ئەمشەو،
تەمی شەوقێک لە شووشەی پەنجەرەکەم دەدات،
کە هەم جەلادە و هەم پەیامبەر
بەرلەوەی بمرم،
بە تیشکێک دەمکوژێت و
دوای ئەوەی دەبم بە خۆڵەمێش،
بە فوویەکی سارد،
لەنێو شووشەی چاوەڕوانیدا،
دەمژێنێتەوە
من لەم هەرێمە غەریبەدا،
دڵم نەخۆشخانەیەکی چۆڵە و
زمانم،
عیسایەکە لەسەر عارەبانەی کەمئەندامیی وشەکان
دەستەکانی بە تەلەفۆنی بێدەنگییەوە بەستراون و
کاتێک دەیەوێت بڵێت: خۆشمدەوێیت،
جیهان دەبێتە تەمومژێکی چڕ و
دێڕەکان لەژێر پێی هێماکاندا دەپلیشێنەوە
من لێرەم…
لەسەر شەقامێک کە هێڵەکانی درێژکراوەی حەسرەتن
هەر هەنگاوێک،
بزمارێکە بۆ سەر جەستەی ڕێگا
هەر تەماشاکردنێک،
خاچێکی مۆدێرنە لە کۆنکرێت و ئاسن و دووکەڵ
من لەسەر ئەم خاچانەدا،
خوێن نا،
کاتژمێرە مردووەکانی تەمەنم هەڵدەواسم
ئەی ئەو کەسەی لە ناوەوەی مندا بەتاڵیت!
شەوقی تۆ، وەک تیشکی لەیزەر،
پێستی ناوەوەی یادەوەریم دەسووتێنێت و
لۆژیکی یادیشت،
برینەکانم بە خوێی فەرامۆشی ساڕێژ دەکات
ئێمە لە سەدەی سڕبوونی وێنەکاندا دەژین
دڵم عیسایەکە،
بەڵام بێ هەست
خاچەکەشم چوارڕێیانێکی قەرەباڵغە لە نائومێدی
تۆ،
لە یارییەکی ئەلیکترۆنیی بێدەنگدا،
کە تێیدا،
تەنیا کۆدێکی سەرگەردانم لە نێوان مەرگ و مانەوەدا،
دەمکوژیت و دەمژێنیتەوە