ژنەفتن ژنەفتن
شێوەکاری

نووسەر دیە ئازاد
داگرتنی PDF

پێشەکی:

ئەم نووسینە بریتییە لە ڕاڤەیەکی سیمیۆڵۆجی بۆ یەکێک لە کارە هونەرییەکانی هونەرمەند ئاڤان سدیق بە ناوونیشانی “پاسیڤەکان”. لەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین وەڵامی ئەو پرسیارە بدەینەوە کە ئایا هونەرمەند تا چ ئاستێک سەرکەوتوو بووە لە بەگەڕخستنی توخمە هونەرییەکان بۆ دروستکردنی مانا و چەمک لای وەرگر؟ واتە باس لەو ئاماژانە دەکەین کە بە زمانێکی هونەری باس لە دروستکردنی چەمک (کۆنسێپت) دەکەن لە کارە هونەرییەکەدا، کە هەندێکیان ڕاستەوخۆن و هەندێکیان ناڕاستەوخۆن.

مەبەست لە هەڵبژاردنی مێتۆدی سیمیۆلۆجی ئەوەیە کە هاوکاریمان دەکات لە فەلسەفە و کۆنسێپتی کاری هونەری تێبگەین، چونکە سیمیۆلۆجی بە بڕوای فەیلەسووف و ڕۆماننووسی ئیتالی ئۆمبێرتۆ ئیکۆ پەیوەندیی بە هونەری لێکدانەوە و ڕاڤەکارییەوە هەیە، لای ئەو هونەرمەند لە ڕێگای نیشانەکانەوە جیهان پێناسە دەکات. ئیکۆ لەم بارەیەوە دەڵێت: “ئاماژە تەنها بوونێکی فیزیکی جێگیر یان بوونێکی هەمیشەیی نییە، بەڵکوو یەکتربڕینێکی کاتییە لەگەڵ ناوەڕۆکێکی کولتووریدا و لەسەر بنەمای چەند کۆدێکی هونەری دروست دەبێت”.[1]

هاوکات ئەم نووسینە سوود لە هونەری چەمکسازی  (Conceptual Art) وەردەگرێت، ئەو هونەرەی کە پێێ وایە بیرۆکە یان چەمکی پشت کاری هونەری لە ڕواڵەتی فیزیکی کارە هونەرییەکە گرنگترە[2]. بۆ سوودوەرگرتن لەم چەمکە هەوڵ دەدەین زیاتر باس لە مانای پشت کارە هونەرییەکە بکەین و کەمتر لەسەر پێکهاتە فۆرمالیستەکان قسە دەکەین.

چەند زانیارییەکی دەربارەی کارە هونەرییەکە:

ئەم کارەی ئاڤان سدیق لەژێر ناوونیشانی “پاسیڤەکان”دایە، ساڵی ٢٠١٦ لە چوارچێوەی پرۆژەی “جەستەی بینراو .. جەستەی نەبینراو” بە سەرپەرشتی گرووپی کۆنسێپت ئارت نمایش کراوە. ئاڤان خۆی خاوەنی بیرۆکە و ڕێکخەری پێشانگاکە بووە لە ژێرزەمینی مۆزەخانەی ئەمنەسوورەکە لە سلێمانی پێشکەش کراوە. کارەکە لە دەرەوەی چوارچێوە بە قەبارەی جیاواز ١١٠/١٤٠ و ١٩٠/١٧٠ لە سپەیسی کراوەدا لە چەند ژورێکدا نمایش کراوە. توخمی بەکارهاتوو بریتییە لە دە پارچەی پلاستیک بۆ بەرجەستەکردنی چەند فیگەرێک لەگەڵ بەکارهێنانی شوێنی کراوە بە یارمەتیی پرۆجێکتەر کە بە قەڵەمێکی تایبەت وێنەی فیگەرەکانی لەسەر کێشراوە.

چەند دیمەنێکی کارە هونەرییەکە:

blank

وێنەی ژمارە (١)

blank

وێنەی ژمارە (٢)

blank

وێنەی ژمارە (٣)

blank

 وێنەی ژمارە (٤)

تێبینی:

ئەم فۆتۆیانە لە چەند گۆشەیەکەوە گیراون بۆ کارە هونەرییەکە، دوا فۆتۆ بریتییە لە وێنەی هونەرمەند ئاڤان سدیق لە پێشانگاکەدا[3].

وەسفی شیکاری:

لەم کارەدا هونەرمەند دە پارچەی پلاستیکی ئامادە کردووە بە قەبارەی جیاواز و بە بەکارهێنانی پرۆجێکتەر و بە قەڵەمێکی تایبەت وێنەی فیگەرەکانی لە سەریان کێشاوە کە پێکهاتوون لە وێنەی چەند کچ و کوڕێکی گەنج و بە پێوە وەستاون، جگە لە یەکێکیان کە لەسەر چینچک دانیشتووە. هونەرمەند کارەکانی لە ناوەڕاستی ژوورکە داناوە، بە تەلی عەمەلیات بە بنمیچی ژوورەکەوە هەڵواسیوە، بەجۆرێ کە نزیکەی ١٠ سانتیمەتر لە زەوییەکە بەرز بوونەتەوە، سیانی تریان لەپاڵ دیوارەکەی بەرامبەر دانراوە، بەو جۆرێ کە خوارەوەیان کەوتووەتە سەر زەویی ژوورەکە لە چەشنی وەستاندنی مرۆڤ بەپێوە، دووانیشی خستووەتە ناو هەردوو ژوورە بچووک و تەسکەکانەوە، لەو دووانە یەکێک لە فیگەرەکان بەپێوەیە و ئەوەی تریان لەسەر چینچک دانیشتووە. بەم جۆرە هونەرمەند سوودی لە ئەتمۆسفیری هەر سێ ژوورەکان وەرگرتووە بۆ دروستکردنی فەزایەک کە کارە هونەرییەکان و بینەرەکان بەیەکەوە کۆ بکاتەوە.[4]

ڕەنگدانەوەی شێواز و جیهانبینی هونەرمەند لە کارەکەدا:

لەنێوان ئەزمون و جیهانبینی هونەرمەند لەلایەک و بەرهەمی هونەریدا پەیوەندیی یەکتەواوکەر هەیە. هەرچەندە مێتۆدی سیمیۆلۆجی زیاتر لەسەر ڕەنگدانەوەی هونەر لای بینەر و وەرگر دەوەستێت؛ بەڵام بەپێویستمان زانی سەرنجێکی خێرا بدەین لە هێڵەکانی پەیوەندیی لەنێوان جیهانبینی و ئەزموونی تایبەتی هونەرمەند و کارە هونەرییەکە. ئاڤان سدیق هونەرمەندێکی هاوچەرخی کوردە و خەڵکی شاری سلێمانییە. لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی سلێمانی خوێندوویەتی و دواتر لە زانکۆی یۆهانس گوتنبێرگ ماینز لە ئەڵمانیا درێژەی بە خوێندن داوە. پراکتیکی فرە پسپۆڕییەکەی بریتییە لە ئینستێلاسیۆن، ڤیدیۆ، فۆتۆگرافی، نمایش، وێنەکێشان و نیگارکێشان. بەرهەمەکانی بەدواداچوون بۆ بابەتەکانی وەک ناسنامە، ڕەگەز، یادەوەری، ژیانی ڕۆژانە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەکەن. زۆر جار ماتریاڵ و ئەزموونی ئاسایی بەکار دەهێنێت بۆ وروژاندنی پرسیار لەسەر کۆمەڵگا و هاندانی بینەر بۆ لێکدانەوەی مانای قووڵتر. ئەزموونی ئاڤان بەشداری لە پەرەسەندنی هونەری هاوچەرخ و هونەری کۆنسێپت لە کوردستاندا کردووە.

ئاڤان سدیق لە دیدارێکی تایبەتدا پێی وتین: “ئەو خۆی بە هیچ جۆرە ئاڕاستەیەکی دیاریکراو و بابەتێکی دیاریکراو نابەستێتەوە، هونەر بەشێوەیەکی سروشتی لای ئەو دروست دەبێت”. سەبارەت بە ڕەخنەی هونەری لە کوردستاندا وتی: “ئەو پێی وایە ڕەخنەی هونەری کوردی زۆر لاوازە و بابەتی تیۆریی هونەریش لە ئاستی پێویستدا نییە”. سەبارەت بە ڕەنگدانەوەی فێمێنیزم لە کارەکانیدا وتی: “من هیچ کارێک بە مەبەستی ئایدیۆلۆجی یان فەلسەفی ناکەم، چونکە ئەگەر وا بکەم زۆر ڕاستەوخۆ و زەق دەردەچێت”. هەروەها وتی: “هەموو کارێکی هونەری بەستراوەتەوە بە کۆنتێکست و ژینگە جیاوازەکانی بەرهەمهێنانی کارە هونەرییەکەوە”. سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان هونەر و جیهانبینی هونەرمەند، ئاڤان وتی: “هونەر بۆ من هەوڵێکە بۆ دەربڕینی هەموو ئەو هەستانەی کە کاریگەریی لەسەر مرۆڤ دروست دەکەن، بۆ نموونە ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر هیچ کارێکی هونەری نەکەم ئیتر هەست دەکەم ئاماژەکان لەناخمدا پەنگ دەخۆنەوە، هەستکەم پێویستە بە هونەر گوزارشتیان لێ بکرێت”.[5]

لە چوارچێوەی نووسینێکی هونەرمەند و ڕەخنەگر گارا ڕەسوڵ، ئاڤان سەبارەت بە کاری هونەری پاسیڤەکان و هۆکاری بەکارهێنانی مەتریاڵی باغەی ڕەق و شەفاف، ئاماژە بەوە دەدات کە پەیوەندیی بە حەزێکی شەخسییەوە هەیە. هونەرمەند گارا دەڵێت: “ئەم قسەیەی ئاڤان سدیق وەڵامەکەی (مارسێل دۆچامپ)ی خستەوە بیرم، کاتێک لە ساڵی 1913 تایەی پاسکیلێکی کرد بە کارێکی هونەری و بوو بە یەکەم کاری هونەی پێشوەخت ئامادەکراو (Ready-made) لە مێژووی هونەردا. لێیان پرسی: ئەم کارە چیت پێدەگەیەنێت؟ ئەو وتی: هەستێکی خۆشم پێدەبەخشێت”.[6]

ڕاڤەی سیمیۆلۆجی بۆ کارەکە:

یەکەم: ئاماژەکانی ناونیشان

ناوونیشانی کارە هونەرییەکە “پاسیڤەکان” هەڵگری چەند ئاماژەیەکی گرنگە، گوزارشت لەوە دەکات کە مرۆڤەکان لەم سەردەمەدا خاوەن ئیرادە نین و توانایان نییە ڕووداو دروست بکەن، بەڵکوو دەکەونە ژێر کاریگەریی ڕووداوەکان و تەنها پەرچەکرداری ڕۆژانەیان هەیە و بەپێی کۆنتێکستی ڕووداوەکان ئەوانیش گۆڕان بەسەر هەڵوێست و کردارەکانیاندا دێت. فیگەرەکان گوزارشت لەم ناوونیشانە دەکەن و کاتێک بینەر بەناو فیگەرەکاندا گوزەر دەکات هەست بەو هەستە ناوەکییەی کارەکتەرەکان دەکات کە زیاتر پشتیان لە بینەرە و لەگەڵ بینەردا گفتوگۆ ناکەن.

دووەم: شوێنی نمایشکردن و بەکارهێنانی سپەیسی کراوە لە دەرەوەی چوارچێوە

کارە هونەرییەکە لە ژێرزەمینی مۆزەخانەی ئەمنەسوورەکە لە سلێمانی نمایش کراوە کە هەڵگری چەندین ئاماژەی سیاسی و مێژوویییە، شوێنێک بووە بۆ زیندانیکردن و ئەشکەنجەدانی شۆڕشگێڕەکانی کورد. گرێدانی چەمکی مرۆڤی پاسیڤ و بێ ئیرادە بە شوێنێکەوە کە هێمای زیندانی و ئەشکەنجەدانە گرێدانێکی سیمیۆلۆجییە بۆ قووڵکردنەوەی ئاماژەکان لای بینەر. واتە بینەر لە یەک کاتدا گوزەر بە ناو کارە هونەرییەکەدا دەکات و گوزەر بە شوێنێکیشدا دەکات کە هێمایە بۆ زیندانی و ئەشکەنجەدان. هونەرمەند فیگەرەکان ناخاتە ناو چوارچێوە، بەڵکوو لە فەزایەکی کراوەدا نمایشیان دەکات. تەنانەت لەسەر زەوی دایان نانێت و بە تەل بە بنمیچی ژوورەکانەوە هەڵیان دەواسێت وەک ئەوەی لەنێوان زەوی و ئاسماندا بن. ئاماژەی پشت سپەیسی کراوە جۆرێکە لە ڕەخنەگرتن لە هونەری باو کە تابلۆ لەناو چوارچێوەدا بەند دەکات. ئاڤان دەیەوێت پێمان بڵێ: هونەرمەند ئەو مافەی نییە کە هەموو شت بۆ بینەر ڕوون بکاتەوە و گۆشەی بینینی بۆ دیاری بکات، بەڵکوو بینەر دەبێت خۆی ئەو کارە بکات، بینەر ئازادە لەوەی خۆی گۆشەی بینین هەڵبژێری و خۆی گوزەر بکات بە ناو پرۆژەکەدا و خۆی بەشداری بکات لە دروستکردنی فەزای بینیندا.

سێێەم: نیگارکێشان لەسەر کەرەستەی پێشوەخت ئامادەکراو  (Ready Made)

بەکارهێنانی پلاستیک و کەرەستەی پێشوەخت ئامادەکراو بۆ نەخشاندنی فیگەر ئەوەمان پێ دەڵێت کە مەرج نییە هونەرمەند کەرەستەی تەقلیدی بەکار بێنێت، چونکە هەموو کەرەستەیەک ئەگەر هونەرییش نەبێت دەکرێت بەرگی ئیستاتیکی بە بەردا بکرێت و بکرێتە هونەر. ئاڤان بەم هەنگاوە زیاتر لە هونەری چەمکسازی (Conceptual Art) و هونەری پۆست مۆدێرن نزیک دەبێتەوە و ڕەخنە لە هونەری مۆدێرن دەگرێت کە هونەرێکە خولیای ئەوەی هەیە کەرەستەی تازە بەکار بێنێت و بایەخ بە شتی بەکارهاتوو نادات.

چوارەم: هۆشیاریی ڕەخنەیی دەربارەی ژینگە  (Eco-criticism)

ئاڤان لە ڕێگای کۆکردنەوەی پلاستیک لە پێشانگاکەیدا دەیەوێت پێمان بڵێت کە ئەو کەرەستانەی ژینگە پیس دەکەن دەکرێت ڕەهەندێکی ئیستاتیکییان هەبێت و لەبری ئەوەی هونەر ژینگە پیس بکات، دەکرێت ڕیسایکڵین بۆ ژینگە بکات. بە واتایەکی تر مرۆڤەکان پاسیڤن لەبەر ئەوەی لە سروشت دابڕاون و تێکەڵ بە شارستانیەتێکی پلاستیکی بوون.

پێنجەم: هۆشیاریی ڕەخنەی فێمێنستی (Feminist Criticism)

هەرچەندە لە ڕووی جێندەرییەوە ئەو فیگەرانەی کە لە پرۆژەکەدا نمایش کراون سەر بە هەردوو ڕەگەزەکەن، بەڵام فیگەری مێینە زیاتر جێگەی سەرنجە (وەک لە وێنەی ١ و ٢و ٤ دەردەکەوێ)، چونکە ژنەکان لە هەندێک دیمەندا لە پشتەوە تەماشای پیاوەکان دەکەن، وەک ئەوان لە یەک کاتدا هۆشیارن بەرامبەر دۆخی پاسیڤی خۆیان و دۆخی پاسیڤی پیاوەکانیش، بەڵام پیاوەکان تەنها دەربارەی دۆخی خۆیان هەست بەبێ دەسەڵاتی دەکەن. واتە خەمی پیاو یەک خەمە و خەمێکی سەبجێکتیڤە، بەڵام خەمی ژن دوو خەمە، خەمێکی خودگەری لەپاڵ خەمێکی بابەتی.

شەشەم: ئاماژەکانی پشت جەستە

مرۆڤەکان لەم کارەدا خاوەنی جەستەی قورسن، جەستە بارێکی فیزیکیی قورسە بەسەر بوونی مرۆڤەکانەوە. فیگەرەکان لە کەسانی زیندانیکراو دەچن و زۆربەی سەریان داخستووە وەک ئەوەی هەست بە ئازاری جەستەیان بکەن یان شەرم لە جەستەی خۆیان بکەن، وەک ئەوەی بیانەوێت شتێک بڵێن بەڵام جەستەیان هاوکارییان ناکات ئەو قسەیە بدرکێنن. وەک پێشتر ئاماژەمان پێدا شێوازی وەستانی پیاوەکان بە بەراورد لەگەڵ ژنەکاندا دەریدەخات کە جەستەی پیاوەکان قورستر و پاسیڤتر دەردەکەون.

حەوتەم: شوێنی نمایش و کۆنتێکستی کولتووری

ئەم کارە هونەرییە گوزارشت لە دۆخی بێدەرەتانی تاکەکان دەکات و مرۆڤی کۆمەڵگای ئێمە بەگشتی وەک بوونەوەرێکی پاسیڤ دەردەخات کە توانای نییە گوزارشت لە خۆی بکات، هەمیشە هەوڵ دەدات داوا لە کەسێکی تر بکات گوزارشتی لێ بکات. کولتوور و کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی بەگشتی و کۆمەڵگای خۆمان بەتایبەتی لەم کارەدا ئامادەیی هەیە. بە تایبەتی شوێنی نمایشی کارەکە مۆزەخانەی ئەمنەسووەرکەیە کە هێمایە بۆ یادەوەریی ئێمە لەگەڵ ڕژێمێکی دیکتاتۆر و داپڵۆسێنەر. واتە بەرکەوتنی ئێمە لەگەڵ خۆمان و لەگەڵ ئەوانی تریش. ئاڤان لە یەکێک لە نمایشەکاندا (وەک لە وێنەی ژمارە ٤ دەرکەوتووە) خۆی بە ناو فیگەرەکاندا پیاسە دەکات وەک ئەوەی پێمان بڵێ ئەمە مێژوو و واقعی کۆمەڵگا و کولتووری منە و منیش بەشێکم لە واقع و مێژووە.

هەشتەم: ڕیتم و جووڵە

جووڵەی فیگەرەکان هەموویان بەرەو ناو ژورەکەن، وەک ئەوەی بە ویست و ئیرادەی خۆیان بەرەوە یەکێک لە زیندانەکانی ئەمنەسوورەکە بڕۆن. واتە ڕیتم لە دەرەوە بۆ ناوەوە، لە ئازادییەوە بەرەو دیلێتی، بەڵام ئاڤان ئازادیمان دەداتی کە ڕەهەند- دایمەنیشنی ئەو ڕیتمە بگۆڕین و داوامان لێ دەکات داخڵی پرۆژەکە ببین و ڕیتمەکە پێچەوانە بکەینەوە. واتە ئومێدێکمان دەداتی کە ئاڕاستەی بینین خۆمان بگۆڕین، سەرەتا تەماشای مرۆڤە پاسیڤەکان بکەین هەستی ناوەکییان لەگەڵ بگۆڕینەوە، واتە بەرەو زیندانەکە برۆین بۆ ئەوەی بزانین خۆمان و مرۆڤی کۆمەڵگای ئێمە چۆن دەژین و چۆن ژیاون. پاشان داوامان لێ دەکات ئێمەش نەبین بە بەشێک لەو دیمەنە و هۆشیار بین بەرامبەر پاسیڤبوونی خۆمان، کە ئەوەش سەرەتای هۆشیاربوونەوەیە، واتە جووڵە بەرەو دەرەوی زیندانەکە کاتێ بینەر پێشناگاکە بەجێدێڵێ.

هەڵسەنگاندن:

ئاڤان سدیق سەرکەوتوو بووە لەوەی کە بە زمانی هونەر هەندێک ئاماژەمان بداتێ کە بە زمانی ئاخاوتن ناتوانین بەئاسانی گوزارشتی لێ بکەین. ئەو توانیویەتی هونەری چەمکسازی لەناو کۆنتێکستیی کوردیدا بەکار بێنێت، کە هونەرێکە هاوکاریمان دەکات ڕەخنەی هونەری وەک ئامڕازی خوێندنەوەی قووڵی واقعی خۆمان بەکار بێنین. ئاڤان هەرچەندە لەژێر کاریگەریی هونەری پۆست مۆدێرندایە، بەڵام توانیویەتی ئەو هونەرە بە شێوازێکی داهێنەرانە لەناو واقعی خۆماندا بەگەڕ بخات. بۆ خوێندنەوەی هونەری ئاڤان و کاری هاوشێوە لە هونەری هاوچەرخی کوردی دەتوانین سوود لە قوتابخانە هونەری و مێتۆدە ڕەخنەیییەکان وەربگرین، بەتایبەتی مێتۆدی سیمیۆلۆژی کە زیاتر مامەڵە لەگەڵ ئاماژەکاندا دەکات، نەک پەیامی ڕاستەوخۆ.

دەرەنجام:

ئەم نووسینە لەڕێگای بەکارهێنانی میتۆدی سمیۆلۆجی چەند کۆنسێپت و واتایەکی شاراوەی لە کاری هونەریی “پاسیڤەکان”ی ئاڤان سدیقدا دۆزیەوە. گرنگترین ماناکان کە چنگ کەوتوون بریتی بوون لە پەیوندیی نێوان ناوونیشان و ئاماژە هونەرییەکانی وەک شێوازی وەستانی فیگەرەکان و شوێنی نمایش و کۆنتێکستی کولتووری کارەکە کە هەوڵ دەدات بێ ئیرادەیی و پاسیڤبوون وەک کۆمەڵێک فیگەر و ئاماژەی بینراو نمایش بکات. ئاماژەیەکی تری سیمیۆلۆجی بریتی بوو لە دەربازکردنی کاری هونەری لە چوارچێوە و نمایشکردنی لە ژورێکی کراوەدا کە ئازادی دەدات بە بینەر خۆی گۆشەنیگای ڕوانین هەڵبژێرێت. هەروەها سوودوەرگرتن لە کەرەستەی پێشوەخت ئامادەکراو وەک گوتارێکی ڕەخنەیی دژی هونەری مۆدێرنیزم و نیشاندانی جۆرێک لە هۆشیاری ژینگەپارێزی. هەروەها کارەکە توانیویەتی بەشێوەیەکی سەرکەوتو ڕیتم و جووڵە و کۆنتێکستی کولتووری بەگەڕ بخات بۆ نیشاندانی جەستەی هەردوو ڕەگەزەکە و بەستنەوەیان بە پرسیارە کۆمەڵایەتی و مێژوویییەکان.


[1] . Semiotics according to Umberto Eco: Signs, meaning and culture.

https://www.allensbach-hochschule.de/en/semiotics-according-to-umberto-eco-signs-meaning-and-culture

[2] What is Conceptual Art? Definition, Characteristics & Main Representatives.

[3] گارا، پرۆژەی جەستەی بینراو.. جەستەی نەبینراو. ماڵپەڕی کولتور مەگەزین، ٢٠١٧.

http://cultureproject.org.uk/kurdish [https://shorturl.at/cnROe]

[4] گارا، پرۆژەی جەستەی بینراو.. جەستەی نەبینراو. ماڵپەڕی کولتور مەگەزین، ٢٠١٧.

http://cultureproject.org.uk/kurdish [https://shorturl.at/cnROe]

[5] دیدار لەگەڵ هونەرمەند ئاڤان سدیق، سازدانی: دیە ئازاد، ئۆکتۆبەر، ٢٠٢٦

[6] . گارا، پێشەکیەک بۆ پڕۆژەی جەستەی بینراو.. جەستەی نەبینراو، ٢٠١٧. ماڵپەڕی کولتور مەگەزین.

blank
دەربارەی نووسەر
دیە ئازاد
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە