ئێمە لە سەردەمی دەق و نووسیندا دەژین. هەرگیز پێشتر بەو ڕادەیەی ئێستا خەڵک نەیاننووسیوە و نەیانخوێندووەتەوە. توێژەرەکانی بواری نووسین ئەوەیان دووپات کردۆتەوە، کە نووسین بووەتە سەرەکیترین ئەرک و کاری بەشێکی زۆری دانیشتووانی کۆمەڵگەکان. ئێمە هەموو ڕۆژێک ڕاپۆرت، ئیمەیڵ، دەقی ماڵپەڕ و زانیاریی کۆمپانیاکان دەخوێنینەوە، دەستکارییان دەکەین و دەیاننووسین.
لەبەر ئەوەش سەیر نییە کە ژیریی دەستکرد بەو خێرایییە هاتە ناو ژیانمان و سەرنجی هەمووانی ڕاکێشا. زۆرێک لە شوێنەکانی کار مۆڵەتی بەکارهێنانی ئەم تەکنەلۆژیایەیان کڕیوە و دەسەڵاتدارانی وڵاتیش داوا لە دامەزراوە حکومییەکان دەکەن لەوە بکۆڵنەوە، کە چۆن دەتوانرێت ژیریی دەستکرد کارەکان خێراتر و کاراتر بکرێن. بەپێی دوا ڕاپۆرتی دامەزراوەی ئینتەرنێتی سوید، لانیکەم چوار لە هەر پێنج سویدییەک بە شێوەیەک لە شێوەکان ژیریی دەستکرد بەکار دەهێنن، زۆرجار بۆ نووسین، بەڵام کاتێک کەسێک بە شێوەی پیشەیی دەنووسێت، بۆ نموونە وەک توێژەر یان نووسەرێک و هەمان تەکنەلۆژیا بەکار دەهێنێت، ئەوە دەنگی ناڕەزایی و ڕەخنەی توند بەرز دەبێتەوە.
ئەو پیشانەی کە تەواوی کاریان لەسەر نووسین دامەزراوە، ناتوانن بە ئازادی نوێترین داهێنانی تەکنەلۆژیای نووسین تاقی بکەنەوە، بەبێ ئەوەی مەترسیی شەرمەزارکردنی گشتییان لەسەر بێت. لەم ماوەیدا چەندین ناکۆکی و مشتومڕمان بینیوە کە تێیدا نووسەر، توێژەر و کەسانی دیکەی بواری نووسین بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە کاتی نووسین تۆمەتبار کراون؛ هەم لە سوید و هەم لە دەرەوەی وڵات.
گرنگە لەبیرمان بێت کە ئەمانە تەنها تۆمەتن. زۆرجار خودی نووسەرەکان ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکەنەوە، یان دەڵێن ژیریی دەستکرد تەنها بۆ پێداچوونەوە و چاککردنی زمانی دەقەکە بەکارهاتووە. هەروەها ناتوانرێت بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد بە دڵنیایی بسەلمێنرێت. ئامڕازەکانی دۆزینەوەی دەقی نووسراو بە ژیریی دەستکرد متمانەپێکراوی تەواو نین، چونکە پشت بە ئەگەری ئاماری و حیساباتی ئەگەری دەبەستن، واتە ئێمە بەڕاستی نازانین کام تۆمەتەکان ڕاستن و کامەیان هەڵەن.
بێگومان هەندێک تایبەتمەندیی زمان هەن کە دهکرێت ئاماژە بن بۆ ئەوەی دەقێک بە ژیریی دەستکرد نووسراوە، هەروەها زۆر کەس دەڵێن دەقی نووسراوی ژیریی دەستکرد خراپە، ڕۆحی تێدا نییە، یان تەنانەت خوێندنەوەی ترسناکە. ئەمەش وای کردووە کە ئەو کەسەی لە پێگەی تۆمەتباردا وەستاوە، پێشتر حوکمی لەسەر درابێت.
ئەگەر ددانی پێدا بنێت کە ژیریی دەستکردی بەکار هێناوە، بە فێڵباز دادەنرێت، ئەگەر بەکارهێنانی ڕەت بکاتەوە، ئەوا وەک نووسەرێکی خراپ دادەنرێت کە بە هەمان شێوەی خراپترین دەقی ژیریی دەستکرد دەنووسێت.
ئایا ئەوە لە ڕووی ئەخلاقییەوە گومانلێکراو نییە کە بەبێ ئاگادارکردنەوەی نووسەرێک، دەقەکەی بە ئامرازی دۆزینەوەی ژیریی دەستکرد تێپەڕێنین و پاشان ئەنجامەکەی بەشێوەیەکی گشتی بڵاو بکەینەوە؟ ئایا نابێت ئەوە لەبەرچاو بگرین کە ئەمانە تەنها گومانن، لە کاتێکدا شکۆ و ناوبانگی نووسەرەکە لە مەترسیدایە؟ کاتێک نووسەرێک بەهۆی بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد شەرمەزار دەکرێت، زۆرجار ئەوە لەبیر دەکرێت کە کەسێکی دیکە دەقەکەی پەسەند کردووە و ڕێگەی بڵاوکردنەوەی پێداوە.
لۆدڤیگ هێرتزبێرگ[1] نووسەری ڕۆژنامەی سڤێنسکە داگبڵادێت، ماوەیەکی زۆر دوور نییە بەشێوەیەکی گشتی باسی بەرپرسیارێتیی خۆی کرد لە پەیوەندی بە دەقێکەوە کە لە بەشی “هێڵبەژێر هاتوو” [2] بڵاو کرابووەوە.
سەرنووسەران و بڵاوکەرەوەکان هەمیشە ئەرکێکی ئەوتۆیان هەبووە کە زۆر ئاسان نییە: بڕیار بدەن کام دەق شایانی ئەوەیە کات و هەوڵی بۆ تەرخان بکرێت تا بڵاو بکرێتەوە.
ئێستا کە کەسانی زیاتر هەست دەکەن دەتوانن ڕەشنووسی نیوەچڵ و وتاری بەرهەمهێنراوی ژیریی دەستکرد بنێرن، بە دڵنیایییەوە کاری دەستەی ڕۆژنامەوانییەکان زیاتر ئاڵۆز دەبێت. هاوکات توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێکی زۆری دەقی ژیریی دەستکرد هەر ئێستا بەبێ ئەوەی کەسێک تێبینی بکات، بڵاو دەبێتەوە.
دوو توێژەر کە لە زانکۆیەکی ئەمریکی کار دەکەن، “برایەن پۆرتەر”[3] و “ئێدوارد ماکێری”[4] ئامرازەکانی ژیریی دەستکردیان بە بەرهەمەکانی نووسەرانی ناسراو و کلاسیکی ڕاهێناوە. پاشان ژمارەیەک بەشداربوویان هێنا تا هەم شیعری ڕەسەن و هەم وەشانی دروستکراوی ژیریی دەستکرد بخوێننەوە. ئەنجامەکە ئەوە بوو کە بەشداربووان بە زەحمەت دەیانتوانی جیاوازی بکەن کە بۆ نموونە، سۆنێتێک لەلایەن شەکسپیرەوە نووسراوە یان لەلایەن ئامرازێکی ژیریی دەستکردەوە. زیاتر لەوەش، شیعرەکانی شەکسپیری دروستکراوی ژیریی دەستکرد نمرەی بەرزتریان وەرگرت، چونکە بەشداربووان پێیان وابوو ئەو شیعرانە چێژبەخشترن.
نووسین لە هاوکارییەکی نزیکدا لەگەڵ ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد واتای ئەوە نییە کە دەقەکە چیتر هی خۆت نییە.
کاتێک دەربارەی ئەو دەقە قسە دەکەین کە ئێستا دەیخوێنیتەوە، پێویست ناکات بیر لەوە بکەیتەوە کە ئایا ژیریی دەستکرد تێیدا بەکار هاتووە یان نا، ئەم دەقە بە هاوکارییەکی نزیک لەگەڵ چەند ئامرازێکی ژیریی دەستکرد نووسراوە.
وەک توێژەری زمان و نووسەرێک، زۆر سهرسامم بەو تەکنەلۆژیا نوێیەی نووسین و بەتەواوی خەریکی لێکۆڵینەوەم لە تواناکانی. لە هەموو شتێکدا تاقیکردنەوەم کردووە؛ لەوەی ڕێم داوە ژیریی دەستکرد بیرۆکەکانم کورت بکاتەوە کە لە کاتی ڕاکردندا لە مۆبایلەکەمدا تۆمارم کردوون، تا داواکردنی پێشنیاز بۆ گواستنەوەی نێوان پەرەگرافەکان. کاتێک خەریکی نووسینم و بیرۆکەم بە ئازادی دەڕژێت، زۆر دەنووسم و زۆرجار نووسینەکەم ئاڵۆز و ڕێکنەخراو دەبێت. لەو کاتانەدا داوام لە ژیریی دەستکرد کردووە بۆم ڕێک بخات و کورتـی بکاتەوە. وەک زۆرێک لە نووسەران، دوای ماوەیەک لە خوێندنەوەی دەقی خۆم، ناتوانم هەڵەکان و کەموکوڕییەکانی بەباشی ببینم. لەو کاتەدا ژیریی دەستکرد بووەتە سەرنووسەرێکی زۆر بەسوود بۆ من؛ چونکە لە هەڵەی زمانەوانییەوە تا لاوازییەکانی بیرکردنەوە و بەڵگەهێنانەوەم بۆ دەرخستووە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەدا بە قایمترین شێوە پێداگری دەکەم کە ئەمە دەقی خۆمە.
ئەو کەسەی دەقەکەی پێکەوە بەستووەتەوە منم، ئەوەی دەڵێت ئەوەیە کە من دەمەوێت بیڵێم و بەرپرسیارێتیی ئەوەش لە ئەستۆی خۆم دەگرم. هەموو ئەو تاقیکردنەوە و ئەزموونانە وایان لێکردووم کە شێوازی نووسینی خۆم بەڕوونی زیاتر بناسم. تێبگەم کام بەش پێویستە بە دەستی خۆم ئەنجامی بدەم و لە کام بەشدا بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد سوودم پێدەگەیەنێت. باوەڕم وایە ئەمە زانیارییەکە لە داهاتوودا زیاتر لە یەک نووسەر پێویستی پێی دەبێت. من ناڵێم هاتنە ناوەوەی ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد بۆ کۆمەڵگەیەکی پشتبەستوو بە نووسین، بێ کێشە و گرفتە. زۆرێک لەو پیشانەی کە بنەمای کاریان نووسینە، لە مەترسیدان؛ وەک پیشەی ڕۆژنامەنووسی، وەرگێڕانی نووسراو و نووسەرایەتی. لەگەڵ ئەوەشدا کۆمپانیاکانی ژیریی دەستکرد بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان هەیە لەوەی هەر ژمارەیەکی زیاتر لە دامەزراوە و چالاکییەکان وابەستە بە ئامرازەکانی خۆیان بکەن.
با ئێستا گەشتێکی کورت بە مێژوودا بکەین.
لە سەرەتادا تەنها یەک شێوازی نووسین هەبوو: دروستکردنی نیشانە و پیت لەسەر گڵ یان بەرد. ئەم کارە زۆر ماندووکەر بوو، پێویستی بە شارەزاییی تایبەت هەبوو و زیاتر بۆ خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی دەسەڵاتداران بەکار دەهات. نووسەران و تۆمارکەران قەرز و باج، لیستی پاشایان و زانیارییەکان بۆ ژمارەیەکی کەم تۆمار دەکرد. لەو کاتەوە تا ئێستا، نووسین هەنگاو بە هەنگاو ئاسانتر بووە و بۆ کەسانی زیاتر دەستڕاگەیشتوو بووە. گڵ و بەرد جێیان بە پەرەگامێنت و کاغەز دا، قەڵەمی پەڕەی باڵندەش جێگای بە قەڵەمی ڕەساس و قەڵەمی مەرەکەب دا.
کاتێک خوێندنی گشتی بووە مافێک و لە هەمان کاتدا فەرزێک، خەڵکی ئاسایی فێری خوێندنەوە و نووسین بوون و هەر ڕۆژەش ژمارەی ئەو کەسانە زیادتر بوون کە لە ڕێگەی نووسینەوە بژێوی ژیانیان دابین دەکرد. ماشینی نووسین دەقەکانی یەکسانتر و خوێندنەوەیان ئاسانتر کرد و ژمارەی کارمەندانی نووسینگەکان زۆر بوو؛ بەڵام زۆرجاریش مووچەیان کەم بوو. چاپخانەش ڕێگای بۆ دەرکەوتنی ڕۆمان و ڕۆژنامە خۆش کرد. دواتر دیجیتاڵبوون وای کرد دەستکاریکردنی دەقەکان ئاسانتر بێت و هەر کەسێک بتوانێت ڕاپۆرت یان تەنانەت ڕەشنووسی ڕۆمانێک بنووسێت. دوای ئەوەش ئینتەرنێت جارێکی دیکە ڕەوش و ڕێکارە باوەکانی نووسینی گۆڕی.
ئێستا ئێمە لە هەوردا بە هاوبەشی دەنووسین، دەقەکان دەبڕین و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکەیان دادەنێین، پێشنیازە هەڵەکانی ڕاستکەرەوەی ئۆتۆماتیکی چاک دەکەینەوە، ئیمەیڵ و پەیام دەنێرین. هەر هەنگاوێک لە پەرەسەندنی تەکنەلۆژیای نووسین، گۆڕانکاریی لە نووسین و لە هەمان کاتدا لە ئابووری، بازاڕی کار و پیشەکاندا دروست کردووە. هەر هەنگاوێکیش ژانر و شێوازی نوێی بەکارهێنانی دەقی لەگەڵ خۆیدا هێناوە. چاپخانە ڕۆژنامە و ڕۆمانی بۆ ئێمە هێنا، ئینتەرنێتیش ئیمەیڵ و بلۆگی پێشکەش کردین. ئێستا ئامێرەکانیش دەنووسن و من بیر لەوە دەکەمەوە کە ئەمە چ جۆرە گۆڕانکارییەک بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بۆ نموونە، چ جۆرە ژانرێکی نوێی نووسین دروست دەبێت؟
ژیریی دەستکرد پێشتر دوو جۆری نوێی دەقی بۆ هێناوین: پوختەی گووگڵ کە لە سەرەوەی ئەنجامی گەڕانەکان دەردەکەوێت، و پرۆمپت (Prompt)، واتە ئەو داواکارییەی بە ژیریی دەستکرد دەڵێین چیمان بۆ بکات. نە یەکەمیان و نە دووەمیانیش ئەوەندە سەرنجڕاکێش نین.
بەڵام لێرەدا باشە بیر لەوە بکەینەوە کە توێژەری ئەمریکیی داهاتووناسی، “ڕۆی ئەمارا”[5] یاسایەکی باس کردووە کە بە یاسای “ئەمارا” ناسراوە. بەپێی ئەم یاسایە، ئێمە هەمیشە کاریگەریی تەکنەلۆژیایەکی نوێ لە مەودایەکی کورتدا زۆرتر لە ڕاستی هەڵدەسەنگێنین، بەڵام لە ماوەی درێژدا کاریگەرییەکەی کەمتر لە ڕاستی خەمڵێنین. ئەمە ئەوەیە کە دەبێت لەبیرمان بێت کاتێک بە پشتبەستن بە هەوڵە سەرەتایی و ناتەواوەکانی ژیریی دەستکرد حوکم لەسەر نووسینی ژیریی دەستکرد دەدەین. بەڵام لە ئێستاوە پێویستمان بە گفتوگۆکردنە لەسەر ئەوەی چۆن دەبێت بەرەوپێش بچین، پێویستە لە کۆمەڵە نووسینەکانماندا ڕێکار و نەریتی نوێ دروست بکەین. یەکێک لەو بابەتانەی پێویستە کاری لەسەر بکەین، گفتوگۆکردنە لەسەر کوالێتی و ئاستی دەقەکانی ژیریی دەستکرد.
لەناو خولەکانی فێرکاریی نووسین، ئەوە نەریتێکی باوە کە بەشداربووان دەقەکانی یەکتر بخوێننەوە و ڕەخنە و پێشنیازی چاکسازی پێشکەش بکەن، ئەمە هونەرێکی ئاسان نییە. مامۆستاکانیش هەوڵی زۆر دەدەن تا گفتوگۆکانی دوای خوێندنەوەی دەقەکان بە ڕێز و بەشێوەیەکی بنیاتنەر ئەنجام بدرێن؛ بە جۆرێک کە هەم نووسەر و هەم دەقەکەی بەباشی لەبەرچاو بگیرێن. ئەگەر بتوانین ئەم شێوازەی گفتوگۆ و هەڵسەنگاندنە بگوازینەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دەقەکانی ژیریی دەستکرد پێم وایە زۆر شت بە قازانجی هەمووان دەبێت.
*کارین میلیس پرۆفیسۆری زمانی سویدییە لە زانکۆی سودێرتۆرن و نووسەری کتێبی “بە یارمەتی ژیریی دەستکرد بنووسە” کە لە ساڵی ٢٠٢٦ بڵاوکر اوەتەوە.
ئەم وتارە لە ١١ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٦، بەشی کولتوور، ڕۆژنامەی سڤێنسکە داگبڵادێت Svenska Dagbladet (SvD). بڵاو کراوەتەوە.
تێبینییەکی کورت لەسەر بیرۆکەی سەرەکیی وتارەکە
کارین میلیس دەیەوێت ئەم پەیامە بگەیەنێت:
بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە نووسین بە مانای ئەوە نییە کە نووسەر خاوەنی دەقەکە نییە.
بە بڕوای ئەو:
- پێویستە جیاوازی بکەین لەنێوان یارمەتی وەرگرتن لە ژیریی دەستکرد و سپاردنی تەواوی نووسین بە ژیریی دەستکرد.
- نابێت بە تەنها بەڵگەی ئامرازەکانی دۆزینەوەی ژیریی دەستکرد نووسەران تۆمەتبار بکەین.
- پێویستە بەرپرسیارێتیی سەرنووسەر و بڵاوکەرەوەکانیش لەبەرچاو بگرین.
- تەکنەلۆژیای نوێ هەمیشە شێوازی نووسین و پیشەکانی گۆڕیوە، بۆیە نابێت پێش دادوەریمان هەبێت.
- پێویستە فێر بین چۆن بە شێوەیەکی ئەخلاقی و بەرهەمدار لە ژیریی دەستکرد سوود وەربگرین.
گرنگترین پرسیاری وتارەکە ئەمەیە:
ئەگەر من بیرۆکەکانم هەبن، خۆم بڕیار لە ناوەڕۆک و واتای دەقەکەم بدەم، ژیریی دەستکرد یارمەتیم بدات ڕێکی بخەم و زمانی باشتر بکەم، ئایا ئەو دەقە هێشتا هی من نییە؟
بۆچوونی نووسەرەکە ئەوەیە: بەڵێ، هێشتا دەقی خۆتە.
[1] Ludvig Hertzberg
[2] Under strecket
[3] Brian Porter
[4] Edouard Machery
[5] Roy Amara