پەیوەندیی من و شەماڵ عومەر دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییی حەفتاکان. من لەوەوبەر کەریم عوسمان-م دەناسی؛ کەریم لە ئێمە بە تەمەنتر بوو، هاوکات ئەزموونێکی شانۆیی هەبوو، کە ئێمە نەمان بوو. دواتر هەمووان لە شوێنێک کۆبووینەوە پێی دەگوترا “یانەی سیروان” لە ئەسحابەسپی. لەوێ چەند کەسێکی ترمان لەگەڵ بوو، وەک حەمەعەلی خان، یاسینی فەقێ سەعید، بەرزان هەستیار، بێگومان کەریم عوسمانیش. شوێنەکە “بورهان جەمال”، کە ئەوکاتە ناوێکی ناسراوی شانۆ بوو، سەرپەرشتی دەکرد. لەو شوێنە زۆر نەماینەوە، بەڵام چەند ئەزموونێکی گرینگمان بۆ ئەو کاتە پێشکەش کرد، بۆ نموونە شانۆنامەی “دڵدارانی باران”، کە لە نووسینی مامۆستا “ئەحمەد سالار” بوو. “دڵدارانی باران”نمان لە هەولێر و لە ئامێدی نمایش کرد. دواتر من و شەماڵ لە “تیپی نواندنی سلێمانی” گیرساینەوە، کە کەریم عوسمان بەر لە ئێمە ئەندامی ئەو تیپە بوو. کریم ئەوکاتە قوتابیی پەیمانگەی هونەرە جوانەکان بوو لە بەغدا. من و شەماڵ بە ئەندامی تەواوی تیپەکە وەرنەگیراین، وەک “دۆست” وەریان گرتین. ئەو سەردەمە وابوو، ئەوەش بۆ ئێمە زۆر گرینگ بوو، بەتایبەتی تیپی نواندنی سلێمانی پێگەیەکی گەورەی هونەری هەبوو، ساڵانە لە دوو وەرزدا، هاوین و زستان، دوو نمایشیان پێشکەش دەکرد. ئەو کاتە بە ڕێپورتواری شانۆیی دەگوترا “وەرز”، وەرزی شانۆیی. سلێمانی چالاکییەکی گەورەی شانۆیی هەبوو، تیپە شانۆیییەکان لە پێشبڕکێیەکی هونەری دابوون: تیپی نواندنی سلێمانی، تیپی پێشڕەوی شانۆی کوردی، کۆمەڵەی هونەرە جوانەکان، مەڵبەندی گشتی، تیپی زانکۆی سلێمانی… هتد. ساڵی دووجار ئەم تیپە شانۆیییانە، لە هاوین و زستاندا نمایشەکانیان پێشەکەش دەکرد. من و شەماڵ هەرچەندە زۆر دڵخۆش بووین، کە لە تیپی نواندنی سلێمانی وەک “دۆست” وەرگیرا بووین، بەڵام هەر زوو ڕێپۆرتوار و شێوازی کار و مامەڵەی ئەندامەکانی تیپەکە نەبووە جێگای سەرنجی ئێمە. لێرەدا دەبێت ڕۆڵی پاڵپشت و بەدەنگەوەهاتنی بەردەوامی هونەرمەند “جیهاد دڵپاک”مان لەیاد نەچێت، کە بە هەموو شێوەیەک پشتی دەگرتین. من لە “دۆست”ەوە بووم بە ئەندامی تەواو و وەرگیرام، بەڵام شەماڵ هەر بە “دۆست”مایەوە. کێشەکانیشمان لەگەڵ دەستەی بەڕێوبەرایەتیی تیپ گەورەتر دەبوو.
کەریم عوسمان لە بەغدا گەڕایەوە و کەوتە خۆئامادەکردن بۆ کارکردن لە شانۆنامەی “کەللەسەر” لە نووسینی “نازم حیکمەت”. دەقەکە هەڵگری بیرێکی مارکسی بوو، کە لەو ڕۆژگارەدا لەوە دەترساین کێشەی سیاسیمان بۆ دروست بکات. من و شەماڵ وەک دوو گەنج لەگەڵ بیرۆکەی دەقەکە نەبووین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەشداریمان کرد، چونکە ئێمە دژی ئەیدۆلۆژیا بووین لە هونەردا، بەتایبەتیش سۆشیالیزم و مارکسییەت. کەچی ئێمە لەو نمایشەدا بووینە هەڵگری ڕۆڵی بیرە مارکسییەکە، من و شەماڵ ڕۆڵی کارەکتەری “پێدرۆ”مان، بە نۆرە دەبینی، کە پاڵەوانی سەرەکیی دەقەکەیە و هەڵگری بیرە چەپ و مارکسییەکەیە لە شانۆنامەی “کەللەسەر”دا. ئەو پڕۆژەیە، لە هەموو ڕوویەکەوە بۆ هەموومان بووە خاڵی وەرچەرخان. نمایشەکە سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێنا، ئەوانەی لەو نمایشەدا بەشدار بوون، کۆمەڵە گەنجێک بووین، کە تا ئێستایش زۆرمان لە بوارەکەدا ماوینەتەوە و بەرپرسین لە بەردەوامی و گەشەی ڕەوتی شانۆی کوردی و کایە کولتوورییەکانی تری هونەر لە کوردستاندا. ئەوانەی لەو پرۆژە گرینگەی ئەو ڕۆژگارەدا بەشدار بوون، شەماڵ عومەر، دانا ڕەئووف، حەسەن عەلی، حەمە عەلی خان، ئاڵا عومەر، فرمێسک مستەفا، دلاوەر قەرەداخی، عومەر دڵپاک، نەبەز ئەمین، بەکر ڕەشید، قادر کوردی، کڵپە مستەفا… هتد، ببوورن گەر ناوی هەموو بەشدارەکانی ئەو کارەم لەیاد نەمابێت.
من و شەماڵ سەرکەش بووین و بەرەنگاریمان دەکرد و لە سیاسەتی تیپی نواندنی سلێمانی ڕازی نەبووین، شەماڵ هەر وەک ئەندامێکی تەواو وەرنەگیرا، کاک جیهاد دڵپاک بەردەوام بوو لە هێورکردنەوەمان و پشتگیریمان. قایل بوون شەماڵ-یش وەک ئەندامی تەواو وەربگرن، بەڵام ئەم هەنگاوە ئێمەی هێور نەکردەوە. من نامەوێت لێرەدا بچمە ناو وردەکاری کێشەکانی ئێمە لەگەڵ تیپی نواندنی سلێمانی، کە هیچ پەیوەندیی بە کەسی ئێمەوە نەبوو، تەنیا سیاسەتە هونەرییەکەی تیپەکە بوو. دواجار ڕۆژێک من بێ گەڕانەوە بۆ شەماڵ، کە ئەوکاتە ئەو لە بەغدا بوو دەست لەکارکێشانەوەی هەردووکمانم پێشەکەش بە تیپی نواندنی سلێمانی کرد و وازمان هێنا. کاک جیهاد دڵپاک هەوڵێکی زۆری دا پەشیمانمان بکاتەوە، بەڵام بێسوود بوو. شەماڵ دەستخۆشی لێ کردم کە ئەو هەنگاوەم ناوە و بە ناوی ئەویشەوە دەست لەکارکێشانەوەم پێشکەش کردووە.
کەریم عوسمان نموونەیەک بوو بۆ ئێمە، کە بە چاوی پێزانینەوە سەیرمان دەکرد، ئەو لە ئێمە بە تەمەنتر بوو، یەکێک بوو لە ئەکتەرە هەرە دیار و باشەکانی ئەو کاتەی ڕەوتی شانۆی کوردی. قوتابیی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغداش بوو، ئەوەیش هێندەتر لای ئێمە کەریم-ی کردبووە جێگەی سەرنج.
من و شەماڵ بەردەوام گفتوگۆمان لە جۆرێکی تری شانۆ دەکرد، کە لەو کاتەدا لەنێو شانۆی کوردیدا نەبوو. ئێمە باسی ئاڕتۆ و گرۆتۆفسکی-مان دەکرد، باسی دەنگ و جەستەمان دەکرد، بارودۆخی کوردستان و عێراق-یش ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبوو، شەڕی عێراق/ئێران و شەڕی کورد و ڕژێم تەڕ و وشکی پێکەوە دەسووتان، من پەیمانگەم تەواو کرد و بەهۆی باری تەندروستییەوە، کە وردەکارییەکانیم نایەتەوە یاد، بەڵام بۆ ماوەی ساڵێک لە سەربازی بەخشرام، بەشێکی زۆری گەنجەکان و ئەندامانی تیپە هونەرییەکان کەوتنە خۆشاردنەوە و ڕاکردن لە سەربازی… ئێمەش هەر بەردەوام بووین و باسی شانۆیەکی جیاوازمان دەکرد.
لەناو ئەم کێشانەدا، شەماڵ بە یارمەتیی کەریم عوسمان کۆمەڵێک گەنجیان کۆ کردەوە و یەکەم بەرهەمی خۆی نمایش کرد. من لەوکاتەدا لە کوردستان نەدەژیام، یان ئەوەتا سەرباز بووم، یان ڕامکردبوو و خۆم شاردبووەوە. بەهۆی تایبەتی خۆم، ناچار بووم دوای تەواوبوونی مۆڵەتە یەک ساڵییەکە ببم بە سەرباز، بەڵام دوای ماوەیەک ڕام کرد و خۆم شاردەوە. شەماڵ لە ئێمە منداڵتر بوو، هێشتا سەرەی نەهاتبوو؛ من و کەریم عوسمان کەوتینە خۆشاردنەوە؛ هەردووکمان لە سەربازی ڕامان کردبوو. لەم بارودۆخەدا شەمال عومەر شانۆنامەی “غۆرێلا”ی یۆژین ئۆنێل-ی پێشکەش کرد، کەریم عوسمان ڕۆڵی (یانک) کارەکتەری سەرەکی دەگێڕا. “غۆرێلا” دابڕانێکی گەورەی لەنێوان ئەوەی تا ئەو ساتە لە مێژووی شانۆی کوردیدا کرابوو دروست کرد و “غۆرێلا” سەرەتایەکی ترە بۆ مێژووی شانۆی کوردی. بۆ یەکەم جار لەم نمایشەدا جەستەی ئەکتەر بوو بە شتێکی تر، سینۆگرافیا، دابڕانێکی تەواو بوو، دیدی دەرهێنان ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لە کۆکردنەوە و ئاڕاستەکردنی ئەو نمایشەی لە هەموو ڕوویەکەوە جیاواز بوو. بەکورتی شانۆی کوردی بەم نمایشە هەنگاوێکی گەورەی بەرەو مۆدێرن و تەنانەت پۆستمۆدێرنیشەوە نا، کە ئەوکاتە ئێمە هیچ شتێکی ئەوتۆمان سەبارەت بەم چەمکە فەلسەفییانە نەدەزانی. لە گفتوگۆیەکی من و شەماڵ، بەر لە هەفتەیەک کۆچی دوایی بکات، باسی “غۆرێلا”مان کرد، شەماڵ بەڕوونی باسی ئەوەی کرد، کە چۆن “غۆرێلا” هەوڵێکی پۆستداراما بووە، بێ ئەوەی ئێمە لەو ڕۆژگارەدا زانیارییەکی هزری ئەوتۆمان سەبارەت بەم چەمکانە هەبووبێت. ئێمە لەو ساتەدا زۆر پێش زەمەن کەوتبووین. لە کتێبی “گوتاری ئەزموونگەریی لە ڕەوتی شانۆی کوردیدا” بە درێژی باسی ئەم ئەزموونەم کردووە. بە بۆچوونی من دوای “غۆرێلا” هەرگیز شانۆی کوردی نەگەڕایەوە دۆخی بەر لەو نمایشە.

لە ناوەڕاستی هەشتاکاندا بەشێوەیەکی تر کۆبووینەوە، زۆر هەژار و بێ پارە بووین، هەموومان سەربازی هەڵاتوو بووین، ژیانمان لە مەترسیدا بوو، بەڵام بەردەوام بووین و بۆ فۆرمێک دەگەڕاین هەوڵەکانمانی تیا کۆ بکەینەوە. ئەوە بوو بیرۆکەی دامەزراندنی تیپی شانۆی ئەزموونگەری کوردی هاتە ئاراوە؛ لەم ڕووەوە، مامۆستای خوالێخۆشبوو، ڕەوانشاد “فائق عومەر تۆفیق” یادی بەخێر، ئەندامی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکان بوو، لە ڕووە ئیداریی و کاروبارە فەرمییەکانی وەزارەت و پارێزگا و شوێنەکانی ترەوە بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی تیپەکە یارمەتی داین و تیپی شانۆی ئەزموونگەری کوردیمان دامەزراند. بەر لە دامەزراندنی تیپەکە ئێمە بە شێوەیەکی پراکتیکی و هەروەها تیۆریش ئامادەکاریمان بۆ کرد بوو. من هەفتانە وتارم لەسەر چەمکی شانۆیییەکی جیاواز و ئەزموونگەری بڵاو دەکردەوە، شەماڵ نمایشێکی تری گرینگی پێشکەش کرد. “ڕۆژی سێیەم لە چاوەڕوانی گۆدۆ” بووە وێستگەیەکی گرینگ. شەماڵ ئەوکاتە قوتابیی کۆلێژی هونەرە جوانەکان بوو لە بەغدا. ڕۆژی سێیەم لە چاوەڕوانی گۆدۆ لە نواندنی فرمێسک مستەفا و نیگار حەسیب بوو. ئەم نمایشە دیدی ئەزموونگەری بۆ شانۆ گەلێک فراوان کرد و چیتر نەدەکرا بەو شێوەیەی جاران لە شانۆ و ڕۆڵی شانۆ بڕوانین. کەریم عوسمانیش لە هەولێر “کەمانچەی ڕۆچێڵد” نمایش کرد، منیش بەدەم خۆشاردنەوەوە بەردەوام بووم لە نووسینی وتارە تیۆرییەکان و خستنەڕووی تەوژم و قوتابخانە هونەرییە جیاوازەکان. هەر لەم قۆناخەدا بەقووڵی باسی دامەزراندنی شانۆی کوردیمان دەکرد؛ ئەوەیش یەکەم جار بوو شانۆکارەکان باسی دامەزراندنی شانۆیەکی کوردی ڕەسەن بکەن.
