ژنەفتن ژنەفتن
شیعر

لە بەندەری تەمدا.. مەرەکەبێک دەڕشێتەوە

١

من لە هۆزی ئەو باڵندانەم،

کە تەنیا بۆ غەریببوونی خۆیان، 

نەک بۆ چەپڵە،

 دەزانن لەسەر ته‌لی کارەبای گۆڕەپانەکان بنیشنەوە

کاتێک با کڵاوی پێغەمبەرە درۆینەکان دەبات،

من نینۆکەکانم لە جەستەی کڕێوەیەک گیر دەکەم و

ملوانکەیەک لە گەڵای مێو، 

لە گەردنی تەنیایی خۆم دەئاڵێنم

سیاسەت؛ پیرەژنێکی مه‌ست و

حیزب ئەو سۆزانییەیە،

کە لەسەر سەکۆی شەقامەکاندا بە ڕووتی سه‌ما ده‌کەن و

من..

ئەو ڕێبوارە شەرمنەم،

چاوەکانم لە نێو جانتای پڕ لە تەمەنمدا دەشارمەوە،

نەبادا پریشکی ئەو حەیاچوونە،

بەر داوێنی نزا چاکەکانم بکەوێت

٢

ئێرە ڕۆژهەڵاتە..

نشینگەی ئەو خودایانەی،

کە لە قوڕی سوور دروست کراون

لێرە، 

یاسا وەک داپیرەیەکی پیر وایە؛

پێش ئەوەی منداڵەکە لەدایک بێت،

تەفسیری گریانەکەی دەکات

یاسایەک..

کە وەک پشیلەیەکی ڕەش لە تاریکیدا دەگەڕێت و

بۆنی پیتی نێو دەفتەرەکان دەکات

ئەگەر لەجیاتی نێرگز،

بۆنی بارووتیان لێ بێت

فوو لە مۆمی پەنجەکان دەکات

٣

لەو پەرستگا کۆنانەی کە مێژوو لێیان دانیشتووە

دایکم بە چەرچەفێکی شینەوە،

نوێژی بۆ ماسییەکانی نێو گۆمە تەڵخەکان دەکرد

باوکم، 

دەستی گرتم و 

بە نێو گەرووی شاخە سەرکەشەکاندا بردمی

ئەوێ،

کە تێیدا عەشق شێتێکی زنجیرکراو بوو،

نەک پیاوێکی ئایینیی هێمنی،

ژێر سێبەری خاچ و منارە

ئێمە لەم خاکەدا،

شەرابمان لە کوپەی خەم دەخواردەوە و

سێبەرەکانمان لە ترسی جەلاد، 

پێش خۆمان ڕایان دەکرد

کارەسات ئەوە نییە ستەمکارێک لە دایک دەبێت

کارەسات ئەوەیە،

کە لە نێو منداڵدانی شۆڕشدا،

تۆوی دێوەزمەیەک شین دەبێت

٤

تەماشا کەن.. 

لە کەناراوەکانی نیشتماندا،

کەشتییەک دەبینم،

بە چوار ڕەنگ نا،

بە ڕەنگی شەو داپۆشراوە

قەفەسەکان لە ئۆقیانووس دەپەڕنەوە

ئەمجارە، 

ئاژەڵە دڕندەکان نین کە غەریبن،

ئەوە ڕۆحی مرۆڤەکانە،

کە بە زنجیری یاساوە، 

لەسەر تەختەی پێشەوەی زیندانە دەریاییەکان

سەما بۆ کەنارە بێگانەکان دەکەن

ئەی خاکە دێرینەکەم

ئەی نیشتمانی چوار مێخ کراوم

ئەی وڵاتی دابەشکراو لە نێوان چوار دۆزەخدا

با شانۆ و ڕۆژنامەکان باسی چێژ بکەن

ئەو چێژە تەمەن سێ هەزار ساڵەی،

کە لە دەفتەری فەیلەسوفە مردووەکاندا مەییوە

بۆ من..

ئەم سەردەمە، سەردەمی وێرانەیە

دەمەوێ لەنێو کڕنۆشی بەردە خوێناوییەکانمدا بمرم،

نەک لەژێر بنمیچی کۆشکە سپییەکاندا،

بێدەنگ سەر بنێمەوە

٥

ئەی خەڵکە خۆشباوەڕەکە

کاتێک پێتان دەڵێن: 

یاسایەک بۆ ئازادی هات

پەنجەکانتان بژمێرن..

نەبادا دانەیەکیان قرتابێت

ئەو یاسایە، چەقۆیەکی نەرمە؛

پێش بڕینی گەرووتان،

لایەلایەتان بۆ دەکات

ئەمەیە حیکمەتی ڕۆژهەڵات،

کە تێیدا پێنووسەکان دەبن بە داری سێدارە و

شاعیرانیش،

دەبن بە پاسەوانی گۆڕستانی وشەکان

blank
دەربارەی نووسەر
نووری بێخاڵی
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە