ژنەفتن ژنەفتن
ئەدەب وتار

لێکدانەوەی پۆلێک مۆتیفی هاوبەشی مەولەوی و بێسارانی

لە تەرازووی ئەدەبی بەراورددا

نووسەر عادڵ محەمەدپوور
داگرتنی PDF

پوختە

     تان و پۆی ئەم تویژینەوە، بەراوردکاری و لێکدانەوەی بەشێک لە مۆتیفەکانی بێسارانی و مەولەوی تاوەگۆزین. ئەم مۆتیفانە وێڕای جیاوازیی شێوەی دەربڕین و تەرزی دنیاوینی، تا ڕادەیەک لە سیاقدا پێکەوە نزیکن و وێنایەکن بۆ وێژمانی نێواندەقیی دوو شاعیر. ئەگەرچی ئەم مژارە بەربڵاوە و بەدواچوونی زۆرتری پێویستە؛ بەڵام هەر ئەم پۆلە وێنە و وێنای واتاکانیان دەتوانێ دەستبارێک بێت بۆ ناسینی کارکردە هونەری، زمانی و هزرییەکان و ڕێبردن بە چەشنی کاردانەوە و کارتێکردنیان. لە دووتۆی دەقەکانی مەولەوی تاوەگۆزیدا، هەندێک نیشانە و مادەی ئەدەبی وەک دیمەنی زاڵی ئەدەبی دەبینرێن کە کارتێکردنی بێسارانی بەسەر ئەم شاعیرەوە نیشان دەدەن. سەرەڕای ئەمەش، دەردەکەوێت کە شێوەی دەربڕینی بێسارانی ساکار و شێوازی مەولەوی قووڵتر و فرەڕەهەندەترە. خاڵێکیتر کە شیاوی ئاماژەیە؛ هەر دوو  شاعیر لە ڕەوتی شیعری کوردیدا خاوەن ڕێباز بوون و کاریگەری و کاردانەوەی زمانی، ئەدەبی و هزریی باشیان لە پێکهاتەی پێکهاتەکانی مێژووی ئەدەبی داناوە.

وشەی سەرەکی

ئەدەبی بەراورد، مۆتیف، شێوازناسی، کاریگەری، وێنەی هاوچەشن

الملخص
حاول الباحث في هذا البحث،على ضوء المنهجية الشكلانية و نظرية الأدب المقارن، أن يكشف و يشرح عدد من الصور والدوافع الشعرية المشتركة ما بين الشاعيرين (بيساراني) و (مولوي التاوكوزي) و هي في نفس الوقت دليل على نضوج الأدب الكردي. يعتقد الباحث في بحثه : أن الشاعر الأصيل هو الذي يستنتج من اللغة العادية، صور شعرية عالية و مبدعة في ذاتها، كمهندس بارع إستفاد من كيميائية اللغة ، أزال المعروف و ترك تأثيره . من هذا التصور  رصد هذا البحث على اسلوبية هذا الشاعرين . بهذا المعيار وفي الأبيات الشعرية للمولوي التاوكوزي وجدنا كمية كبيرة من الصور والمواد والدوافع الموضوعية التي سيطرت على أسلوبه الشعري،و من خلال منهجية المقارنة الأدبية في الأبيات الشعرية للشاعرين، وصلنا إلى تأثير بيساراني على مولوي، و رغم هذا فانهما شاعرين ذوا أسلوبين و هما كرديين في المنهج الأدبي و كان لهما تأثر و تأثير كبير على اللغة و الادب والفكر في مكونات تاريخ الأدب الكردي.

……………………………

The present research aims to investigate the  some of the imagination and theme devices in the poetry of poets such as Besarani and Tagozi, who are close to each other  in register and they are a source for the history of Kurdish literature based on literary comparative stylistics. In the study, the researcher believes that a real poet is someone who can create a deep idea from simple words and phrases in the language. In addition, the poet should be able to make his own impact on the poem by using language devices like a skilled engineer.Overall, by analyzing the intertextuality in the poems of the mentioned poets, we conclude that Tagozi’s poetry contains some prominent literary themes and imagination devices, which shows the influence of Besarani’s poems on Tagozi.It can be said that both poets are stylists and both have their own style in Kurdish literature and have had a significant impact on Kurdish literary language and thought in the history of Kurdish literature.

١- پێشەکی

لە داهێناندا جگە لە وزەی تاکی و خورپەی شاعیرانە؛ ئەزموونە مێژوویییەکانی بەرەی پێشووش کە شاعیر بە تیلنیشان، تێهەڵکێش و هێمائامێز کەوتووەتە ژێر کاریگەرییەوە؛ دەتوانێت لە ناسینی ئەو ئەزموونەدا، دەوری بەرچاو بگێڕێت. واتە بێ خوێندنەوەی دەروونمایەی دەقەکانی بێسارانی، ناتوانین وێنە هونەرییەکانی مەولەوی بناسین، هەروەهاش بۆ ناسینی وێنەکانی بێسارانی و شاعیرانیتر پێویستمان بە خوێندنەوەی بەرەکانی دوورتر دەبێت. بێسارانی شاعیرێکی هێژمۆنیکار و گەشەپێدەری جووڵەیەکی گشتگری ئەدەبیاتی کوردی بووە کە پێکهاتەی ئەم نەریتە لە سەر ئیقاعی بڕگەیی (٥+٥) بنجبەست کرا بوو و تایبەتمەندیی سەرەکیشیان دیمەن و ڕۆخساری ساکار، بەڵام پڕ ناوەڕۆک و هونەری بووە. مەولەوی تاوەگۆزیش شاعیرێکی خاوەن فەزڵی ئەدەبییە و لە مێژووی ئەدەبیاتی کوردیدا خاوەن پەنجەمۆری زمانی، ئەدەبی و هزریی بەدیارە کە هەم ڕەنگدانەوەی وێنەی بێسارانی پێوەدیارە و هەمیش خۆی بە زەکای هونەری بە سەر شاعیرانی هاوکات و پاش خۆی کە ناسراوە بە قۆناغی پاش مەولەوی، کاریگەریی داناوە. ئەم وێنانە کە دەخرێنە بەرچاو ڕێژەیین و لە ئەزموونی دنیابینی شاعێرانیتردا دەبینرێن. دەم بچووکی یار، پایز و خەزان و پیری، عێرفان و وەسڵ و حەقێقەتدۆزی، تەوەری زوڵف و لقەکانی، تەوەری گوڵ، تابلۆی خەیاڵ، نەوای نەی و دەروونی شاعێر، بای شەماڵ، جام جەمین، باڵا و قامەت و…، تیری موژە، داماڵینی گەردی پێڵاو بە موژە، دەرد و خەم، دیدە و بینایی و هتد…، نموونەی ئەم مۆتیفانەیە کە بۆ نیشاندانی کارکردی ئەدەبی، هونەری، شێوەی دەربڕین و وێژمانی نێواندەقیی ئەم دوو شاعیرە بەراوردکاری و هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێت.

blank
پۆرترێتی بێسارانی

١-١- پێشینەی لێکۆڵینەوە

لە ڕەوتی شیعری کوردیی هەورامیدا، بێسارانی (١١٣٣-١٠٥٣ ک.م/1640-1702 ز) و مەولەوی (1300-1221 ک.م/ 1882-1802 ز) بە سەیدی هەورامیەوە (1265/1199 ک.م/١٧٨٥–١٨٤٩ز) سێ زایەڵەی شیعریان پێک هێناوە. تا ئێستا دیوانەکانیان چەند جار کۆ کراوەتەوە و ساخکردنەوە و لێکدانەەوەی بە خۆیانەوە بینیوە و سەرلەنوێ لە چاپ دراونەتەوە و هەروەها وتار و کتێبی زەبەندە لەسەر تەرزی شێواز تاکی و فۆڕمی هونەری و پێکهاتەی شیعرییان، بە زمانی جۆراوجۆر نووسراون و کۆنگرە و سمینار و وێبیناریان بۆ گیراوە و دەقەکانیان شەنوکەو کراون و تێکستی زۆریش لەم پێوەندییەدا نووسراون. ئەنوەر قادر موحەمەد لە کتێبی “لیریکای شاعیری گەورەی کورد، مەولەوی” وەک دەسپێکی هەرمانێکی زانستی و شێوازناسانە، خوێندنەوەیەکی بەراوردکارانەی بۆ کاردانەوە و کارتێکردنی ئەم دوو شاعیرە کردوە و لە لاپەڕەی (٢١٩ تا ٢١٣)ی ئەو کتێبەدا، چەند وێنەی هاوبەشی تاوتوێ کردووە و ڕەنگدانەوەکانی بێسارانی بەسەر شیعرەکانی مەولەوییەوە خستووەتە ڕوو (ئەنوەر قادر موحەمەد، ٢٠٠٧: ٢١٣). دیوانی بێسارانی لێکدانەوەی حەکیم مەلا ساڵح، لە باسێکدا ئاماژەی داوە بە کارتێکردنی بێسارانی لەسەر مەولەوی (حەکیم، ١٣٧٥: ٢٣-٢١). “دیوانوو بێسارانی” لە بەشی کاریگەریی بێسارانی بەسەر شاعیراندا، لە چەند خاڵدا کارتێکردنەکانی ئەم شاعیرەی بەسەر مەولەوی تاوەگۆزیدا خستوەتە ڕوو(حەبیبی، ١٣٩٥: ٤٣-٤١). نووسەری ئەم دێڕانە پێشتر خوێندنەوەیەکی بۆ ئەم دوو شاعیرە کردووە (محمدپور، ١٣٨١: ١٣٤) و بە پشتبەستن بە نەریتی باوی ئەدەبی و هێژموونی نۆرمی زمانی و هزرییەکانی شێوازی دەورە و لووتکە بوونی شاعیرانی خاوەن شێواز؛ ڕەوتی شیعری کوردیی هەورامی بە حەوت قۆناغ پۆلبەش کردووە کە لە شیعری (هورمزگان)ەوە دەڕسکێ و لە (یارسان) گۆپکە دەکات و لە (بێسارانی) دەبێتە باخچە و لە (سەیدی) ڕەنگاڵە دەبێ و دەنەخشرێ و لە (مەولەوی) نیشتوەتە سەمەر و (پاش مەولەوی) و لە شیعری (سەردەمی) هەر لە بەهرە و داهێناندا بەردەوام بووە. لەم پلانەدا، بێسارانی دەکەوێتە قۆناغی سێیەم و مەولەویش قۆناغی پێنجەم (محەمەدپوور، ١٣٩٢: ٢١).

٢- تەوەری بابەت و چوونە نێو باسەکەوە

٢-١- لە ڕوانگەی فۆرمالیستەکاندا، هەر ئامڕازێکی هونەری و وێنەیەکی جوانیناسانە و ڕوونبێژی و ڕەوانبێژی لە دەقە ئەدەبی- هونەرییەکاندا، پێی دەگوترێ هونەرسازە[1] و میکانیزمی هونەرسازەش، دەلاقەیێکە بۆ چوونە نێو باسی بنەمای مۆتیف و هاووێنەسازی و جیاوازیی دەربڕین و ڕووکردی ئیستەتیکیی شاعیر (کدکنی، ١٣٩١: ١٤٩-١٥٠). ئەگەر بەشێوەیەکی بەربڵاو و گشتانەتر بڕوانین بۆ پرسی باسەکە و دەقە جۆراوجۆرەکانی بەستێنەی فەلسەفە، هونەر، عێرفان و باقی تێرمە هزرییەکانی تر و تەنانەت سەرجەم دیاردەکانی گەردوون بپشکنین؛ دەردەکەوێت کە هونەرسازەی خوازە[2] یا خوازەیەکی بەربڵاوی چەمکی[3] (غۆلامی و دوستان، ١٤٠٠: ٩) وەک مەیدانێکی مێگناتیسی هەموو ڕەگەزەکانی خوازە گچکەکان[4] لە خاڵی ناوەندیدا پێکەوە دەبەستێتەوە. فرەدەنگی و وێژمان[5] لە بیرۆکەی میخاییل میخایلوویچ باختین (١٩٧٥-١٨٩٥)[6]؛ مەرگی نووسەر[7] و دەقی کراوە و داخراو[8] لە بۆچوونەکانی ڕۆڵان بارت (١٩٨٠-١٩١٥)[9]؛ ڕێند بوون و تەنز و لۆمەخوازی[10] لە حافزی شێرازی؛ لەدایکبوونی دووبارە لە مەولەوی تاوەگۆزی[11]؛ فەخریە و شانازی و بڕوابەخۆبوون لە نالی شارەزووری؛ عەشق و شەیدایی سەیدی هەورامی و… نموونەی خوازەی ناوەندین بۆ ئەم شاعیر و نووسەرانە. کە واتە خوازە تەنیا پێوەندیی بە زمانی هونەرییەوە نییە بەڵکوو هەموو هەرمانکرد و دیاردە هزرییەکانی پانتاییی کون و قوژبنی ژیان، ئەندێشە، کردار دەگرێتەوە. ژیان لە بنەوەڕا تینەتێکی ئیقاعیی خوازەتەوەریی هەیە و تەنانەت فامکردن و ناسینی زۆربەی دیاردەکانیش خۆی لە خوازە و خوازتەوەریدا دەبینێتەوە (هاشمی، ١٣٨٩:١٤٠-١١٩). ئەڵبەتە لە ڕوانگەی ڕۆمەن یاکۆبسونەوە (١٨٩٦- ١٩٨٢ز)[12] ئەم ڕەهەندە لەگەڵ باری ئاشنایی سڕینەوە[13] و ڕێتۆریکی بەرجەستەسازی[14] کە لە هەڵسەنگاندی دەقە ئەدەبییەکاندا باوە؛ جیاوازی هەیە (کدکنی، ١٣٩٢: ٥٥٤). مەبەستی سەرەکیی ئەم وتارەش لە خوازە، هەمان ڕووکردی ڕەوانبێژییە کە خستنەڕووی وێڕای کاریگەریی دیالیکتیکی لەسەر شاعیراندا دەبێتە هۆی ڕەخساندنی زەمینەیەک بۆ شێوازی دەورە[15] و قؤناغێکی بەرجەستەی ئەدەبی.

blank
سکێچی مەولەوی

٢-٢- بەستێنەی ئەدەبیاتی بەراورد[16] و وێژمانی دەقی شاراوە[17]

بیرۆکەی ئەدەبیاتی بەراوردکاری لە ڕۆژاوا لە کۆتاییی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیستەم سەریهەڵدا و پاشان لە ڕۆژهەڵات لەلایەن (طە ندا)وە بونیات نرا و پەرەی سەند (منوچهریان، ١٣٩٠: ٢٠٩) و لە ساڵی (١٩٦٦)یشدا، خاتوو جولیا کریستیڤا[18] بە ڕووکردێکی فەرهەنگی- کۆمەڵایەتیەوە، تیۆریی نێواندەقیی[19] یا دەقی نادیاری[20] داهێنا و ڕۆڵان بارت ژێرلقێکی بەناو نێواندەقیی خوێندنەوەیی[21] خستە سەری و پاشان ئەم تێیۆریی کاربردییە گەشەی سەند. ئەم ڕوانگەیە پێیوایە هیچ دەقێک سەربەخۆ نییە و دەقەکان یەک لە دوای یەک لەسەر بنەڕەتی دەقە پێشووەکان بێچم دەگرن (نامور مطلق، ١٣٩٤: ٢٧) کە کاتی خوێندنەوەی دەقەکە، نیشانەکانی ئەم کاریگەرییە بە تیلنیشان[22] دەردەکەون (گودرزی، ١٣٩١ ١٣٧). ڕەوییە و زەمینەی ئەدەبیاتی بەراوردکاری پەیوەستە بە لێکدانەوەی پێوەندییەکانی نێواندەقیی بۆ ناسینی مێژووی ئەدەبیاتی نەتەوەیی وڵاتێک لە گەڵ ئەدەبی نەتەوەکانی تردا کە زمانەکەیان جیاوازە (غنیمی هلال، ١٣٦٣: ٧) و ئەمەش باشترین هۆکارە بۆ ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکارە ئەدەبیەکان (زرین کوب، ١٣٨٢: ٣٢) و هەروەها ناسین و ناساندنی خاڵی هاوبەش و جیاوازیی دیوانی دوو یا چەند شاعیری نەتەوەیەک (میهندوست،١٣٦١: ١٧) کە ڕەنگدانەوەکەی وێنەی هونەری و مۆتیفەکانن.

٢-٣- پێناسەی مۆتیف[23] و مەودای کارکردنی

مۆتیف زاراوەیەکی هونەری، ئەدەبی، زانستی و تەکنۆلۆژییە. لە لێکۆڵینەوە و بەراوردکردنی فۆڕم و پێکهاتە و لە کردنەوەی واتای هێماییی بابەتەکاندا، بایەخێکی زۆری هەیە. مۆتیف هاوسەنگەکەی دەبێتە یەکەی هاوبەشی وێنە[24]، بنەتوو، بنەمایە، هەوێنی سەرەکی، نەقشمایە، دەروونمایە، بابەت[25]، نموونەی سەرەکی، تۆپۆس[26] و… لە ڕەخنەی بابەتیی سەردەمدا، مۆتیف و کارکردەکەی یەکێکە لە ڕووکردە گرنگەکانی دەروونمایەناسی[27] و بەراوردکردنی ڕەوتی ئەندێشەی دانەری بەرهەم و شرۆفەی بەستێنەی ناوەڕۆکی دەق و تێڕامان لە فۆڕم و پێکهاتە و پێوەندییەکانیان (تقوی، ١٣٨٨: ٨). خوازەگەلێکی سەرەکی وەکوو: عەشق، نیشتمان، بێ وەفایی و جەفاکاری یار و ئاسۆی رۆژ و ئەفسوونی بەهار و گوڵ و جوانیی ژیان و خەزان و پیری و مەرگ و چاو و ئەبرۆ و زۆڵف و باڵا و دەیان و سەدان چەمکی تری شیعری، هاومەزموونن بەڵام هەر شاعیرێک بەپێی هەست و ڕووکردی هونەری و دنیاوینی و شێوازی تاکیی خۆی بە ڕێژەیێک دەری دەبڕێت (هەمان سەرچاوەی پێشوو).

٢-٤- مۆتیفێکی هاوبەش لە نموونەی چەند شاعیردا

وێنەی دەم بچووکی لەنێو شاعیرانی کورد، فارس و باقی زمانەکاندا دووپات بووەتەوە، شاعیری یەکەم بە داهێنی ئەم مۆتیفە دەژمێردرێت و ئەوانی تر بەرە بەرە و دەقاوێزان کاریگەرییان لە زەمین[28] یا کێڵگەی شاعیری یەکەم بە جیاوازییەوە وەرگرتووە و وێنەکە پێگەیشتووتر و کامڵتر بووە بە وردەکاری تری هونەری و چەشنی هەست و دەربڕینی تایبەتەوە، دووپات و چەندپات کراوەتەوە و توێژەریش بە خوێندنەوەی دەقەکان هەست بە نیشانەکانی ئەم پێوەندییە هاوبەشییە دەکات (محمدپور، ١٣٨١:٣٤).

ڕوودەکی[29] دەڵێت:

زلف ترا جیم کە کرد آن کە او

خال ترا نقطەی آن جیم کرد

وان دهن تنگ تو گویی، کسی

دانگکی نار بە دو نیم کرد              (دیوان رودکی، ١٣٧٤: ٢٥)

کێ زوڵفی تۆی وەک جیم درووست کردووە و خاڵێکیشی وەک نوقتە لە نێو جیمەکەوە داناوە؟ ئەو دەمە بچووکەی کە تۆ هەتە، وەک وایە کە کەسێک دنکە هەنارێکی بچووکی سووری بە دوو لەت کردبێت؛ یانێ: (دەمت زۆر بچووک و لێوت گەلێک سوورە). لە بەیتی یەکەم زوڵفی یار کە کەوانییە و خاڵی گۆناش کە لەنێو حەڵقەی زوڵفدایە بە پیتی جیم وێچوێندراوە کە لێکچواندنێکی هەست پێکراوە[30].

لە بەیتێکدا حافز دەڵێت:

تشبیە دهانت نتوان کرد بە غنچە

هرگز نبود غنچە بدین تنگ دهانی       (دیوان حافظ، ١٣٧٠: ٦٤٨)

دەمت بە غونچە شیاو ناکرێت، هەرگیز غونچە ناتوانێ وەک دەمت بچووک و تەنگ بێت.

هەر ئەم شاعیرە لە بەیتێکی تردا، ڕێندانەتر و بە بنمایەیەکی فەلسەفی- کەلامی و بە لەونێکی تر، جەوهەری فەرد کە بچووکترین زەڕڕەی لێک نەکراو و لێک جیانەبوونەوەیە(جز‌ء لایتجزی)، بە بچووکی دەم دەچوێنی و پێناسەی دەکات:

بعد از اینم نبود شائبە در جوهر فرد

کە دهان تو در این نکتە خوش استدلالی است       (دیوان حافظ، ١٣٧٠: ٩٥)

نالی شارەزووری (١٨٧٧-١٨٠٠) و نەخشاندنی مۆتیفێکی وردبینانە و زۆر هونەری:

دەم هەمدەمی غونچەیێکە نەپشکووتووە هێشتا

با کەشفی نەکرد بەرگی عەترپۆشی گوڵی ڕووت

گریانی من و خەندەیی تۆ ئێستە دەشوبهێ

بەو مەوسێمی بارانە کە وا غونچە دەپشکۆت      (دیوانی نالی، ١٣٦٣: ١٥٢-١٥١)

یا هاوبەشیی ڕوودەکی(زلف ترا جیم کە کرد لە بەیتی پێشوو) و نالی و (زوڵفی چیم یا جیم):

لەبت میم و قەدت ئەلف و زوڵف چیم

دەزانی بەم سیانە تالێبی چیم!                      (دیوانی نالی، ١٣٦٣: ٣١٢)

مەحوی (١٩٠٦- ١٨٣٢) و هۆنینەوەی ئەم وێنە فرەدیمەنە:

غونچەدڵ بوونم لە حەسرەت لێوی تۆیە غونچەدەم

غونچەکەی تۆ مەر شێفا دا غونچەکەم ئەی غونچەکەم   (دیوانی مەحوی، ١٩٨٤  :٢٣٨)

حەمدی (١٩٣٦-١٨٧٦) و خەمڵاندنی ئەم مۆتیفە:

موژدەیی پشکووتنی دەمتی بە گوڵشەن دا سەبا

غونچە وا تێک چوون، بە قڕ چوون هەر بە گشتی خۆ بە خۆ   (دیوانی حەمدی، ١٩٥٧ : ٣٢٥)

بێسارانی لەم بەستێنەدا دەڵێت:

ئەر سیبی زەنەخ گوڵ خونچەی دەهان

بدەوش بە یەکسەر تەمامی جەهان

واتە حاشا ئەگەر سیبی زەنەخدان و بچووکی دەمت کە وەکوو گوڵ غونچەیە بەتەواوی جیهان بگۆڕمەوە.

مەولەوی دەنووسێت:

خونچە دەهانێ، تووتی زوبانێ

ساحێب زەمانێ، شەککەر ئەفشانێ     (دیوانی مەولەوی، ١٩٦١: ٥٢٧)

٣- بێسارانی (1702 – 1640ز)  و ئەندازیاری وێنەسازیی شیعر:

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بێسارانی ئەوە بووە کە وەک شاعیرێکی هێژمۆنیکاری بەشێک لە ئەدەبیاتی کوردی و ئەندازیاری ڕیتمی بڕگە خۆی ناساندوە و کاریگەریی زمانی، هزری و ئەدەبی لە سەر کۆمەڵێک شاعیری نوخبە وەکوو مەولەوی، ئەحمەد بەگی کۆماسی، پیرەمێرد، گۆران و هەموو پاش مەولەویەکانی شیعری کلاسیکی هەورامی داناوە. لە ڕوانگەی نووسەری ئەم دێڕانەوە ئەم شیعرەی خوارەوە کە ئاماژە بە سێ بەیتی دەکرێت، دەبێتە سەرچەشن و مانیفێستێک بۆ هەوێنی داهێنان و ئەندازیاریی بینای شیعرەکانی بێسارانی و میکانیزمێک بۆ کاریگەرییەکانی لەسەر مەولەوی تاوەگۆزی و باقی شاعیراندا:

حاڵداران حاڵەن، حاڵداران حاڵەن

حاڵێ پێم یاوان نمەز چە حاڵەن

سەرم داخ کەردەن یە کام خیاڵەن

سپی سەنگێ دیم واتم یە لاڵەن…

فرەکەس چوون من خام خەیاڵ مەبۆ

کەی سەنگ بە دانەی دوڕ و لاڵ مەبۆ…    (دیوانی بێسارانی ، ١٣٧٥ : ٢٣٠)

حاڵ پێوەندیی بە دنیای ناهۆشیاری عارف یا خورپەی شاعیرەوە هەیە کە وێناکانی[31] لە بێژە[32] و کردەیدا[33] هەست پێ دەکرێن و دەسکەوتی دەبێتە دیاردیەکی زمانی[34]؛ شەتەحێکی سۆفییانە یا دەقێکی شاعێرانە (کدکنی، ١٣٩٢: ٢٤). کەواتە شاعیر یا عارف لەو جەزبە ڕۆحییەدا بۆ ماوەیەکی زۆر کورت لە خۆی بێئاگا دەبێت و شیعر و شەتەح دەخوڵقێنێت و ڕەنگەش ببێتە سەچەشنێک بۆ داهێنان و کاریگەری و کاردانەوەکانی لە سلووکی شیعر و عیرفاندا. ئەم شیعرەی بێسارانییە لە ئەندێشە و زماندا، ئاوا ڕۆڵێک دەگێڕێت. لە بەیتی یەکەم بەگشتی ئاماژەیە بە دیاردەی حاڵ لە بەیتی دووەمیشدا درکەی “سەرم داخکەردەن” دەسپێکی میکانیزمی خەیاڵ و خورپە و سووژەی شاعیرانەیە و “خەیاڵ”یش مێکانیزمێکە بۆ چوونە نێو دنیای ناخودئاگا و داهێنان و وێنەسازیی هونەری[35]، سپی سەنگ و لاڵ یا گەوهەری لەعل، ئۆبژێکتی دنیای دەرەوەیە کە شاعیر بە جوانترین وێنە، خەیاڵ و واقێعی پێکەوە گرێ داون.

بێسارانی لەو شیعرانەدا دەڵێت:

خاوەن حاڵەکان بزانن، حاڵێکم بەسەردا هاتووە، بۆ خۆیشم نازانم چە حاڵێکە و سەری داخ کردووم، یانێ (چوومەتە نێو دنیای ناهۆشیارییەوە) و نازانم ئەمە کام خەیاڵە کە تەنانەت هەڵاواردنی بەردێکی سپی و گەوهەری لەعل و یاقووتی لێ ئەستاندووم.

٣-١- نەوای موترێبانەی بەستەی فەردی بێسارانی و ئاوەدانکردنەوەی وێرانەی دڵی مەولەوی

مەولەوی شاعیر و ڕێڕەوێێکی وریا، تێڕوانێکی پرۆسەی داهێنان و پرێستیژی[36] شیعر و هزر بووە و دەرکی بە سەفەرە ڕۆحانییەکەی بێسارانی کردووە و زانیارانە و ئاوەزمەندانە ویستوویە لەو تەجرۆبە کەڵک وەربگرێت، بۆیە لەسەر ئەم مانیفێستە هونەرییە کە باسی لەسەر کرا، کەوتووەتە ژێر کاریگەریی ئەم شاعیرەوە و لە دیوانەکەیدا چەندین جار ئاماژەی داوە بە شیعری بێسارانی. “شێعری بێسارانی لای مەولەوی لە هەموویان ئازیزتر بووە و بەم بۆنەوە هەندێ غەزەڵی مەولەوی، سترەکتۆرەی بێسارانیان پێوە دیارە و گەلێ جار شیعری ئەمی تێهەڵکیش کردووە و بە خامەیەکی مەولەویانە، گیانێکیتری بە بەردا کردوون” (ئەنوەر قادر محەمەد، ٢٠٠٧: ٢١٣) و بەڕاشکاوی دانی ناوە بە دەسەڵاتی هونەری، خەیاڵی و ئیستەتیکییەکەی ئەو زاتە کە سەد و هەشتاد ساڵ پێش ئەو ژیاوە. مەولەوی وێڕای وزەی باڵای هونەری و زمان پاراوی و رەوانبێژی و وزە و زەکای تاکی، بێ ئەوەی ویستبێتی ڕاستەوخۆ دابی هونەری بێسارانی لاسایی و یان تەجروبەی ئیستەتیکی و وێنە خەیاڵییەکانی وەک خۆی دووپات بکاتەوە، توانیویەتی جەوهەری هەوێنەهزری ئەو شاعیرە لە قۆزاخەی داهێنانی خۆیدا بقۆزێتەوە و لە پانتاییی زەیندا هەڵیان خلێنێ، ئەنجا بە چاوێکی ورد و سۆزێکی بە تینەوە، خۆی بهاوێتە ئامێزی گەرمی بێسارانی و بە نەشئەی بۆنی خۆشەویستی و ئەوینداری و ئەمەکناسیی جەزبەی شیعر، لە هۆش بچێ و ئاشنای “نەوای بەستەی فەرد“ی ئەو شاعیرە ببێت و وێرانەی دڵی ئاوەدان بکاتەوە:

موترێب بۆ وە داد دڵگیریمەوە

پیری ها ئاما وە پیریمەوە

نەوات وێرانەی دڵ کەرۆ ئاوا

چەنی «بەستەی فەرد» بێساران ماوا…    (دیوانی مەولەوی، ١٩٦١: 1٢٧)

پاش ئەم دانووستاندنە سلووکی-زەینییە، ڕەحمەت دەنێڕیت بۆ گڵکۆی ئەو شاعیرە و وەک عاشقێکی کامڵ ناوی دێنێ و دەیکاتە سەرمەشق بۆ جێگربوون لە دووتۆی هونەرە نایابەکەی کە بە (بەستەی فەرد) ناوی لێ هێناوە تا ئەو ساتە بگەنە ژوانگەیەکی هونەری و ورکەداهێنەکانیان لە سای یەکتردا ئارام بگرن و خەمەکانیان سارێژ ببن:

های ڕەحمەت ئەو قەبر «سەودایی کامڵ»

سەرمەشق مەینەت بێساران مەنزڵ

«بێسارانی»یەن نە تۆی فەرد من

خەم چەنی خەمان زوو مەبۆ ساکن      (دیوانی مەولەوی، ١٩٦١: ٥٤٢)

یان بۆ وێنای سۆز و وەفاداریی لە هەنێ شوێنیتری دیوانەکەیدا لە سەر کاریگەریی “بەستەی فەرد”ی بێسارانی بە تیلنیشان؛ دێڕێک یان بەیتێکی تێهەڵکێش کردووە بۆ نموونە:

واچە هەی دڵەی ئەبلەی بێ خەبەر

هۆرێز، ساتێ تەرک خاو شیرین کەر

«شەوەن، خەڵوەتەن، ماڵ بێ ئەغیارەن

عالەم گرد وتەن، دۆس خەوەردارەن»     (دیوانی مەولەوی، ١٩٦١: ٩١). بەیتی دووەمی ئەو شیعرە هی بێسارانییە.

