ماڵ
هونەرمەند ڕەنج حکمەت بڕیاڕ دەدات ماڵەکەی خۆی بۆ بیست و چوار کاتژمێر بگوازێتەوە ناو فەزای گشتی، واتە شوێنی نیشتەجێبوونی لە شوێنێکی (تایبەت و کەسی)یەوە بگوازێتەوە بۆ فەزای گشتیی شار. ماڵ ئەو شوێنەیە کە مرۆڤ دروستی کردووە بۆ پاراستنی ژیانی تایبەتی و کەسی کەسەکان یان خێزانەکان لە دژی ئەوەی تر، دروستکردنی ئەو دیوارە کە مرۆڤ کەسایەتیی خۆی و نهێنییەکانی تێدا دەبپارێزێ لە چاو ئەوانەی تر، یان شاردنەوەی ئەو هەڵسوکەوتەی کە هەڵدەستێ بە ئەنجامدانی لە پشت دیوارەکانەوە کە نامۆیە بۆ دابونەریتی کۆمەڵگە، بە واتایەکی تر ماڵ ئەو شوێنە ئارامەیە کە کەسایەتیی شاراوەی کەسەکان بەنهێنی دەهێڵێتەوە لە چاوی کۆمەڵگە و ئەوانی تر. لێرەدا ماڵ دەبێتە هەڵگری چەندین نهێنی و ڕووداو کە کەسەکان لە پشتی دیوار و دەرگاکانی ماڵەکاندا ئەنجامی دەدەن.
بەڵام هونەرمەند ڕەنج حکمەت نایەت هەمان ئەو ماڵە ئاسایییە کە لە ڕۆژانەدا تێیدا دەژی بیهێنێتە فەزای گشتییەوە یان وەکوو خۆی دایبنێتەوە، بەڵکوو هەوڵ دەدات مانا و شێوەی ماڵ بگۆڕێت! واتە ئەو مانا کلاسیکییە باوەی کە ماڵ هەیەتی تێکی بشکێنی و بەشێوەیەکی جیاواز مانایەکی تری باتەوە بە ماڵ، لە مانا کلاسیکییەکەی دەریبهێنی کە ئەویش (پاراستن و ئارامییە) لە دژی ئەوانی دی، واتە (داخراوە)، بەڵام لەلای هونەرمەند ڕەنج حکمەت (کراوەیە و بێسنوورە، شەفاف و بینراوە بێ دیوار و دەرگا و پەنجەرە و بنمیچە)، لە هەمان کاتدا ماڵەکەی هونەرمەند ڕەنج حکمەت مرۆڤەکان سەربەست و سەربەخۆن لەناو (بۆکس)دا نین و کاریگەریی ماڵیان بە سەرەوە نییە، واتە هونەرمەند دیزاینی ماڵەکەی بەشێوەیەک کردووە کە خۆی (هونەرمەند) لە دەرەوەی سنووری ماڵەکە بێت، نەک لەناو ماڵەکەیدا، بۆ نموونە، قەروێڵەی نووستنەکە (تەختی نووستن) لە دەرەوەی ماڵەکەیە، واتە لەژێر سەقفی ماڵەکەدا نییە بەڵکوو لە تەنیشت ماڵەکەدایە، کە کاتێک بیەوێت بخەوێ و خەو ببینێ یان لەکاتی ڕاکشان و بیرکردنەوەدا سەربەست بێت، کاریگەریی ماڵی بە سەرەوە نەبێ و نەبێت بە بەشیک لەو بۆکسە داخراوە،بە هەمان شێوە بانیۆکە (تەشتی خۆشتن) لە دەرەوەی سنووری ماڵەکەیە، ئەو کاتەی کە دەیەوێت خۆی بشوات و خۆی پاک بکاتەوە لە دەرەوەی ماڵەکەدا ئەم کردارە ئەنجام دەدات، ئەوەی کە لێرەدا پەیوەندی دروست دەکات، ئەو ئاوەیە کە لە دووشەکەوە دەڕژێتە خوارەوە بۆ ناو بانیۆکە، کە بەستراوە بە تانکی سەر بنمیچی گەرماوەکە، ئەم پەیوەندییەش پەیوەندییەکی کاتییە، لەگەڵ نەمانی ئاو لە دووشەکەوە ئەو پەیوەندییەش نامێنێ،بە هەمان شێوە تەوالێتی ڕۆژئاوایی، لە دەرەوەی سنووەی ماڵەکەدایە، تەنها بە ماڵەکەوە لکاوە، ئەویش بۆ کۆکردنەوەی پاشەڕۆی (گوو – میز) لەژێر ماڵەکەدا، بەم شێوەیە کرداری گووکردن، لەگەڵ میزکردن، خۆشتن و خەوتن، وەکوو کردەوە (کار – فعل) لە دەرەوەی ماڵەکە ڕوو دەدات بەڵام دەرئەنجامەکە یان بەرهەمەکەی دەچێتەوە بۆ ماڵەکە. لێردا هونەرمەند دەیەوێت ئەوە بڵێت کە مرۆڤ لە دەرەوەی ماڵ سەربەخۆترە وەکوو (بکەر – فاعل).
کوتلە وەک هێمایەک بۆ ماڵ
ماڵەکەی هونەرمەند ڕەنج حکمەت ماڵ نییە وەک باڵەخانەیەکی ئاسایی، بەڵکوو وەکوو مانا ماڵە یان وەک هێمایەکە بۆ ماڵ، واتە کوتلەیەکی ڕەمزییە بۆ ماڵ، لێرەدا هونەرمەند ڕەنج حکمەت هەڵدەستێ بە ئەبستراکت(تجرید)کردنی ماڵ بەشێوەیەکی (سوریالی) فرەڕەهەند، ئەویش بە هەڵگەڕانەوەی بەشەکانی ماڵەکە بە چەند شێوەیەکی جیاواز (هەمە چەشنەی ڕوانگەی جیاواز) بەڵام لەسەر یەک (کوتلەی یەکگرتوو) واتە چەند ڕوانگەیەکی تێکشکاوی یەکگرتووی لەخۆ گرتووە، بۆ نموونە گەرماوەکە لەسەر لایە، واتە ئەرزی گەرماوەکە بووە بە دیواری گەرماوەکە، لە هەمان کاتدا بانیۆکە کوتلەیەکی سەربەخۆیە لە دەرەوەی گەرماوەکەیە، دەکرێت بڵێین بە ئاسمانەوەیە، بە هەمان شێوە تەوالێتە ڕۆژهەلاتییەکە هەڵگەڕاوەیە، واتە تەوالێتە ڕۆژهەڵاتییەکە بە ئاوەژوو دانراوەتەوە، نەک (لەسەر زەوی دانرابێت) بەڵکوو ئەرزی تەوالێتە ڕۆژهەڵاتییەکە چۆتە سەرەوە لە بنمیچەکە جێگیرکراوە، ئەمەش وای کردووە هونەرمەند ڕەنج حکمەت دەستکاری جازیبیەتی زەوی (هێزی ڕاکێشانی زەوی) بکات لە دیزاینی ئەو کوتلەیە، و بەڵگەش بۆ ئەمە، سیفۆنی ئاوی تەوالێتە ڕۆژهەڵاتییەکەیە وەکوو خۆی بە دیواری تەوالێتەکەوە هێشتووەتەوە وەک چۆن لە واقعدا هەیە، یان تەوالێتە ڕۆژئاوایییەکە دەستەسڕەکە و بەلۆعەکە بە دیوارەکەوەیە کە لە واقعدا تەختاییی زەوی گەرماوەکەیە، لە هەمان کاتدا تەوالێتە ڕۆژئاوایییەکە لکاوە بە دیواری گەرماوەکەوە کە لە واقعدا زەوی گەرماوەکەیە، بەڵام ژێری بۆشە، بۆ بانیۆکەش خاولی خۆ وشککردنەوەکە بە دیوارەکەوە هەڵواسراوە وەکوو لە واقعدا بوونی هەیە، بەڵام بەلۆعەی دووشەکە بە بنمیچی ماڵەکەوەیە، بەڵام لە واقعدا ئەوە بنمیچ نییە بەڵکوو دیواری واقعیی گەرماوەکەیە، تانکی سەر سەربانەکە لە سەر سەربانەکە نییە بەڵکوو لەسەر دیواری گەرماوەکەیە لە واقعیدا، پەیژە ئاسنەکە لە واقعدا بە زەویی گەرماوەکەوە دانراوە بۆ چوونە سەر دیواری گەرماوەکە نەک بنمیچی گەرماوەکە بەڵکو بۆ دیوی ژێرەوەی تەوالێتە ڕۆژهەڵاتییەکە کە بە ئاوەژوو دانراوە، واتە هەمووی دژ بەیەک لکێنراون بە یەکەوە. ئەم کوتلەیە شێوە ئەبستراکت دەرچووە.
گەر لە دوورەوە ئەم کوتلەیە ببینین، بەم وەسفەی سەرەوە دەردەکەوێت کە ئەم کوتلەیە لەسەر زەوی نییە، بەڵکوو بە ئاسمانەوە وەستاوە بەهۆی ئەو پێچەوانانەی دژ بەیەکە لە دیوار و سەقف و زەویدا پێکەوەی لێکدراون، لەوانەیە وەک پەیکەرێکی ئەبستراکتی دەرکەوێت، بەو کەلوپەلەی کە پێوەی لکێنراوە، وەکوو تانکی ئاو و پەیژەی ئاسنین و سیفۆنی ئاو و دووش… هتد، بەڵام لە بنەڕەتدا هونەرمەند ڕەنج حکمەت هەوڵی داوە وەک کوتلەیەک بە ئاسمانەوە بمێنێتەوە کە دژی یاسای هێزی کێشکردنی زەوی (جازبیە) بێت یان ئەوەتا دەیەوێت لە هەموو لایەکەوە ببینرێت، بەڵگەی ئەوەش ئەم کارە خۆی لەسەر سەربانی باڵەخانەیەکی چەند نهۆمی بەرزدا دروستی کردووە، کە هەوڵی ئەوە دەدات ئەو هەستە لەلای بینەر دروست بکات کە ئەم ماڵە بە ئاسمانەوەیە وە یەک ڕووی نییە بەڵکوو چەندین ڕوویەکی پێچەوانەی هەیە.
