لە ئەکاونتی فەیسبووکی هاوڕێی خۆشەویستم (د. هەرێم عوسمان)، وتارێکیم بەرچاو کەوت بە ناوونیشانی: (کاتێک ڕەخنە دەبێتە ڕا)، کە هاوکات لە پەڕەی (هزرین)یشدا بڵاوکراوەتەوە.
وتارەکەم بەوردی خوێندەوە، چونکە ڕاستەوخۆ دەست بۆ بابەتێک دەبات، کە ڕەگوڕیشەی لەناو کایەی ڕەخنە و ڕەخنەی ئەدەبیدایە، ئەو کایەی کە منیش کەم یان زۆر، خۆمم پێوە سەرقاڵ کردووە.
لەگەڵ خوێندنەوەی دەقەکەی (هەرێم)ی هاوڕێدا، خۆمم لەبەردەم دوو بژاردەی ئاکاری و میتۆدیدا بینییەوە:
یەکەمیان، ئەوە بوو ڕاگوزەرانە و بە دەستەواژەیەکی کورت شتێک لەبارەی وتارەکەوە بڵێم و تێپەڕم، بۆ نموونە: (هەر بژی هاوڕێی ئازیز، زۆر جوانە.)، کە ئەمە شێوازی ڕۆژانەی هەر (کۆمێنتنووسێکە)!
بژاردەی دووەمیش، ئەوە بوو، کە ئاوا بێم و خوێندنەوەیەکی ڕەخنەییی بونیادگەرانەی ورد و زانستی لەسەر دەقەکەی بنووسم.
لەو نێوانەدا بژاردەی یەکەمم بەبێ دوودڵی ڕەت دایەوە، چونکە وەک (د. هەرێم) خۆیشی لە وتارەکەیدا ئاماژەی پێ داوە، نووسینی کۆمێنتێکی کورت و خێرا دەچووە خانەی هەمان (ڕادەربڕینی ئامادەکراوی هەڵتۆقیو)ەوە، کە منیش یەک لەسەر ئاستی شەخسیی خۆم بەدوای تێپەڕاندنیدا دەچم و هەڵبەت ئەم نووسینەش هەوڵێکە لەو پێناوەدا. بەم جۆرە و لەو ڕوانگەوە بژاردەی دووەمم هەڵبژارد، کە بڕوام وایە ئەرک و فەلسەفەی ڕاستەقینەی ڕەخنەیە و ئەوەتا لەم دەقەدا دەست بە خستنەڕووی دەکەم.
نابێت فەرامۆشی پێویستییەک بکەم، کە ئەویش دەستخۆشیی گەرمە لە هاوڕێم (د. هەرێم عوسمان)، کە پەنجەی خستووەتەسەر یەکێک لە خاڵە بەئازارەکانی جەستەی (ڕەخنەی ئەدەبیی کوردی)، کە ئەویش دیاردەی هەڵتۆقینی (ڕای ئامادە، خێرا و ڕووکەشی)یە لە فەزای ڕۆشنبیریماندا… وێڕای هاوڕاییی تەواوم لەگەڵ بنەمای پەیامەکەیدا، حەز دەکەم لەڕێگەی چەند تێبینییەکی دیالێکتیکی و شیکارییەوە بچمە ناو ئەم گفتوگۆیەوە، ئەو دیالۆگەی کە دڵنیام (هەرێم)ی هاوڕێم بەوپەڕی سەلیقە، کرانەوە و لیاقەتی ئەکادیمیی خۆیەوە پێشوازیی لێ دەکات.
بۆ ڕوونکردنەوەی مەبەستەکەشم، نەخشەڕێی خوێندنەوەکەم لەسەر دوو تەوەری سەرەکی دادەمەزرێنم:
تەوەری یەکەم، (سەرنجە دیالێکتیکییەکان)، کە لێرەدا لە ڕوانگەی فەلسەفەی زانست، میتۆدۆلۆجی و تەئویلکارییەوە) سەرنج دەخەمە سەر چەمکی (ڕا) و بەراوردی دەکەم لەگەڵ گریمانە (Hypothesis)، هاوکات پارادۆکسی سنوورەکانی هەڵواسین یان لەکەوانەدانان (Epoche)ی فینۆمینۆلۆجی لەگەڵ تیۆریی (وەڵامدانەوەی خوێنەر)دا شی دەکەمەوە.
تەوەری دووەم، (سەرنجە بونیادی و ڕەخنەیییەکان)، کە لەژێر ناوونیشانیدا بەوردی تیشک دەخەمە سەر پێکهاتەی گوتاریی وتارەکەی (د. هەرێم) و تێیدا گەمە زمانی و ئیتیمۆلۆجییەکانی وشەی (ڕەخنە) و چۆنێتیی شێوازی نووسینەکە لە ڕووی داڕشتن و ڕیتمەوە ڕوون دەکەمەوە.
لێرەدا پێم خۆشە ئاماژە بەوەش بکەم، کاتێک ناوونیشانی گشتیی ئەم خوێندنەوەیە (لەنێوان (حوکم) و (بنکۆڵکاری)دا) بەم شێوەیە داڕشتووە، ئەوا بە مەبەست هەوڵم داوە ناوونیشانێکی دەلالەتکار بەکار بهێنم، بەوەی ئەگەر (د. هەرێم) لە ناوونیشانی (کاتێک ڕەخنە دەبێتە ڕا)، وتارەکەی لەسەر یارییەکی میتافۆریی زمانی دادەمەزرێنێت، ئەوا من لێرەدا ویستوومە پرۆسەکە لە ئاستی گەمەی زمانیی (ڕا + خنە)وە بەرز بکەمەوە بۆ ئاستی چەمکە زانستی و ئەکادیمییەکان، تا کەلێنی میتۆدیی وتارەکە دیاری و دەستنیشان بکەم و ململانێ فیکرییەکە بە ڕاستەوخۆیی بچێتە ناو کایەی دیالۆگێکی زانستییەوە.
یەکەم/ سەرنجە دیالێکتیکییەکان و درێژەدان بە دیالۆگ:
١. وتارەکە پارادۆکسی (ڕا)، وەک خاڵی دەستپێک لە پرۆسەی مەعریفەدا دەخاتە ڕوو، بە مانایەکی تر (د. هەرێم) دەیەوێت لەسەر بنەمای دوو یەکەی زمانی، جەمسەربەندییەک لەنێوان (ڕا)، وەک کردەیەکی خێرا و ئیگۆیی و (خنە)، وەک بنکۆڵکاری و هەڵکۆڵین بنیات بنێت، بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە: ئایا دەکرێت ڕەخنەگر بەبێ (ڕا) یان بەبێ گریمانە و تێڕوانینێکی سەرەتایی هەنگاو بنێتە ناو پرۆسەی خوێندنەوەوە؟
لە فەلسەفەی زانست و میتۆدۆلۆجیدا، (ڕا) یان تێڕوانینی بەرایی (کە زۆرجار لە گومانەوە سەرچاوە دەگرێت)، خاڵی دەستپێکی پرۆسەی بنکۆڵ و هەڵکۆڵینە، نەک دژبەری. وەستانەوەی ڕادیکاڵ لە دژی (ڕا)، مەترسیی ئەوەی تێدایە بەهای تێڕوانینی سەرەتایی و خوێندنەوەی بەراییی خوێنەر نادیدە بگرێت، کە زۆرجار دەکرێت ببێتە دەروازەیەک بۆ بنکۆڵکاریی قووڵتر. من لە داخداری و نەڕەحەتیی (هەرێم) تێ دەگەم، دەزانم ئەو ڕای ئامادە و هەڵتۆقیوی فەزای سۆشیال میدیای پێ قبوڵ نییە، ئەم کێشەیەش تازە نییە و بەر لە زۆر کەس، تیۆریسیەنی ئیتالی (ئومبێرتۆ ئیکۆ) ئاماژەی بە مەترسیی (ئینفلاسیۆنی ڕای گشتی) کردبوو!