یا بەیتی دووەمی ئەم شیعرە:

دەرگای حوققەی لاڵ دانەت شکاوان

جە ڕووی لوتفەوە پێسەت فەرماوان

«یا کاغەز بڕیان یا مەڵڵا مەردەن

یا خۆ عارتەن جە دۆس یاد کەردەن»  (دیوانی مەولەوی، ١٣٩٥: ٤٣)

 یا لە دوو بەیتییەکدا، بەیتی یەکەمی کە وێنەیەکی یەکجار جوانی هەیە تەرخان دەکا بە بێسارانییەوە:

«گۆشەی سیاماڵ هۆردا و دیاوە

چوون مانگ لە گۆشەی هەورە سیاوە»

بە خودا قەسەم پاسەم هۆمێدەن

حورالمقصودات فی الخیام ئێدەن…     (دیوانی مەولەوی، ١٩٦١: ٣٨٩)

ئەم بەستێنە هونەرییە وەک دەسپێک لە فۆڕم و پێکهاتە و ئەندازیاریی باڵاخانەی شیعر و کەڵکوەرگرتن لە “بەستەی فەرد” لە ڕوانگەی مەولەوییەوە، دەتوانێ سۆبژێکتێک بێ بۆ لێکدانەوە و توێژینەوەیەک و دەسپێکی فۆڕمێکی هونەری و ناهونەری و لە هەمان کاتدا هەڵگری ساکاری، نەرمی و ڕەوانی لە زمان و واتادا. نەوات وێرانەی دڵ کەرۆ ئاو/ چەنی «بەستەی فەرد» بێساران ماوا… ئاماژەیە بە ئەزموونێکی بە هێز کە دەچێتە نێو تۆوەکانی زمانی شاعیرێکی پێش لە خوی و لە وشەی ئاسایی: نەوا، وێرانەی دڵ، ئاواکردن، بەستەی فەرد و بێساران ماوا، ڕەمزیی فرە دەنگیی وێنەی بزۆز و دینامیکییەتیی واتا دەخولقێنێت کە لە ڕوونبێژی و ڕەوانبێژیدا پێی دەگوترێت (سهل ممتنع) و سەرچەشنێک بۆ شاعیرانی دووکەوتوو و بەرەی دوایی (پاش مەولەوی). لەم هزرە هونەری – ئەبستراکتییەدا، زۆربەی دەقەکانی بێسارانی و مەولەوی دەچنە نێو ئەم فەزای سڵۆک و هونەری شیعرەوە؛ ئاوێتەیی خەیاڵ و واقێع کە ئەوەشبۆ خۆی دەبێت هۆی خوڵقاندنی شیعر بۆ شیعر و جیاکردنەوەی هەم لە هۆنراوە و هەم لە هۆنیارانی بۆنەبێژی ناشاعیر.

ئەم دابە ئەدەبییەی بێسارانی و مەولەوی کە وێنای دیاردەی جەوهەری شیعرن وەک نەریت و سەرچەشنی ئەدەبی، جگە کاریگەریی لەسەر شاعیرانی سەردەمی خۆیان، دەگوێزرێتەوە بۆ شاعیرانی پاش و پاشتری خۆیان و سیمای هەمووکاتی بە خۆیەوە دەگرێت. تەنانەت مامۆستا گۆران لە نوێخوازیی شیعری کوردیی ناوەڕاستدا  لە ڕوانگە و کانتێکستی هونەری و سامانە ئەدەبییەکانی ئەوان کەڵک وەر دەگرێت (کاکەی فەللاح، ١٩٧٨ : ٣٤) و ڕێبازی بێسارانی و مەولەوی، لە گەڵ ڕۆحی ناخۆئاگا و هەناسەکانی ڕاهاتوو و ڕابردووی شیعری میللی، گونجاو دەزانێت (کاکەی فەللاح، ١٩٧٨ : ٣٤). ئەم ڕەوشە هونەرییە وەک خاڵێکی بەرجەستەی ئەدەبی لە قۆناغەکانی شێوازی دەورەی ئەدەبیاتی کوردیدا جێگر دەبێت.

٤- ژوانگەی پۆلێک وێنەی بێسارانی و مەولەوی

ئێستا بە چاوێکی وردتر دیوانەکەی هەردوو شاعیر دەپشکنین و سەرنج دەدەینە کارگەی خەیاڵ، شێوەی دەربڕین و بەکارهێنانی وێنە و وێنەسازیی ئەو دوو ئاشق و ماشقە و ژوانگەی  هزر و واتایان دەدۆزینەوەو ئەنجا سەرپەنجەی دەسبازی لە گۆنای سووری بەستە فەردەکانیاندا دەناسینەوە و بەم پێوەرە کەسایەتی شیعری و ئاستی وێنەداهێنیی ئەوان، دەنرخێنین:

4- 1-  پاییز و خەزان و پیری: لە ئەزموونی شیعردا، شاعیری راستەقینە بە هۆی خوازەیەک یان چەند خوازەی تەوەرییەوە ناو دەردەکات. لێرمۆنتۆف شاعیری ڕووسی و خاقانی شاعیری سەدەی شەشی شیعری فارسی، بە وشە و وێنەی هونەری وەک هونەرمەندێکی وێنەکێش ئاسۆی رۆژیان لە تابلۆی چامەکانیاندا، نەخشاندووە و ئەم دوو شاعیرە بە شاعیرانی ئاسۆی رۆژ، ناویان دەرکردووە یا موتەنەببی شاعیری عەرەب ناسراوە بە شاعیری خۆبەزلزان ڕەجەزبێژ و خۆلاوێن؛ کە بە زمانی شیعر، وەسفی بەژن و باڵا و قامەتی شاعیرانەی خۆی دەکات و… لەم ڕوانگەوە شیعری بێسارانی ناسراوە بە شاعیری خەزان کە سروودی خەزان دەهۆنێتەوە (محمدپور، ١٣٨١: ٣٢). لەم مۆتیفەدا بێسارانی سەرەتا لە وێنای پایزەوە دەچێتە نێو پرۆسەی داهێنانی شیعرەوە: وێناندنی تەجروبەی وەرزی  پاییز و سیسبوونی دیمەنی سروشت و داپۆشاندنی تەبەق تەبەق هەوری ڕەش لە ئاسماندا و ڕێژنەی فرمێسک لە چاوانی سورمەیی ئاسمان و کەوتنە خوارەی گەڵای زافەرانڕەنگ لەسەر فەرشی عەرز:

پاییز ئاماوە، پاییز ئاماوە

ئەودی نەو پاییز جە نۆ ئاماوە

قافڵەی سوەیل زیا جە یەمەن

کەرد وە سێوەنگ تەمامی چەمەن

تەبەق تەبەق هەور سیای دوودی چەم

نم دا سەرزەمین بە سێڵاوی خەم

پەل پەل مەرێزۆ، مەگنۆ نە ڕووی سەنگ

بە ئەمری خاڵق بێ دەوا و بێ دەنگ       (بێسارانی ، ١٣٧٥ : ٧١)

پاشان شاعیر لە ناخی ئەم دیمەنانەدا خۆی دەبینێتەوە و بە مۆنۆلۆگ، خۆی دەدوێنێ و فەلسەفەی کۆتایی ژیانی سروشت لە پاییز و  وێنەی پیری و دەردمەندیی خۆی ئاوا دەنەخشێنێ:

بیان بوینان، دەردەداری دەرد

خەزانی زایف، زافەرانی زەرد

وەشڵەی بە خەزان پەی وێش مەبۆ زەرد

ئەو جا وادەی وێش من جەتاوی دەرد…     (بێسارانی ، ١٣٧٥ : ٧١-٧3)

 …

لەم سێ بەیتەی خوارەوەشدا: بێسارانی گیانی مرۆڤی بە بەر سرووشتدا کردووە، درەخت، گیا و گوڵی سەوز بە سەیید و وەختی خەزان و گەڵاڕێزانی سوورباو بە شەهیدانی سەرکەشی کێوی بێستوون ئاسا دەچوێنێ. هەر وەها هەست بە هێمایەکی مەسەلەی شەهیدبوونی حسەینیش لە دوو دێڕدا جێگە کردۆتەوە، ئەم بەراورد و ئیستێعارە دینامیکیانە دانسقەیەک بە شیعرەکە دەدەن (انور قادر موحەمەد، ٢٠٠٧: ٢١٧). پاشان خۆی دەشۆبهێنێ بەم دیمەنانە و دەڵێت منیش وەکوو ئەوان دڵم سووتاوە و بە بای غەزەب سەد جار کەوتوومەتە سەرزەوی.

چەند سەر تا پا سەوز وێنەی سەییدان

چەن بەرگی هونین وێنەی شەهیدان

چەندێ بە بارگەی بەرگ هوونەوە

مدرا بێ چوون کۆی بێستوونەوە

منیچ چون ئەوان دەروون سفتەنان

بە بادی غەزەب سەد جار کەفتەنان…       (بێسارانی، ١375: 74-71)

مەولەوی لە سووچە نیگایەکی تری قووڵی ئابستراکی و بە تکنیکێکی باڵا دەستەوە، سەرەتا باسی سپیبوونی مووی خۆی دەکات کە دواڕۆژی بەهاری لاویی هاتوە و خۆی بە یەکەم ڕۆژی پایزی ژیان، دەشۆبهێنێ کە پیری وردە وردە سەری لێ هەڵداوە و باڵای چەماوەتەوە و وەعدەی قیامەتی پێ دەدات:

وادەی سفیدی شکۆفەی پیرین

شکۆفەی باخچەی پیری دڵگیرین

شکۆفەی باخچەی پیری سفیدەن

سەرمایەی میوەی عیرفان هەر ئێدەن

نە باخچەی سونبول تارمووی تاردا

سپی شکۆفەی، پیریم دیاردا

ئاخر ڕۆی وەهار نەوجوانیمەن

ئەوەڵ ڕۆی پاییز زندگانیمەن

خەدەنگ باڵام چەمان کەمان وەرد

راست وە نیشانەی فەنا ڕوو ئاوەرد

کەم کەم پیری خەم وەقامەت مدۆ

دەم دەم وادەی ڕۆی قیامەت مدۆ        (دیوانی مەولەوی، ١٩٦١: ٤٧٨ -47٧)

لە پارچە شیعرێکی تری مەولەویدا، سەرەڕای ئەوە لە ڕووی ناوەڕۆکەوە دوو مەودای هەیە و سرووشت، ژیان و مێتافیزیکا، بە شێوەیەکی ئۆرگانیی تێیدا تێکەڵاو بوون، لە ڕووی شێوازی هونەریشەو تابلۆیەکی تەواو کامڵە و بەراورد و ئیستێعارەکانی مەولەوی بەشێوەیەکی هارمۆنی و گونجاو، لە ستروکتووریەکی داڕژاو و چەسپاودا، سەرجەم غەزەڵەکەیان پێک هێناوە. مەولەوی دەستێکی باڵای هەیە لە گیان بە بەر سرووشت کردندا…بە کورتییەکەی پایزی کوردەواری بە شێرینی و هونەرمەندانە نیشانداوین (انور قار موحەمەد، ٢٠٠٧: ٢١٨):