هەوڵی یەکەمان بۆ دامەزراندنی ئەو تیپە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٥، ئەو هەوڵە سەرکەوتنی بەدەست نەهێنا، هۆکار زۆر بوو، کە لەم وتارەدا جێگای باسکردنیان نابێتەوە. ئێمە بەردەوام بووین، لە هەردوو ڕووی تیۆری و پراکتیکییەوە تا هەوڵەکەمان لە ساڵی ١٩٨٧دا سەری گرت و تیپەکەمان ناو نا “تیپی شانۆی ئەزموونگەریی کوردی”، بە دروشمی “بەرەو داهێنان و نوێخوازی لە ڕەوتی شانۆی کوردیدا”، کەوتینە کار. یەکەم دەستەی بەڕێوبەری تیپی شانۆی ئەزموونگەری بریتی بوو لە: شەماڵ عومەر، کەریم عوسمان، دانا ڕەئووف، نیگار حەسیب، دڵپاک تاهیر، ئازاد تۆفیق، کامل فخرەدین. هەر لەگەڵ یەکەم ڕۆژی دامەزراندنی تیپەکەش ڕێپورتواری تیپەکەیشمان ڕاگەیەیاند: یەکەم بەرهەمی تیپ “چیرۆکی باخچەی ئاژەڵان” لە نووسینی ئەدوارد ئەلبی و دەرهێنانی دانا ڕەئووف، بەرهەمی دووەم “مارا/ساد” لە نووسینی پیتر ڤایس و دەرهێنانی شەماڵ عومەر. دوای ئەم نمایشانە بەردەوام بووین، چیرۆکی خەج و سیامەند بووە وێستگەیەکی گرینگ و شەڕی عێراق/ئێرانیش وازی لێ نەدەهێناین. من و کەریم عوسمان هەر سەربازی هەڵاتوو بووین و ئیتر شەماڵیش وردە وردە کەوتە ناو ئەو گێژاوی ڕاکردن و خۆشاردنەوەیەوە.
لە داگیرکردنی “کوێت”ەوە تەواو پەرتەوازە بووین، من گیرام، کەریم عوسمان لە هەولێر خۆی شاردەوە و شەماڵیش لە سلێمانی خۆی شاردبووەوە. ڕاپەڕین ڕوویدا و شەماڵ دەرباز بوو، من لە بەندیخانە مابوومەوە و کەریم عوسمان هێدی هێدی بە سیاسەتەوە گلا. من دوای ساڵێک بەسەر ڕاپەریندا بەربووم، ماوەیەک لە سلێمانی مامەوە و دواتر سەری خۆم هەڵگرت و لە سوید گیرسامەوە. دوای ئێمە چەند هونەرمەندێک هەوڵیان دابوو بەردەوامی بە کارەکانی تیپی شانۆی ئەزموونگەریی کوردی بدەن، بەڵام نەیانتوانی بوو، بێگومان نەشدەکرا؛ لەبەر ئەوەی چەمکی ئەزموونگەری، فۆرمی کارکردن و تەکنیکی کارەکانمان زادەی بیر و تێڕوانینی ئەوان نەبووە. هەر چۆن هەموو ئەو هەوڵانەی تریش، کە لێرە و لەوێ بە مەبەستی خواستنی ئەزموونگەری کاریان دەکرد، هەرگیز بەشێک نەبوون لەو پرۆژەیەی ئێمە، هەر بۆیە دواتر شکست و پەشیمانیی خۆیان ڕاگەیاند.
ئێمە لە تاراوگە، سەرلەنوێ تۆڕی پەیوەندییەکانمان کارا کردەوە و بەردەوام ئاگامان لە یەک بوو تا دوا ڕۆژەکانی ژیان و ماڵئاواییکردنی شەماڵ.
ناوەندی لالش بۆ ئەو پەناگەیەکی گرینگ بوو بۆ بەردەوامی و داهێنان. لەم ناوەندەدا کاری لەسەر دەنگ دەکرد و دید و بیرۆکەی زۆر بوو.
ڕۆژێک بەرلەوەی کۆچی دوایی بکات، بە دیارییەوە بووم و دەستم لەناو دەستیدا بوو، دەمزانی دوا ساتەکانی هەناسەدانییەتی، ناوچەوانیم ماچ کرد و ماڵئاواییم لێ کرد.
بۆ زیاتر ئاشنابوون لەم گەشتە هونەرییە دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر کتێبی “گوتاری ئەزموونگەری لە ڕەوتی شانۆی کوردیدا”