شوێن
لێرەدا شوێن پەیامێکی سیاسی لە پشتەوەیە لە هەمان کاتدا ئاکتێکی سیاسییە، هونەرمەند ڕەنج حکمەت، ئەم شوێنەی بە تایبەت دەستنیشانی کردووە، بۆ کارەکەی، واتە دوای گەڕانێکی زۆر کەوتۆتە سەر ئەو بڕیاڕە کە لەسەر سەربانی فەرمانگەیەکی هونەری شاری سلێمانی، لە ناو کارگەی کولتوور کە گەورەترین سەنتەری کولتووری شارەکە لەخۆ دەگرێ، ئەم کارەکەی تێدا بە ئەنجام بگەیەنێ، کە بە باوەڕی من ئەم بڕیارە لە باکگراوندێکی سیاسی و دژە دەسەڵاتی کولتوورییەوە هاتووە، وەک پەرچەکردارێک دژ بە ڕەوشی کولتووری ئەم ناوچەیە بەگشتی و شاری سلێمانی بەتایبەتی، واتە شوێنی کارەکە لە کۆنسێپتی کارە هونەرییەکەیدا پشکی شێری بەردەکەوێت. لێرەوە شوێن پانتایییەکەکی گەورەی داگیر کردووە لە ناردنی ئەو نامەیە کە لە ڕێگەی کارە هونەرییەکەوە دەیەوێت بیگەیەنێت بە بینەر، بەتایبەتی سەربان وەک بەرزترین شوێن یان دەتوانم ناوی بنێم (لوتکە) واتە منی هونەرمەند لە بەرزترین شوێنی دەسەڵاتی کولتووری ئەم شوێنەوە لە ناو گەورەترین شوێنی کولتووری ئەم شارەدا ئەم کارەکە ئەنجام دەدەم.
تێکەڵاوبوونی ئەم دوو فەزایە، واتە ماڵ وەک شوێنێکی (تایبەتی – کەسی) شوێنەکە وەک (فەزایەکی گشتی – قەرەباڵغ)، خۆی لە خۆیدا ئەو پارادۆکسە دژ بەیەکە دروست دەکات کە ئایا لە ناو کارگەیەک بۆ وەبەرهێنانی کولتووری، توانای ئەوەی هەیە کە (تاک) بتوانێ بیر بکاتەوە لەناو ژیانێکی ئاساییی ناو ماڵدا کە لەنێوان ژووری نووستن و گەرماو و تەوالێتدا ژیان بەسەر بەرێ.
لێرەوە هونەرمەند ڕەنج حکمەت دەیەوێت لە ڕێگای هاتنە ناوەوەی ئەو سنوورەوە گشتییە، واتە سنووری دەسەڵاتی کولتووری بە دامودەزگا حکومی و ڕێکخراوەکانیەوە شوێنێک جیا دەکاتەوە و ڕاستەوخۆ ڕەخنە لەم سیستەمە دەگرێت، بەڵام بەشێوەیەک کە خۆی وا پیشان دەدات کە ڕاستە من لە ناو سنووری ئێوەدام، بەڵام من لە سەروو ئێوەوەم واتە من لە لوتکەی شوێنەکەدام ئێوە لەژێر منەوەن، بەڵگەش ئەوەیە دەبێ بە چەندین پەیژە سەرکەون تا بگەنە شوێنەکەم، لە هەمان کاتدا ببینن چۆن پاشەڕۆی ماڵەکەشم بەسەر ئێوەدا دێتە خوارێ.
بینەر وەک بەشێک لە کارەکە
لەم کارەدا هونەرمەند ڕەنچ حکمەت بانگهێشی بینەر دەکات بۆ ماڵەکەی خۆی، بەڵام بە یاسا و ڕێسای خۆی، لە هەمان کاتدا مەرجی هەیە بۆ بینەر، لێرەدا دەتوانم ناوی ئەم مەرجە بگۆڕم بە وشەی (سزا) واتە گەر هەر بینەرێک بێتە ناو کارەکەیەوە مامەڵە لەگەڵ کەلوپەلی ماڵەکەی بکات (دەستکاری شتەکان بکات یان سنووری کارەکە ببەزێنێ) ئەوە دەبێت بیست و چوار کاتژمێر لەگەڵ هونەرمەند بمێنیتەوە و نمایش بکات، یان دوای نمایشەکەی بیست و چوار کاتژمێر هەمان پێرفۆرمانسی من دووبارە بکاتەوە، لە هەمان کاتدا یاسا و ڕێسای داناوە کە چۆن بێتە ناو کارەکەیەوە، نابێ بە هیچ شیوەیەک ئامێری وێنەگرتنت پێ بێ، واتە لێرەدا هونەرمەند ڕەنج حکمەت بە مەرج بینەر قبوڵ دەکات، بینەریش لەگەڵ خۆیدا لە ناو کارەکەدا (بەند دەکات)، واتە لێرەدا بینەر تەنها بۆی هەیە تەماشاکەر بێت یان ببێتە (شاهێدێک) بۆ کاری پێرفۆڕمانسەکە، لێردەدا بینەر دەوری پاسیڤێکی بێ دەسەڵات دەبینێ، لە هەمان کاتدا هونەرمەند ڕەنج حکمەت یاسا و ڕێسای بۆ دادەنێت بۆ گێڕانەوی کارەکە لە دوای تەواوبوونی ٢٤ کاتژمێر، واتە لێسەندنەوەی ئامێری تۆمارکردن و وێنەگرتن لە بینەر قەدەغە دەکات وەک پێشتر باسم کرد، ئەمە ئەوە دەردەخات کە هونەرمەند ڕەنج حکمەت دەیەوێت لە دوای تەواوبوونی کاری پێرفۆرمانسەکەی بینەر لە ڕێگەی تەنیا زمانەوە ئەم کارە بگێڕێتەوە بۆ کەسی سێهەم، لێرەدا کێشەی (گێڕانەوە) دەکەوێتە ناو کارەکەوە، کە بە بڕوای من بە گێڕانەوەی کارەکە بۆ کەسی سێهەم ئیتر کارەکە لە گێرانەویەکی واقعی لە سەدا سەد دەردەچێت و دەچێتە دۆخی چیرۆک و ئەفسانەوەوە، کە بە تێپەڕبوونی کات و ڕۆژ کارەکە وەک خۆی نامێنێ بەڵکوو شتی لێ دەقرتێ و لە هەمان کاتدا شتی بۆ زیاد دەکرێت، بەم شێوەیە ئیتر بەشە بچووکەکانی یان پارچە بچووکەکانی ئەم کارە پێرفۆرمانسە ون دەبێت و لەگەڵ تێپەڕ بوونی کاتدا کارەکە ئاراستەیەکی تر وەردەگرێت هەم وەک کۆنسێپت وە هەم وەک فۆڕم و جووڵە، ئیتر لێرەوە هەندێ چیرۆکی جیاواز و خەیاڵاوی تێکەڵاو بە کارەکە دەبێت کە کەسی سێهەم خۆی دروستی دەکات و دووبارە دەیگێڕێتەوە، ئەمەش بە باوەڕی من سوود بە کارەکە ناگەیەنێ، لە هەمان کاتدا کەسی سێهەم نابێ بە بینەر بەڵکوو دەبێت بە چیرۆکخوانی چیرۆکێکی ئەفسانە کە نەی دیووە.
بە پێچەوانەشەوە لە ڕوویەکی ترەوە هونەرمەند ڕەنج حکمەت لەگەڵ ئەوەی بینەری پابەند کردووە بە یاسا و ڕێسای خۆیەوە، لە هەمان کاتدا چەندین ئامێری کامێرای دانابوو لە چەند شوێنێکی جیاوازی کارەکە وە بەردەوام کارە پێرفۆرمانسەکەی تۆمار دەکرد، واتە ٢٤ کاتژمێر، لێرەدا دووبارە هونەرمەند ڕەنج حکمەت هێزی خۆی وەک (هونەرمەد)ی خوڵقێنەری کارەکە بەکار دەهێنێ بۆ گێڕانەوەی کارەکە و بە دیکۆمێنتکردن و تۆمارکردنی کارەکە، لە دواییدا بەوشێوەی کە خۆی دەیەوەێت کارەکە بگێڕێتەوە دەیگێڕێتەوە!! واتە لێرەدا هونەرمەند هێزی ڕەهای هەیە لە گێڕانەوەی پێرفۆرمانسکە بە پشتبەستن بە بەڵگەی (فۆتۆگرافی و تۆماری ڤیدیۆیی و دەنگی) کە ئەو ڕاستییەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە خۆی بە ڕاستی داناوە لە هەمان کاتدا ئەو بینینەمان پیشان دەدات کە ئەو هەڵی بژاردووە نەک چاوی بینەر کە تەماشای کردووە و کارەکەی لێوە بینیوە.
لێرەدا ئەبێ ئەوەش بڵێن بەکارهێنانی ئەم دەسەڵاتە ڕەهایە لە خودی هونەرمەندەوە لەپێناوی ئەوەدا بوو کە کۆنسێپتی کارەکەی بە لاڕێدا نەڕوات و نەبرێت بە ئاقارێکی تردا.

خود، دەنگ، بینەر، کەرستەکان
خود
لەم کارە پێرفۆرمانسەدا خودی هونەرمەند ئامادەیی نەبوو! بەڵکوو ئەو خودە ئامادە بوو کە بە ئاگایییەوە کۆنتڕۆڵی هەڵسوکەوتەکانی ناو کارەکەی دەکرد، واتە هونەرمەند ڕەنج حکمەت خودی ناوەوەی وەک مڕۆڤێکی تەنیا (لێرەدا بۆیە دەڵێم تەنیا لەگەڵ ئەوەی شوێنەکە شوێنێکی گشتی و فەزایەکی کراوە بوو بەڵام هونەرمەند ڕەنج حکمەت دەیەویست ئەوە بۆ بینەرەکانی پیشان بدات کە بە تەنیایە) بۆیە چاوەکانی هیچ کاتێک بەرچاوی بینەرەکانی نەدەکەوت واتە (پەیوەندی بینین) بوونی نەبوو لەنێوان هونەرمەند و بینەردا.
هونەرمەند ڕەنج حکمەت پێوستی بە هێزێکی گەورە بوو، بۆ ئەوەی ئەم پەیوەندییە لە نێوان خۆی و بینەردا نەهێڵێت، بەڵام لەسەر حسابی خودی هونەرمەندەکە بوو کە (خود) وەک هەست و وەک مامەڵە لەگەڵ جەستەی خۆی لەلای هونەرمەند ڕەنج حکمەت ئامادەیی نەبوو، یان دەتوانم بڵێم لە دەستی دابوو لە ژێر ئەو فشارە دەروونییە گەورەیەدا کە لە ساتی نمایشەکەدا دروست بووبوو، واتە لەگەڵ ئەو هەموو هەوڵەی هونەرمەند ڕەنج حکمەت بۆ دەرخستنی کەسێکی سەربەستی تەنیا لە مامەڵەکردن و هەڵسەکەوتدا، بەڵام ئەو لە ناخەوە چاوەڕوانی ڕووداوێکی دەکرد کە ڕوو بدات، واتە هەموو کاتەکە ئەو لە ئامادەباشیدا بوو بۆ ڕووداوێک کە ڕوو بدات لە ناو ماڵەکەی (لێرەدا مەبەستم لە بینەرە) یان لە دەرەوی ماڵەکە (لێرەدا مەبەستم دەزگا حکومییەکانە)، بۆ تێکدانی ئەو کارە پێرفۆرمانسە، بەڵگەی بۆ ئەمە ئامادەنەبوونی جەستەی هونەرمەند لە نمایشەکەدا، هیچ بەرکەوتەیەکی فیزیکی لەنێوان دەست و قاچ و جووڵەی هونەرمەند نەبوو لەگەڵ جەستە خۆیدا، واتە پەیوەندییەکی ئاساییی نێوان عەقڵ و جەستە بوونی نەبوو، لێرەدا جەستە فەرامۆش کرابوو، ئەمەش بۆ دوو خاڵ دەگەڕێنمەوە:
یەکەم: ئەوەیە کە پێشتر باسم کرد ئەو حاڵەتە دەروونییەیە کە هونەرمەند ڕەنج حکمەت تێیکەوت بوو لە چاوەڕوانی ڕووداوێکدا بوو کە لە ئان و ساتدا ڕوو بدات. (لێرەدا ئەم هەستە لە پێش کارەکەوە بوونی هەبوو، واتە پێشتر هونەرمەند ڕەنج حکمەت ئەو ڕووداوەی خستبووە پلانییەوە کە بەهۆی کارە پێرفۆرمانسەکەوە (خۆ ڕووتکردنەوە)وە دەزگا حکومی و فەرمییەکان کارەکە ڕابگرن، یان بینەر قبوڵی ئەو حاڵەتە نەکات و کارەکە بشێوێنێت).
دووەم: بابەتی خۆ ڕووتکردنەوە، بە تایبەتی لەناو کۆمەڵگەی ئێمەی خێڵەکی و سونەتی و دینداردا، هەمیشە جەستە فەرامۆش کراوە بەتایبەتی هەندێ لە بەشەکانی جەستە (تابۆ)کراوە بە هەموو یاسا و ڕێسایەکی کۆمەڵایەتی و دینییەوە و بەپێی یاسا خۆ ڕووتکردنەوە لە شوێنە گشتیەکاندا قەدەغەیە و سزای هەیە.
جەستە لە دووری چاوی ئەوی دیدا، هەمیشە ئازادە، واتە جەستە لە تەنیایدا ئارامە، بەڵام لە کارە پێرفۆرمانسەدا جەستەی هونەرمەند ڕەنج حکمەت ئازاد نەبوو بگرە لەگەڵ ئەوەی جەستەیەکی ڕووتمان دی بە مانای (ڕووتی مرۆڤ) بەڵام ئازاد نەبوو بەڵکوو فەرامۆش کرابوو لەپێناوی ئەوی دیدا (لێرەدا مەبەستم بینەرە)، ئەمەش بە هۆکاری ئەو فشارە دەروونییەیە کە لە ناوەوی هونەرمەند دروست بووبوو بەهۆی دابونەریتی کۆمەڵایەتی و دینی و سیاسی و بەرکەوتنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ چاوی بینەردا، جەستەی هونەرمەند وەک جەستەیەکی سەربەست ئامادەیی نەبوو بەڵکوو لەژێر فشاردا بوو، لەگەڵ ئەوەشدا هونەرمەند وەک کارێکی پێرفۆرمانس لە نمایشکردنی ڕووتبوونەوەدا کارێکی بوێری ئەنجام دا.
دەنگ
لە ڕوویەکی ترەوە مرۆڤ کە تەنیا ئەبێ و ئەم تەنیایییە وا لە مرۆڤ دەکات هانا بهێنی بۆ جەستەی خۆی تا بتوانێت کەمێک لە تەنیایییەکەی کەم بکاتەوە، واتە جەستە لەژێر فشاری دەروونیدا پەنا دەبات بۆ دەنگ، وەکو (فیکەلێدان، گۆرانیوتن، قسەکردن، پرتە پرت، هاوار، پیاکێشان بە دەستی یان بە قاچ) واتە دەنگ کاردانەوەیەکی دەروونی مرۆڤانەیە جەستە پێی هەڵدەستێ لە تەنیایی و لە ترس لە تەنیاییدا، لە هەمان کاتدا کە مرۆڤ بە تەنیا دەبێ ئەو کاتەی کە بیر دەکاتەوە بە دەنگی بەرز بیر دەکاتەوە، واتە کفتوگۆ لەگەڵ خۆیدا دەکات بە دەنگی بەرز بۆ ئەوەی بێتە دەرەوە لە ناو جەستەی لە هەمان کاتدا گوێ بەشدار بێ لەم گفتۆگۆکردنە، بەڵام لەم کارە پێرفۆڕمانسەدا دەنگ بوونی نەبوو، واتە هونەرمەند ڕەنج حکمەت ئامرازی دەنگی بەکار نەهێنابوو، سەرنجەکە لەوەدا بوو بینەریش بێدەنگ بوو، ئەوەی دەبیسترا دەنگی ژاوەژاوی شار بوو لەگەڵ بانگدان لە مزگەوەتەکانی شار.
بینەر
سەرەتا ئەو بینەرانەی کە هاتنە ناو کارەکەوە، هەموویان ڕازی بوون بە یاسا و ڕێساکانی کارەکە، یەکەم بینین بەری ئەکەوتی ئەو کوتلەیە (قەبارە گەورەیە) بوو کە لە ناوەڕاستی سەربانەکەدا دانرا بوو، دوای چاوەکان دەچووە سەر کەسێکی بێجووڵە و بێدەنگ لەسەر قەرەوێڵەیەک پاڵکەوت بوو، لێرەدا بینەرەکان خۆی ئامادەکردبوو بۆ ڕوودانی ڕووداوێک، بەڵام هیچ ڕووی نەدەدا، ئەم چاوەڕوانییە بێدەنگییەکی سەیری دروست کردبوو، لەگەڵ جووڵە و هەنگاوەکانی هونەرمەند ڕەنج حکمەت لەنێو ماڵە تازەکەی (قەرەوێڵەی ئاسنی، حەمام، توالێتی ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاوایی و پەیژەی ئاسنین… هتد). لێرەوە بینەر هەر چاوەڕوانی ڕووداوێکی دەکرد کە ڕوو بدات، ئێستا نا تۆزێکی تر، بەڵام لە درێژەی کارەکەدا بەتایبەتی لە هەر سێ حاڵەتەکەدا، واتە (خۆشتن و گووکردن و میزکردن) بۆ هەندێ لە بینەران مایەی سەرسوڕمان بوو، کە چاوەڕوانی ئەوەیان نەدەکرد هونەرمەند ڕەنج حکمەت هەندێ لە بەشە تایبەتییەکانی جەستەی بەم شێوەیە ڕووت بکاتەوە، لەگەڵ ئەوەی پێش نمایشەکە بینەر ئاگادار کرابۆوە کە هەندێ حاڵەتی خۆ ڕووتکردنەوە ڕوو دەدات بۆ ئەوەی نەبێ بە (شۆک) بەڵام لە هەندێ بینەردا ئەو حاڵەتە دەرکەوت وەک شۆک و لە هەمان کاتدا بۆ چەند بینەرێک وەک بێزارکەر دەرکەوت، بە باوەڕی من بۆ دوو خاڵ دەگەڕێتەوە:
یەکەم: لە ئاستی چاوەڕوان کراوی بینەر نەبوو کە هونەرمەند ڕەنچ حکمەت بەم شێوەیە خۆی بە تەواوی ڕووت بکاتەوە.
دووەم:-دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پەروەردە کۆمەڵایەتی و دابونەریتەی کە کۆمەڵگە لەسەری ڕاهاتووە، کە وەکوو لە پێشدا باسم لێوەکردووە.
ئیتر ئەم چاوەڕوانییە لە ڕوودانی ڕووداوێک لە ناو نمایشەکەدا بوو بە چاوەڕوانییەکی بێزارکەر (مومیل) کە بە بڕوای من یەکێک بوو لە پلانەکانی هونەرمەند ڕەنج حکمەت خۆی، کە ئەو دووبارەبوونەوەیە و ئەو بێزارکەرییە بە ئاگایییەوە دابنێ و کارەکە هیچ ڕووداوێکی گەورەری تێدا نەبێ، بەڵكوو دووبارەکردنەوەی ئەو ژیانە ئاساییەیە کە لە ناو ماڵەکاندا دەکرێت هەموو کات و ڕۆژ و سەردەمێک، لەنێوان ئەم مامەڵە سادە و ساکارە بچووکانەی ژیاندا مرۆڤ ئەتوانێت مێشک بجوڵێنێ بۆ بیرکردنەوە و دۆزینەوەی چەندین ڕەهەندی جیاواز، لێرەوە لەناو دۆخێکی چاوەڕوانکراوی مومیلی دووبارەدا بینەر ئەوەندەی تر پاسیڤ و بێ دەسەڵات دەردەکەوێت بەرامبەر کارەکە.
کەرستەی ناو کارەکە
مامەڵەی هونەرمەند ڕەنج حکمەت لەگەڵ کەرستەی ناو ماڵەکەدا مامەڵەیەکی ئاڵۆز و تایبەتی بوو، ئەوەی جێی سەرنج بوو شێوەی بەکارهێنانی کەلوپەلەکانە بوو، ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی دیزاین و دروستکردنی ماڵەکە (کوتلەکە) کە بە ئاگایییەوە هونەرمەند ڕەنج حکمەت ئەم کەرەستانەی داناوە، بۆ نموونە گەر بیەوێت خۆی بشوات ئەوە پێویستە بچێتە سەر سەربان بە پەیژە ئاسنەکەدا تا بتوانێت بەلۆعەی دووشەکە بکاتەوە، دووبارە بێتە خوارەوە تا خۆی بشوات، بە هەمان شیوە دوای خۆشتن دەبێ بچێتەوە سەر سەربان بە هەمان پەیژەی ئاسنەکەدا بۆ گرتنەوەی بەلۆعەی دووشەکە، لە هەمان کاتدا گەر بیویستایە میز بکات دەبوایە بچێتە سەر سەربان بە پەیژە ئاسنەکەدا بچێتە سەرەوە بۆ ئەوەی توالێتە ڕۆژهەڵاتییەکە بەکار بهێنێ (کە بە ئاوەژوو دانرا بوو)، دووبارە بێتەوە خوارەوە بە پەیژە ئاسنەکەدا بۆ بەردانەوەی سیفۆنی ئاوی تەوالێتی ڕۆژهەڵاتییەکە و لابردنی ئەو میزەی کە کۆ بۆتەوە لەسەر سەربانی بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری و لاوان بەشی شێوەکاری و موزیک. ئەم کردارە ئاڵۆز و بە هیلاک بەرە، وای کردبوو کە جووڵە و بەرکەوتەکانی جیاواز دەرکەون لە کرداری ئاساییی ڕۆژانەی مرۆڤ، لەگەڵ ئەو کەرەسانەدا کە لە ژیانی ڕۆژانەدا بەشێوەیەکی سادە و سانا دانراون بۆ بەکارهێنان.
مامەڵەکردن لەگەڵ کەرەستەکانی کارەکە ڕاستە ئاڵۆز و بێزارکەر بوو، بەهۆی دووبارەبوونەوەی لە ماوەی ئەو بیست و چوار کاتژمێرەدا، بەڵام هەندێ لە سەرکێشی تیابوو، بەتایبەتی بۆ خودی هونەرمەند ڕەنج حکمەت کە دەیتوانی هەموو شوێنەکانی ماڵەکەی بەکار بهێنی و لەزەت لەم جووڵە و کردارانە وەرگڕێ وە وەک کردارێکی سەرکێشی و پڕ مەترسی سەیری بکەین، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی دیزاینکردنی ئەو (کوتلەیە) و نەبوونی پارێزگاری و سەلامەتی، بە باوەڕی من مامەڵەکردن و جووڵەکان لەگەڵ دیزاینی کوتلەکەدا (ماڵەکە) تەواوکەری یەکتر بوون، شێوە و جووڵەیەکی گونجاوی دابوو بە کارەکە.
لە کۆتاییدا بە پێویستی ئەزانم بە کورتی باسی دوو کارە پێرفۆرمانسی (ماڵێک بێ دیوار و Wohnamt) بکەم، وەک درێژکراوەی مێژووی هونەری شێوەکاری پێرفۆرمانس لە لای ئێمە. بە تایبەتی کە بیرۆکەی ماڵ یان شوێنی نیشتەجێبوون و فەزای گشتی هەمیشە ئامادەیی هەبووە لە کاری هونەرمەندانی ئێمەدا، بۆیە وەستان لەسەر ئەم کارانە بە باوەڕی من لە خزمەتی ئەم نووسینەمدا دەبێت بۆ سودوەرگرتن و خوێندنەوەیەکی ورد لە کاری (٢٤ کاتژمێر پێرفۆرمانس، هونەرمەند ڕەنج حکمەت)دا و دۆزینەوە و شیکارییەکی فرەڕەهەندی بۆ کارەکە بکرێت یا بزانین ئەم کارانە بەرەو کوێ دەڕوات لە داهاتوودا، لە هەمان کاتدا دەستنیشانکردنی ڕەگ و ڕیشەی هونەری شێوەکاری پێرفۆرمانس سەبارەت بە کۆنسێپتی ماڵ و فەزای کراوە بە پێی کات و شوێنی سەردەمەکە.
– کاری پێرفۆرمانسی (ماڵێکی بێ دیوار)
هونەرمەندان ڕۆژگار مەحموود – ئاڤان عومەر لە ساڵی (2008) لە شاری سلێمانی لە چوارچێوەی (پڕۆژەی شار)دا ئەم کارەیان نمایش کراوە، کارەکە لە ماوەی یەک ڕۆژ تا ئێوارە بەردەوام بووە، ماڵێک لە ناوەڕاستی گەڕەکێکدا لەسەر ڕووبەری زەوییەکی تەخت (١٥٠) مەتر دووجا دروست کراوە بە هەموو کەلوپەلی ژوورەکانییەوە دانراوەتەوە کە دیوار بوونی نییە تەنها کەلوپەلی ژوورەکان ناسنامە دەدەن بەو ڕووبەرەی کە لەسەری دانراوە، واتە ژووری نووستن و میوان و چێشتخانە و هۆڵ و هتد، ئەم کارە بۆ ژیان لەگەڵ خەڵک و بە تایبەتی ژنان و شوێنە گشتییەکاندا، لە هەمان کاتدا بۆ گۆڕینی فەزای ماڵە و بە بەرچاوکردن بۆ نەبوونی دیوار لە فەزای گشتیدا.

– کاری پێرفۆرماسی (Wohnamt)
هونەرمەند سۆران ئەحمەد، لە ساڵی (٢٠٠٩) لە شاری سلێمانی ئەنجامی دا، کارەکە بۆ ماوەی یەک ڕۆژ بەردەوام بووە، پڕۆژەکە لە دوو قۆناغی (ماوەیی) دژ بە یەکتر، بۆ یەک باڵەخانە پێک هاتبوو، باڵەخانەکە لە ئێستادا پێی دەوترێت (دەزگای دیزاینی ڕاگەیاندن سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیریی سلێمانی) کە لە بنەڕەتدا ئەو باڵەخانەیە خانووی ئاساییی نیشتەجێ بووی هاوڵاتی بووە، بەڵام لەم کارەدا هەوڵ دراوە دوو ڕێبازی دژبەیەک پۆلێن بکرێت، واتە خانووەکە لە بنەڕەتدا خانوویەکی تایبەتی خێزانی بووە، بەڵام لە ڕێگەی پرۆسەی بە کرێدانەوە ئەم خانووە گۆڕدراوە بۆ خانوویەکی گشتی واتە بووە بە فەرمانگەی حکومی خزمەتگوزاری.
بیرۆکەکە لە ڕاستیدا لەگەڵ بیرەوەرییەکانی ژوورێکدا یەک دەگرنەوە، کە ئەمڕۆ بۆتە بەشی ژمێریاریی بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری، بەڵام لە نەخشەی بنەڕەتی باڵەخانەکەدا ئەم ژوورە وەک ژووری نووستن (خەوتن) دیزاین کراوە، هەوڵی هونەرمەند سۆران ئەحمەد ئەوەیە کە ئەم بیرەوەرییە نەبینراوانە دووبارە لە ڕێگەی کەرەستە و مۆبیلیاتی ژووری خەوتنەوە وەکو سیسەم و معرەز و مێزی توالێت و دۆڵاب دابنێتەوە لە ناو ژوورەکەدا، لە هەمان کاتدا فەرمانبەرەکان لەسەر میزی کارەکانیان کاری ڕۆژانەی خۆیان ئەنجام دەدەن، واتە ژوورەکە لە یەک کاتدا هەردوو کارەکە ئەنجام دەدات وەک ژووری نووستن کە دەتوانرێت بەکار بهێنرێ و لە هەمان کاتدا وەک ژووری ژمێریاری ئەو فەرمانگەیە کاری ڕۆژانەی خۆی تێدا ئەنجام دەدات.

کۆتایی
لێرەوە بۆمان دەردەکەوێت پرسی ماڵ یان شوێنی نیشتەجێبوون وەک بیرۆکە و کۆسێپت ڕەگ و ڕێشەی هەیە لە ناو هونەری شێوەکاریی ئێمەدا، هەوڵ دراوە بە ڕێگە و شێوازی جیاواز تێگەڵ بە فەزای گشتی بکرێت، کاری 24 کاتژمێر پێرفۆرمانسی هونەرمەند ڕەنج حیکمەت، لە ڕێکەوتی ( 26.09.2026 بۆ 27.09.2026 ) لە سەر سەربانی بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری و لاوان بەشی شێوەکاری و بەشی موسیقا، لە ناو کارگەی کولتووری شاری سلێمانی. نوێترین کاری پێرفۆرمانسە لە سەر ماڵ و شا – شوێنی تایبەتی و شەخسی -و شوێنی گشتی.
28.10.2026
سەرچاوەکان
1/ 24 کاتژمێر پێرفۆرمانس، هونەرمەند ڕەنج حکمەت. نووسینی ئافان سدیق، وێبسایتی ژنەفتن.
2/ 24 کاتژمێر پێرفۆرمانس، جەستە وەک درووستکەری ڕووداو، هۆشەنگ بەهجەت، وێبسایتی فریز.
3/ گواستنەوەی ژیانی تایبەتی بۆ فەزای گشتی، سەنگەر قوبات، واڵی تابەتی خۆی.
4/ کاری پێرفۆرمانسی (ماڵێکی بێ دیوار) هونەرمەندان ڕۆژگار مەحموود – ئاڤان عومەر لە ساڵی ( 2008 ) لە شاری سلێمانی، لە هونەرمەند ڕۆژگارەوە وەرگیراوە.
5/ کاری پێرفۆرماس ( Wohnamt ) هونەرمەند سۆران ئەحمەد، ساڵی 2009 لە بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانی. لە وێبسایتی سۆران ئەحمەدەوە وەرگیراوە.
6/ گفتوگۆی بازنەی دەربارەی 24 کاتژمێر پێرفۆرمانس، هونەرمەند ڕەنج حکمەت، لە ڕێکەوتی 25.10.2026 لە کارەگەی کولتور، بە ئامادەبوونی خاوەن کارەکە.