چوون وەڵگ شادیی من وای دووریی لەیل

وەیشووم بەرد ئەو هەرد نەو ڕشتەی سوەیل

گێج سەرکاوان جە سەردی بین کەیل

بۆ مەدان چوون بۆی بێ وەفایی لەیل

بێ دەس بی چنار، زیز، خاتر ڕێش

بەڵ خاکش کەرۆ وە سەردا پەی وێش…

کۆچ کەردەن خاسان، چێهرەی ئێڵاخان

داوۆ وە هەمدا دیسان نە داخان…

هەور نەو، زار زار، کڵاو ئەو کڵاو

مەگێڵۆ ئەسرین مەڕێزۆ وە تاو

ماچی ئەویچ دەرد هیجرانش وەردەن

یا چوون من باڵای ئازیز، گوم کەردەن…  (دیوانی مەولەوی، ١٩٦١: ١٨٢-١٧٩)

4-٢- بەشێکی تر لە مۆتیف و دەروونمایەی شیعرەکانی بێسارانی لەسەر تەجروبەی عیرفان و جۆیای وەسڵ و حەقێقەتدۆزی بنیات نراون. بێسارانی لە تابلۆدەقێکدا تافی دیوەزناو بە خوازە دەگرێت و بە تەعبیرێکی عیرفانی و وەحدەت وجودییەوە، ڕوو دەکاتە تافی دێوەزناو و پرسیاری لێ دەکات کە: بۆ ئاوا ئارام و قەراری لێ بڕاوە؟ وەک سەرسام، بێ خور و خاو، دایمە خەریکی نەغمەپەردازیە و کۆکۆ مرواری دەپژێنێ و شیوەن دەکات و وێڵ وێڵ مل ئەنێ بە پێڵەوە؟ تاف، بە زمانی ئالیگۆری و خوازەوە، وەڵامی دەداتەوە کە: عاشقە و رێبواری رێگای راستییە و جۆیای وەسڵێ یار:

تافی دێوەزناو، تافی دێوەزناو

تافی شەیدای عەشق، تافی دێوەزناو

پەرێشان، عاشق، دەوەندەن بە تاو

بێ سەبر و ئارام، بێ خورد و بێ خاو

مودام بە سەد رەنگ، نەغمە پەردازەن

مرواری خەڵتان پەی نسار سازەن

بە سۆزی سەدای سازی تەرانە

مشانۆ کۆ کۆ مرواری دانە

پەرسام ئەر هەی تاف، دێوەزناو مەکان

جە شێوەی دێوان، گێرتەنت نیشان

دائیمەن سەرسام، عاشق شێوەنی

جە عیشقی کێ یەن پەی تەور لێوەنی ؟…

کۆتاییی شیعرەکە:

هەرکەس ئاشقەن پێسە جەستەش بۆ

پێسە جۆیای وەسڵ ئاوات وەستەش بۆ    (بێسارانی ، ١٣٧٥ : 85-88)

لەم زەمینە ئەدەبییەدا، مەولەوی ئۆبژێکتی بلوور دەکاتە تەمسیل کە بە زمانی حاڵ لێی دێتەوە دەنگ، باسی دۆزینەوەی ڕاستی و یوتوپیا و ڕێڕەوبوونی بۆ دەکات. کە چۆن ژێر چەکۆشی وەستایانی سلووکدا، تواوەتەوە تا جارێکیتر لە دایک بووە و گەیشتوەتە پلەیەکی بەرز و عالەمێکی ئایدیاییتری ڕێگای عەشق و هەرمان:

ڕوێ فکر بەخت سیای وێم مەکەرد

پەی چێش هەر پەستی پەرێ من ئاوەرد

یاران گشت کەیف وەش، سەفا فراوان

یەک یەک وە ئەعلا مەقامان یاوان

گرد سەر شار مەی، لەقانماوە

هەر من بەستەی خاک چەم ئەو دماوە

جەو فکرەدا بیم، یەک هامدەرد وێم

رێزە بلوورێ قەدیمش دا پێم

ئاماوە جواو رێزەی قەدیم ساڵ

بە زوبان حاڵ فەسیح تر جە قاڵ

وات: من سەنگێ بیم کەفتەی هەواران

بێ قەدر و قیمەت ناڕەوای شاران

گرتم نەگەردەن بێ باک و شادان

بەڵای پیک سەخت، کوورەی ئوستادان

ورد بیم جۆشم وەرد تاویامەوە

تا وە ڕۆتبەی بەرز سەر نیامەوە

کۆتاییی شیعرەکە کە لە دایکبونێکی ترە و تەوەری سەرەکیی مەولەوی لە داهێناندایە:

هەرکەس تەوەللۆد دووبارەش نیەن

ئەڵبەت سەعادەت ستارەش نیەن        (دیوانی مەولەوی، ١٩٦١: ٢٧٩-٢٧٧)

5- وێنەی زۆلف: زوڵف وەک وێنەیەکی تەوەریی نێواندەقی ئەم دوو شاعێرە چە لە جەمسەری مێتافۆڕ و هێماگەلی هونەریدا، لە جێژوانی خەیاڵکاریی ئەواندا بە وێچواندن، خوازە، درکە و مەجاز و… رەنگیداوەتەوە:

٥-١-  وێنەی بەڕەزا بە زوڵف:

بێسارانی :

– بەڕەزایێ هەن جە سای کەمەردا

پەخش و پەڕ کەردەن وە سەراندەردا

چوون زوڵفی یاران سافی سەراوێز      

مەگێلۆ نە دەور تۆفانی سوب خێز       (دیوانی بێسارانی، ١٣٧٥: 65)

– بەڕەزایێ هەن بە ڕووی تاوێران

تاریان چوون تاریی زوڵف خاوێران     (دیوانی بێسارانی، ١٣٧٥: ٣٠٢)

مەولەوی دووپاتی دەکاتەوە:

بەڕەزا بەو چین توغرای تاتاوە

شەماڵ مەشانۆش یانێ: وەی لاوە

تای بەڕەزای شەنگ نەسای موغاران

شێوەن چوون زۆڵف تەعزیەداران        (دیوانی مەولەوی، ١٣٧٨: ٤٨٢)

لە شیعری هەر دوو شاعیردا، بەڕەزای(لەوچوو)ی سای کەمەر و سای موغاران و تاشەبەردان کە شەماڵ دەیوەشێنێتەوە و پەخش و پەڕ دەبێ، بە پەخش بوونەوەی زوڵفی یاران یا زوڵفی تەعزیەداران وێچوێندراوە. کۆڵەکەی وێچواندنەکە دەگەڕێتەوە بۆ زۆڵف کە لەوچوو یا (مشبەبە) و لوول بوون، پەخش بوون و پەرێشان بوون، (لێچوون) یا وجە شبەیە. ئەم ڕوانگە ڕێژەیییە و زۆربەی مێتۆدی تەشبیهی ڕەوان و هەست پێکراو (بلیغ و محسوس) دەگرێتەوە، شاعیران بەپێی ڕوانگە و و هەستی دنیاوینیی خۆیان ئەزموونیان لەم بەستێنەدا خوڵقاندووە و ئەمەش دەتوانێ خاڵێکی شێوازناسانە بێ بۆ ئەرم ڕەوتە شیعرە:

گوڵ چوون ڕووی ئازیز نەزاکەت پۆشان

وەفراوان چوون سەیل دیدەی من جۆشان…     (دیوانی مەولەوی، ١٩٦١: ٤٥١)

مەولەوی نایەوێ ئازیزەکەی بشوبهێنێ بە گوڵ بەلكوو دەیەوێ گوڵ بە ئازیز بشوبهێنێ. ئەمەش پەیوەندیی بە تەرزی دنیاوینیی، باری عاتێفی شاعێرەوە هەیە کە چەندە بایەخ دەدا بە لایەنی لەوچوو یا مشبەبە و بەرجەستەی دەکات” (شمیسا، ١٣٧١: ٦٢).

5-2- زوڵف و سیلسیلەی زەنجیر

بیسارانی:

ئەر لەبی لاڵت بدەو بە کشمیر

ئەر بدەو بە هێند سیلسیلەی زەنجیر     (دیوانی بێسارانی، ١٣٧٥: 171)

وێنەیەکی ساکارە، بێسارانی لێوی سووری لەعل ئاسا و زەنجیری زوڵفی یار بە جوانی کشمیر و گەورەییی هێند ناگۆڕێتەوە. کشمیر ناسراوە بۆ جوانی و سەرسەوزی و هێندیش ڕەمزێکە بۆ ڕەشیی زوڵفی یار لە داهێنانی شاعیراندا.

مەولەوی:

وێنەی عوقدەی پێچ ڕیشەی ئەروا و دڵ

بەستە بۆ جە نم خووی مۆبەت زەنگڵ

سیلسیلەی پێچ پێچ زوڵف نازاران

زەنگڵە بەستەوە جە دانەی واران      (دیوانی مەولەوی، ١٣٧٨: ١٨٢)

شیعرێکی زەینی و کەیلی واتا و جوانکاری و لێکدانی هونەری وێچواندنە. هەروەها کە ڕیشەی ئەرواح و دڵ بە نمی عارەقی خۆشەویستی دەپێچرێت بە یەکدا؛ هەروەهاش زوڵفی لوول و زەنجیرئاسای یار، دڵۆپە بارانی لێ نیشتووە و وەک زەنگڵە شۆڕۆ بووەتەوە.

5-3- تابلۆی کوشتنی یار بە تای زۆڵف لە ڕووکردی هەردوو شاعیردا:

بێسارانی:

– بۆ بەشقی خودای حەمید و مەجید

جە زولفی سیات یەک تایێ وەحید

بوزەم نە گەردرن بە وێنەی زوننار

بەو زوننارەوە بشوون وە مەزار          (دیوانی بێسارانی ، ١٣٧٥ : ٢٠٧)

– تایێ زۆڵف وێت بۆزەم نەگەردەن

تا واچان وەمەرگ موفاجا مەردەن

مەولەوی:

نەسیب هەرکەس موبتەلای یارەن

زولانەی زەنجیر قەتڵ سێدارەن           (دیوانی مەولەوی، ١٣٧٨: ٤٤٦)

زولانەی زەنجیر: ئەڵقەی گیرکراو لە ئەڵقەی ترە. مەبەست شوبهاندن بە لوولی زوڵفی  یارەکەیە. پەیوەندیی لەگەڵ بەیتەکانی پێشوو، شاعیر دەڵێ: من بێوەفا نیم و لە تانەی بەدکارانیش ترسم نییە، چوون گرفتاری ئەڵقەی زوڵف و کوشتنی سێدارەی باڵاتم.

 6- وێنەی ڕەنگاڵەی گوڵ لە کێڵگەی هاومەزموونیی ئەم دوو شاعیرەدا:

گوڵ دیاردەیەکی ئاساییی سروشتییە وەک هونەرسازەیەکی گشتی و خوازەیەکی ناوەندی لە شیعری شاعیرانی کورد و نەتەوەکاندا دەوری بەرچاو دەگێڕێت. ئەم مۆتیفەش لە شیعرەکانی بێسارانی و مەولەویدا، وەک سۆبژێکتێکی جوانیناسانە و پێوەندیکەر، نێوان واقێع و خەیاڵدا دەوری باڵا دەگێڕێت و دیمەنێکی زاڵی[37] ئەدەبی دەژمێردرێت، بۆیە هەردەم کە دەست بۆ سروشت و ڕەخساندنی تابلۆی شیعر دەبەن، بەهۆی دەوڵەمەندیی دیمەنە ڕازاوەکانی ناوچەوە، هەستی بەتینی ئەو دوو شاعیرە دەبزوێت و بە نواندنی چرۆ خەیاڵییەکان، ئەو پەڕی هونەری ناسک خەیاڵی و دەسەڵاتی شاعیرانەیان لە فۆڕمی شیعردا خولقاندووە.

٦-١- وەنەوشە؛ هەر دوو شاعیر لە مۆتیفێکی هاوبەشدا، وەنەوشەیان خاڵی ڕەشی نێو گوڵەکەیان بە خاڵی ڕەشی گۆنای یار شۆبهاندووە:

بێسارانی:

وەنەوشێوە هەن جە وەڵ وەهاران

بەر مەیۆ نەپای چەتر چناران…

باد، بۆش ماوەرۆ وە سەرزەمیندا

بۆ مازۆ وە بان بۆی موشک چیندا

شیوەی وەنەوشە، ها بەو خاڵەوە

بەو گۆنای گوڵرەنگ بووم لاڵەوە…      (دیوانی بێسارانی ، ١٣٧٥ : ٦٥٠)

سەرەتای بەهار وەنەوشەیەک لەپای چەتری چناراندا دەڕوێت، کە شەماڵ بۆنی خۆشی بڵاو دەکاتەوە؛ موشکی چین لە برەو دەکەوێت، وێنای ئەو وەنەوشە بۆن خۆشە(خاڵ)، ها بە گۆنا گۆڵڕەنگی تۆوە…

مەولەوی:

شمشاد و نەرگس وەنەوشەی چەمەن

سەیرشان ئازار بینایی  چەمەن

ئاد مارۆ بە ویر تەرزەکەی باڵات

ئەو دیدەی  مەستت، ئێد خاڵ ئاڵات…     (دیوانی مەولەوی، ١٩٦١: ٢٥٥)

مەولەوی دەڵێت: نێرگس و وەنەوشەی چەمەن، دیتنیان (کە تۆ نیت) ئازاری چاوم دەدەن؛ ئەو(شمشاد) بەژن و باڵات و ئەویتر(نێرگس)چاوی خومار و ئەمیش کە (وەنەوشە)یە، خاڵتمان بیر دەخاتەوە… چەمەن و چەمەن، جێناسی لێکدراون و نێوان شمشاد، نێرگس و وەنەوشە و باڵا، دیدە و خاڵ؛ وێڕای شۆبهاندن، جوانکاریی لەف و نەشر بەرقەرارە.

٦-٢- نەرگس:

بێسارانی:

نەرگسێ مەبۆ ساق سەوز و چەم زەرد

شەو بە شەونم  کەیل، پەل سپی بێ گەرد

شەوان بە شەونم خاڵ مدۆ جەڵا

جامێ زەڕ پێوەن چوون حوقەی تەڵا…

شێوەی ئەو نەرگس بەو شەوبەندەوە

بەو شای شکۆفان شا پەسەندەوە       (دیوانی بێسارانی ، ١٣٧٥ : 437-436)

نێرگسێکی ساق سەوز و چاو زەرد و پەل سپی هەیە؛ شەوان بە شەونم خاڵی دەشوات و ڕوونی دەکاتەوە و جامێکی زەڕینی بە سەرەوەیە. شێوەی ئەو نێرگسە ها بەو چاوانەوە کە جێگای پەسەندی شاهانەیە.

مەولەوی:

نەرگس وە مەس مەس مدیۆ، کێن ئەو کەس

گۆشەی چاک دڵ وەر نەدۆ جەدەس           (دیوانی مەولەوی، ١٣٨٧: ٤٨٢)

جە پرژەی شەونم نە تۆی پەردەوە

نەرگس مەس مەس چەم وەڵا کەردەوە          (دیوانی مەولەوی، ١٣٨٧: ٩١)

نێرگس مەستانە دەڕوانێت و ئەمە کێ بێ بتوانێت گۆشەی چاکی دڵی لە دەست نەدات و لە بەرامبەر ئەم نیگا مەخموورانەوە خۆی نەدۆڕێنێت(ئەر عاشق نەبێت). لە پرژەی شەونم، گوڵی نێرگس لە ناو پەردەی نەزاکەتا چاوە مەستەکانی بڵاو ئەکردەوە.

٧- مۆتیفی ناڵەی نەوای نەی و دەروونی شاعیر:

بێسارانی:

ساقی ناڵەی نەی، ساقی ناڵەی نەی

ناڵەم زگارەن، وێنەی ناڵەی نەی

موترێب بکێشە ناڵەی نەوای نەی

کەیکاووس کۆ شی؟ دارا کەی بێ کەی؟

با وەس بناڵوو دڵ  بە جەفای زام

با سەرنەگوون بۆ سوراحی نە جام         (دیوانی بێسارانی ، ١٣٧٥ : ٣٢٧)

مەولەوی:

شیعر وێم تەنخوای سەمتوور سازێ

لێدەر سا نەی چی! هەر تارێش گازێ

چنگ پێکو نە جەرگ نەغمەی سازەکەت

بەرارۆ تۆ تۆ مێقرازگازەکەت            (دیوانی مەولەوی ، ١٩٦١ : ٢٤)

تا موترێب وە ساز حەنجەرەی بێ گەرد

هۆر دۆ مەقامێ دەوا کەرۆ دەرد         (دیوانی مەولەوی، ١٩٦١: ٣٠)

٨- نەقشمایەی خورپە و خەیاڵی هەر دوو شاعیر:

تیری خەیاڵ جەرگی شاعیری ئەنگاوتووە، هەر ئەوەندە نەمردووە بەڵام وێڵ وێڵ وەکوو سەرسامی، بێزار لە ژیان و تەنیا چرکە هەناسەیەک لە گیانی ماوە. واتە: ئەمە هەمووی هۆی خەیاڵی دووری تۆیە کە وەک تیر دەچەقێتە هەناوم و بڕسمی لێ بڕیوە.

بێسارانی:

وێنەی سەرسامان، نەزان هەواڵان

زەدەی زامی سەخت، تیری خەیاڵان

وێل وێڵ مەگێڵۆ بێزاری جە ژیان

خەمی فەراوان کەم مەندەن جە گیان؟

یانێ های دووریت نەکەردەن کارێ

وەرنە مەرگڵکۆم بوینان جارێ        (دیوانی بێسارانی، ١٣٧٥:)

مەولەوی:

هەر لەو مایەدا، مەولەوی خەیاڵ بە کێشکچیی لەش دادەنێ کە خەم دێت و عەقڵ و فامی لێ دەستێنێ و دووکانچەی ئازای لەشی بێ کەس دەکات، هەر ئەو خەیاڵە کە هەوێنەکەی خەمە، وەک دیمەنەکەی بێسارانی، سەرمایەی هەستیی بە تاڵان دەبا و بێ هۆشی دەکات و بڕسی لێ دەستێنێ:

کێشکچی خەیاڵ خەم، فام سەندە بێ

دووکانچەی بەدەن بێ کەس مەندە بێ

فرسەت زانا بێ، تەریدەی قاتڵ

یەکسەر بەردەبێ، کاڵای گیان و دڵ…      (دیوانی مەولەوی، ١٩٦١ : 172)

مەزموونی وێنەی خەیاڵ لەم شیعرەی مەولەویدا، گەیشتووەتە لووتکە هەر لەو زەمینەدا:

قەڵای ویرم، سەیل هووناو بەردەبێ

بورج ئاگاهیم، وێران کەردەبێ                   (هەمان سەرچاوەی پێشوو ، ١٩٦١ : 172)              

٩- زەمینی بای شەماڵ[38]؛ ئەم وێنە وەک دیمەنێکی زاڵ[39] و نۆرمێکی ئەدەبی[40] لە دیوانی ئەم شاعیرانەدا زێدهاتی زۆرە:

بێسارانی تەنیا مەحرەم و ڕازدار و هەواڵبەری خۆی بۆ لای یارەکەی شەماڵ دەزانێت، ڕاسپێری دەکات کە بەدەوان بچێتە لای و پێی بڵێت کە چاو لە هیممەتەکەی نەنووقینێ و لە خۆشەویستیەکەی کەم نەکاتەوە، گلەییشی لێ نەکات کە لە داخی ڕەقیبانی بەدگۆ و جەور و جەفای چەرخی بێ بونیاد، ڕووی لە چۆڵ و هەردان کردووە:

شەماڵ مداران، شەماڵ مداران

شەماڵ بێ مروەت، چۆنت مداران؟

بشۆ وە زامن وەلای گشت یاران

واچە پەرێمان هیممەت بداران

هەردەم بکەران دۆعای خێرمان

کۆتا نەکەران دڵ جە مێرمان…

جە جەورو جەفای چەرخی بێ بونیاد

ڕوومان کەرد بەچۆڵ هەرچێ باداباد…     (دیوانی بێسارانی، ١٣٧٥: ٣٤٧)

تیلنیشانی مۆتیفەکەی مەولەویش هەرهەمان پەیامی بێسارانییە کە هەردووکیان شەماڵ تەنیا مەحرەم و ڕازدار دەزانن کە دەخوازن کە خێرا بچێتە لای یار و پەیامی گەرمی خۆی پێ بگەیێنێت. ئاساییشە باری هەستیی و ڕێژەی هەستیی واتای مۆتیفەکان جیاواز بن. مەولەوی لە ئەم موتیفە شیعرەدا ئاوا دێتەوە گۆ:

های شەماڵ چەند جار ڕا تەی کەردەنی

چەند تەشریف وەلای یاران بەردەنی…

دەخیلم شەماڵ وەی گشت دەردەوە

شۆ وە خزمەتش وەی دووی سەردەوە

واچە کەفارەت بەژن و باڵات بۆ

نەسیب ڕەقیب خاڵ ئاڵات بۆ

ئایر سەندە بێ جە گردین لاو

پووشەکەی جەستەش وە ئارباباوە…[41]         (دیوانی مەولەوی، ١٩٦١: ٥١٩-٥١٣)

10- وێنەی جامی جەمین:

بێسارانی دەڵێ:

جام جەمینم گەرد ئاڵوود بیەن

بازاڕ سەودام وە بێسوود شیەن            (دیوانی بێسارانی ، ١٣٧٥ : 101)

جەمینش چوون جام، جیهان دا جەلا

پێکا بێ وەسەر دوو حوققە تەڵا             (دیوانی بێسارانی ، ١٣٧٥ : ٣٦٢)

عەرعەر باڵایێ، شای جەمین جامێ

زوڵفان چوون کەمەند خەیاتەی خامێ        (دیوانی بێسارانی ، ١٣٧٥ : 31)

مەولەوی وەڵامی دەداتەوە:

وێش نمەوینۆ ئازیزخەمینت

دیارەن لێڵەن جام جەمینت                (دیوانی مەولەوی، ١٣٧٨: ٣٧٨)          

 ١1- موتیفی باڵاو قامەت لە تابلۆی خەیاڵی هەر دوو شاعیر:

شوبهاندنی باڵا بە عەرعەر:

بێسارانی:

ئارۆ دیم وەچەم نازوک ئەندامێ

ساوای تەن تەڕاو، تووڵە نەمامێ

عەرعەر باڵایێ، شای جەمین جامێ

زوڵفان چوون کەمەند خەیاتەی خەمێ    (دیوانی بێسارانی ، ١٣٧٥ : 31)

مەولەوی:

نەواتم عەرعەر سەهەند پەروەردە

باخەوانان، داخ وە تۆی گڵ بەردە

خود نمایی، لای باڵا نەمامان

وێت لادەر ئامان، پەرێ تۆ نامان         (دیوانی مەولەوی، ١٣٨٧: 452)

11-1- شۆبهاندنی قامەت بە کەمان:

بێسارانی:

تا وینان یاران چەفتی کەمانم

بزانان کوشتەی دەردی خەمانم          (دیوانی بێسارانی ، ١٣٧٥ : ٦٨)

مەولەوی:

دیدەم و دیدەت شای شیرین چەمان

فیراقت قامەت کەردەن وەکەمان        (دیوانی مەولەوی، ١٩٦١: ٢٦٢)

١2- مۆتیفی موژە: تیژی موژە و داماڵینی گەردی پێڵاو بە موژە:

بێسارانی ئەڵێ:

– مەواچە موژەت تیژتەرەن جە خار

پای گوڵەندامم مدەرۆ ئارۆ ئازار

من پەی موژەی یە خەیلێ وەختەن

بە جاڕووکاری نە ڕای تۆم جەختەن             (دیوانی بێسارانی ، ١٣٧٥ : 123)

مەڵێ برژانگت لە دڕک تیژترە و پێی گوڵەندامم ئازار دەدات، من ماوەیەکی زۆرە بە هیوا بووم کە بەو برژانگە تیژانەوە خاکی بەری پێی تۆ گسک بدەم.

مەولەی:

چەم پەی فەرش پات موژەش چوون خارەن

بەڵام چێش کەروو چارش ناچارەن

چەنی تاوۆ تەرک پابۆست کەردەن

سەوگەندش وە زوڵ سیای تۆ وەردەن              (دیوانی مەولەوی، ١٣٨٧: ٢٠٣)

برژانگی چاوەکانم وەک دڕک تیژن بەڵام سوێندیان بە زوڵفی ڕەشی تۆ خواردووە کە بێنە ژێر پێت و پابۆسیی قاچت بکەن.

١3– تابلۆی دیدە و بینایی:

بێسارانی:

دیدەم بینایی تێش نمەمانۆ

پەڕوباڵ نە دەور زوڵمات مەشانۆ              (دیوانی بێسارانی، ١٣٧٥: 109)

وێنەیەکی هونەری و فرەڕەهەندەیە. واتە چاوم بینایی تیا نەماوە و بە دەوری تاریکیدا باڵەتەپێ دەکات. جگە ئەم مانا ڕواڵەتییە، بەیتەکە خوازەییە، خوازەی مەکنییە/ استعارەی مکنیە یا گیانبەخشین کە بونیادەکەی لێکچواندنە. بینایی کە لەنێو چاواندا نەماوە، وێچوێندراوە بە باڵندەیەک کە لە زوڵمات و تاریکی پەڕ و باڵ دەوەشێنێ. باڵندە کە لەوچوو یا مشبەبە، لە زنجیرەی بەیتەکەدا نەهاتووە، لە ڕووی نیشانەی پەڕوباڵەوە، پەی بە باڵندەی لەوچوو دەبرێت.

یا ئەم مۆتیفەی مەولەوی کە هەمان دەستوور، گەلێک هونەری و فرە واتاییە:

وەخت چەم نە چەم شێوەت دیار بێ

جە لام فەسڵ وەسڵ بەزم ئەغیار بێ

کاتێک ساق بووم شێوەت لە چاومدا بوو بەڵام وێنەکەت بەربەست و پەردە بوو و نەیدەهێشت پێکەوە بین.

ئیسە لێڵایی گرتەن دوو دیدە

خەڵوەتەن سا بۆ ئەی بەرگوزیدە      (دیوانی مەولەوی، 1387: 488)

ئێستا کە چاوم کز بووە و لێڵایی پێدا هاتووە و شێوەت ناچێتە نێو چاوم و خەڵوەتە، ئەی تاقانەکەم ساتێ وەرە لام دانیشە.

١4- موتیفی دەرد و خەم و ئازار:

یەکێک لە مەزموونە هاومەبەستەکانی بێسارانی و مەولەوییە؛ شوبهاندنی خەم بە کێوی دەماوەندە:

بێسارانی دەڵێ:

ئارۆ خەمانم چوون دەماوەند بێ

دیدەی قیبلەی وێم بەندی شەوبەند بێ    (دیوانی بێسارانی، ١٣٧٥: ٣٢)

خەمەکانی ئەوڕۆم بە بەرزیی کێوی دەماوەندن، چوون خۆشەویستەکەم نقابی پۆشی بوو و بەربەست بوو بۆ دیتنی چاوە جوانەکانی.

مەولەوی دووپاتی دەکاتەوە:

دڵ جە دەماوەند گرەو بەردە بێ

دیدە، دانەی روب، رێوەند وەردە بێ       (دیوانی مەولەوی، ١٣٨٧: ٥٠٥)

مۆتیفێکی هونەرییە. شاعیر دەڵێت: دڵی گرەوی لە دەماوەند بردوەتەوە یانێ لە تاو نەخۆشیی یار بە بارسی کێوی دەماوەند دڵی تەم دایگرتووە و ئەوەندەش گریاوە چاوی سوور بووە، دەڵێی دۆشاوی گیای ڕێوەندی خواردووە.

١4-1- لونگی خەم:

بێسارانی:

تا بەکەی جەستەم لونگی خەم پۆشۆ

تاکەی چوون کوورەی ئایر بجۆشۆ        (دیوانی بێسارانی، ١٣٧٥: ٨٣)

مەولەوی:

مدیۆ وە فیرقەی زەلیلان خێڵ

دیار نییەن مەعدووم لونگ خەم وە پێڵ…          (دیوانی مەولەوی، ١٣٨7: ٣٢٨)

واتە یار کە کوێستان بەجێ دەهێڵێ و دەگەڕێتەوە گەرمیان و دەڕوانێ کە مەعدووم دیار نییە و لونگی خەمی خستووەتە سەرشانی و وێڵی کێو و هەردان بووە…

١4-2- سوپای خەم: 

بێسارانی:

سوپای خەم وەی تەور زۆر گرتەن وەنەم

هەرساتێ مەرگێ مرمانۆ پەنەم                 (دیوانی بێسارانی، ١٣٧٥: 49)

پەی چێش وە بێ تۆ، بینایی دیدەم

سوپای خەم نە دڵ وەنەم بیەن جەم؟             (دیوانی بێسارانی، ١٣٧٥: 386)

مەولەوی:

دیارەن دوەی دووری زۆر کەردەن

سوپای خەم و هەم هوجووم ئاوردەن           (دیوانی مەولەوی، ١٩٦١: ٥٧)

15- مۆتیفی بە خەیر هاتنی خۆشەویست و وێنەی ڕاماڵینی بەر پێی بە مژە و جێگرتنی لە نێو بیلبیلەی چاودا:

بێسارانی:  

وەش ئامای وە خەیر ئەی بەرگوزیدەم

جای جاڕووی پاتەن، موژەی چەمیدەم            (دیوانی بێسارانی، ١٣٧٥: ٤٤٥)

بێسارانی بە برژانگی چاو بەرپێی یار ڕادەماڵێت و مەولەوی بەرگوزیدەکەی دەنێتە بیلبیلەی چاوی. وێنەکەی بێسارانی ساکار و هەست ئامێز و وێنەکەی مەولەوی، ئیستەتیکییە. مەردوم دەبێتە ئیهام و بە یەک تیر و دوو نیشان دەپێکێت؛ یەکیان خەڵک، دووەمیان، بیلبیلەی چاو.

مەولەوی:

وەش ئامای وە خەیر هەی بەرگوزیدە

بۆ نە جای مەردوم جا گر نە دیدە                (دیوانی مەولەوی، ١٣٨7: ٤٨٤)

١5- ئەنجام

      لەم لێکدانەوەدا بەم ئەنجامە گەییشتین کە بێسارانی و مەولەوی دوو شاعیری بەرچاوی کورد لە تەجرۆبەی داهێنانیاندا خاوەن پەنجەمۆری زمانی، ئەدەبی و هزریی شیعر بوون، بە واتا زانستییەکەی خاوەنی شێوازی تاکین و لە سەرگرتنی شێوازی دەورە و کۆپێکهاتەی پێکهاتەکانی مێژووی شیعری کوردی، کاریگەر بوون و دەقەکانیشیان پێکەوە پێوەندیی دیالیکتیکییان هەبووە. لە لایەکەوە بێسارانی کارتێکردنیی زمانی، هزری و ئەدەبی لە سەر کۆمەڵێک شاعیری نوخبە کە یەکێکیان مەولەوی بووە؛ داناوە و لە لایەکی دیکەشەوە، مەولەوی سەرەڕای ئەزموونی ناب و نایابی هونەری و خەللاقییەتی داهێنانە و گێڕەرەوەی بەشێک لە پێکهاتەی شیعری کوردی؛ کەوتوەتە ژێر کاریگەریی ڕیتۆریک و پاراوزمانی شیعری بێسارانی. بۆ وێناندن و تاوتوێکردن و لێکدانەوەی ئەم کاریگەرییانە ڕوومان لە چەمکی زانستی ئەدەبی بەراورد و وێژمانی نێواندەقیی مۆتیفەکان کرد. لەم ڕاستادا بە لادانەوەی لاپەڕەی دەقەکانی ئەم دوو شاعیرە و تاوتوێکردنی پۆلێک لە مۆتیفە شیعرییەکانیان، ئەم ڕەنگدانەوەمانە بینی و بۆیشمان دەرکەوت کە فۆرم و ناوەڕۆکی مۆتیفەکان و وێنەکانی مەولەوی قووڵتر و جەوهەریتر بوون لە نموونەکانی بێسارانی.

عادڵ محەمەدپوور یوسف، مەستەری زمان و ئەدبیاتی فارسی، نووسەر، ڕۆژنامەنووس، بەرپرس و خاوەن ئیمتیازی و سەرنووسەری گۆڤاری زرێبار، مامۆستای خانەنشین

Adel.mohammadpur@gmail.com

واتساپ و تێلێگرام: ٠٠٩٨٩١٨٨٧٤٩٩٢٩سەرچاوەکان

الف) کوردی

بێسارانی، مەلا مستەفا. (١٣٧٥). دیوانی شێعر. کۆکردنەوە و لێکدانەوەی حەکیم مەلا ساڵح. سنە: پەخشکاری گۆران.

بێسارانی، مەلا موستەفا. (١٣٩٥). دیوانی شیعر. کۆکردنەوە و لێکدانەوەی عەبدوڵڵا حەبیبی. سنە: پەخشکاری کوردستان.

بێسارانی، مەلا موستەفا. (١٩٨٢). دیوانی شیعر. کۆکردنەوە و لێکدانەوەی کەیۆمەرس نیک ڕەفتار. بەغداد: چاپخانەی ئەدیب.

حەمدی ، ئەحمەد، ساحێبقران. (١٩٥٧). دیوانی شیعر. کۆکردنەوی مارف خەزنەدار. سلێمانی: چاپخانەی گەلاوێژ.

قادر موحەمەد، ئەنوەر. (٢٠٠٧). لیریکای شاعیری گەورەی کورد مەولەوی. چاپی سێیەم. سلێمانی: دەزگای چاپ و پەخشی سەردم

کاکەی فەللاح، قادر، حەمە حەمە ئەمین. (1978). کاروانی شیعری نوێی کوردی. ب یەکەم. بەغداد: چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد.

گۆران، عەبدۆڵڵا. (1971). بەهەشت و یادگار. سلێمانی: چاپخانەی کامەرانی.

محمدپور، عادل. (١٣٨١). سرود خزان. تحلیل انتقادی سبک شناسی اشعار بیسارانی. مریوان: نشر زریبار

محەمەدپوور، عادڵ. (١٣٩٢). ڕەوتناسیی شیعری هەورامی لە سەرەتاوە تا هەنووکە. فارسی. تاران: نەشر ئێحسان.

محەمەدپوور، عادڵ. (١٤٠٠). هۆرزانە(هەستانەوە، رستاخیز). مەریوان. نەشری ئەوین.

مەحوی، سەید موحەمەد بالخی. (١٩٨٤). دیوانی شیعر. مەلا عەبدولکەریم مودەڕێس و محەمەدی مەلا کەریم.

مەولەوی تاوەگۆزی، سەید عەبدولڕەحیم. (13٧٨). دیوانی شیعر. مەلا عەبدولکە‌ریم مودەڕێس. سنە: پەخشکاریی کوردستان.

مەولەوی تاوەگۆزی، سەید عەبدولڕەحیم. (١٩٦١). دیوانی شیعر. مەلا عەبدولکەریم مودەڕێس. بەغداد: چاپخانەی ئەلنەجاح.

نالی شارەزووری، مەلا خدر ئەحمەد شاوەیسی. (136٣). دیوانی شیعر. مودەڕێس، عەبدولکەریم و مەلاکەریم، فاتح. دیوانی شیعری نالی. ارومیە: مرکز نشر و ئەدەبیات کوردی.

ب) فارسی

آلن، گراهام. (١٣٨٥). بینامتنیت. ترجمە پیام یزدانجو. تهران: نشر مرکز.

تزوتان، تودوروف. (١٣٩٢). نظریەی ادبیات. برگردان: عاطفە طاهایی. تهران: نشر دات.

تقوی، محمد. (١٣٨٨). موتیف چیست و چگونە شکل می گیرد؟ ﻓﺼﻠﻨﺎﻣە تخصصی ﻧﻘﺪ ادبی دانشگاە فردوسی مشهد . سال دوم. شمارە ٨.

دیوان رودکی. (١٣٧٤). شرح و توضیح: دکتر منوچهر دانش پژوە. تهران: انتشارات توس.

دیوان غزلیات حافظ. (١٣٧٠). بە کوشش دکتر خلیل خطیب رهبر. تهران: انتشارات صفی علی شاە.

زرین کوب، عبدالحسین. (١٣٦١). نقد ادبی (ج ١). تهران: چاپ سوم، امیرکبیر.

شفیعی کدکنی، محمد رضا. (١٣٩١). رستاخیز کلمات. تهران: انتشارات سخن.

شفیعی کدکنی، محمد رضا. (١٣٩٢).  زبان شعر در نثر صوفیه. تهران: انتشارات سخن.

شفیعی کدکنی، محمدرضا. (١٣٦٥) . گزیدەی دیوان شمس. تهران: سخن پارسی.

شمیسا، سیروس. (١٣٧١). بیان. تهران: انتشارات فردوس.

شمیسا، سیروس. (١٣٧٢). کلیات سبک شناسی. تهران: انتشارات فردوس.

طاهباز، سیروس. (١٣٦٥). هزارسال شعر فارسی. تهران: چاپ نقش جهان.

علیرضا، منوچهریان. (١٣٩٠). رویای ادبیات تطبیقی. نشریە علمی – پژوهشی در ادبیات تطبیقی. دانشگاه باهنر کرمان. دورە جدید. سال دوم. شمارە ٤.

غنیمی هلال، محمد. (١٣٦٣). لیلی و مجنون در ادبیات فارسی و عربی. تهران: نشر نی.

غولامی، وحید. (١٤٠٠).. مطالعات ادبیات تطبیقی. کلان استعارەی دانش: بررسی اشعار شیرکو بی کس و عباس یمینی شریف. سال پانزدهم. ش ٥٨

کزازی، جلال الدین. (١٣٧٠). زیباشناسی سخن پارسی، بیان. چاپ دوم. تهران: نشر مرکز.

گودرزی حسن لمراسکی. (١٣٩١). بینامتنیت در شعر عبدالصبور. دو فصلنامە علمی- پژوهشی دانشگاه الزهرا. سال سوم. ش ٦. .

محمدپور، عادڵ. (١٣٨١). سرود خزان. تحلیل انتقادی سبک شناسی اشعار بێسارانی. فارسی. مریوان: نشر زرێبار.

میهندوست، محسن. (١٣٦٣). پژوهش عمومی فرهنگ عامه. تهران: توس.

نامور مطلق، بهمن. (١٣٩٤). درآمدی بر بینامتنیت. تهران: انتشارات سخن.

هاشمی، ز. (١٣89). نظریة استعارة مفهومی از دیدگاه لیکاف و جانسون. ادب پژوهی، شمارة١٢. صص١٤٠-١١9.

……………………………..


[1] – فۆرماڵیستە ڕووسیەکان، بەم مادە زمانییە دەڵێن «Priem»؛ زمانی ئینگلیسیش دەبێ بە«device»؛ لە زمانی فارسیدا «هونەر سازە»ی بۆ دانراوە. لەم ڕوانگەوە هەر جۆرە وێنە، مۆتیف، فورمی ئەدەبی و هونەری بە بۆچوونی فۆرماڵیستەکان کە ببێتە مایەی جوانی و نوێخوازی، دەچێتە خانەی هونەرسازەوە (کدکنی، 1391: ١٤٩).

[2] – metaphor، استعارە

[3] – Mega metaphors، کلان استعارەهای گسترش یافتەی  مفهومی

[4] – استعارەهای خرد

[5] – Discourse

[6] – Mikhail Mikhailovich Bakhtin، بیرمەند و زانای مەزنی ئەدەبیاتی ڕووسی

[7] – La mort de lauteur

[8] – open text, hidden text

[9] – Roland Barthes، نووسەر، بیرمەند، ڕەخنەوان و نیشانەناسی فەرانسایی

[10] – ملامت گری

[11] – هەرکەس تەوەللود دووبارەش نیەن  /  ئەڵبەت سەعادەت ستارەش نیەن (دیوانی مەولەوی، ١٣٧٨: ٢٧٣)

[12] – Roman Osipovich Jacobson، زمانەوانی ڕووسی و بناغەداڕێژی قوتابخانەی زمانناسیی پراگ

[13] – defamiliarization

[14] – foregrounding

[15] – Peroid style

[16] – Comparative Literature، ادبیات تطبیقی

[17] – Hidden text، متن پنهان

[18] – Julia Kristeva

[19] – Intertextuality، بینامتنیت

[20] – Hidden text، متن پنهان

[21] – بینامتنیت خوانشی

[22] – تلمیح، تیلنیشان

[23] – Motif

[24] – Common image

[25] – Subject

[26] – Topos

[27] – Thematology

[28] – کێڵگە یا زەمین، زاراوەیەکە تایبەت بە ڕەخنەی ئەدەبی کلاسیکی فارسیی سەردەمی سەفەوی و دواتر… ئەم زاراوە پتر بۆ یەکبوونی کێش، سەروا، مۆتیف و مەزموون و… لە غەزەڵێک یا پارچە شیعرێکدا بەکار دەبرێت کە چەند شاعیر وەک یەک دووپات و چەندپاتیان کردووەتەوە و هەمووشیان گەڕاونەتەوە بۆ کێڵگەی شیعری یەکەم کە ئەم ئەزموونەی بە دی هێناوە (کدکنی، ١٣٩١: ١١٥). وەک ئەو کاریگەرییانەی کە مەولەوی لە زەمینی شیعرەکانی بێسارانی، وەریگرتوون و تا دواتر…

[29] – ئەبوو عەبدۆڵڵا جەعفەر کوڕی محەمەد، نازناوی ڕوودەکی (٩٤١- ٨٥٨ ز)، باوکی شیعر و یەکەمین شاعیری ناسراوی شیعریی فارسی، سەدەی چوارەمی کۆچی مانگی و نۆ و دەی زایینی کە لە سەروبەندی سامانییەکاندا ژیاوە.

[30] – تشبیە محسوس

[31] – ظهورات

[32] – قول

[33] – فعل

[34] – امری زبانی، Linguistic

[35] – Imagery

[36] – Prestige، تشخص، بڕواپێکراو، حەیسییەت و نفوذ

[37] – Dominant، وجە غالب

[38] – لە نۆرمی شێوازی شیعری کلاسیکیی فارسیدا، (باد صبا)ی پێ دەڵێن

[39] – وجە غالب. Dominant

[40] – Literary norm

[41] – لە ئەساسدا شیعرەکە ٢٩ بەیتە کە وەک نموونە تەنیا چەن بەیتمان هێناوە

blank
دەربارەی نووسەر
عادڵ محەمەدپوور
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە