ژنەفتن ژنەفتن
سینەما

گفتوگۆیه‌کی کورت سه‌باره‌ت به‌ سینه‌ما و شانۆ

نووسەر پییەر پاولۆ پازۆلینی
وەرگێر له فره‌نسییه‌وه‌: فازڵ مه‌حموود

له‌سه‌ر چیای “ئیتنا”م. بارانه‌، به‌فره‌، ته‌مومژ تێده‌په‌ڕێت، هه‌تاو ده‌رده‌که‌وێت. باران ده‌بارێت، ده‌بێته‌‌ به‌فر، ته‌مومژه‌کان تێده‌په‌ڕن، هه‌تاو پرشنگ ده‌دات. له‌گه‌ڵ سێ ئه‌کته‌ری سه‌ره‌کیی فیلمێک[1] که‌ ده‌بێت ده‌ست بکه‌م به‌ وێنه‌گرتنی، ئه‌م گفتوگۆیه‌ کورته‌ی خواره‌وه‌م کرد.

من : نینێ، سینه‌ما چییه‌؟

نینیتۆ داڤۆلی: سینه‌ما سینه‌مایه‌.

من: گۆداریش وا ده‌ڵێت، ده‌زانی؟

نینیتۆ: گۆدار که‌سێکی تێگه‌یشتووه‌.

من: ته‌نیا تێگه‌یشتوو؟

نینتۆ: پاشان گه‌نجێکه‌ که‌ که‌یفم پێی دێت.

من: بۆچی؟

نینیتۆ: چونکه‌ گه‌نجێکه‌‌ که‌ ده‌توانێت ببێت به‌ هاوڕێم، گه‌نجێتییه‌ک که‌ ده‌توانێت په‌یوه‌ندییه‌کانم [له‌ گه‌ڵیدا] دروست بکات… مرۆڤێکی ساده‌یه‌‌…

من: چیت بیستووه‌ له‌م مرۆڤه‌‌ ساده‌؟

نینیتۆ: مانۆڕێک هه‌موو ڕۆژێک خه‌ریکی ئیشه‌.

من: گۆدار و مانۆڕ.

نینیتۆ: به‌ڵێ چونکه‌ که‌یفم پێی دێ.

من: ئه‌ی فیلمه‌کانی، حه‌زت له‌ فیلمه‌کانی هه‌یه‌؟

نینیتۆ: به‌ڵی کاتێک ده‌یانبینم حه‌زم لێیانه‌… کاتێک ته‌ماشایان ده‌که‌م… ئه‌م فیلمانه‌… له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌گه‌ر بڵێم له‌ بنه‌مادا لێیان تێده‌گه‌م، ئه‌وا نه‌خێر وانییه‌. چونکه‌ کاتێک سه‌یری فیلمه‌کانی ده‌که‌م، ئه‌وا خۆی ده‌بینم.

من: که‌واته‌، ئه‌گه‌ر سینه‌ما بریتی بێت له‌ سینه‌ما. ئه‌ی شانۆ چییه‌؟

نینیتۆ: شانۆ، بریتییه‌ له‌ شانۆ. بۆ من هه‌موو شتێک ساده‌یه‌.

من: چ جیاوازییه‌ک له‌نێوان مرۆڤێک له‌ واقیع و هه‌مان مرۆڤدا هه‌یه‌ که‌ له‌ سینه‌ما یان شانۆ نواندن بکات؟

نینیتۆ: هیچ جیاوازییه‌ک بوونی نییه‌.

من: که‌واته‌ واقیع، سینه‌ما و شانۆ، هه‌ر یه‌ک شته‌؟

نینیتۆ: به‌ هه‌ندێک باردا… به‌ڵێ… وه‌ک یه‌ک وایه‌… ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت له‌ واقیعدا من گۆشت و ئێسقانی مرۆڤ ده‌بینم به‌ڵام له‌ سینه‌مادا له‌سه‌ر په‌رده‌ ده‌یبینم، له‌ شانۆش له‌سه‌ر سته‌یج.

من: تۆ، کوڕێکی له‌ واقیعدا، ئه‌کته‌رێکیشی له‌ سینه‌ما، هه‌نووکه‌ش تۆ ئه‌کته‌رێکی له‌ شانۆ. له‌ کام فۆرم و شێوه‌یاندا هه‌ست ده‌که‌ی‌ راسته‌قینه‌ی؟

نینیتۆ: له‌سه‌ر شانۆ.

