شیعری «دەوار»ی عادڵ ئەعزەمی لە یەکەم خوێندنەوەدا دەکرێت وەک دەقێک بخوێندرێتەوە کە لە ئەزموونی جەستە، ئارەزوو و یادەوەرییەوە دەست پێ دەکات و بە هێواشی دەگاتە جیهانی خەم، شین و مردن. بەڵام ناوونیشانی شیعر، لەم خوێندنەوەدا رەشماڵ، ئاماژەیە بە شوێنی نیشتەجێبوونی کاتیی خێڵە کۆچەرەکان، ڕێگایەکی خوێندنەوەمان بۆ دەکاتەوە. دەوار شوێنی سەقامگیریی هەمیشەییی نییە؛ شوێنێکە کە مرۆڤ بەپێی وەرز و پێداویستییەکانی ژیان تێیدا دادەمەزرێت و دواتر جێی دەهێڵێت. لەم ڕوانگەیەوە، دەوار دەکرێت ببێتە خوازەی ناسەقامگیریی شوێن، پەیوەندی و خودی بوونی مرۆڤ.
شیعر بە دێڕەکانی «بەشێکم ئاوێتەی هەتاو و هەنجیر بووە / ڕۆح لەبەرێکی ڕووتم» دەست پێ دەکات. لێرەدا جەستە وەک شتێکی داخراو و جیا لە جیهان پێشکەش ناکرێت، بەڵکوو بەشێکە لە سروشت و ئەزموونی بوون. هەتاو و هەنجیر تەنها وێنەی دەرەکی نین، بەڵکوو بەشدارن لە پێکهاتەی هەستی و جەستەییی قسەکەر. ئەم ڕوانگەیە لەگەڵ دیاردەناسیی جەستەی مۆریس مێرلوپۆنتی نزیکە؛ جەستە تەنها ئامرازی بوونمان لە جیهاندا نییە، بەڵکوو ئەو ڕێگایەیە کە جیهان لە ڕێگەیەوە بۆمان ئاشکرا دەبێت.
دواتر جەستە دابەش دەبێت؛ بەشێکی لە ئەوی تر نزیک دەبێتەوە و ئارەزوو سنووری نێوان خۆ و ئەوی تر تێک دەدات. لەم شوێنەدا جەستە دەبێتە شوێنی نیشتەجێبوونی کاتیی ئارەزوو/مەیل/؛ شوێنێک کە هیچ بەڵێنێکی هەمیشەیی بۆ مانەوە نادات. گواستنەوە بۆ دارستانی سەنووبەر و دواتر داوای گەڕانەوە بۆ «ساڵەکانی گیرفانی پووچ و دڵی خۆش»، ئەزموونی ئێستای مرۆڤ بە یادەوەریی ڕابردووەوە دەبەستێتەوە. ڕابردوو لێرەدا تەنها کاتێکی تێپەڕیو نییە؛ ئەزموونێکە کە لە ئێستادا بە شێوەی هاکا لەدەستدانی “بوون” دەژی.
منداڵی لەم دەقەدا تەمەنێکی ژینگەییی سادە نییە، بەڵکوو شێوازێکی تایبەتی بوونە لە جیهاندا؛ جیهانێک کە تێیدا دەنگ، جووڵە، یاری و پەیوەندییەکان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دێنە ئەزموون. بەڵام ئەم یادەوەرییە هێواش هێواش دەگوازرێتەوە بۆ جیهانی خەم و لەدەستدان. لەوێدا دایک دەردەکەوێت؛ کەسایەتییەک کە لە بنەڕەتدا سەرچاوەی پاراستن و بەردەوامیی ژیانە، بەڵام لە بەرامبەر مردنی منداڵەکانیدا بێدەسەڵاتە: «دایکم نازانێت شینی کاممان بکات باشە؟!» ئەم پرسیارە خاڵی گۆڕانی بوونناسانەی دەقەکەیە. مردن تەنها کۆتاییی بوونی تاک نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکانی دەوروبەریش دەشێوێنێت. دایک نەک تەنها کەسێک لەدەست دەدات، بەڵکوو بەشێک لە خۆیشی لەگەڵ ئەو لەدەستدانەدا لەکیس دەچێت.
لە ئاستی نیشانەیییەوە، هەنجیر، هەنار، سێو، دار، سەرما و سەوزبوون سیستەمێکی هاوبەشی مانایی دروست دەکەن. سروشت بە وەرز دەگۆڕێت و دووبارە نوێ دەبێتەوە، بەڵام مردنی مرۆڤ هەمان ئەو چەندپاتبوونەوەیە نییە. لێرەدا دوو شێوەی کات یەک دەبرن: کاتی سروشت کە دووپاتە دەبێتەوە و کاتی مرۆڤ کە لە یادەوەری و هەستی نەگەڕانەوەدا دەژی. دێڕی «هەنجیر بەرگەی سەرما ناگرێ» لەو روانگەوە ئیتر تەنیا ئاماژە نییە بۆ لاوازی میوە، بەڵکوو دەکرێت وەک دیاردەیەکی هاوبەشی لاوازی و ناتواناییی بوون لە بەرامبەر گۆڕاندا بخوێندرێتەوە.
لە کۆتاییی شیعرەکەدا، مەیلی پەناگرتن لە سێبەری دار و زاوزێکردنی چۆلەکە لە قژدا، جەستە جارێکی تر دەکاتەوە بە شوێنی ژیان و بەرهەمهێنان. بەڵام ئەم هەوڵە دەبێتە کۆتایییەکی تراژیدی.. «گوڵ بچێنێ بۆ سەر قەبران». گوڵ لەسەر گۆڕ دەچێندرێت؛ واتە ژیان لە شوێنی مردندا بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەم بەردەوامبوونە مردن هەڵناوەشێنێتەوە. دایک، کە سەرەتا نازانی شینی کام منداڵ بکات، لە کۆتاییدا بە گوڵچاندن هەوڵی پاراستنی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ مردووان دەدات.
لە ڕووی فۆڕمەوە، دەقەکە لەنێوان گوتاری ناسەقامگیربوونی شوێن، جەستە، یادەوەریی منداڵی و گوتاری شین و مردندا دەجووڵێت. چندپاتکردنەوەی وەک «گڤ ڤ گڤ ڤ» دەقەکە لە خوێندنەوەی بێدەنگەوە دەباتە ئاستی ئەزموونی دەنگی و جووڵە. هەندێک لە گواستنەوەکان بەبێ بوونی پردێکی ڕوون و دیار ڕوو دەدەن؛ ئەمە لەلایەکەوە توانای پەیوەندیی نادیاری نێوان وێنەکانە، لەلایەکی ترەوە دەکرێت خاڵێکی پێداچوونەوە بێت لە پێکهاتە و فۆڕمی شیعرەکەدا.
لە کۆتاییدا، «دەوار» شیعرێکە دەربارەی نیشتەجێبوونی کاتیی مرۆڤ لە جیهاندا؛ مرۆڤێک کە جەستە و ئارەزوو و یادەوەریی خۆی لە شوێن و پەیوەندییەکاندا دادەمەزرێنێت، بەڵام هیچ کام لەوانە بەگشتی لە گۆڕان و لە دەستداندا، سەربەخۆ نین. ئەوەی لە کۆتاییدا دەمێنێتەوە، زیاتر یادەوەریی ژیانە تا خودی ژیان. گوڵ دەچێندرێت، بەڵام مردوو ناگەڕێتەوە. لەوانەیە قووڵترین تراژیدیای «دەوار» لەوەدا بێت: مرۆڤ دەتوانێت شوێنی نیشتەجێبوونی بگۆڕێت، بەڵام ناتوانێت ئەوەی لەدەستی داوە بەتەواوی بگەڕێنێتەوە.
۲. دەوار؛ ناونیشانێک کە لە یارییەوە دەگاتە شین
یەکەم شت کە لە دەقەکەدا سەرنجڕاکێشە، ناوونیشانی «دەوار»ە. دەوار لە مانای یەکەمی خۆیدا جیا لە رەشماڵ و پارۆدی “دەچمە دەواری خاڵی. /گۆرانی/ کە بۆ خۆی خوێندنەوەیەکی جیا و تایبەتی نیشتمانی دەخوازێ./ دەخزێتە ناو یارییەکی منداڵانە و لە دەقەکەدا “دەوار دەواران”ە؛ بازنەیەک کە منداڵەکان بە دەوری یەکتردا دەسووڕێنەوە. بەڵام ئەم یارییە بەهێواشی دەگۆڕێت بۆ بازنەیەکی مەترسیدار: بازنەی هاوبەشی ژیان، منداڵی، مێردمنداڵی، خۆشەویستی، خەفەت و لە کۆتاییدا مردن.
واتە ناوونیشانەکە تەنها ئاماژە بە یارییەک ناکات، بەڵکوو پێکهاتەی ناوەوەی دەقەکەش دیاری دەکات. منداڵەکان دەسووڕێنەوە، هەروەها کە گەل دەسووڕێتەوە/بەڵام لە کۆتاییدا ئەوە شین و مردنە کە هەمووان لە بازنەی خۆیدا کۆ دەکاتەوە.
لێرەدا جەستە بەشێکە لە سروشت؛ هەتاو و هەنجیر تەنها دوو شتی دەرەکی نین، بەڵکوو بەشێکن لە پێکهاتەی زاتی بێژەر، بەرامبەر ئەوی دی، ڕۆح بە جلێکی ڕووتەوە دەردەکەوێت. ئەمە دابەشکردنە لەنێوان جەستە و ڕۆح، بەڵام لە یەک کاتدا، هەردووکیان لە جووڵەدان.
بهشێکی پهنگ ئهخواتهوه له ناکاو»
بهشێکی به ناوهڕاستی لهشی تۆ هار بووه»
ئەمە تەنها وێنەسازییەکی ئێرۆتیکی نییە؛ جەستە دەبێتە جوگرافیایەک کە یادەوەری، مەیل و هەستی لەدەستدان تێیدا جێگیر دەبن. بەڵام ئەوەی جێی تێڕامانە، ئەوەیە کە ئەم جەستەیە کە سەرەتا سەرچاوەی ژیان، مەیل و ئارەزووە، لە کۆتاییدا دەبێتە شوێنی مردن و نادیاری.
دووانەی «گیرفانی پووچ» و «دڵی خۆش» بەشێوەیەکی سادە، بەڵام کاریگەر، پێچەوانەیەکی مانایی ساز دەکەن. هەژاریی مادی لەگەڵ دەوڵەمەندی بوونی منداڵی بەراورد دەکرێت. ئەوەی لەدەست چووە، تەنها تەمەنی منداڵی نییە؛ شێوازی بوونە لە جیهانێکدا کە هێشتا بەتەواوی نەکەوتووەتە ژێر دەسەڵاتی خەم و مەرگ.
بەڵام شیعرەکە بەشێوەیەکی نوستالژیایی لەو یادەوەرییەدا نامێنێتەوە. منداڵی لە ناو خۆیدا هێمایەکی تاریکی هەڵگرتووە:
“فێر ببوو بقیژنێ
پڕ به باڵای کووچه”
قیژە لێرەدا بەشێکە لە دەنگی کۆمەڵگە؛ دەنگێک کە لە یاری /وەک خوازە/ەوە دەست پێ دەکات، بەڵام بەرەبەرە دەبێتە دەنگی هەڕەشە و لەناوچوون.
هەنجیر و دار؛ میتۆلۆژیایەکی خێزانی
یەکێک لە بەهێزترین تایبەتمەندییەکانی دایک، کە بەپێی ڕۆڵی کۆمەڵایەتی و ئەفسانەیی، سەرچاوەی ژیان و پاراستنە، ئێستا نازانێت شینی کام لە منداڵەکانی بکات.
“ڕۆحی کاممان بۆ بهری کام میوه ئهبێ؟”
ئەم پرسیارە بەشێوەیەکی نائاسایی ژیان و مردن بە یەکەوە دەبەستێتەوە. منداڵەکان وەک بەشێک لە دار و میوەی سروشت دەردەکەون، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە مردن ئەم پەیوەندییە سروشتییە دەشێوێنێت.
پرسیاری دایک لە کۆتاییدا دەبێتە پرسیاری بێ وەڵامی دەق؛
“چووزانێ خهم به ههر لایهکا شينی کهی هیچ سهوز ناکات؟”
لێرەدا قسەکەر داوای شوێنێک دەکات لە سێبەری داردا؛ شوێنێک بۆ مانەوە، بۆ پەناگرتن و بۆ ئەوەی ژیان جارێکی تر لە جەستەدا دەست پێ بکات.
ئەم وێنەیە بەشێوەیەکی زۆر هۆنەری، پێچەوانەی وێنەی مردنە. چۆلەکە لە قژدا زاوزێ دەکات؛ واتە جەستەی مرۆڤ، کە پێشتر شوێنی ئارەزوو و خەم و مردن بوو، جارێکی تر دەبێتە شوێنی بەرهەمهێنانی ژیان.
دواتر:
“من له داوێنی ههنارتا ئهیووبهکان بێ تاقهت کهم”
بە بڕوای من، بەهێزترین خاڵی «دەوار» ئەوەیە کە شاعیر توانیویەتی سیستەمێکی نیشانەیی لە سروشت، جەستە، یادەوەری، دەنگ و مردن دروست بکات، بێ ئەوەی دەقەکە ببێتە گێڕانەوەیەکی ڕاستەوخۆ یان پەندێکی ئەخلاقی. بەڵام هەمان کات، چەند خاڵێکیش هەن کە ببنە پرسیار بۆ خوێنەران؛ هەندێک لە گواستنەوەکانی دەق، بەتایبەتی لە وێنە ئەیرۆتیکییەکانەوە بۆ منداڵی و لەوێوە بۆ شین، بە هێزی ئەو پەیوەندییە نیشانەیییەی کە دەیانگوازێتەوە بەتەواوی پەرەیان پێ نەدراوە و مەیدان ئەداتە خوێنەر هەندێک بۆشایی بە خێرایی لە زێهندا پڕ بکاتەوە… و خۆی هەوڵ بدا وەڵام بداتەوە
«دەوار» لە ناخی خۆیدا شیعرێکە دەربارەی ئەوەی چۆن یارییەکی/سیاسی،کۆمەڵایەتی و لەم خوێندنەوەدا منداڵانە/ کە لە خوێندنەوەی ویتگنشتاینیدا، خۆی خوازەیەکی دیکەی گرینگە/ دەبێتە یادەوەرییەکی هاوبەش، یادەوەری دەبێتە شین، و شینیش هەوڵ دەدات بە گوڵ و سروشت جارێکی تر ژیان بەرهەم بهێنێتەوە.
بەڵام پرسیارێکی تر لە کۆتاییی شیعرەکەدا دەمێنێتەوە:
ئایا گوڵچاندن لەسەر گۆڕستان، گەڕانەوەی ژیانە، یان تەنها شێوازێکی ترە بۆ مانەوەی یادەوەریی مردووان؟
من پێم وایە هێزی کۆتاییی دەقەکە لەوەدایە وەڵامی ئەم پرسیارە نەداتەوە و بە راستیش پێویست ناکات دەقەکان وەڵامی هەموو پرسیارێک بدەنەوە.
دەقی شیعری دەوار لەم بەستەرەی ژنەفتن بخوێنەرەوە: