە دێڕی: دنیا تیاترۆیە، مەوەستە تیا، بڕۆ/ کێ مایەوە کە نەبووبێ تیا تڕۆ. ئەم وشەیە دواتر لەلای شاعیران و نووسەرانی دیکەش دووبارە دەبێتەوە. یەکەم شاعیر کە وشەی شانۆی بەکار هێنابێ، گۆرانی شاعیرە، لە شیعری جیلوەی شانۆ، دیوانی فرمێسک و هونەر. هەر بەپێی ئەم لێکۆڵینەوەیە، پێش ئەوەی شانۆی هاوچەرخ و ڕۆژئاوایی لە کوردستان بڵاو بێتەوە، کورد شانۆی میللی هەبووە، “لە سەردەمە دێرینەکانەوە بۆ نموونە: بەر لە مەسیح، گوتییەکان (٢٢٠٠پ.ز) دەمامکی سەرکەبەرانیان لەسەر دەکرد؛ دیاردەی نواندنەوە و لاساییکردنەوەیان لەلا هەبووە. تەنانەت پسپۆڕان وای بۆ دەچن کە هەندێک لە سوورەتەکانی گاتاکان (لە کتێبی ئاڤێستا) شانۆنامەیەکی تەواون”[1]. لێکۆڵینەوەیەکی سەرنجڕاکێشە و هەرکەس ئارەزووی بابەتەکە بکات دەتوانێت زیاتری لەبارەوە بخوێنێتەوە. ئەم نموونانە بۆ ئەوە بوون بڵێین مێژووی شانۆ بەگشتی وەک دەق و دواتریش چ وەک هونەری لاساییکردنەوە و دواتر شانۆی میللی و دواتریش شانۆی هاوچەرخ، لەنێو مێژووی ئێمەدا هەن، واتە هونەرێکی تازە دەرکەوتوو نییە لە ژینگەی کوردیدا. کاتێک ژانرێک خاوەن مێژوو بێت، چاوەڕێی داهێنانی لێ دەکرێت. کاتی ئەوەیە بپرسین دەقی شانۆییی کوردی یاخود شانۆنامەی کوردی توانیویانە داهێنانیان هەبێت؟ غەمی نووسەر بۆ چ بابەتێک بووە؟ دوای ئەم مێژووە دەتوانین دەقەکان کاتیگۆرایز بکەین؟ دەقەکان بنەمایەکی سیاسی و کۆمەڵایەتییان هەیە؟ زۆر دوور ناڕۆین و نموونەی نمایشەکانی “پیانۆ” و “شەرڤانۆ” دەکەینە بەهانە بۆ تێگەیشتن لە هزری تاکی کورد. هەوڵ دەدەین لە تەک پرسیارێکدا مامەڵە بکەین ئەویش: ئایا ئەم دوو نمایشە دەیانەوێت چ پەیامێک بە بینەری کورد بگەیەنن؟
کاتێک لەنێو کۆنتێکستی کوردیدا کار دەکرێت بۆ نموونە نمایشێکی کوردی کە دەقێکی کوردییە و بینەرەکانیش کوردن، واتە ئیش لەسەر پرسێک دەکرێت ئەویش پرسی کوردە، ئایا ئەم نمایشانە غەمی کوردبوونیان لە ئەستۆ گرتووە؟
چەند کۆتێک لە نمایشی “پیانۆ” لەهەمان کاتیشدا وەک شانۆییەکی کۆمیدی:
یەکەم/ “کچی باوکێکی دەوڵەمەند، بۆئەوەی بە کەمێک لە ئازادییەکانی بگات ناچارە لەگەڵ مەیتەرەوانێک کە لە تەویلەی ئەسپی ماڵەکەدا کار دەکات (واتە کرێکارە) هاوسەرگیری بکات”
دووەم/ “کاراکتەرێک ناسراو بە پاشا، فێڵباز و دز، گەمژە و خیانەتکار، کەسایەتییەک کە هەموو چروکی و ناشرینییەکی تێدا کۆبووەتەوە، خاوەندارێتی لە بیرۆکەی پارێزگاری لە ماڵ/نیشتمان دەکات. بە دروشمی دەرگاکان داخەن با هەموو کەسێک نەتوانن بێنە ژوورەوە و ببنە خاوەنی ماڵ/نیشتمان. خێزانێکیش یان کۆمەڵێکیش دانیشتووی نێو ئەم ماڵ/نیشتمانە، کەسانێکی سادە و دڵپاک، داکۆکی لە کردنەوەی دەرگا دەکەن و هەوڵی گۆڕینی بۆچوونی خاوەن ماڵ دەدەن و سەرکەوتووش دەبن”.
ئەم دەقە دەچێتە نێو بیرۆکەی وۆکیزم و کاریگەر بە ئاپۆییزم. وۆکیزم بەو مانایەی دژەخۆیە، تووشی خۆبێزی بووە، دەرئەنجامی ئەمەش سڕینەوەی “خۆ” دەبێت. ئاپۆیییە بەو مانایەی کاریگەرە بە درۆی برایەتیی گەلان و ئەنتی-ناسیۆنالیزم، لە دەقەکەدا بە دروشمی دەرگاکان بکەنەوە و ئەوانیش مرۆڤن، ماف بە بوونی ئەوی دی دەدەن و ئەوەشی کە جێیەکی نییە، مافێکی پێ نادرێت، لە بوون دەخرێت، کوردە. بوونی کورد لە نەتەوەی کوردەوە، دەبێتە گەلی کورد، نیشاندانی دەوڵەتی تورک و ئێران وەک شوێنێک بۆ مۆزایکی گەلان، دواتریش کورد گەلێکن لە عێراقی عەزیم، گەلێکن لە ئێرانی فارس، گەلێکن لە تورکی عوسمانی، نەک نەتەوەیەکی خاوەن مێژوو و خاک و ڕزگاریخواز. (لەنەتەوەخستن ترۆپکی تراژیدیایە و بینەریش بەدیار نمایشەوە پێئەکەنن).
نمایشی دووەم “شەڕڤانۆ”:
زۆر بە کورتی ئەم بۆچوونانە لەخۆ دەگرن: یەکەم/ “ڕێبەرێک لە تاریکییەوە پەیامی ڕووناکی دەنێرێت”… دووەم/ “بەرەکانی جەنگ پڕن لە لاشە و خوێن”… سێیەم/ “لە باکوورەوە پێویستە باشوور ڕزگار بکرێت”…
هەموومان دەزانین لە ئێستادا کورد لە دۆخێکی بێئەنداز هەستیاری سیاسیدایە، هەمووکات پێویستە لە ئامادەباشیدا بێت بۆ گفتوگۆی سیاسی، بۆ ڕێککەوتنی سیاسی لەگەڵ زلهێزەکاندا(لەپێناو بەرژەوەندیی خۆیدا)، هەمیشەش ئامادەی جەنگ بێت. بە پێچەوانەوە؛ لەم دۆخەدا هونەر دێت و جەنگمان لەلا ناشیرین دەکات، ئەمە لەگەڵ هزری باشوور یەک ناگرێتەوە، لە قۆناغێکدا دێڕی “داری ئازادی بە خوێن ئاو دەدرێت” لەسەر زاری هەر تاکێکی کورد بووە، ئێستا لەڕێی هونەرەوە پێمان دەڵێن شەڕ(یان گوایە ئەم ناشیرینییە) ڕاگرن، بەرەکانی جەنگ خوێن و لاشەیە. ئەم هونەرە دەچێتەوە خزمەت پرۆژەی میتی تورک بەناوی “پرۆسەی ئەنتی تیرۆر” و پەکەکەییەکان ناویان ناوە پرۆسەی ئاشتی و هەر لەو پێناوەدا وەک هەموومان شایەدی ئەو مێژووەین؛ چەکەکان سووتێنران. پرۆسەی ئاشتی واتە نەمانی ئارەزووی ڕزگاربوون و ئەمەش واتە لەنەتەوەخستن، کاتێک ویستی ڕزگاری نەمێنێت کورد هەمیشە کارتی فشار دەبێت و نەتەوەی داگیرکار بەکاری دێنێت، واتە ئامرازێکە بۆ ڕزگاریی ئەوی دی، نەک خودی خۆی. بەکارهێنانی “کەزی” لە نمایشەکەدا وەک سیمبولێک، پێمان دەڵێت کە هزری کورد تەنها کاریگەر و سەرمەست دەبێت، بەبێ تێگەیشتن، ڕاستە کەزی لەڕووی سایکۆلۆجییەوە گرێیەکی ئیسلامییانەیە، بڕینی پرچی ژنێک پەرچەکردارێکە لەو نەستەوە دێت حەقیقەتی ژن وەک خۆی پەسەند ناکات. بەڵام لێرەدا شتێک نییە بە ناوی شۆڕشی کەزی بەڵکوو لەودیوی ئەم ناوەوە بوونی کورد پشتگوێ خرا، لە واقیعی سیاسیدا ئەم ناوە وەک ئەوە بوو پەردەی شآنۆکەمان بۆ داباتەوە و لەودیو پەردەوە شکستێک نمایش کرا و بینەر نەیبینی.
عیشق بۆ هونەر پێویستە تاسەی ڕزگاری بێت، نەک ئارەزووی ئەوی دی/داگیرکار. “لێرەدا هەڵوێستێکی ئەخلاقیش هەیە لە خزمەت بەرژەوەندیدایە لەوانە بەرژەوەندییەکانی جڤات… بۆ نموونە هەر لەم دیدەوە کە دەتوانین لە گرنگی باسکردنی عیشق بگەین لە جڤاتێکدا و بۆ جڤاتێکی وەکوو جڤاتی کوردی، کە هەموو شتێکی باس لە ڕکود و بنبەست و داڕزان دەکات، ئەم جڤاتە پێویستی بە جورعەیەک لە عیشق هەیە، لەوانە ئیرۆسی سیاسییانە، پێویستی بە هەزەیەک هەیە، ڕاچڵەکینێک کە عیشق دروستی دەکات”[2]. کورد ئێستا لە دوو دۆخدا دەژی؛ یەکەم/ لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە لە دۆخێکی بێکێتیدایە و عاشق بە بێدەنگییە، دۆخێک کە پێی وایە هیچ ڕوو نادات، بەڵام کە ڕووش دەدات ناتوانێت دەرگیربێت لەگەڵیدا. دووەم/ دۆخێکی هونەری کە سەرمەستە بە بیری چەپ و ئەنتی ناسیۆنالیزم.
کاتێک دەقێک نمایش دەکرێت کە هۆشیاریی سیاسی لەگەڵدا نەبێت، ئەوا تەنها دەربارەی دەتوانین بڵێین بە ساختەکردنی حەقیقەتی کوردە لەڕێی پەراوێزخستنی وەک نەتەوەیەکی ڕەسەن و خاوەن مێژوو لە ناوچەکەدا. ئەوەی لەم دوو نمایشەوە بەرهەم هاتووە بەدێوکردنی هەرێمی باشوور(وەک هەرێمێکی نیمچە سەربەخۆ) و لەڕێی دروشمی ناشیرینکردنی جەنگ و کۆکبوون لەتەک پرۆسەیەکی گوایە بێتیرۆر کە ئەوی-دی تیرۆریست خاوەن پرۆژەکەیە، دوو پەیام دەگەیەنێت کە ئەویش؛ یەکەم/ بەگیتۆکردنی کورد. دووەم/ ستایشکردنی گەڕانەوە بۆ ماڵێکی داگیرکراو، ماڵەکەت کە چیتر هی خۆت نییە، ئاسمیلەبوون لەتەک نەتەوەی تورک و فارس، ئەمەش ڕاستەوخۆ واتە پیرۆزاندنی ئەو دوو نەتەوەیە و سڵکردن لە نەتەوە و دەوڵەت-نەتەوەی کورد.
[1] فەرهاد پیرباڵ، شانۆ لە ئەدەبیاتی کوردیسا لە کۆنەوە تا ١٩٥٧، چاپخانەی وەزارەتی پەروەردە، هەولێر،چاپی یەکەم،٢٠٠١،لا١٧.
[2] فاروق ڕەفیق، هونەری عیشق، بەرگی یەکەم، سلێمانی، چاپخانەی سەردەم،٢٠١٠،لا٦١.