ئێوارەیەکی شینە
باران پێیەکی لە ئاسمان و پێیەکی لە زەمینە.
بەڵام ئیتر کێ گرینگی بە تەڕەساڵی و سەوزاییی سەحرا ئەدا؟-
کە ڕەهێڵە هەرچی کەوتە بەر تەوژمی
برژاندی و خەزانی کرد.
-وینستۆن لە دوێنێ گرانتر بووە
ئیدی بەهمەنیش کار ناباتە ئاکام
پاکەتێک تیر نەبێ.
ئەچمە لای پەنجەرەکە و سەیری کۆڵانەکەمان ئەکەم..
پیرەپیاوێک عەرەبانەیەکی پیرتر لە خۆی پێیە و خەریکی کۆکردنەوەی شەخەڵە
بیر ئەکەمەوە:
ئاخۆ ژیان ڕێکترە یان ژان؟-
دێمەوە و لەسەر کورسییە بەناوبانگەکەم دائەنیشم، لاپەڕەیەک دەردێنم و پێنووسێک ئەکەمە هاوڕێی سپێتییەکانی
بۆ کوێ ناڕوا ئەم خەیاڵە خەڵەتاوە بە خەڵات!
بەڵام باڵی ئەم لاپەڕە بۆ هەموو مەژگم بەش ناکا-
هەر بەم چەن سانتە ڕازی ئەبم.
ئەکەومەوە بیری برینەکانم- بەهاری ئەوساڵیش نەیتوانی هیچی لێ بڕوێنێ.
لە گۆشەیەک ئەنووسم بچووک: بەهار، ئەفسانەیەک زیاتر هیچی تر نەبوو.
کە حزبەکان ئێمەیان پێ خەڵەتاند.
بیرەیەک هەڵئەدەم و بیر بە بیرە نەوتەکان ئەکەمەوە و ئەترسم ڕۆژێک چاڵەکان خۆڵ زیاتر هیچی تر نەتفێننەوە
لە گۆشەیەکی تر ئەنووسم:
دڵنیا بن! خەڵکی خەوپیاکەوتووی خەراباتەکانی هەمیشە مەست
دڵنیا بن!
ڕۆژێ دێ-کە ڕۆژ ناتوانێ نەهاتن-
چاڵەنەوتەکان تەواو ئەبن
چیتر نەوتی ڕەشی لەشی ئەم وڵاتەیان دەس ناکەوێ
ئیتر هەموومان ئەگرن و لە دەمارەکانمان چاڵە نەوت ئەگەڕێن.
لە ناکاو دەنگە دەنگێ دێ
سەر هەڵئەبڕم ئەبینم
ئیزرایڵ سواری مووشەکێک بووە و بەرەو بادییەیەکی نادیار ئەڕوا
بای بای ئەکا!
ئەمخاتەوە بیری جەنگ
ئەنووسم بە ڕەنگی سوور و ڕەش و گەورە لە سەر لاپەڕەکە:
جەنگ، منداڵانەترین یارییەکە گەورەکان ئەیکەن.
بیری دایک و باوکم ئەکەومەوە و هەناسەکانیان.
بەس بوو بیانبیسم تا بزانم
هەناسەکانیان شاد کێشاوە یان نا؛
درێژدە ئەدەم:
من هەناسەناسێکی لێهاتووم…
بەشێکی زۆری لاپەڕەکە ئەهێڵمەوە بۆ نووسینی شتێ کە نازانم چییە.
تا… (با) یادەکانی تۆ دێنێ و بە فۆنتی تەڕی باران و پیتی بەپەلەی دڵۆپ، لەسەر پەنجەرەکەم ئەینووسێ..
دەس ئەکەم بە نووسینی دەقێکی نوێ
شتێک کە وابزانم شێعر نییە
وە کەسیش بە شێعر قبووڵی نییە
-تۆ تێیتە کایەی ئەم ناشێعرەوە-
بەڵام ئەمە ڕازێکی دەمەو ئێوارەیە و
زامێکی هەتا هەتاو هاتنە
هەر تۆ ئەیزانی و
با هەر خۆیشت بیزانی
ئەوەی باسی تۆی تێ بکرێ.. شێعرە
تەنانەت ئەم چەن دێڕە!