من: (ئه‌م شته‌م به‌رده‌وام پێ وتبووی). بۆچی؟

نینیتۆ: چونکه‌ له‌ شانۆ وه‌ک سینه‌ما نییه‌، له‌ سینه‌مادا کردارێک چه‌ند جارێک دووباره‌ ده‌که‌یته‌وه‌، له‌ شانۆدا هه‌ر که‌ هاتیته‌ سه‌ر سته‌یج، شته‌کان پێکه‌وه‌ ده‌به‌سترێن.

من: که‌واته‌ تۆ له‌ سه‌ر سته‌یجی شانۆ زیاتر هه‌ست به‌وه‌ ده‌که‌ی “نینیتۆ”ی تاکوو له‌ باڕێکی بچووک له‌ place prenestino یان له‌ شه‌قامی  Acqua Bullicante.

نینیتۆ: له‌ راستیدا… وه‌ک یه‌ک وان: به‌رده‌وام یه‌ک سته‌یجه‌.

من: که‌واته‌ ئه‌م جیهانه‌ سته‌یجه‌؟

نینیتۆ: بۆ نا؟ به‌ڵکوو باشترینیانه‌! جیهان شانۆ نه‌بێت؟ ئه‌ی چییه‌؟

من: که‌واته‌ ده‌ته‌وێت له‌گه‌ڵ تۆدا، له‌و فیلمه‌ی که‌ وا تۆماری ده‌که‌ین، من گرته‌یه‌کی زۆر دریژی گرته‌ی درێژ[2] تۆمار بکه‌م؟

نینیتۆ: ئێ زۆر باش ده‌بێـت…

من: من، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، ئه‌کته‌کان دابه‌ش ده‌که‌م بۆ چه‌ند سێکانسێکی کورت، گرته‌ی نزیک[3]، گرته‌ی ئه‌مریکی[4]، گرته‌ی فراوان[5]، واته‌ هه‌موو ئه‌زموون و هه‌موو ژێستێک کۆ ده‌که‌مه‌وه‌، ته‌نیا له‌ یه‌ک گرته‌/پلاندا. به‌ بۆچوونی تۆ بۆچی ئه‌م شته‌ ده‌که‌م؟

نینیتۆ: بێگۆمان تۆ ئه‌م ئیشه‌ بۆ پڕکردنه‌وه‌ی فیلمه‌که‌ ناکه‌ی… بۆ ئه‌وه‌ ده‌یکه‌ی شته‌کان راسته‌قینه‌ ده‌رکه‌ون.

من: ئینجا ئه‌کتە‌ راسته‌قینه‌کان بوونیان نییه‌، وه‌ک ئه‌وه‌ی پێشتر وتت، ئه‌وانه‌ی وا ده‌بێت به‌رده‌وام بیت له‌سه‌ری، واته‌ ئه‌وه‌ی نێوان واقیع و شانۆ؟

نینیتۆ: تۆ شته‌کانم زۆر لێ ئاڵۆز ده‌که‌ی؟

من : ئایا حه‌زت به‌ ناوونیشانی ئه‌و فیلمه‌یه‌ که‌ وا به‌ ته‌ماین تۆماری بکه‌ین واته‌  Porcile [ئاخوڕی به‌راز 1969].

نینیتۆ: به‌ڵی ، به‌ڵی به‌دڵمه‌، چونکه‌ به‌سه‌رهاته‌که‌ی ده‌زانم بۆیه‌ به‌دڵمه‌.

من: فاشیست و هتد. ئه‌وان زۆر پێده‌که‌نن و هیچ هه‌لێک له‌ کیس ناده‌ن بۆ دروستکردنی نوکته‌ی رۆحی له‌سه‌ر ناوونیشانی ئه‌م فیلمه‌، بێ هێشتنه‌وه‌ی هیچ ڕێزێک…

نینیتۆ: ئه‌ی بۆچی ئینجا، ئه‌وان گاڵته‌ ده‌که‌ن؟ له‌ کۆتاییدا ئه‌وه‌ ئه‌وانن که‌ فریو ده‌خۆن.

من: بۆچی؟

نینیتۆ: چونکه‌ له‌ کۆتاییدا ناتوانن چیتر پێبکه‌نن.

کات پاکی له‌ناو ده‌بات

من: تۆ به‌شێوه‌یه‌کی زۆر ترسناک له‌ واقیع و سینه‌مادا له‌ یه‌ک ده‌چی. له‌ هه‌مان کاتدا، به‌شێوه‌یه‌کی زۆر ترسناک جیاوازی. چۆن ئه‌م شته‌ روون ده‌که‌یته‌وه‌؟

پیه‌ر کلێمێنتی[6]: له‌به‌رئه‌وه‌ی تاکوو زیاتر ڕۆبچمه‌ نێو خۆم زیاتر رووبه‌ڕووی شتگه‌لێک ده‌بمه‌وه‌ که‌ نایانناسم. هه‌ربۆیه‌ کاتێک له‌ به‌رانبه‌ر کامێرام “خودی خۆمم له‌ گه‌ڕان” به‌دوای خۆمدا. به‌شێوه‌یه‌کی تر جیاوازییه‌کی زۆر هه‌یه‌ له‌نێوان واقیع و سینه‌ما: چونکه‌ سینه‌ما که‌ره‌سته‌یه‌کی زۆر هه‌یه‌ بۆ نواندنه‌وه‌ی واقیع. له‌ ڕیگای فیلمێک، ده‌توانرێت سه‌رله‌نوێ جیهان دروست بکرێته‌وه‌، له‌ واقیعدا ئه‌م شته‌ زۆر ئه‌سته‌مه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا سینه‌ما چه‌ند که‌ره‌سته‌یه‌کی هه‌یه‌ که‌ ده‌توانێـت مرۆڤه‌کان بگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ نێو واقیع.

من: بۆچی؟ ئایا پێت وایه‌ مرۆڤه‌کان له‌نێو واقیعدا ناژین؟

پییه‌ر: به‌ڵێ، به‌ڵێ، به‌ڵام پێم وایه‌ ته‌له‌ڤزیۆن یان دامه‌زراوه‌کانی تر (ئه‌وه‌ی پێی ده‌ڵێن ماسمیدیا) مرۆڤیان له‌ واقیع دوورخستووه‌ته‌وه‌…

من: فرانکۆ چیتی[7] ده‌ڵێت واقیع بریتییه‌ له‌ پاکی.

پییه‌ر: به‌ڵێ، ئه‌مه‌ راسته‌، به‌ڵام کات پاکی له‌ناو ده‌بات. سینه‌ما کرداری زۆر فێر ده‌کات‌ و به‌کاری ده‌بات، چونکه‌ فیلم کرداری پاکی به‌کار ده‌بات و فێرمان ده‌کات… بۆ دروستکردنی سینه‌مایه‌کی پاک، ده‌بێت که‌سی پاک وه‌ربگری… شتێک که‌ به‌ ‌دڵنیایییەوه‌ ئایا سینه‌مای بازرگانی ئه‌م شته‌ ده‌کات؟

من: ئه‌ی سینه‌مای بازرگانی نواندنه‌وه‌ی چی ده‌کات؟

پییه‌ر: ماده‌ی خه‌واڵوویی‌. فیلم ـ ماده‌ی خه‌واڵوویی‌ ـ بۆ کۆمه‌ڵگایه‌ک دروست ده‌کات که‌ لێی تێبگه‌ن. بۆ خه‌ڵکانێکی بازاڕی و تڕۆهاتی دروست ده‌کات که‌‌ بڕوایان به‌ تڕۆهاته‌کانی تره‌.

من: به‌ بۆچوونی تۆ چ شێوازێکی ئایدیال بۆ دورستکردنی سینه‌ما بوونی هه‌یه‌؟

پییه‌ر: سه‌فه‌رکردن به‌ مه‌به‌ستی ئامانجی کۆتاییی ژیان و مه‌رگ. بۆ نموونه‌، ده‌رچوون له‌گه‌ڵ گرووپێک که‌س که‌ یه‌ک پێویستییان هه‌بێت، هتد. گه‌یشتن به‌ دروستکردنی ئافراندنێکی هێنده‌ به‌هێز بۆ تێپه‌ڕاندنی واقیع؟

من: چوون بۆ کوێ؟

پییه‌ر: ده‌ی، مرۆڤ سه‌فه‌ری خۆی به‌ ته‌نیایی ده‌کات، ئه‌م واقیعه‌. خودا، نیشتمان، خێزان، هتد، واته‌ خوو و عاده‌ته‌کان، هه‌ڵگری ئه‌م هه‌ڵه‌ی  گۆشه‌گیری و ته‌نیایییه‌. دوو ڕێگه‌چاره‌ ده‌مێنێته‌وه‌: یان چه‌ک هه‌ڵگرین و بیته‌قێنین، یان کامێرایه‌ک هه‌ڵگرین و سینه‌ما دروست بکه‌ین: به‌م شێوه‌یه‌یه‌ که‌ به‌ره‌و سه‌رووی گۆشه‌گیری و ته‌نیایی ده‌چین.

هونه‌رمه‌نده‌کان، ئه‌زموون و خه‌یاڵ

من: سینه‌ما چییه‌؟

فرانکۆ چیتی: سینه‌ما سینه‌مایه‌.

من: ئه‌ی واقیع چییه‌؟

فرانکۆ: ئه‌و شته‌یه‌ که‌ ته‌نیا لای پاکه‌کان بوونی هه‌یه‌.

من: ئێ به‌سه‌ریه‌که‌وه‌ ئه‌مه‌ به‌ واتای چی دێ؟

فرانکۆ: ئه‌مه‌ نادادپه‌روه‌ییه‌.

من: ئایا سینه‌ما به‌رده‌وام نواندنه‌وه‌ بۆ واقیع ده‌کات؟

فرانکۆ: من بڕوام وایه‌ که‌ به‌گشتی نواندنه‌وه‌ی نادادپه‌روه‌ری ده‌کات. چونکه‌ سینه‌ماکاره‌ پاکه‌کان ده‌گمه‌نن.

من: تۆ له‌نێو کام واقیعدا ده‌ژی؟ له‌نێو ئه‌و واقیعه‌ی که‌ له‌نێو دڵی پاکه‌کاندایه‌ یان له‌نێو ئه‌و واقیعه‌ی که‌ نادادپه‌روه‌رییه‌ (ئه‌وه‌ی من و ئێلزا مۆرانت ناومان لێ ناوه‌ “ناواقیع”)؟

فرانکۆ: من له‌نێو ئه‌و واقیعه‌م که‌ له‌نێو دڵی پاکه‌کاندایه‌، به‌ڵام ناچاریشم له‌نێو نادادپه‌روه‌ریدا بژیم.

من: چ جیاوازییه‌ک له‌ تۆدا هه‌یه‌ له‌ هه‌بوونت له‌نێو واقیع و له‌نێو سینه‌مادا؟

فرانکۆ: … پێم وایه‌ سینه‌ما بژێوییه‌، و واقعی منیش به‌رده‌وام پاک بووه‌…

من: به‌ڵام تۆ چ مرۆڤێکی پاکی گاڵته‌جاڕی، گه‌ر بۆ پاره ئیشی سینه‌ما بکه‌ی؟

فرانکۆ: ئه‌ی ئه‌وانی تر، ئه‌وان بۆ وا ده‌که‌ن.

من: به‌ڵام ئه‌وانی تر بانگه‌شه‌ی پاک بوون ناکه‌ن

فرانکۆ: له‌ راستیدا من هه‌رگیز هیچیشم ده‌ست نه‌که‌وتووه‌…

من: ئه‌ی ئه‌مه‌ قسه‌ی پێچه‌وانه‌ی یه‌کتره.‌

فرانکۆ: به‌ڵێ، به‌ڵام خۆم ده‌مه‌وێـت قسه‌ی پێچه‌وانه‌ی یه‌ک بکه‌م.

من: که‌واته‌ با هاوکێشه‌ی پرسیاره‌که‌ کۆنکرێـتیتر بکه‌ین، ئایا تۆ ئه‌و کاته‌ زۆر “ڕاسته‌قینه‌ی” که‌ فرانکۆ چیتیت یان ئاکاتۆنێ یان ئۆدیپی[8]؟

فرانکۆ: کاتێک فرانکۆ چیتیم.

من: ره‌نگه‌ ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ فرانکۆ چیتی زیاتر دژبه‌یه‌که‌ تاوه‌کوو “ئاکاتۆنێ”؟

فرانکۆ: من دژبه‌یه‌که‌م چونکه‌ خه‌ریکی سینه‌مام.

من: کاتێک تۆ بووی به‌ ئاکاتۆنێ، که‌واته‌ تۆ به‌ته‌واوه‌تی له‌نێو “ئه‌و واقیعه‌ بووی که‌ له‌نێو دڵی پاکه‌کاندایه‌”، له‌ کاتی ئیشکردن له‌ سینه‌مادا تۆ زیاتر ده‌چیته‌ نیو واقیعه‌وه‌ تاوه‌کوو “نادادپه‌روه‌ری”: وایه‌؟

فرانکۆ: من ده‌ڵێم له‌ کاتێک ده‌بمه‌ ئاکاتۆنێ، ئه‌وا ته‌نیا یه‌ک فیلم نییه‌ به‌ڵکوو دوانه‌، یه‌کێکیان به‌ دڵ کردوومه‌، ئه‌وی تریان پازۆلینی به‌ خه‌یاڵی خۆی. به‌ دڵ کردن واته‌ بێ ئه‌وه‌ی بزانم چیم کردووه‌ له‌ ریگای نائه‌زموونیه‌تی سینه‌ماوه‌. له‌ کاتێکدا خه‌یاڵ ئه‌زموونێکه‌ که‌ پاڵ به‌ هونه‌رمه‌نده‌کانه‌وه‌ ده‌نێت.

من: من، تۆم به‌کار هێنا بۆ واقیعه‌که‌ت (خودی لائیرادی بوون، به ‌هەمان شێوه‌ خۆت وتت، سه‌ر به‌ دونیای پاکه‌کان) به‌ڵام کرداره‌کانی ئاکاتۆنێ (ئیشکردن به‌ ژنان، دزی، هتد) ئایا  ئه‌کتی پاکن به‌و واتایه‌ی که‌ تۆ ناو له‌م وشه‌یه‌ ده‌نێی؟

فرانکۆ: پاکێتی شتێکی کراوه‌یه‌… ئازاد… به‌کارهێنانی ژنان و یان دزی ده‌توانن به‌شێک بن لێی…

من: بۆچی پێت وایه‌ فاشیست و بۆرژواکان دژ به‌ کاره‌کته‌رێکی “واقیعی/ ریاڵ”ی (پاک) وه‌ک ئاکاتۆنێن؟

فرانکۆ: ته‌نیا ده‌توانم یه‌ک شتت پێ بڵێم: نازانم چ شتێک به‌ واتای “فاشیست” دێت، ته‌نانه‌ت پاش هه‌بوونی هه‌ندێک ئازار به‌هۆی فاشیسته‌کانه‌وه‌.

من: پێت وایه‌ که‌ هه‌مدیسان ئازار ده‌کێشین به‌هۆی فیلمی “ئاخوڕی به‌راز”ه‌وه‌؟

فرانکۆ: به‌ڵی چونکه‌ فاشیسته‌کان له‌نێو واقیعێکدا ده‌ژین که‌ نادادپه‌روه‌رییه‌.

سه‌رچاوه‌:

Pasolini, Pier paolo, écrits sur le cinéma (1957-1974), petite bibliothèque des cahiers du cinéma 2000, première éd.française, Lyon, 1987;   P.7-13.


[1] ئه‌م گفتوگۆیه‌ی پازۆلینی له‌گه‌ڵ هه‌ر سێ ئه‌كته‌ری فیلمی “ئاخوڕی به‌رازه‌” كه‌ له‌ ساڵی 1968 له‌ كاتی تۆماركردنی فیلمه‌كه‌دا كراوه‌.

[2]  Long take/ Plan-séquence

[3]  Close-up

[4]  American shot/ Plan américain

[5] plan d’ensemble

[6] ئه‌كته‌رێكی فره‌نسییه‌ كه‌ له‌م فیلمه‌دا ڕۆڵ ده‌گێڕێت.

[7] ئه‌كته‌ری یه‌كه‌م فیلمی پازۆلینییه‌ كه‌ ئه‌ویش له‌م فیلمه‌دا ڕۆل ده‌گێڕێت.

[8] ئۆدیپ فیلمێكی تری پازۆلینییه‌ كه‌ فرانكۆ چیتی رۆڵی تێدا ده‌بینێت.

blank
دەربارەی نووسەر
پییەر پاولۆ پازۆلینی
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە