ژنەفتن ژنەفتن
شانۆ و سەما وتار

مەتەڵی گوڵە نەگەشاوەکانی ئەو یان ئەوان

بەرایی:

لە دنیای نووسینی شانۆدا، زۆر جار خوێنەر تەنیا بینەر و تەماشاکارێکی بێدەنگە لە پشت پردی پەیڤ و ڕووداوەکانەوە، یاخوود بینەران تەنیا لەناو هۆڵەکان دانیشتوون و هۆشیان دەدەنە دەست پەردە لە دوای پەردەی نمایشەکە، هەندێکجاریش ئەنگوستیان دەگەزن بەدیار دەربڕینێکەوە، بەڵام لە شانۆنامەی (گوڵەکان هەرگیز نەگەشانەوە)ی (ئەژین فەهمی) لە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ئەم سنوورە کلاسیکییە تێکدەشکێنرێت. ئەم دەقە نەوەت لاپەڕەیییە، پڕ لە هەستی ترس و بیم، نیگەرانی و قوربانی، دواجاریش وەفاداری و به‌رپرسیارییه‌تی. شانۆنامەکە خۆی لە شەش دیمەندا دەبینێتەوە، تێیدا سنووری نێوان بینەر و کاراکته‌ره‌كان لە دیمەنی یه‌کەمی شانۆکەدا نامێنێت و دەنگی جیا جیا دەبینین، لە دیمەنەکانی دواتریش پەرجووئاسا خوێنەرانێکیش دەرک بە ئاماده‌ییی خۆیان لەناو دەقەکەدا دەکەن؛ بە جۆرێک کە خۆی لە کاتی خوێندنەوەدا به ‌شێوەیەک لە شێوەکان دەبینین بەشدارێکی چالاکە لە ناو خودی نمایشەکەدا. ئەم وتارە هەوڵ دەدات لەسەر هێڵی گشتی دەقەکە بووەستێت لە ڕێگەی تیشکخستنەسەر ناوەرۆکەکەیەوە، هاوکات دەنگی کارەکتەرەکان، ئاوڕ لێ بداتەوە لە دەرەوەی هەر دەستتێوەردان، یان ئاڕاستەکردنێکی دەرەکیی/ نووسەر، کە خۆیان چیرۆکی ئازار، چاوەڕوانی و خامۆشیی خۆیان دەگێڕنەوە.

blank
ڕووبەرگی پێشەوەی (گوڵەکان هەرگیز نەگەشانەوە)، ئەژین فەهمی، شانۆنامە، چاپکراوی دەزگای سەردەم، ٢٠٢٦

1

لە پاڵ هەستی ترس و بیم، نیگەرانی و قوربانی، دواجاریش وەفاداری و بەرپرسیارییەتی، هەردوو کۆنسێپتی ژیان و دنیا بوونیان هەیە. ژیان وەک ئەوەی هەیە بە یەکسانی بۆ هەموو کەسێک، بەڵام دنیا وەک ئەوەی لە بنەڕەتدا هیی هیچ کەسێک لە هیی ئەوی دیکە ناچێت و هەر کەسێک دنیای جیای خۆی هەیە و ڕۆڵی هەیە لە درووستکردنیدا. ئەوەی لە کارەکتەری (ژولیا) و (ئازاد)دا دەردەکەوێت، دوو دنیای تەواو جیاوازە لە ژیانێکی هاوبەشدا، بەتایبەت کاتێک ڕووداوەکان دوای جەنگ دەستیان پێ کردووە و دایەلۆگەکان هیی ئەو سەردەمەن.

هەرچی (ئازاد)ە بە پێچەوانەی (ژولیا)، چونکێ لە جەنگ بە قۆناغێکی سەختدا تێپەڕیوە و ئەندامێکی جەستەی لە دەست داوە، دۆخێکی مەرگ و ناژیاندۆستی لە دەروونیدا دەرکەوتووە. (ئازاد) دەشێت تا پێش جەنگیش کەسێکی تەواو لە ئێستای خۆی جودا بووبێت، بەڵام ئەو هەنووکە هەمان هاوسەرەکەی جاران نییە؛ جەنگ ئەوی لە دنیای پێش خۆی دابڕیوە و هەنووکە هاوسەرێکە، دەرکی ژیانێکی بێمانا دەکات و بە دەروونێکی پەشۆکاو و نیگەرانەوە ڕۆژ و شەوەکانی تێدەپەڕێنێت. ئەگەرچی ماڵۆچکەکەیان لە دەرەوەی شارە و دوورن لە جەنجاڵی، بەڵام ئەمە تیماری زامە قووڵەکەی ناکات. لێرەوە دنیای (ژولیا)ش درزی تێدەکەوێت و دەبێت بە هەر نرخێک بێت بکۆشێت بۆ دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکانی دنیای هاوسەرەکەی.

نووسەری (گوڵەکان هەرگیز نەگەشانەوە) ئەم گۆڕانە نەخوازراوەی لە ڕێگەی کارەکتەرەکانەوە بەرجەستە کردووە، بەبێ ئەوەی ڕاستەوخۆ پێمان بڵێت (ئازاد) نەخۆشە یان دەروونی شێواوە. نووسەر نەهاتووە لە ڕێگەی دەربڕینی ڕوون پەردەکان بەدوای یەکدا ڕێک بخات، بەڵکوو گوڵە ناجێگیرەکانی وەک میتافۆڕ بۆ نیشاندانی دۆخە دەروونییەکان بەکار هێناوە، کە ئەمەیش خاڵی بەهێزی دەقەکەیە. بەبێ تێگەیشتن لە ئایندەی گوڵەکان، ئایندەی کەسایەتییەکان لە بەرچاو لێل دەبێت و کۆتاییی دەقەکە وەک دۆخێکی مەنگبوو وێنا دەکرێت، بەتایبەت ئەو دەمەی دایەلۆگەکان یاری بە کات دەکەن و کارەکتەرەکان لەناو جەماوەردا بەبێ ئیزنخواستن دێنەگۆ:

هەندێک جار ئێمەی مرۆڤ لە ئاژەڵ دڕندەترین” (فەهمی: 2026، 17).

من تەنها فەرمانم جێبەجێ کردووە” (فەهمی: 2026، 21).

2

دەرکەوتی کارەکتەری (سەهەند) تەنیا دەرکەوتنێکی ئاسایی نییە، بەڵکوو دەرخەری کەسایەتیی ئەو هەستیارییەی (ئازاد)ە. ئەمەش وای کردووە (ژولیا) هەمیشە لە هەوڵی درووستکردنی دنیایەکی تردا بێت لە پێناوی مانەوەی (ئازاد)دا، وەک ئەوەی هاوسەرەکەی هه‌ر هیی جاران بێت و جەنگ هیچ شتێکی نەگۆڕیبێت؛ بەڵام هەمان تێگەیشتن لای (ئازاد) بوونی نییە، چونکە ئەو لە واقیعدا هەمان کەس نییە:

سەهەند: زۆر دڵخۆشم بەسەلامەتی دەتبینم. ئازاد: بەڵێ وایە، سوپاس” (فەهمی: 2026، 76).

ئازاد: بۆ دەزگیرانەکەت لەگەڵ خۆت نەهێنا؟ بانگی بکە، با ئەویش بێت و بیبینین. سەهەند: دەبێت بڕۆم” (فەهمی: 2026، 79).

لە دیمەنی پێنجەمی شانۆنامەکەدا، لەگەڵ دەرکەوتنی (سەهەند) (ئازاد) دەگۆڕێت و لە گفتوگۆکانیدا دیارە، کە ئاسایی نییە و جۆرێک لە گومان و دەروونێکی پەشۆکاوی هەیە. ئەمەیش ئەرکی دوای ڕۆیشتنی (سەهەند) لای (ژولیا) سەختتر دەکات و دەزانێت دەبێت دیسانەوە قسە لەسەر واقیعە نوێکە بکات بۆ هاوسەرەکەی، ئەمەیش پێوەندی بە ژیان و دنیای ئێستایانەوە نییە.

شانۆنامەکە ڕەگێکی قووڵی دەروونی تێدایە، بە جۆرێک کە نووسەر مامەڵەی لەگەڵ کەسانی جیا و بەرکەوتەی جیاوازدا کردووە و هەموو ئەمانەیش پێوەستن بە مرۆڤ لە دنیای پێش جەنگ و دوای جەنگدا.

3

وەک لە بەراییدا ئاماژەمان پێ دا، یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە دیارەکانی شانۆنامەی (گوڵەکان هەرگیز نەگەشانەوە) ئەوەیە، بینەر تەنیا لە کورسییەکەی خۆیدا ناڕوانێتە شانۆکە، بەڵکوو دەبێتە بەشێک لە کۆژانی دەقەکە. کاتێک کارەکتەرەکان لەناو جەماوەرەوە دێنە گۆ، یان دایەلۆگەکان لە دەرەوەی چاوه‌ڕوانییەکان و ئاڕاستەی باو دەردەکەون، جۆرێک لە هەیەجان و خرۆشان دێتە پێشەوە.، نووسەری دەقەکە (ئەژین فەهمی) دەیەوێت بڵێت: جەنگ تەنیا لەسەر تەختەی شانۆ، یان لە بەرەی جەنگدا ڕوونادات، بەڵکوو لە ناخی هەموو تاکێکدا بوونی هەیە. ئەمەیش شانۆنامەکە بەو ئاڕاستەیەدا دەبات (کارەکتەر، بینەر و خوێنەر) بگه‌نه‌ سەر یەک هێڵ، کە کۆئەتمۆسفێری شانۆکە تەواو دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە ناوونیشانی شانۆنامەکە (گوڵەکان هەرگیز نەگەشانەوە) کلیلی سەرەکییە بۆ تێگەیشتن لە دەقەکە. هەمیشە گوڵ لە ئەدەبدا هێمای جوانی، ژیان و گەشانەوە بووە؛ کەچی لێرەدا پێچەوانەکەی دەبینرێت. گوڵەکان هەمیشە لە دۆخی هەڵوەرین و ناجێگیری دان، چونکە زەمینەی ژیانی (ئازاد) و (ژولیا) بەتایبەت (ئازاد)ی دوای جەنگ لەسەر خاکی جەنگ و وێرانە بونیاد ناونراوە.

لە (گوڵەکان هەرگیز نەگەشانەوە) دۆخەکە وەک وێنەیەکی مەنگ و نەبزوو دەمێنێتەوە، بە تایبەت کۆتایییەکەی کە خوێنەر لە چاوەڕوانییدا دەهێڵێتەوە. کاتێک کاراکتەرەکان لە دۆخێکی قورسدا کۆتایی بە قسەکانیان دەهێنن، خوێنەر لەبەردەم پرسیارێکی کراوەدا جێدەهێڵن: ئایا ژیان لەگەڵ برینەکاندا بەردەوام دەبێت، یان مەرگی دەروونی زاڵ دەبێت بەسەریاندا؟ ئەمەیش ئەو خاڵەیە کە دەقەکەی بە زیندوویی هێشتووەتەوە؛ چونکە هیچ وەڵامێکی ئامادە و ڕە‌ها بوونی نییە، بەڵکوو (ئەژین فەهمی) دەیەوێت لە ڕێگەی ئامادەییی دەنگی کارەکتەرەکانەوە خۆی لە گێڕانەوەی کلاسیکی ڕزگار بکات و شانۆنامەیەک بەرهەم بهێنێت، کە لە دوای داخستنی پەردەش، هێشتا لە مێشک و دەروونی بینەردا درێژەی هەبێت.

ئەنجام

لە کۆتاییدا، بە خوێندنەوەی شانۆنامەی (گوڵەکان هەرگیز نەگەشانەوە) دەگەینە ئەو ئەنجامە، کە شانۆ تەنیا چێژبەخش نییە، بەڵکوو ڕەنگدانەوەی ڕاستەقینەی ئازارە مێژوویی و دەروونییەکانی مرۆڤە لە سایەی جەنگدا. ئەژین فەهمی توانیویەتی لە ڕێگەی تێکشکاندنی سنووری کلاسیکی نێوان شانۆ و بینەر، هەروەها بەکارهێنانی میتافۆری گوڵەکان، مەتەڵێکی گەورە لەبەردەم خوێنەر و بینەردا جێبهێڵێت. کۆتاییی ئەم دەقە تەنیا کۆتاییهاتنی دیمەنەکان نییە، بەڵکوو دەستپێکی زنجیرەیەک پرسیاری کراوەیە: ئایا گوڵەکانی ژیان دەتوانن لەسەر خۆڵەمێشی جەنگ سەرلەنوێ بڕوێنەوە، یان مرۆڤ لە دۆخی جەنگدا هەمیشە لە سایەی بێدەنگی و مەرگی دەروونیدا دەژێت؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە، ئەوە دەسەلمێنێت، دەقەکە لە دوای داخستنی پەردەش، لە ناخ و مێشکی خوێنەردا هێشتا بە زیندویی و ناکۆتا دەمێنێتەوە. هاوکات کۆتایییەکەی وەک مەته‌ڵێکی بێ وەڵام وایه‌، له‌نێوان کارەکتەرەکان، بینەرەکان و خوێنەرەکانی، ئاخۆ تاقە گوڵێک هەیە ئیتر ژاکاوە و سیسە، کە گوزارشتە لە کارەکتەری (ئازاد)، یاخوود گوڵەکان ناگەشێنەوە بۆ مرۆڤانێکی هەمیشە نیشتەجێ بە جەنگ؟ 

blank
دەربارەی نووسەر
گۆران سەمەد
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە