دەقەکە لە یەکەم خوێندنەوەدا وەک گفتوگۆیەکی خۆشەویستانە و یادەوەرییەکی کەسیی لەنێوان من و دایکدا دەردەکەوێت؛ بەڵام پەیوەندیی نیشانەکان، گۆڕانی کەس و ژمارە، گواستنەوە لە جەستەی تاکەوە بۆ جەستەی کۆمەڵ، و بەتایبەتی دووپاتبوونەوەی وشە و دەنگەکان، دەقەکە لە ئاستێکی دیکەدا دەخەنە ڕوو.
لێرەدا دایک تەنها کەسایەتی و دایکایەتی نییە، دەکرێت نیشانەی نیشتمان بێت. بەڵام ئەم نیشانەیە بەشێوەیەکی سادە و یەک مانا جێگیر نابێت؛ لەنێوان جەستە، سروشت، خۆشەویستی، شۆڕش، ستەم، مردن و یادەوەریدا دەگۆڕدرێ. لەبەر ئەوە، دەبێت هەر نیشانەیەک لە پەیوەندیی لەگەڵ نیشانەکانی دیکەدا بخوێنینەوە.
لەم بەستەرەی ژنەفتندا دەقی (دەوار) بخوێنەرەوە:https://jineftin.krd/2026/11/13/%d8%af%d9%87%d9%88%d8%a7%d8%b1/
١. “بەشێکم ئاوێتەی هەتاو و هەنجیر بووە”
دەق بە «بەشێکم» دەست پێ دەکات، نەک بە «من». ئەم دابەشبوونەی خۆ لە سەرەتادا گرینگە؛ چونکە خودی قسەکەر یەکپارچە نییە. بەشێکی لەگەڵ هەتاو و هەنجیر ئاوێتە بووە؛ دوو نیشانەی سروشتی کە لە خۆیاندا ژیان، گەشە، گەرمی و بەرهەمهێنان دەگرنەوە.
هەتاو سەرچاوەی ڕووناکی و گەرمییە، هەنجیر نیشانەی بەرهەم و شیرینییە. ئاوێتەبوونی خۆ لەگەڵ ئەم دوو نیشانەیەدا، پەیوەندییەکی ئەندامی لەگەڵ ژینگە و ڕەگ و ڕیشە دروست دەکات. بەڵام وشەی «بەشێک» ئاماژە بەوە دەکات کە هێشتا بەشێکی دیکەی خۆ لە دەرەوەی ئەو یەکێتییەدایە.
٢. “ڕۆح لەبەرێکی ڕووتم”
من لە بەرامبەر سروشتی پڕ لە ژیاندا، ڕۆح لەبەرێکی ڕووتە. ئەم بەرامبەرکێیە نیشانەیەکی گرینگە: لە یەک لاوە پڕی و بەرهەم، لە لایەکی دیکەوە ڕووتی و بێپۆشی.
ڕووتی لێرەدا دەتوانێت نیشانەی بێپەنا و بێپارێزگار بێت؛ ڕۆحێک کە هیچی لەبەرا نییە و لەبەردەم سەرما و گۆڕانکارییەکانی دەرەوەدا ئاشکرا دەبێ..
بەم شێوەیە، دەق لە سەرەتاوە دوو دۆخی بوون دەخاتە بەرامبەر یەکتر؛ پۆشتەبوونی سروشت و ڕووتیی ڕۆح.
٣. “بە بیانووتەوە ئەسووڕێ”
بیانوو نیشانەیەکی زمانە؛ بەڵام سووڕانەوە جووڵەیەکی جەستەیی و دووبارەبووەوەیە. ئەم پەیوەندییە دەکرێت نیشانەی سووڕانەوەی خۆ بێ لە دەوری کەسێک یان یادەوەرییەک.
کەواتە، ئەو «تۆ»یەی دواتر دەردەکەوێت، لە سەرەتادا بوونی خۆی لە ڕێگەی بیانووەوە دەسەپێنێت؛ واتە ئامادەبوونێک کە لە غیابیشدا کاریگەرە.
٤. “بەشێکی پەنگ ئەخواتەوە لە ناکاو / بەشێکی بە ناوەڕاستی لەشی تۆ هار بووە”
لێرەدا دابەشبوونی سەرەتاییی خود دووبارە دەبێتەوە، بەڵام ئێستا بەشێوەیەکی زیاتر دیارە.
بەشێک پەنگ دەخواتەوە؛ نیشانەی چاوەڕوانی، هێواشی و لەناو خۆدا ماندنە. بەشێکی دیکە لە ناوەڕاستی جەستەی «تۆ»دا هار بووە. لێرەدا جەستەی تۆ دەبێتە شوێنی هەڵچوونی ژیان. بەڵام ئەگەر «تۆ» دایک و نیشتمان بێت، ئەوا ئەو هاربوونە تەنها هەڵچوونی جەستەیی نییە؛ نیشانەی وزەیەی ژیان و مێژوویییە کە لەناو جەستەی نیشتماندا بوونی هەیە.
ئەمە یەکێکە لەو شوێنانەی دەق، بەبێ ئەوەی مانایەکی سیاسی بە ڕاستەوخۆیی بڵێ، ئەگەری خوێندنەوەی سیاسی دەخوڵقێنێت.
٥. “دەرفەتێک ماوە خۆتم پیا هەڵواسی”
وشەی «هەڵواسی» لێرەدا پەیوەندییەکی دووڕووی هەیە: هەڵواسین و لەسێدارەدان. لەگەڵ ئەوەی دواتر پەتا، دار و هەڵواسینی منداڵەکان دەردەکەون، ئەم وشەیە لە سەرەتادا وەک نیشانەیەکی پێشوەختە دەخوێندرێتەوە؛ نیشانەیەک کە ماناکەی لە دواتردا ئاشکرا دەبێت.
ئەمە شێوازێکی گرنگی ڕێکخستنی نیشانەکانە: دەق لە سەرەتادا نیشانەیەک دادەنێت کە خوێنەر تەنها لە دوای خوێندنەوەی بەشەکانی دواتر، مانایەکی قووڵتری بۆ دەدۆزێتەوە.
٦. “یانی سەبرم بخەمە مابەینی و / بەینەڵلە وەک ماسی”
لێرەدا یاریی زمان دەست پێ دەکات. «سەبر» لەگەڵ «مابەین» و «ماسی» دەخرێنە ناو پەیوەندییەکی دەنگی و وێنەیی. بەتایبەتی «وەک ماسی» نیشانەی جووڵەیە لەناو ئاودا، بەڵام هەروەها نیشانەی لەدەستچوونی کۆنترۆڵە؛ ماسی لەناو ئاودا دەجووڵێت و گرتنەکەی ئاسان نییە.
لە خوێندنەوەیەکی نیشانەناسیدا، ئەم بەشە تەنها یارییەکی فۆنێتیکی نییە. زمان خۆی دەبێتە شوێنی ملمڵانێ لەنێوان سەبر و هەڵچوون، بەین و جیاوازی و جووڵە و گیران.
٧. “ئەیووبێک دەرکەوێ لە قاچتا هاار”
ئەیووب نیشانەی چاوەڕوانییەکی درێژ، تاقیکردنەوە و سەبرە. بەڵام دەرکەوتنی ئەیووب لە قاچی تۆدا، ئەم نیشانەیە لە چوارچێوەی چیرۆکە ئایینییەکەی دەردەهێنێت و دەیکاتە دیاردەی جەستەیی و دەروونی.
ئەیووبی لێرەدا لە ئاسمانەوە نایەت؛ لە جەستەی تۆدا دەرکەوێت.
ئەم گواستنەوەیە گرینگە: سەبر چیتر تەنها خەسڵەتێکی ئەخلاقی نییە، بەڵکوو بەشێکە لە جەستەی ئەو کەسەی بێژەر خۆشی دەوێت.
هەروەها، ئەگەر «تۆ» نیشتمان بێت، ئەوا نیشتمان خۆی هەڵگری ئەو سەبر و ئازارە مێژوویییەیە کە لە چیرۆکی ئەیووبدا هەیە.
٨. “لە تاقەتمدا داکەوی… داکەویتە ناو دارستانێک لە سەنەوبەر”
«داکەوتن» لەگەڵ «دارستان» پەیوەندییەکی نیشانەیی ساز دەکەن. ئەو کەسەی لە تاقەتدا داکەوێت، لەناکاو دەچێتە ناو سروشتێکی پڕ لە دار. دارستانی سەنەوبەر دەتوانێت نیشانەی پەنا، خۆگرتن و گەڕانەوە بۆ سروشت بێت. بەڵام ئەم پەناگەیەش لە دەقەکەدا بەردەوام نییە، چونکە دواتردا دار دەبێتە نیشانەی هەڵواسین.
بەمەش دار لە نیشانەی ژیانەوە دەگۆڕێت بۆ نیشانەی مردن. ئەو گۆڕانە یەکێکە لە گرنگترین پەیوەندییە نیشانەییەکانی دەق.
٩. “بگەڕێینەوە ساڵەکانی گیرفانی پووچ و دڵی خۆش کە با ڕای ئەکرد بە قژتا”
لێرەدا کات دەگەڕێتەوە دواوە؛ بەڵام نەک بۆ مێژوویەکی گەورە و فەرمی، بەڵکوو بۆ ساڵەکانی گیرفانی پووچ و دڵی خۆش.
ئەم دوو نیشانەیە بەرامبەرێکی سەرنجڕاکێشن؛
گیرفانی پووچ: هەژاریی ماددی.
دڵی خۆش: دەوڵەمەندیی هەستی و ئومێد.
ئەمە یادەوەرییەکی ڕۆمانسییە، بەڵام لەناو ئەم ڕۆمانسییەدا تۆماری ژیانێکی کۆمەڵایەتی هەیە؛ ژیانێک کە بە هەژاریی ماددی، بەڵام بە هیوا و خۆشییەکی دەروونیدا تێدەپەڕێت.
«با ڕای ئەکرد بە قژتا» جووڵەی سروشت و جەستە لە یەک وێنەدا کۆ دەکاتەوە. با دەبێتە نیشانەی ئازادی و گەڕانەوەی کاتی لەکیس چوو.
١٠. “لە تەمەنی گڤەدا بوو فێر ببوو بقیژنێ پڕ بە باڵای کووچە”
ئەم دێڕە خاڵی گۆڕانی دەنگیی دەقە.
«تەمەنی گڤە» تەمەنێکە کە بە دەنگ ناسێنراوە، نەک بە ساڵ و ژمارە. گڤە، لەڕووی دەنگییەوە، لەنێوان هەناسە، هەڵچوون و دەنگی ناڕوونی دەروونیدایە.
بەڵام گرینگتر، «فێر ببوو بقیژنێ»یە.
قیژە لێرەدا سروشتی نییە، فێربوونە. واتە مرۆڤ لەژێر کاریگەریی ئەزموونێکدا فێری قیژاندن دەبێت.
«پڕ بە باڵای کووچە»یش دەنگەکە لە ئاستی تاکەوە دەباتە ئاستی کۆمەڵایەتی. کووچە دەبێتە گۆڕەپانی دەنگ؛ شوێنێک کە دەنگی ناڕەزایی لە سنووری ماڵ و جەستە تێدەپەڕێ.
ئەمە ئەو شوێنەیە کە دایک، لە دایکێکی خۆشەویستەوە دەبێتە دایکێکی ناڕازی.
١١. “مل ملانم کەن بە پەتا!”
ئەمە دەنگی ملمڵانێیە، بەڵام دەق بەشێوەیەکی ئاسایی نایڵێت: ستەممان لێ دەکرێت. دەڵێت: ململانێمان بە پەتا بکەن. پەتا لە ئاستی نیشانەیییەوە دوو ئاراستەی هەیە: نەخۆشییەکی گشتی کە لەش و کۆمەڵ دەگرێتەوە و نیشانەی مردنی بەکۆمەڵە.
بەڵام کاتێک لەگەڵ ململانێ و هەڵواسین و داردا دەخوێندرێتەوە، دەبێتە بەشێک لە زمانی سەرکوت. لەوە گرنگتر، ئەم دەنگە لە دێڕی تاکەوە دەچێتە ناو کووچە؛ ئەوەی لە جەستەی تاکدا هار بووە، ئێستا دەنگی کۆمەڵە.
١٢. “منداڵەکان دەوار دەوارانم کەن ـ دەواری ڕەش ـ خۆمانین و مشتێک خاک و گەلێک خەفەت گڤ ڤ گڤ ڤ”
لێرەدا «دەوار» لە ناوونیشانێکی سادەوە دەبێتە نیشانەیەکی ناوەندی.
دووبارەبوونەوەی «دەوار دەوارانم» جووڵەیەکی بازنەیی دروست دەکات. وەک ئەوەی منداڵەکان لەناو دەوارێکدا بگەڕێن و هەر جارێک بگەنەوە هەمان شوێن.
«دەواری ڕەش» ئەو بازنەیە لە ڕەنگی خۆشیی سروشتی دەسڕێتەوە و دەیکاتە نیشانەی ماتەم و مردن.
«خۆمانین و مشتێک خاک و گەلێک خەفەت» گواستنەوەیەکی گرینگە لە بوونی تاکەوە بۆ بوونی کۆمەڵ. ئێمە چیین؟ خۆمانین، خاکین و خەفەتین.
ئەمە لە ڕووی نیشانەناسییەوە جۆرێکە لە ناساندنی خۆیە بە نیشانەی لەدەستدان. خاک لە ئاستی نیشتماندا و خەفەت لە ئاستی ئەزموونی مرۆییدا یەک دەگرنەوە. «گڤ ڤ گڤ ڤ»یش بە دەنگێکی ناتەواو و دووبارەبووەوە دێت. وشەکان بۆ گێڕانەوەی ڕووداوەکە بەس نین؛ دەنگ دەبێتە جێگرەوەی ئەو مانایەی کە ناتوانرێت بە تەواوی بگوترێت. گڤەی باااایە بۆ بەبابردن..
١٣. “خۆ پێم وتبووی ئەم کوڕە ئاوێزانە لە نقا بێ ئینساف!”
«ئاوێزان» نیشانەیەکی گرنگە؛ لەگەڵ هەڵواسین و دار کۆ دەبێتەوە. ئەو کوڕە لەنێوان بوون و نەبووندا وەستاوە؛ لە نێوان گەورەبوون و گەورەنەبوون، ژیان و مردن..
«بێ ئینساف»یش لێرەدا تەنها سەرزەنشتێکی کەسی نییە؛ دەتوانێت دەنگی دادوەرییەکی ئەخلاقی بێت لە بەرامبەر ئەو ڕووداوانەی کە لە دواتردا ڕوو دەدات.
١٤. “مەهێڵە با گەورە نەبێ / هەنجیر بەرگەی سەرما ناگرێ”
ئەم دێڕانە دوو نیشانەی سروشتی و پەروەردەیی دەخەنە بەرامبەر یەکتر.
گەورەبوون لە ئاستی ژیاندا ئامانجە، بەڵام لێرەدا دەبێتە مەترسی. دایک دەیەوێت کوڕەکە گەورە نەبێت، چونکە گەورەبوون لە مێژووی ئەم دەقەدا بە مانای چوونە ناو بازنەی قوربانیبوونە.
هەنجیر لە سەرما بەرگە ناگرێت؛ ئەمە نیشانەی لاوازی و ناسکیی ژیانە لە بەرامبەر هێزە دەرەکییەکاندا.
بەڵام «مێشکی تاڵ ئەبێ وەکوو سەگ» نیشانەیەکی دیکە دەهێنێتە ناو دەق؛ لە شیرینیی هەنجیرەوە دەچینە تاڵیی مێشک. واتە ژینگە و ئەزموونی ستەم، تەنانەت شیرینیی یادەوەریش دەگۆڕن.
١٥. “کڵاوێکی هەیە و هەزار کەلە؛ ڕۆژی دانەیەکیان بە دار ئەسپێرێ”
کڵاو نیشانەی ناسنامە، سەر و جیاوازیی تاکەکانە. بەڵام هەزار کەلە لەگەڵ یەک کڵاودا، پەیوەندییەکی نێوان یەک و زۆر دروست دەکات. ئەو یەکەیەی کە دەکرێت هەڵبژێردرێت و بە دار دەسپێردرێت.
دار لێرەدا جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە، بەڵام ئیتر دارستانی سەنەوبەر نییە؛ دەبێتە شوێنی سزادان و لەناوبردن. ئەمە گۆڕانی نیشانەی دارە لە سروشتەوە بۆ دەسەڵات؛ لە ژیانەوە بۆ مردن.
١٦. “ئەوانی تر ئەڵێن منیش ـ مل ملانم گەرەکە”
ئەم دێڕە لە ڕووی پێکهاتەی کۆمەڵایەتییەوە زۆر گرنگە.
کاتێک یەکێک بە دار ئەسپێردرێت، ئەوانی تر دەڵێن: منیش.
ئەم «منیش»ە نیشانەی سەرسوڕمانە؛ چونکە لە ئاستی تاکەوە دەچێتە ناو هەڵوێستێکی کۆمەڵایەتی.
ئایا ئەوان بە ئیرادەی خۆیان دەچنە ناو بازنەی قوربانیبوون، یان لە ژێر کاریگەریی مێژوویی و ئایدیۆلۆژییدا قوربانیبوون دەبێتە بەشێک لە ناسنامەیان؟
دەق وەڵامی ڕاستەوخۆ ناداتەوە، بەڵام ئەم پرسیارە لەناو دووبارەبوونەوەی «منیش»دا دەشارێتەوە.
١٧. “باوەڕ کە سێ سێ و دار دار / کەلەیان لێ بە با داوم گڤ ڤ گڤ ڤ”
لێرەدا ژمارە و دار دەبنە نیشانەی چەندپاتبوونەوە.
«سێ سێ و دار دار» ڕێکخستنێکی ژمارەیی و دەنگییە، بەڵام لە پەیوەندی لەگەڵ هەڵواسین و قوربانیبووندا، دەکرێت وەک زنجیرەی چەندپاتەی مردن بخوێندرێتەوە.
«کەلەیان لێ بە با داوم» گواستنەوەیەکی سەرنجڕاکێشە: کەلە، کە پێشتر نیشانەی سەر و ناسنامە بوو، ئێستا دەکەوێتە بەر با.
با لە سەرەتای دەق نیشانەی ئازادی و خۆشیی گەنجی بوو؛ لێرەدا دەبێتە نیشانەی بەباچوونی ئەوەی کە لە دەست چووە. ئەمە گۆڕانێکی ناوخۆییە لە مانای هەمان نیشانە: با لە سەرەتا هێزی ژیانە، لە ئێستادا هێزی لەناوبردن.
١٨. “بەینابەین دایکم نازانێت شینی کاممان بکات باشە؟!”
ئەمە یەکێکە لە دێڕە ناوەندییەکانی دەق. تا ئێستا بێژەر لەگەڵ دایک بوو، لەگەڵ جەستەی دایک، لەگەڵ یادەوەری و گەنجیی دایک. بەڵام ئێستا دایک خۆی دەبێتە کەسی بێوەڵام.
«شینی کاممان بکات؟» پرسیارێکی سادە نییە؛ چونکە لە پشتەوەی ئەم پرسیارەدا کۆمەڵێک مردن هەیە و دایک ناتوانێت لە نێوانیاندا یەکێک هەڵبژێرێت.
ئەمە گۆڕانی ڕۆڵی دایکە: ئەوەی پێشتر سەرچاوەی ژیان و خۆشەویستی بوو، ئێستا لەبەردەم قوربانییەکانی خۆیدا بێدەنگ و بێهەڵبژاردن ماوەتەوە.
لە باری نیشانەناسییەوە، شین دەبێتە نیشانەیەکی ناتەواو؛ چونکە کۆمەڵی مردووان لە توانای ماتەمگێڕیی تاک زیاترە.
١٩. “ڕۆحی کاممان بۆ بەری کام میوە ئەبێ؟”
ئەم دێڕە پرسیاری دایک لە ئاستی ماتەمەوە دەباتە ئاستی نیشانەی سروشت.
بەری میوە لە سەرەتای دەق نیشانەی ژیان و بەرهەم بوو؛ ئێستا پرسیار لەوە دەکرێت ڕۆحی مردووان بۆ کام بەری میوە بگەڕێتەوە. لێرەدا پەیوەندییەکی ناوازە لە نێوان مردن و بەرهەمهێنان دروست دەبێت. مردووان لە خاکدا ون نابن، بەڵکوو وەک ئەوەی ڕۆحیان دەبێتە بەشێک لە سروشت و بەرهەمی ئەو خاکەی کە لە پێناویدا قوربانی بوون.
بەڵام ئەم گواستنەوەیە دڵنەوایییەکی تەواو نییە؛ چونکە پرسیاری دایک هێشتا وەڵامی نییە.
٢٠. “دایکە دایک چووزانێ / خەم بە هەر لایەکا شینی کەی هیچ سەوز ناکات؟!”
ئەم دێڕە ناوەندێکی فەلسەفی و نیشانەیی تێدایە. «دایکە دایک» واتە دایکەئیتر، چی لێ ئەکرێ .. لێرەدا رەنگە، ناڕاستەوخۆ رەخنەیەک ئاراستەی دایک بکرێ و لە هەمان کاتدا دەزانێت هیچ وەڵامێک نییە.
«خەم بە هەر لایەکا شینی کەی هیچ سەوز ناکات؟»
لێرەدا دوو ڕەنگ لە بەرامبەر یەکتر دانراون:
شین: ماتەم و مردن.
سەوز: ژیان و گەشە و نوێبوونەوە.
رەخنەکە ئەوەیە کە، ئایا ماتەم دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی ژیان؟
یان بە پێچەوانەوە، خەم هەر لایەک بگرێت، هیچ شتێک ناگەشێنێتەوە؟
من پێم وایە ئەم دێڕە یەکێکە لەو شوێنانەی دەق خۆی لە خوێندنەوەیەکی ئاسان دەرباز دەکات. چونکە لە یەک کاتدا هەم پرسیاری هیوایە و هەم گومان لە توانای هیوابەخشینی ماتەم.
شین و سەوز لێرەدا تەنها دوو ڕەنگ نین؛ دوو شێوازی بوونن.
٢١. “گەرووی داوەتە دەست گۆرانییەک ـ سەوزەکەو باوانم دەستی سپاردۆتەوە مەزرا”
ئەم دێڕە گۆڕانێکی گرنگی دەنگی و نیشانەیییە.
لە سەرەتادا قیژە و هاوار دەنگی بەرەنگاری بوون؛ ئێستا گەروو دەدرێتە دەست گۆرانی.
ئەمە گۆڕان لە زمانی شۆڕشەوە بۆ زمانی ماتەم و گۆرانییە. بەڵام گۆرانی لێرەدا هەر گۆرانییەکی خۆشی نییە؛ دەنگێکە کە لەگەڵ مردن و مەزرادا پەیوەستە.
«سەوزەکەو باوانم»یش پەیوەندیی نێوان سەوزی و ڕابردووی خێزان و خاک دەخاتەڕوو. بەدەستسپاردنەوەی مەزرا، وەک ئەوەیە کە ژیان و یادەوەری لە خاکدا بەجێ بمێنن.
لە خوێندنەوەی سیاسییدا، ئەم دێڕە دەکرێت نیشانەی گواستنەوەی دەنگی شۆڕش بێت بۆ گۆرانییەکی دوای شکست؛ دەنگێک کە ئیتر ناتوانێت ڕووداو بگۆڕێت، بەڵکوو تەنها دەتوانێت یادەوەرییەکە بپارێزێت.
٢٢. “هێڵێک کوڕەکەم، هێڵێکیش تۆ، یا ڕەببی سەوزی کەی!”
ئەم دێڕە هەم چەد دەنگیبوونی دەق/دەنگی دایکە/ و بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش نیشانەی هێڵ دەهێنێتە ناو دەق.
هێڵ لە مانایەکی سادەدا نیشانەی جیاکردنەوەی دوو شوێنە، بەڵام هەروەها نیشانەی سنوور و دابەشکردنە. «هێڵێک کوڕەکەم، هێڵێکیش تۆ» دوو بوون لە دوو لای هێڵێکدا دادەنێت؛ وەک ئەوەی دایک و منداڵەکەی لە دوو لایەوەی مردن و ژیان، یان لە دوو شوێنی جیاوازی مێژوودا وەستابن.
«یا ڕەببی سەوزی کەی» داواکارییەکە بۆ گەڕانەوەی ژیانەو دیسان دەنگی دایکە..
بەڵام پرسیار ئەوەیە: ئەم سەوزییە لە کوێوە دێت؟ لە سروشت؟ لە شەهیدان؟ لە هیوای دایک؟ یان لە شۆڕشی داهاتوو..؟ دەق وەڵام ناداتەوە؛ تەنها داواکارییەکە دەهێڵێتەوە.
٢٣. “خۆ نەیزانی تەمێک دێت و هەموو ڕۆژێک هەسپ هەسپ ئەمحیلێنێ بە ناو لەشتا”
تەمە نیشانەی نادیاری و نادیاربوونی داهاتووە.
دایک نازانێت چی ڕوو دەدات؛ بەڵام ئەوەی دەق دەیخاتەڕوو، هاتنی ئەزموونێکی قورسە کە هەموو ڕۆژێک بە جەستەدا تێدەپەڕێت.
«هەسپ هەسپ» جووڵەیەکی بەردەوام و هێرشبەرانە دەنوێنێت. جەستە لێرەدا دەبێتە مەیدانی ئەزموونی مێژوو. مێژوو تەنها لە دەرەوە ڕوو نادات؛ بە ناو لەشی مرۆڤدا دەڕوات. ئەمە بە تایبەتی لە خوێندنەوەی جەستەیی و سیاسیی دەقەکەدا گرینگە.
٢٤. “تۆ دار بە دار!”
ئەم دێڕە وەک فرمانێک، بانگێک یان هۆشداریی وایە؛ دار لە دەقەکەدا تا ئێستا چەند مانایەکی وەرگرتووە: دارستانی ژیان، داری هەڵواسین، دارەکانی قوربانیبوون.
«تۆ دار بە دار» هەموو ئەو نیشانانە لە یەک شوێندا کۆ دەکاتەوە. لەوانەیە ئاماژە بێت بە گەڕانەوەی بەردەوامی مرۆڤ لە نێوان دارەکاندا؛ لەنێوان ژیان و مردن، پەنا و سەرکوت.
٢٥. “شوێنێک هەبێت لە سێبەرتا کرچ و لۆچ بم ئێواران چۆلەکە لە قژمانا زاوزێ بکات”
ئەم دێڕە راستەوخۆ ئاواتێکە کە لەگەڵ ڕەوتی سیاسی و مێژووییی دەق یەک دەگەڕێتەوە و وێنەیەکی زۆر ناسک و خۆشەویستانەیە
سێبەر نیشانەی پەنا و ئارامییە؛ کرچ و لۆچبوون نیشانەی ماندووبوون و پێویستی بە ئارامییە..
چۆلەکە لە قژدا زاوزێ بکات؛ ئەمە وێنەیەکی سەرنجڕاکێشە لە یەکبوونی جەستە و سروشت.
لە سەرەتای دەق هەتاو و هەنجیر و با هەبوون؛ لێرەدا چۆلەکە دەگەڕێتەوە. سروشت هێشتا لەگەڵ جەستەدا دەژی. بەڵام ئەم وێنەیە هەروەها دەتوانێت بەرامبەرێک بێت بۆ هەموو ئەو دارانەی بوونەتە شوێنی مردن. دارێک کە لە سەرەوەی ئەو جەستەیە سێبەرەکەی دەبێتە پەنا، بەرامبەر دارێک دەوەستێت کە جەستەی منداڵی پێدا هەڵدەواسرێ…
ئەم رووبەرووکردنەوەیە لە خۆیدا ڕەخنەیەکی نیشانەییی بەهێزیشە.
٢٦. “من لە داوێنی هەنارتا ئەیووبەکان بێ تاقەت کەم (سڵاو بۆ هەر چی ماسییە)”
هەنار جارێکی دیکە نیشانەی بەرهەم، جوانی و ژیانە. داوێنیش شوێنی پەنا و نزیکییە، بەڵام ئەم جارە ئەیووبەکان لەو شوێنەدا بێتاقەت دەکرێن.
ئەمە گۆڕانێکی گرنگە لە نیشانەی ئەیووب. لە سەرەتادا ئەیووب نیشانەی سەبر بوو، ئێستا ئەیووبەکانیش بێتاقەت دەبن. واتە سەبر سنووری خۆی هەیە. مرۆڤ ناتوانێت بێکۆتایی لەژێر بارگرانیی مێژوو و ستەمدا بژی.
«سڵاو بۆ هەر چی ماسییە»یش گەڕانەوەی یاریی زمانییە بۆ ماسیی پێشووتر؛ بەڵام لە ئێستادا وەک هەناسەیەکی هەڵکشاو لە ناو ئەو هەموو خەمەدا دێت. ئەم گەڕانەوەیە بۆ نیشانەی پێشوو، دەقەکە بە شێوەیەکی ریشەیی پێکەوە دەبەستێتەوە.
٢٧. “بگرین سێو / با کەم دایکم لە داوێنی کراسەکەی گوڵ بچێنێ بۆ سەرقەبران”
ئەم دوو دێڕە،ی کۆتایی لە ڕووی نیشانەناسییەوە کۆتایییەکی داخراو نین. «سێو» نیشانەی بەرهەم و ژیانە؛ «گوڵ»یش نیشانەی جوانی و نوێبوونەوەیە. بەڵام ئەمجارە گوڵ بۆ سەر گۆڕ دەچێت.
ئەوەی لە سەرەتادا لە هەتاو و هەنجیر و هەناردا وەک ژیان و بەرهەم دەردەکەوت، لە کۆتاییدا دەگۆڕێت بۆ گوڵی سەر گۆڕ.
«داوێنی کراسەکەی دایک»یش شوێنی دوو نیشانەی جیاوازە: جەستە و جل، دایکایەتی و ماتەم، نزیکی و لەدەستدان.
دایک ئێستا گوڵ دەچێنێت، بەڵام نەک بۆ ئەوەی بەرهەم بێنێت؛ بۆ ئەوەی گۆڕەکان جوان بکات.
ئەمە گۆڕینی ئەرکی سروشتە: گوڵ، کە دەبوو نیشانەی ژیان بێت، دەبێتە نیشانەی ماتەم.
لە کۆتاییدا دایک هێشتا کارێک دەکات: گوڵ دەچێنێت. ئەم کردارە بچووکە لە بەرامبەر گەورەیی مەرگدا، هێمای بەردەوامی خۆشەویستییە؛ بەڵام ناتوانێت مردن بگۆڕێت.
٢٨. خوێندنەوەی ئاسۆیی: نیشانەکان چۆن لە دەقەکەدا دەگۆڕێن؟
ئەگەر هەنێ لە خوێندنەوەی دێڕ بە دێڕدوور بکەوینەوە و هەموو دەقەکە وەک تۆڕێکی نیشانەیی بخوێنینەوە، چەند زنجیرەیەکی گرنگ دەردەکەون:
ئەم گۆڕانانە نیشان دەدەن کە دەقەکە بە پێی سیستەمێکی نیشانەیی کار دەکات؛ ماناکان لە سەرەتادا جێگیر ناکات. هەمان نیشانە لە شوێنێکدا مانایەکی هەیە و لە شوێنێکی دیکەدا ماناکەی دەگۆڕێت.
بە تایبەتی دار، با، سەوزی و گوڵ لە دەقەکەدا بەردەوام لەنێوان ژیان و مردندا دەجووڵێن.
٢٩. «دەوار» و کۆدی مێژووییی دەق
بەپێی ئەم خوێندنەوەیە، «دەوار» تەنها ناوی شوێنێک نییە؛ کۆدێکی مێژوویییە. دەوار دەکرێت بازنەیەکی ژیانی و کۆمەڵایەتی بێت کە منداڵەکان لەناویدا گەورە دەبن، بەڵام هەمان بازنە دەبێتە شوێنی دووبارەبوونەوەی قوربانیبوون.
«دەواری ڕەش» لەگەڵ «دەوار دەوارانم» و «دەواری خاڵی»ی خوێندنەوەی پێشوو، دەکرێت بەشێک لە یەک پێکهاتەی مێژوویی بن:
دەواری ژیان و یادەوەری.
دەواری شۆڕش و بەرەنگاری.
دەواری قوربانیبوون و ماتەم.
دەواری خاڵی، وەک دوایین ئەنجامی دووبارەبوونەوەی شکستهکان.
بەمەش دەقەکە لە ئاستی خەمێکی کەسییەوە دەگاتە پرسیارێکی کۆمەڵایەتی: بۆچی ئەوەی دەبێت شوێنی ژیان بێت، بەردەوام دەبێتە شوێنی لەدەستدانی ژیان؟
٣٠. ئەوەی لە پشت نیشانەکاندا دەشاردرێتەوە؛
یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی دەق ئەوەیە کە ڕاستەوخۆ باسی شۆڕش و شکستی شۆڕشەکان ناکات؛ بەڵکوو ئەو مێژووە لە ڕێگەی جەستە و سروشت و نیشانەکانی ژیانی ڕۆژانەوە دەگێڕێتەوە.
لە دەقەکەدا:
جەستە دەبێتە شوێنی تۆمارکردنی مێژوو.
دایک دەبێتە هەڵگری یادەوەریی نیشتمان.
منداڵ دەبێتە نیشانەی ئومێد و قوربانیبوون.
دار دەبێتە نیشانەی ژیان و هاوکات نیشانەی مردن.
قیژە دەبێتە زمانی بەرەنگاری.
گۆرانی دەبێتە زمانی دوای شکستی بەرەنگاری.
گوڵ دەبێتە جێگرەوەی ئەو ژیانەی کە لە گۆڕدا ون بووە.
بەڵام دەبێت ئاگاداری خاڵێکی دیکەش بین: دایک لێرەدا تەنها وێنەی رەمزیی نیشتمان نییە. ئەگەر دایک تەنها بۆ نیشتمان دابەزێنین، ئەوا جەستەی ئافرەت، گەنجی، ئارەزوو، ئازار و مافی ژیانی خۆی لەدەست دەدات.
لەبەر ئەوە، هێزی دەق لەوەدایە کە دایک لە هەمان کاتدا هەم جەستەیەکی تاکە، هەم نیشانەی نیشتمان و هەم کەسایەتییەکی مێژوویی کە مافی ژیان و خۆشی و بێماتەمبوونی هەیە.
کۆتایی: کاتێک نیشتمان منداڵەکانی دەناشت
لە کۆی ئەم خوێندنەوەگەلەدا، «دەوار» دەقێکە کە لە ئاوێتەبوونی جەستە و سروشتەوە دەست پێدەکات و بە ناشتن و گوڵچاندن لەسەر گۆڕەکان کۆتایی دێت.
بەڵام ئەم کۆتایییە داخراو نییە. چونکە گوڵچاندن لەسەر گۆڕ نیشانەی ئەوەیە کە ژیان هێشتا لەبەردەم مردندا کردارێکی بچووکی خۆی هەیە؛ هەرچەند ئەو کردارە ناتوانێت ئەوەی لەدەستچووە بگەڕێنێتەوە.
لە خوێندنەوەی سیاسیدا، دایک نیشتمانە، منداڵەکان هەڵگرانی ئومێدی داهاتوون و دارەکان شوێنی بەرجەستەبوونی مێژووی ستەمن. شۆڕشەکان بە ئومێدی سەوزبوون دەست پێ دەکەن، بەڵام کاتێک بە شکستی مێژوویی دەگەن، دایک دەمێنێتەوە و دەبێت بزانێت شینی کام منداڵ بگێڕێت.
لێرەدا پرسیاری ناوەندیی دەق دەردەکەوێت:
ئەگەر هەموو شۆڕشێک بە ناوی دایک و نیشتمانەوە دەست پێ بکات، بەڵام لە کۆتاییدا دایک ناچار بێت منداڵەکانی بنێژێ، ئەوا کێ بەرپرسی ئەم مێژووەیە؟
ئەم پرسیارە لە سنووری ماتەمگێڕییەوە دەردەچێت و دەبێتە ڕەخنە لە مێژووی ڕزگاریی؛ ڕەخنەیەک کە نەک تەنها دەسەڵاتی ستەمکار، بەڵکوو ئەو میکانیزمەش دەخاتە ژێر پرسیار کە بەردەوام منداڵەکانی دایک دەکاتە قوربانیی ئامانجە گەورەکان.
و لە کۆتاییدا، ئەوەی دەقەکە بەجێی دەهێڵێت، نە هاوارێکی سەرکەوتنە و نە بانگەشەیەکی شۆڕشگێڕانە؛ بەڵکوو وێنەی دایکێکە کە لە داوێنی کراسەکەیدا گوڵ دەچێنێت بۆ سەر گۆڕی منداڵەکانی.
گوڵ هێشتا دەڕوێت، بەڵام ئەوەی دەبوو لە ژیاندا گوڵ بێت، ئێستا لەسەر گۆڕە.
تێبینیی ڕەخنەیی: ئەم خوێندنەوەیە لەسەر تۆڕی نیشانەکان و پەیوەندیی ناوخۆییی دەق دامەزراوە، نەک لەسەر ژیانی نووسەر یان مەبەستی کۆتاییی ئەو. هەروەها، خوێندنەوەی سیاسیی دایک وەک نیشتمان، یەکێکە لە ئەگەرە ماناییەکانی دەق، نەک مانایەکی تاک و داخراو. بەتایبەتی دەبێت یارییە دەنگییەکان و گۆڕانی نێوان «قیژە»، «گۆرانی» و «گڤ ڤ گڤ ڤ» بەشێک لە پێکهاتەی شێعریی دەق بمێننەوە، نەک تەنها ئامرازێک بۆ گەیاندنی پەیامێکی سیاسی.
دەنگی دایک؛ لە تاقەتی ئەیووبەوە تا هیوای ژیان
لە خوێندنەوەی دەقی «دەوار»دا، دایک نابێت تەنها وەک نیشانەی نیشتمان، شوێنی خەم و یادەوەریی منداڵە لەدەستچووەکان بخوێندرێتەوە. لە هەندێک دێڕدا دایک دەنگی خۆی هەیە؛ دەنگێک کە لە ژێر دەنگی بێژەردا نامێنێتەوە، بەڵکوو خۆی دەبێتە سوژەی دەق و ماناکان دەگۆڕێت.
دێڕی «هێڵێک کۆڕەکەم، هێڵێکیش تۆ، یا ڕەببی سەوزی کەی!» نموونەیەکی ڕوونی ئەم دەنگەیە. لێرەدا دایک ڕوو لە خودا دەکات و بە شێوەیەکی تایبەت، ژیان دابەش دەکات؛ هێڵێک بۆ کوڕەکەی، هێڵێکیش بۆ ئەوی تر. ئەو دابەشکردنە تەنها جووڵەیەکی زمانی نییە، بەڵکو دەربڕینی هەوڵی دایکە بۆ پاراستنی هەردوو لایەنی ژیان و چارەنووسی منداڵەکانی. لە کۆتاییدا، «یا ڕەببی سەوزی کەی!» دەنگی پاڕانەوەیە بۆ گەڕانەوەی سەوزایی؛ بۆ ئەو کاتەی کە ژیان لە شوێنی خەم و وشکەساڵی دەست بە گەشەکردنەوە بکات.
لە دێڕی «لە تاقەتم داکەوێ…»یشدا، تاقەت و ئازار دەبێتە بەشێک لە ئەزموونی دایک. بەڵام ئەم تاقەتە تەنها بەرگەگرتنی ئازار نییە؛ تاقەتی چاوەڕوانییە، تاقەتی دایکێکە کە لە ناو ئازاردا چاوەڕێیە منداڵەکەی لەو دۆخەی تێیدایە دەرچێت و بێتە ناو سنەوبەر و ژیان. بەمەش ئاماژەی ئەیوب مانایەکی زیندووتر و جەستەییتر وەردەگرێت. ئەیوب نیشانەی سەبرە، بەڵام سەبری دایک لێرەدا تەنها سەبری بەرگەگرتنی ناخۆشی نییە؛ سەبری هیوایە بۆ دەرکەوتنی ژیان.
ئەمەش پەیوەندییەکی گرنگ لەگەڵ نیشانەی دار و سنەوبەر دروست دەکات. دار لە بەشەکانی دیکەی دەقەکەدا دەتوانێت نیشانەی سێدارە و مردن بێت، بەڵام سنەوبەر لەم خوێندنەوەیەدا شوێنی گەشە و ژیانە. هەمان جیهانی دارستان، لە یەک لاوە یادەوەریی مردن و لە لایەکی دیکەوە هیوای گەڕانەوەی ژیان لەخۆ دەگرێت.
هەروەها بانگەکەی «دایکە، دایک…» نابێت وەک پاتکردنەوەیەکی ڕەوانبێژی بخوێندرێتەوە. ئەوە دەنگی کەسێکە کە لەگەڵ دایکەکەی پەیوەندییەکی هەستی و مرۆیی هەیە؛ وەک ئەوەی بڵێت: دایکە، ئیتر چی لێ دەکەیت؟ چی پێ دەڵێیت؟ تەنانەت ئەگەر هەڵەشی کردبێت. لەم بانگەدا گڵەیی هەیە، بەڵام خۆشەویستی لە گڵەییەکە گەورەترە.
بەم شێوەیە، دایک لە دەقەکەدا تەنها ئەو کەسە نییە کە بێژەر باسی دەکات؛ خۆی دەدوێت، پاڕانەوە دەکات، هیوای هەیە و لەگەڵ ئازاردا تاقەت دەگرێت. ئەوەی گرنگە، دەنگی دایک بە دەنگی نیشتمان یەک ناگرێتەوە، بەڵکوو هەردوو ماناکە دەتوانن لە یەک کاتدا ئامادە بن: دایک وەک مرۆڤێکی خاوەن دەنگ و هەست و هەڵوێست، و دایک وەک نیشانەیەکی فراوانتری کۆمەڵایەتی و مێژوویی.
لە کۆتاییدا، سەبری دایک تەنها سەبری ئەوە نییە کە منداڵەکانی لەدەست داوە؛ سەبری ئەوەشە کە هێشتا چاوەڕێیە منداڵەکەی لە ئازار و تاریکی دەرچێت و بێتە ناو سنەوبەر و ژیان. لەبەر ئەوە، دەنگی دایک لە «دەوار»دا تەنها دەنگی مەینەتی نییە؛ دەنگی هیوایە، هیوایەک کە تەنانەت لە ناو خەم و مردنیشدا هێشتا داوای سەوزایی دەکات.