پیاوێک لە تەنیاییدا
تەنیایییەکانم خەو دەبینێت و
من لە ڕۆژئاوای برینەکانم
جانتایەکم بە کۆڵی نیشتماندا
شوستەی غەریبیم دەپێوم و
لە ڕۆژهەڵاتی جەستەمیشدا
بێدەنگییەکانم تۆمار دەکەم
بستێک لە هەناسەم لە ئارشیڤی
مان گرتووم بۆ مانکەنەکانی
سەر شاشەی ئەوروپا دەنێرم
ئەودیوی هەڤاڵەکان
ژنێ بە لەهجەیەوە بزە دەیگرێتەوە
نینۆکەکانم بە لێڵیەکانی سەر شاشە
کایە دەکەن
هێشتا لە نامۆیی ژیان
ئەگەرەکانی هاوینم کاڵ ئەڕوێنن
خوماری خاوە بە خەیاڵمەوە
پیاوێکیش ئیدی هەنار ناگۆشێت
بۆ شەوەکانی پاییزی و
لە سەر لێوی حەزەکانی
گەردەلولێک نیشتووە
لە دەستە خاڵییەکانی تماشای
ئیدی خەون بە خەونەکانیشی
نابینێت و لە جەستەی ژنێکدا
باڵا ناکات
سپیەتی زستان دەردێکە و
دەستەکانی لە گوڵە سپییەکانی
سەر کراسەکەم وەرینێکە.