ژنەفتن ژنەفتن
وتار

لە چاوی خەڵکەوە بۆ یاخیبوونی جەستە


خوێندنەوەی شیعر لە ڕێگەی بەراوردکارییەوە، هەمیشە دەرگای نوێ بەڕووی ناسینی جیهانبینیی شاعیراندا دەکاتەوە، بەتایبەت کاتێک تەوەری بەراوردەکە وێنەیەکی هاوبەشی وەک «بە سەر ڕاکردن یان بەسەردا چوون» بێت لە دڵداریدا. سەعدی شیرازی وەک پێشەنگی گوتاری ئەوین لە ئەدەبی فارسیدا، و مەحوی وەک لوتکەی وردەکاری و قووڵیی شاعیرانە لە ئەدەبی کوردیدا، یەک دیمەنی هاوشێوە، بە دوو ئاڕاستەی جیاوازدا دەبەن کە لێرەدا لێکدانەوەی هەردوو دۆخەکە دەخەینە ڕوو.

سەعدی لە بەیتەکەیدا تەکنیکی «چاوەڕوانیی پێچەوانە» بەکار دەهێنێت. خوێنەر لە سەرەتادا وا دەزانێت شاعیر شەرم لە خەڵکی دەکات کە بە دوای یاری کەوتووە، بەڵام لە کۆتاییدا کتوپڕ ئاڕاستەکە دەگۆڕێت:

میان خلق ندیدی که چون دویدمت از پی؟

زهی خجالت مردم، چرا به سر ندویدم!

لێرەدا شەرمەزارییەکە لەبەر تانەی خەڵک نییە، بەڵکوو شەرم لە ناتەواویی ئەوینە! سەعدی شەرم لە خەڵک دەکات کە بۆچی لە کاتی ڕاکردن بە شوێن یاردا، کەمکاریی کردووە! دەڵێ: شەرمەزارم لەبەردەم ئەم خەڵکەدا کە بۆچی بە پێ ڕامکردووە نەک بە سەر، تا نیشانی بدەم هێزی ئەوینەکەم چەندە مەزنە. لێرەدا جەستەی سەعدی یەکپارچەیە و کێشەی لەگەڵ ئەندامەکانی خۆی نییە، بەڵکوو هێشتا چاوی چاودێری کۆمەڵگە وەک پێوەرێک لە هۆشیاریدا ئامادەیە و چەشنێ کێشمەکێشە لە نێوان «من» و «ئەوی تر»دا.

بەڵام کاتێک دێینە سەر شیعرەکەی مەحوی، جیهانبینییەکە بە تەواوی دەگۆڕێ بۆ دۆخێکی دەروونیی قووڵ. مەحوی تێگەیشتنی ئێمە بۆ جەستە و یاساکانی سروشت سەرەوژوور دەکات:

گلەی پێشم لەسەر سەر هەم بووە بار

کە دی من دولبەرم هات و بە سەر چووم

لێرەدا خەڵک بە تەواوی وەلادەنرێن و کایەکە دەبێتە یاخیبوونێکی سەیر لە نێوان ئەندامانی جەستەی شاعیردا. کاتێ یار دێت، مەحوی بۆ ڕۆیشتن بەرەو لای، «سەر»ی خۆی دەکاتە ئامرازی ڕۆیشتن و بە سەردا دەچێت نەک بە پێ. لێرەدا «پێ» لەم بەشدارییە شەرەفمەندانەیە بێبەش دەبێ؛ بۆیە بە توندی گلەیی لە «سەر» دەکات و دەڵێت: «بۆچی ئەو شانازی و هێزەت بە من نەبەخشی کە بەرەو ڕووی دڵبەر بڕۆم؟ بۆچی منت هێشتەوە و بە سەردا ڕۆیشتی؟» بەهۆی ئەم گلەیی و ناڕەزایەتییەوە، «پێ» کە هەمیشە ئەرکی هەڵگرتنی جەستەی لەسەر بووە، ئێستا بەهۆی ئیرەییبردنی بە سەر، سەرەوژوور دەبێتەوە و دەبێتە بارێکی گران لەسەر شانی «سەر»! ئەمە پیشان دەدا چۆن هاتنی دڵبەر تەواوی لۆژیک و هاوسەنگیی فیزیکیی عاشق تێک دەدات و کێبڕکێ دەخاتە نێوان ئەندامەکانی جەستەوە بۆ گەیشتن بە یار.

بۆیە من پێم وایە ئەگەر لای سەعدی «بە سەر ڕاکردن» تەنیا ئاوات و تەمەننایەک بێت بۆ چاککردنەوەی شێوازی دەربڕینی ئەوین لەبەر چاوی خەڵک، لای مەحوی «بە سەر چوون» دۆخێکی کرداری و جەستەیییە. مەحوی جەستەی خۆی سەرەوژوور دەکات؛ سەر دەکاتە پێ و پێ دەکاتە بار، تەنیا بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت هیچ ئەندامێکی جەستەی ناخوازێت لە شەرەفی گەیشتن بە یار بێبەش بێ. ئەم ململانێ دەروونییەی ئەندامەکان، واتا و مانا ناوازەکەی مەحوی زۆر لێبڕاوانەتر و پڕاوپڕتر دەکات لە تێڕوانینە کۆمەڵایەتییەکەی سەعدی.

blank
دەربارەی نووسەر
سۆران موحەمەدی
هەموو بابەتەکانی ئەم نووسەرە