لە دەورووبەری ئەو شارەی تێیدا نیشتەجێم
گوندێک،
لەبەر گوڵی لەبەر چیرۆکی جوانی
ناتوانم وەک ناشرینترین گوندی دونیا ناوی بهێنم.
لەوێدا پیاوێک دەژی
هەموو تەمەنی لە گۆشەیەکدا و
بە شینایییەوە قاڵە.
لە نالەباری و
لەدەمی شەڕدا
بگرە لە ئەنفالی کورددا
چۆڵی نەکرد!
کێڵان و چاندن لە خاکی دایکە زەویدا
هەرگیز دەرفەتی نەدابوو
لە جەستەی ژنێکدا تۆوی خۆی بچێنێ
تا منداڵی بۆ بخاتەوە و
کوڕێک تا ناوی هەڵگرێ
بە ڕەحە شێت و پیاوی خێو ناویان دەبرد!
بیرمە منداڵ بووم
بۆ یەکەم جار سەردانی ماڵیم کرد
خانووی گڵی یەک ژوور بوو
لەسەرووی دۆڵێک لە سەوزایی هەڵچنرابوو
لە تاقیدا ئاوێنەیەکی بچووک هەبوو
دەستم دایە و بەترسەوە
تەماشای خۆمم تێیدا کرد و
خێرا خستمەوە جێی خۆی!
درەختییم وەک خێوی نووستوو دەبینی.
من ڕووخسارخوێنی باشم تەنانەت ئەوکاتیش،
تا خۆییم نەدیت باوەڕم بە چیرۆکخوان کرد.
لەو ساتەوە هەر شینایییەک دەبینم لە پاڵ دەستی خودادا
دەستی ئەوم بیر دەخاتەوە و
درەخت ناوی ئەوم بەگوێدا دەدا
وەک ئەوەی هەموو درەختی دونیا کوڕی ئەو بن.