٢- دکتۆر هەرێم هەوڵی داوە، بگەڕێتەوە بۆ فینۆمینۆلۆجیا و بەرانبەر تیۆریی وەڵامدانەوەی خوێنەر ڕایبگرێت، بەڵام ئەم سوودوەرگرتنە لە چەمکی (هەڵواسین) یان لەکەوانەدانان (Epoche)ی فینۆمینۆلۆجیستەکان جێی تێڕامانە، چونکە کاتێک بمانەوێت ئەم چەمکە بەسەر ڕەخنەی ئەدەبیدا بسەپێنین، تووشی جۆرێک لە ئایدیالیزممان دەکات. وەک تیۆریی وەڵامدانەوەی خوێنەر جەختی لێ دەکاتەوە، دەقەکە خۆی لەخۆیدا (بێدەنگە) تا ئەوکاتەی ئاگایی و ئەزموون و پاشخانی مەعریفیی خوێنەر دێت و مانای پێ دەبەخشێت. ناچارکردنی ڕەخنەگر بۆ بەتاڵکردنەوەی تەواوەتیی خۆی لە پاشخان و بچووککردنەوەی سەدلەسەدی ئیگۆ لە ڕووی کردارییەوە دەستەبەر نابێت، چونکە ڕەخنە بۆ خۆیشی بەرئەنجامی دیالۆگی زاتیی ڕەخنەگرە لەگەڵ دەقەکەدا.
٣. خاڵێکی تری جێی سەرنج لە وتارەکەدا، سنوورەکانی میتافۆری زمانییە لەهەمبەر زاراوەناسیدا. (هەرێم) لەڕێگەی کەرتکردنی وشەی (ڕەخنە) بۆ دوو پارچەی (ڕا + خنە)، یارییەکی زمانەوانی لەسەر ئاستی میتافۆر ئەنجام دەدات تا تێڕوانینی خۆی ڕوون بکاتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەم هەوڵەی هاوڕێی ڕەخنەگر، ناکرێت ببێتە جێگرەوەی شیکاریی میتۆدگەرایانە، چونکە ئاراستەکردنی چەمکە ڕەخنەیییەکان بەرەو تێگەیشتنی داتاشراو یان ئیتیمۆلۆجیای فۆلکلۆری، ڕەنگە بۆ وەرگری ئاسایی تەمومژ دروست بکات و تێگەیشتن لە کرۆکی تیۆرییە ئەدەبییەکانیش قورستر بکات.
دووەم/ سەرنجە ڕەخنەیی و بنیادییەکان لەسەر وتارەکە:
هەرچەندە وتارەکەی (د. هەرێم) لە ڕووی بنیاتنانی چەمک و ئاراستەکردنی ڕەخنەیییەوە داڕشتنێکی بەپێزی لەخۆ گرتووە، بەڵام لەڕوانگەی شیکاریی ئەکادیمی و پێکهاتەیییەوە دەکرێت ئەم سەرنجانەی خوارەوەی لەسەر تۆمار بکەین، کە پێم وایە نەدەبوو بەسەر هاوڕێکەمدا تێپەڕیبووایە:
١- ئەو دابەشکردنەی وشەی (ڕەخنە) بۆ دوو بەشی (ڕا) و (خنە)، لە ڕووی زمانەوانیی زانستی و ئیتیمۆلۆجییەوە هیچ بنەمایەکی مێژوویی نییە (چونکە ڕەخنە لە بنەڕەتدا بە مانای کەلێن و درز هاتووە). هەروەک خۆیشی بەئاگایییەوە ئاماژەی پێی داوە: (ئەمە خستنەڕووی ڕەچەڵەکی زمانەوانیی وشەی ڕەخنە نییە)، بەڵام مەترسیی ئەم جۆرە یارییانە ئەوەیە، کە چەمکێکی زانستی بەرەو داڕشتنی زمانیی فۆلکلۆرییانە ببات!
هەر لە پەیوەندیدا بەم کەرتکردنەی وشەکەوە، (هەرێم)ی هاوڕێم، لە وتارەکەیدا کەوتووەتە هەڵەیەکی لۆجیکییەوە، بەوەی کە گریمانەیەکی پێشوەختەی لەسەر پارچە دروستکراوەکانی وشەی (ڕەخنە) داناوە.
کاتێک وشەکە دەکاتە (ڕا + خنە)، ڕاستەوخۆ بە ئارەزووی خۆی پێناسەیەکی تایبەت دەبەخشێتە هەر بەشێکیان: (ڕا وەک حوکم، خنە وەک بنکۆڵکاری). لێرەدا نووسەر تووشی هەڵەی لۆجیکی (سەپاندنی ئەنجام بەسەر پێناسەدا) دەبێت، چونکە مانایەکی دەستکرد بەسەر وشەکەدا دەسەپێنێت و دواتر بەو مانا دەستکردە هەوڵی سەلماندنی تێزەکەی خۆی دەدات، کە ئەمەش لە ڕووکاری زانستیدا تەنها گەمەیەکی میتافۆریی زاتییە، نەک بڕیارێکی میتۆدگەرای لۆجیکی.
٣- وتارەکە بە جۆرێک وێنای (ڕا) دەکات، کە گوایە هەمیشە بەرهەمێکی ئامادە، خێرا، ئیگۆیی و ڕووکەشە! لە کاتێکدا لە فەلسەفەدا (ڕا) یان هیپۆتێز خاڵی دەستپێکی هەڵکۆڵینە. کێشەکە لە خودی (ڕا)دا نییە، بەڵکوو لە سەپاندنی (ڕای پێشوەختە) و نەگۆڕدایە! خۆم زۆرجار وتوومە، کە هەموو کەسێک بۆی نییە لەخۆیەوە ڕای بێبنەما لەسەر بابەتە زانستییەکان دەرببڕێت، بەڵام چارەسەرەکە ئەوە نییە ڕێگری لە دەربڕینی (ڕا) بکەین، بەڵکوو ئەوەیە ئاستی وەرگرتنمان تەنها بۆ (ڕا) شیکارییەکان بەرز بکەینەوە.
٤- (د. هەرێم) دەقسێنتەرییەکی ڕەهای بەرانبەر کارلێکی تەئویلی هێناوەتەوە، داواکردنی ئەوەی ڕەخنەگر (ڕا-ی خۆی لە کەوانە بنێت) تا دەق خۆی بدوێت، جۆرێکە لە ئایدیالیزمی ڕەخنەیی، چونکە دەق بەبێ پاشخانی خوێنەر توانای پەیامبەخشینی نییە.
٥- کێشەیەکی تری وتارەکە خۆی دەبینێتەوە لە دووبارەبوونەوەی تێزی سەرەکی و هەبوونی درز لە ڕیتم و شێوازی نووسینەکەدا. پەیامی سەرەکیی وتارەکە زۆر بەکورتی لەوەدا چڕ دەبێتەوە، کە: (ڕەخنە بریتییە لە هەڵکۆڵین، نەک حوکمی خێرا)، ئەم پەیامە بەداخەوە لە سەرتاپای دەقەکەدا بە چەندین دەستەواژەی جیاواز دووبارە بووەتەوە. هەروەها ڕیزکردنی دوانزە پرسیاری بەدوای یەکدا لە بەشی کۆتاییدا، ڕیتمی نووسینەکەی تا ڕادەیەک شلوخاو کردووەتەوە و شێوازی زنجیرەییی گوتارەکەی سست کردووە.
٦- ئەگەر بە شێوازێکی میتۆدگەرای ورد، لە ناوونیشانی وتارەکەی هاوڕێم (د. هەرێم) تێڕابمێنین، کە دەڵێت: (کاتێک ڕەخنە دەبێتە ڕا)، دەبینین ئەم ناوونیشانە لەگەڵ ناوەڕۆک و تێزی سەرەکیی وتارەکەیدا ڕێک نایەتەوە. لە ڕوانگەی شیکاریی میتۆدۆلۆجییەوە، لەنێوان ناوونیشانەکەی و ئاراستەی پەیامەکەیدا کەلێنێکی لۆجیکیی گەورە هەیە، کە دەتوانم لەم چوار خاڵەی خوارەوەدا چڕی بکەمەوە:
یەکەم، ناوونیشانەکە بڕیاری (داڕمان) دەدات، بەڵام ناوەڕۆک بەدوای (ڕیشەناسی)دا دەگەڕێت! بەڵێ، ناوونیشانەکە گوزارشت لە دیاردەی (داڕمانی ڕەخنە) دەکات، واتە ئاماژەیە بۆئەوەی کە ڕەخنە لەبنەڕەتدا شتێکی تر بووە، بەڵام تووشی لادان بووە و گۆڕاوە بۆ (ڕا)، بەڵام (د. هەرێم) لەبری ئەوەی تەماشای مێژووی ئەم داڕمانە بکات، لە ناوەڕۆکدا دەچێتە سەر گەمەیەکی زمانەوانی و وەک خۆی ناویناوە: (ڕیشەناسییەکی میتافۆریی) بەوەی وشەی ڕەخنە خۆی لە بنەڕەتدا پارچەیەکی (ڕا)یە! لێرەدا ناوونیشانەکە قسەکردنە لەسەر گۆڕانێکی کاتیی کایەی ڕەخنە، بەڵام ناوەڕۆکەکە هەوڵی کەرتکردنی بونیادی وشەکە دەدات.
دووەم، سەپاندنی جەمسەربەندییەکی دژبەیەک، بەوەى کە ناوونیشانی وتارەکەی (د. هەرێم) وای نیشان دەدات، کە (ڕەخنە) و (ڕا)، دوو چەمکی تەواو دژبەیەک و جیاوازن (کاتێک A دەبێتە B، واتا سەرەتایییەکەی خۆی لەدەست دەدات)، بەڵام وەک ئاماژەم پێی دا، لە فەلسەفەی زانستدا (ڕا) یان گریمانە (Hypothesis) بەشێکی جەوهەری و خاڵی دەستپێکی پرۆسەی ڕەخنەیە، نەک دژبەری. لەبەر ئەوە، ناوونیشانەکە وێنەیەکی ڕەهای نا-زانستی بۆ (ڕا) دروست دەکات، کە لەگەڵ دیالێکتیکی مەعریفیدا ناگونجێت.
سێیەم، تێکەڵکردنی (ڕای ئامادە) لەگەڵ (سروشتی پرۆسەی ڕاڤەکاری)، چونکە ناوونیشانەکە وشەی (ڕا) بە جۆرێکی ڕەها بەکار دەهێنێت. بەڵام کاتێک دەچیتە ناو دەقەکەی (هەرێم)ەوە، دەبینیت کێشەی ئەو لەگەڵ ڕەهابوونی وشەی (ڕا)دا نییە، (چونکە خۆیشی بەڕوونی دەڵێت: (ڕا خۆی کێشە نییە…)، بەڵکوو کێشەی ئەو لەگەڵ ڕای پێشوەختە، خێرا، ئیگۆیی و ئەتوانم بڵێم: فەیسبووکییانەدا هەیە. لێرەدا ناوونیشانەکە زێدەڕۆیی تێدایە و نەیتوانیوە بەوردی چەمکەکە سنووردار بکات.
چوارەم و کۆتاییی ئەم سەرنجە، جێگرتنەوەی ئیتیمۆلۆجیای دەستکرد و داتاشراو لەبری پرۆسەی ڕەخنەی زانستییانەیە، چونکە هاوڕێکەم لە ناوونیشان و پۆستەکەیدا باس لە (ڕیشەناسییەکی میتافۆرییانە) دەکات، لە کاتێکدا لە ناوەڕۆکی وتارەکەیدا داوا لە ڕەخنەگر دەکات (ڕای خۆی لە کەوانە بنێت تا دەقەکە بدوێت. کەواتە وتارەکە بەرەو دەقسێنتەریی فەلسەفی و ئایدیالیزمێکی دیاردەگەرایی دەچێت، لەکاتێکدا ئەتوانم بڵێم، ناوونیشانەکە زیاتر ناوێکی هۆشیارکەرەوە و ڕۆژنامەوانییە بۆ فەزای سۆشیال مێدیا..!
بەم پێیە ناوونیشانی (کاتێک ڕەخنە دەبێتە ڕا)، ناونیشانێکی سەرنجڕاکێشی ڕۆژنامەوانییە، بەڵام تەنها تا ڕادەیەکی دیاریکراو گوزارشت لە کرۆکی دەقەکە دەکات و نەیتوانیوە تەواوی بارستاییی تێزەکە لەخۆیدا کۆ بکاتەوە.
من لێرەدا پێش ئەوەی ئەنجامی کۆتاییی خوێندنەوە ڕەخنەیییەکەم بۆ وتارەکەی (هەرێم) گەڵاڵە بکەم، لە خۆمم پرسی: باشە بۆچی بە مۆبایلە (نۆکیا ٣٣١٠)ەکەم تەلەفۆنێک بۆ (هەرێم) نەکەم و ئەم دایەلۆگە لەگەڵ خۆیدا ئەنجام نەدەم؟ خەریک بوو وا بکەم و لە هەموو ئەوەى تا ئێرە نووسیومە، دەست هەڵبگرن، بەڵام هەر زوو بیرم کەوتەوە، کە: نەخێر، بڵاوکردنەوەی ئەم خوێندنەوە ڕەخنەیییە، بڕیارە ئیستاتیکییە دروستەکەیە و ئینجا بەم شێوەیە بەردەوام بووم لەم نووسینە:
دکتۆر (هەرێم) وتارەکەی لە فەزای گشتیدا (فەیسبووک و پەڕەی هزرین) بڵاو کردووەتەوە و هزرێکی خستووەتە بەردەم خوێنەران. کاتێک بیرۆکەیەک دەبێتە (کەلەپووری گشتی)، ئیتر مافی هەمووانە، کە گفتوگۆکەیشی لە هەمان فەزای گشتیدا ببینن و بخوێننەوە.
ئەمە جگە لەوەی کە یەکێک لە کێشە گەورەکانی ناوەندە ڕۆشنبیرییەکەی ئێمە ئەوەیە، کە ڕەخنە وەک (دوژمنایەتیی زاتی) یان (حیساباتی تایبەتی) دەبینرێت و لێک دەدرێتەوە، بەڵام کاتێک من وەک هاوڕێیەکی نزیکی (هەرێم)، ڕەخنە لە وتارەکەی دەگرم و لە ڕووی میتۆدۆلۆجییەوە تیشکی دەخەمەسەر، ئەوا دەمەوێت مۆدێلێکی نوێی دیالۆگی شارستانی لەنێوان هاوڕێیاندا پێشکەش بە وەرگری کوردزمان بکەم. من دەمەوێت بڵێم: دەکرێت دوو هاوڕێ بین، بەڵام لەسەر دەقێک جیاواز بیر بکەنەوە.
کەواتە لە ئەنجامدا دەتوانم بەڕوونی بڵێم: وتارەکەی (د. هەرێم عوسمان) لە ئاستی داڕشتنی وتارێکی هۆشیارکەرەوەدا زۆر سەرکەوتووە، بەڵام تێزی سەرەکیی خۆی لەسەر دووانەیەکی دژبەیەک (ڕای خراپ) بەرانبەر (خنەکردنی باش) دروست کردووە، کە ئەمەش حەق بە ڕۆڵی دیالێکتیکیی (ڕا) لە پرۆسەی ئافراندن و تێگەیشتندا نادات.
بەدیوێکی تریشدا، ڕەخنەی ڕاستەقینە ڕەتکردنەوەی (ڕا) نییە، بەڵکوو (پەروەردەکردنی ڕا)یە لە بۆتەی شیکاری و بنکۆڵکاریدا. ئێمە لە ئەدەبی کوردیدا پێویستمان بە کورتهێنان یان نەهێشتنی (ڕا) نییە، بەڵکوو پێویستمان بەوەیە (ڕا)کانمان لە ئاستی هەستی سەرەتایییەوە بەرز ببنەوە بۆ ئاستی گوتاری شیکاریی مەعریفی.
…………………………………
بۆ خوێندنەوەی دەقی وتارەکەی د.هەرێم عوسمان (کاتێک ڕەخنە دەبێتە ڕا)، دەتوانن سەردانی ئەم لینکەی فەیسبووک بکەن: