لە هەر دۆسیەیەکی ژنکوژیدا تۆمەتبارێک هەمیشە ئامادەیە و هەرگیز بەو جۆرەی پێویستە دادگایی ناکرێت. هەندێک جار سەرزەنشت دەکرێن و هەندێک جاریش «فەرهەنگ» یان «دەمارگیری» بە تاوانبار دەناسرێن. ماوەیەک سەردێڕی هەواڵەکان دەبێت و دواترەکان وەک وابێت ئەمە سروشتی مرۆڤە، کۆتایی پێ دێت. ئەوەی فێری بکوژی کردبوو کە ژیانی ئەو ژنە لە دەسەڵاتی ئەودایە، هەروا دەمێنێتەوە و بەشێوەیەکی سروشتی و ئاسایی، بەردەوام دەکرێت کە ئەویش چەمکی «پیاوێتی»یە.
مەبەست لە ژنکوژی لەم نووسینەدا، کوژرانی ژنە بەو هۆکارەی کە بە ڕەگەز «ژن»ە. ئەم پێناسەیە ئەو کوشتنانە دەگرێتەوە کە بە دەستی پیاوانی بنەماڵە و لەژێر ناوی «نامووس»دا ئەنجام دەدرێن. ئەم نووسینە هەوڵ دەدات ڕوونی بکاتەوە پیاوێتی چییە، ئەم دەسەڵاتە لە کوێوە هاتووە، چۆن کار دەکات، بۆچی دەگاتە نامووسپەرستی و کوشتن و بۆچی دەبێت لەناو بچێت.
دەبێت لە جیاکردنەوەیەکەوە دەست پێ بکەین کە بەبێ ئەو، هەر باسێک دەربارەی پیاوێتی دەبێتە هۆی لێکتێنەگەیشتن. پیاو و پیاوێتی یەک نین. پیاوێتی پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و باڵادەستییەکی ڕەگەزییە کە کۆمەڵگە بۆ ئەو کەسانەی پێناسەی کردووە کە بە پیاو دەناسرێن. ئەم پێگەیە کۆمەڵێک چاوەڕوانی، ئیمتیاز و دەسەڵاتە وەک مافی بڕیاردان، مافی چاودێریکردن، مافی حوکمدان بەسەر ئەوانی تردا و لە کۆتاییشدا، مافی پیادەکردنی توندوتیژی.
بیگومان هیچ کام لەمانەش سروشتی نین. هەموویان بە درێژاییی مێژوو دروست کراون و لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر گوازراونەتەوە و فێر کراون. ئەم پێگەیە یەکدەستیش نییە. هەر کۆمەڵگایەک مۆدێلێکی باڵادەستی پیاوێتی هەیە کە کەمتر پیاوێک بەتەواوی بەدی دەهێنێت، بەڵام هەموو پیاوان بەو پێوەرە دەپێورێن و چین، نەتەوە، نەژاد و ئاراستەی ڕەگەزی پێگەی هەر پیاوێک لەم هیرارکییەتەدا دیاری دەکەن.
کاتێک باس لە پێویستیی کۆتاییهێنان بە پیاوێتی دەکەین، مەبەست هەڵوەشاندنەوەی ئەو پێگەیەیە کە ڕەگەزێک لە مرۆڤەکان بەسەر ڕەگەز و جێندەرەکانی تردا خۆی باڵادەست دەکات.
ئەم پێگەیە لە کوێوە هاتووە؟ دروستبوونی باڵادەستیی ڕەگەزی پیاو لەگەڵ سەرهەڵدانی موڵداری، ئاژەڵداری و نیشتەجێبوون و سیستەمەکانی قەبیلەییدا گرێ دراوە، هەرچەندە ئەم لێکدانەوەیەش تەنها گێڕانەوەیەکی مومکین و بەس نییە. کاتێک زەوی، مەڕوماڵات و سامان بوونە ماڵ و موڵکێک کە دەبوو لە باوکەوە بگاتە کوڕ، زانینی ئەوەی منداڵ هی کام پیاوە گرنگییەکی تازەی پەیدا کرد.
کۆنترۆڵکردنی جەستە و سێکسوالیتەی ژن بووە ئامرازی سەرەکیی مسۆگەرکردنی ئەم بابەتە. ژن بووە ڕێڕەوی گواستنەوەی ماڵ و سامان و ڕەچەڵەک و «پاکیزەیی»ی ئەو بە «پاکیزەیی» بنەماڵە و ڕەچەڵەکەوە گرێ درا.
لە زۆرێک لەم سیستەمانەدا هاوسەرگیری ئامرازی پەیوەستکردن بوو لەنێوان بنەماڵە و هۆزەکاندا. پیاوان پەیمانیان دەبەست و ژنان بابەتی ئەم پەیمانانە بوون. جا ڕەگی ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەگوترێت «نامووس» لێرەدایە. ژن نەک وەک مرۆڤێکی خاوەن ئیرادەی خۆی، بەڵکوو وەک ئەمانەتێک بەها پەیدا دەکات کە ئابڕووی پیاوان و بنەماڵەکەی لەودا هەڵدەگیرێت. پیاو پارێزەری ئەم ئەمانەتەیە و ئەم پارێزگارییەش بە مافی سزادانەوە گرێ دراوە.
هەڵەیە ئەگەر وا بزانین ئەم پێکهاتەیە تەنها هی کۆمەڵگە تایبەتەکانە یان تەنها بۆ ڕابردوویەکی دوور دەگەڕێتەوە. لە ئەورووپاش تا هەر ئەم چەند نەوەی پێشووە، ژن دوای هاوسەرگیری لە زۆرێک لە سیستەمە یاسایییەکاندا کەسایەتیی یاسای سەربەخۆی نەبوو و هاوسەری پیاو سەرپەرشتی یاساییی ئەو بوو. لە زۆر وڵاتدا دەستدرێژیی سێکسی لە چوارچێوەی هاوسەرگیریدا تا کۆتاییی سەدەی بیستەم بە تاوان نەدەناسرا، چونکە گریمانە ئەوە بوو ژن بە هاوسەرگیری بۆ هەمیشە ڕەزامەندی داوە و جەستەی لە بەردەست هاوسەرەکەیدایە.
جیهانی پیشەسازیش ئەم پێکهاتەیەی لەناو نەبرد، شێوەکەی گۆڕی. پیاو بووە «بەخێوکەر» و ژنیش بووە «ماڵداریکەر». گۆڕەپانی گشتی، واتە کار و سیاسەت و بڕیار، بە پیاو سپێردرا و ماڵ بووە قەڵەمڕەوێک کە پیاو تێیدا فەرمانڕەوایی دەکات. شێوەکانی ئەم باڵادەستییە لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی تر دەگۆڕدرێت، بەڵام لۆژیکەکەی یەکە، ژن موڵکی پیاوە و پیاو بەرپرسی کۆنترۆڵکردنیەتی. «نامووسپەرستی یەکێکە لە زەقترین شێوەکانی هەمان لۆژیک».
بۆ تێگەیشتن لەوەی ئەم لۆژیکە ئەمڕۆ چۆن کار دەکات، دەبێت سێ تایبەتمەندیی پیاوێتی بناسین. تایبەتمەندیی یەکەم ئەوەیە کە فەهمی پیاوێتی بەدەستهێنراو و فێرکراوە. «پیاوبوون» بە لەدایکبوون نادرێت، دەبێت بەدەست بهێنرێت و بەردەوام بسەلمێنرێت. بە کوڕێک کە دەگریت دەڵێن «پیاو بە». بە پیاوێک کە سازش دەکات دەڵێن «پیاو نیت». پیاوێتی ئیمتیازێکە کە دەکرێت لەدەست بدرێت و هەر ئەمەش وا دەکات ببێتە سەرچاوەی دڵەڕاوکێیەکی هەمیشەیی.
تایبەتمەندیی دووەم ئەوەیە کە پیاوێتی بەرامبەر پیاوانی تر دەپێورێت و لە ئەگەری کێشەیەکدا هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت. ئەو دادگایەی حوکمی کۆتایی دەدات بۆ کێشەکە ، پیاوانەیە. ئەو کەسانەی دیاری دەکەن، چەند پیاوێتیی خۆت پاراستووە، هەرە زۆریان پیاوانن.
تایبەتمەندیی سێیەم ئەوەیە کە پیاوێتی پەیوەندییەکی ڕێژەیییە. بە خۆی بە تەنها هیچ واتایەکی نییە و تەنها لە پەیوەندیدا لەگەڵ ئەو شتەی کە «پیاو نییە» پێناسە دەکرێت. پێش هەموو شتێک لە پەیوەندیدا لەگەڵ ژن و پاشان لە پەیوەندیدا لەگەڵ ئەو پیاوانەی بە «پیاوی ڕاستەقینە» هەژمار ناکرێن. پیاوبوون لەم سیستەمەدا واتە ژن نەبوون و ژنبوونیش واتە ژێردەستەبوون.
لە کۆکردنەوەی ئەم سێ تایبەتمەندییەدا، دژایەتییەک دێتە ئاراوە کە لە ناخی پیاوێتیدا جێگیرە. ناسنامەیەک کە خۆی بە سەربەخۆترین و بەدەسەڵاتترین دەزانێت، بۆ مانەوە پێویستی بە ژێردەستەییی ئەوی تر هەیە. دەسەڵاتی پیاو بەبێ ژنێک کە لە پێگەی ژێردەستەدا ڕابگیرێت، هیچ واتایەکی نییە. باڵادەستیش تەنها بە ئیرادەی باڵادەست ناوێستێت، دەبێت هەموو ڕۆژێک ژێردەستەییی ئەوی تر دووبارە بەرهەم بهێنێتەوە، هەندێک جار بە قەناعەتپێکردن و خوو، و هەندێک جاریش بە زۆرەملێ. هەر لەبەر ئەمەشە پیاوێتی، سەرەڕای ڕواڵەتە توند و پتەوەکەی، پێکهاتەیەکی لەرزۆک و ناسکە. کۆڵەکەکانی لە دەستی کەسانێکدایە کە پیاو هەرگیز کۆنترۆڵی تەواویان بەسەردا نییە.
نامووس دامەزراوەیەکە ئەم لەرزۆکییە ڕێک دەخات و ئابڕووی پیاو لە جەستەی ژندا دادەنێت.
دەربڕین و زمانی ڕۆژانەش ئەمەی بە وردی تۆمار کردووە. قورسترین تۆمەتێک کە بتوانرێت بدرێتە پاڵ پیاوێک «بێغیرەت»ە، ئەم تۆمەتەش حوکم بەسەر کردەوەی خودی ئەودا نادات، بەڵکوو حوکم بەسەر کردەوەیەکدا دەدات کە ژنێکی بنەماڵەکەی ئەنجامی داوە. زۆرێک لەو جنێوانەش کە پیاوان بە یەکتری دەدەن، لەسەر جەستەی ژنانی تر دروست کراون. بۆ بریندارکردنی پیاوێک، هێرش دەکەنە سەر هاوسەرە ژنەکانیان، دایکیان، خوشکیان… کەواتە هەر بەم ڕوانینە، ئابڕووی پیاو بە کردەوەیەک لەناو دەچێت کە کەسێکی تر ئەنجامی داوە واتە ژن. کەواتە پیاو لەم سیستەمەدا ناچارە ڕەفتاری ژن کۆنترۆڵ بکات، چونکە بەشێک لە خۆی وەک ئەمانەت لە ئەودا دانراوە. نامووسپەرستی واتە قبوڵکردنی ئەم گرێبەستە و پاراستنی.
لێرەدایە کە دەبێت ڕووبەڕووی یەکێک لە باوترین وەهمەکان ببینەوە دەربارەی پیاوێتی، واتە وێنەی «پیاوی پارێزەر». کۆمەڵگە ڕێز لەو پیاوەی دەگرێت کە «چاودێری» ژنانی بنەماڵەکەی دەکات و ئەم چاودێریکردنە بە خاڵی بەرامبەری توندوتیژی دەزانێت. ئەم باڵادەستییە لە ژیانی ڕۆژانەدا بە شێوەی کۆنترۆڵی بەردەوام خۆی دەنوێنێت، دیاریکردنی پۆشاک، پشکنینی مۆبایل، مۆڵەتدان بۆ چوونەدەرەوە، هەڵبژاردنی هاوڕێیان، بڕیاردان دەربارەی هاوسەرگیری، هتد.
کۆمەڵگە ئەم کارانەی ئەوەندە ئاسایی کردووەتەوە کە ئیتر بە توندوتیژی نابینرێن. بەڵام ئەم کردەوانە شەپۆل و مەودایەکی بەردەوام پێک دەهێنن کە کوشتن لە کۆتایییەکەیدا جێگیر بووە. توندوتیژی لەم مەودایەدا زامنی مانەوەی پێاوێتییە. لەم حاڵەتەدا هەر ئەوەی ژن بزانێت توندوتیژی ڕوو دەدات، ناچار دەبێت لە هەر هەڵبژاردنێکدا حیسابی بۆ بکات. کچێک کە دەزانێت ئاشکرابوونی پەیوەندییەکەی چ دەرئەنجامێکی هەیە، لە چاوی ئەوانی ترەوە خۆی دەپارێزێت. ئەم خۆسانسۆرییە ستراتیژییەکەی زۆرەملێیە بۆ پاراستنی پیاوێتیی پیاو.
باڵادەستییەک کە ژن ناچار بکات بۆ زیندوومانەوە، بێدەنگ و ملکەچ بێت، کەمتر پێویستی بە توندوتیژیی ئاشکرا هەیە و بۆ هەتاهەتایە شاراوە دەمێنێتەوە. کوشتن ئەو ساتەیە کە ئەم کۆنترۆڵە ئیتر کار ناکات. ژنێک داوای جیابوونەوە دەکات، هاوبەشی ژیانی خۆی هەڵدەبژێرێت، ماڵ جێدەهێڵێت یان ژیانێکی دەوێت کە بنەماڵە پەسەندی ناکات. ئەمانە شێوەکانی ڕۆژانەی بەرخودانن.
بەڵام لە ڕوانگەی پیاوێکەوە کە لەم سیستەمەدا پێگەیشتووە، ژن شتێکی لەگەڵ خۆیدا بردووە کە پیاو بە بەشێک لە ناسنامەی خۆی دەزانی. لەم لۆژیکەدا، پیاو لەدەستدانی ژنێک وەک هەرەسهێنانی خودی خۆی ئەزموون دەکات و کوشتن هەوڵێکە بۆ وەرگرتنەوەی دەسەڵاتی خۆی، یان باشتر بڵێم بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پێگە و باڵادەستییەی بەرانبەر بە کۆمەڵگە و مەردمەکەی لەژێر ناوی پیاوێتی هەیبوو.
ئابڕووی پیاو سەرمایەیەکە کە تەنها لە ڕوانینی ئەوانی تردا بوونی هەیە و تەنها لە ڕوانینی ئەوانی تریشدا دەگەڕێتەوە. کوشتن، پەیامێکە کە دەڵێت «من هێشتا پیاوم» و هۆشدارییەکیشە بۆ ژنانی تر کە سنوور لە کوێدایە.
کوشتنی ژنان بە هیچ لۆژیکێکی ئەخلاقی لێک نادرێتەوە. تەنها لە لۆژیکی «پیاوێتیی نامووسی»دا ئەم کارە مانا پەیدا دەکات. لەم لۆژیکەدا ئەوەی گرنگە ڕەفتاری ژن نییە، بەڵکوو دۆخی ئابڕووی پیاوە.
کاتێک بەگوێرەی ئەو وەهمەی ئابڕووی پیاو لە جەستەی ژندایە، زیان دەگاتە پێگەی پیاو، ئەو بۆ چاککردنەوەی دەچێتە سەر هەمان جەستە. لێرەدا دەردەکەوێت ژنکوژی لەژێر ناوی نامووسدا لە بنەڕەتدا هەم سزادانی ژنە و هەم بەدەستهێنانەوە پێگەی پیاوێتی.
دەرئەنجامەکانی ئەم پیاوێتییە تەنها لە کوشتندا کورت نابێتەوە. بۆ ژنان، ژیان لە سێبەری ئەم باڵادەستییەدا واتە ژیان لەگەڵ ترسێک کە شێوەی زۆرێک لە هەڵبژاردنە زۆرەملێکان دیاری دەکات. ژن لە منداڵییەوە فێر دەبێت کە جەستەی سەرچاوەی مەترسییە، ئازادییەکەی کێشەسازە و ئاسایشەکەی بەستراوەتەوە بە ڕەزامەندیی پیاوانی دەوروبەری.
بەشێکی زۆری توانا، داهێنان و ئاواتی ژنان سەرفی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم سیستەمە و خۆدزینەوە لە توندوتیژییەکەی دەبێت.
پێویستە ئەوەش بزانین کە پیاوانیش لەم سیستەمە دەرباز نین. کوڕێک کە فێر دەبێت نەگریت، ترسەکەی دەرنەبڕێت و لاوازییەکەی بشارێتەوە، زۆر جار دەبێتە پیاوێک کە بە کەمتر دەبینرێت. ئەو پیاوانەش کە لەگەڵ مۆدێلی باڵادەستدا یەک ناگرنەوە، لەوانە پیاوانی هاوڕەگەزخواز، ئامانجی هەمان لۆژیک و توندوتیژین.
بەڵام ئەمڕۆ ئەم پێکهاتەیە ڕووبەڕووی دژایەتییەکی نوێ بووەتەوە. بناغەکانی پیاوێتی کە بە درێژاییی مێژوو ئەویان ڕاگرتبوو درزیان تێکەوتووە و ئەو درزانەش خۆبەخۆ دروست نەبوون. بەرهەمی نەوە لە دوای نەوەی خەباتی ژنانن بۆ مافی خوێندن، کار، بڕیار، جیابوونەوە و ئامادەبوون لە گۆڕەپانی گشتیدا.
بەشێک لە ژنانی ئەمڕۆ دەخوێنن، کار دەکەن و کەمتر لە ڕابردوو پشت بە پیاو دەبەستن. بەڵام بناغە هێمایییەکەی پیاوێتی، واتە ئەم باوەڕەی کە ئابڕووی پیاو لە جەستەی ژندایە و دەسەڵات مافی سروشتیی ئەوە، هەر لە شوێنی خۆی ماوەتەوە.
ئەوەی پێی دەگوترێت «قەیرانی پیاوێتی»، لە ڕاستیدا درزی نێوان هەر ئەم دووانەیە. ئەو پیاوانەی فێر بوون خاوەن دەسەڵات و بڕیار بن، ئێستا لە زەمەنێکدا ڕووبەڕووی ژنانن کەمتر ئەوان ئامادەن لەژێر دەسەڵاتی پیاودا بن. مەخابن توندوتیژی لەم درزەدا توندتر دەبێتەوە. بۆیە ژنکوژی بەم واتایە کاردانەوەی سیستەمێکە بەرامبەر لەدەستدانی قۆرخکارییەکەی، سیستەمێک کە ئیتر ناتوانێت ژێردەستەیی ژنان بە خوو و قەناعەتپێکردن مسۆگەر بکات و بۆ پاراستنی خۆی پەنا دەباتە بەر کوشتن.
ئێستا ئیتر دەتوانین بگەڕێینەوە سەر پرسیارە سەرەکییەکە، بۆچی ئەم پیاوێتییە دەبێت لەناو بچێت؟ وەڵامەکە لەناو خودی پێکهاتەکەیدایە. باڵادەستییەک کە پشت بە ژێردەستەییی ئەوی تر ببەستێت، ناتوانێت بەبێ ئەگەری توندوتیژی بمێنێتەوە، چونکە مرۆڤەکان بۆ هەمیشە ملکەچی ژێردەستەیی نابن.
لە هەر شوێنێک ژنێک ئازادی بوێت، ئەم پیاوێتییە ناچارە یان پاشەکشە بکات یان توندوتیژی بکات. تا کاتێک ئەم پێگەیە بوونی هەبێت، ئەگەری کوشتنیش تێیدا بوونی هەیە. چاکسازی و ڕیفۆرمی ئەم پیاوەتییەش بەس نییە. پیاوێتیی «میهرەبانتر»، «پارێزەرتر» یان «بەرپرسیارتر» تا کاتێک لەسەر مافی بڕیاردان بۆ ژن بونیات نرابێت، هەمان پێکهاتە بە ڕووخسارێکی هێمنترەوە دەپارێزێت. ئەوەی دەبێت لەناو بچێت، خودی ئەم پێگەیەیە، ئەم بیرۆکەیەی کە مرۆڤێک دەتوانێت ئابڕوو، ناسنامە و بەهای خۆی لە جەستەی مرۆڤێکی تردا بپارێزێت و بۆ پاراستنیشی، مافی کۆنترۆڵکردن و سزادانی ئەوی هەبێت.
لەناوچوونی ئەم پیاوێتییە بۆ پیاوانیش ڕزگارییە، هەرچەندە لە سەرەتادا وەک لەدەستدان دەردەکەوێت. پیاوێک کە ئابڕووی خۆی لە جەستەی هیچ ژنێکدا دانەنابێت، لەو دڵەڕاوکێ هەمیشەیییە ئازادە. ئیتر پێویست ناکات هەموو ڕۆژێک لەبەردەم لێپرسینەوەی پیاوانی تردا بەرگری لە خۆی بکات. دەتوانێت بترسێت، بگریت، بشکێت و هێشتاش مرۆڤێکی تەواو بێت.