کاره‌کته‌ر له‌نێوان دنیای نێو ڕۆمان و دنیای ڕاسته‌قینه‌دا
ئه‌ره‌ستۆ ده‌ڵێ، شیعر له فه‌لسه‌فه کاریگه‌رتر و له مێژوو ڕاستگۆتره، چونکه شیعر ڕاستییه سه‌رتاسه‌رییه‌کان ده‌رده‌بڕێ، به‌ڵام مێژوو ڕاستییه‌کی دیاریکراو ده‌گێڕێته‌وه. ئه‌م قسه‌یه مشتومڕی زۆری به‌دوای خۆیدا هێنا و هه‌ندێك له توێژه‌ره‌کان له پانتاییه‌کی فراوانتره‌وه سه‌یری بانگه‌شه‌که‌ی ئه‌ره‌ستۆیان کرد، به ڕاده‌یه‌ك نه‌ك هه‌ر شیعر، به‌ڵکوو هه‌موو ئه‌ده‌ب بگرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌م باسه‌ی ئێمه گرنگه ڕۆمانه، که کاره‌کته‌ر و ڕووداوی تیادا پیشان ده‌درێ. بۆیه، ده‌کرێ بپرسین: چۆن ڕۆمان، که له بنچینه‌دا له چه‌ند ڕووداوێکی دیاریکراو پێك هاتووه، ڕاستییه‌کی سه‌رتاسه‌ری یا گشتیمان پێ ده‌به‌خشێ؟
مرۆڤ ده‌توانێ به ئاسانی بانگه‌شه‌ی ئه‌وه بکا، که دروستکردنی کاره‌کته‌ر له ڕۆماندا، ئه‌گه‌ر ئه‌و ئاماژانه‌ی، که لێی ده‌بنه‌وه، له‌به‌ر چاو بگرین، ڕاستییه‌کی سه‌رتاسه‌ری یا گشتیمان پێ ده‌به‌خشێ. به واتایه‌کی تر، پێویسته کاره‌کته‌ری ڕۆمان به‌و شێوه‌یه وه‌ربگیرێ، که نموونه‌ی چینێکی دیاریکراوه له خه‌ڵك. له ئه‌نجامدا، ئه‌و ئاماژانه‌ی له‌م کاره‌کته‌ره ده‌بنه‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌و ڕووداوانه‌ی به سه‌ر ئه‌م کاره‌کته‌ره‌دا دێ، گوزارشت له‌و چینه و هه‌روه‌ها له‌و ڕووداوانه‌ی تووشی ئه‌و چینه دێن، ده‌که‌ن. بێگومان ئه‌م بانگه‌شه‌یه، ئه‌گه‌ر وردتر سه‌یریی بکه‌ین، چه‌ند کێشه‌یه‌کی لێ ده‌که‌وێته‌وه. چۆن؟ ئاشکرایه، که ڕۆماننووس له هیچ شوێنێکی ڕۆمانه‌که‌ی، ڕاسته‌وخۆ باس له‌وه ناکا، که کاره‌کته‌ره‌که‌ی گوزارشت له چینێکی دیاریکراو له خه‌ڵك ده‌کا. ئه‌وه‌ی مه‌زه‌نده‌ی ئه‌م ده‌رهاویشته‌یه ده‌کا، ئێمه‌ی خوێنه‌رین. زۆر جاریش هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك بۆ ئه‌م ده‌رهاویشته‌یه له ڕۆمانه‌که‌دا نییه. ڕۆماننووس ڕێبازی ژیانی مرۆڤێکی تاك ده‌کێشێ، که ڕه‌نگه گوزارشت له چینێکی دیاریکراوی خه‌ڵك بکا یا نه‌یکا، به‌ڵام ڕۆماننووس، خۆی، دوور و نزیك، گشتاندن بۆ ئه‌م گوزارشتکردنه ناکا. ئه‌مه یه‌کێکه له ڕاستییه‌کانی ڕۆمانی سه‌رکه‌وتوو. له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا، ئه‌و کاره‌کته‌ره، که گوزارشت له چینێکی دیاریکراو ده‌کا، له هه‌مان کاتدا، هه‌ر له چوارچێوه‌ی ئه‌م چینه خه‌ڵکه‌دا، سه‌ر به توێژێکی تریشه. بۆ نموونه، ده‌کرێ ژن یا پیاو بێ، یان گه‌نجێکی ناپاك، ڕابه‌رێکی گه‌شتیاری، مامۆستایه‌ك، پزیشکێك یان که‌سێکی ڕه‌وشتبه‌رز و هه‌زاران نموونه‌ی له‌م شێوه‌یه بێ. بۆیه، ئه‌گه‌ر که‌سێك سه‌ر به چینه خه‌ڵکێکی دیاریکراو بێ، مانای ئه‌وه نییه ده‌بێته نموونه‌ی ئه‌و چینه، به تایبه‌تی کاتێك ئه‌م بهنموونهبوونه وا وه‌ربگیرێ، که گوزارشته له ته‌واوی کۆمه‌ڵه خه‌ڵکێك، خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندیی هاوبه‌ش و دیاریکراویان هه‌یه، که جیاوازن له خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندێتییه‌کانی کۆمه‌ڵه خه‌ڵکێکی تر و هیچ نیشانه‌یه‌کی جیاکهرهش له‌نێوان ئه‌ندامانی سه‌ر به‌و کۆمه‌ڵه خه‌ڵکه‌دا نییه، ئه‌گه‌ر هه‌ش بێ، زۆر ده‌گمه‌نه. لێره‌دا ده‌توانین بڵێین، بایه‌خی گوزارشتکردنی ئاوا له‌باری سایکۆڵۆژییهوه هه‌رچییه‌ك بێ، به‌ڵام کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی ڕۆمان نابێته نموونه بۆ چینێکی دیاریکراو و بایه‌خه‌که‌شی بۆ ئێمه، ئه‌وه نییه، که ده‌بێته نموونه بۆ ئه‌و چینه. ئه‌وه‌ی له خوێندنه‌وه‌ی هه‌ر ڕۆمانێکدا به مێشکی ئێمه‌دا دێ، ئه‌وه‌یه، که ئه‌و کاره‌کته‌ره تاکێکه به هه‌موو تایبه‌تمه‌ندێتییه کهسێنییهکانییهوه، هیچ تاکێکیش له دونیادا نابێته نموونه‌ی چینێك، سه‌باره‌ت به‌وه‌ی هه‌موو تاکێك نیشانه‌ی که‌سێنیی جیاکه‌ره‌وه‌ی هه‌یه، که له‌و چینه، جیای ده‌کاته‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر کاره‌کته‌رێکی ڕۆمان گوزارشت له چینێکی دیاریکراو بکا، که‌واته، هیچ بایه‌خ به‌م تایبه‌تمه‌ندێتییه و نیشانه جیاکه‌ره‌وه کهسێنییه نادا له کاره‌کته‌ره‌که. بێجگه له‌مه‌ش، کێشه‌ی گوزارشتکردنهکه له‌وه دایه، کاتێك یه‌کێك له‌و تایبه‌تمه‌ندێتییه جیاکه‌ره‌وه کهسێنییانه به پێویست ده‌زانرێ بۆ ڕه‌وتی ڕووداوه‌کان یان هه‌ر به‌ڕێکه‌وت ده‌رده‌که‌وێ.
ئێمه ناتوانین وته‌یه‌کی گشتی ده‌رباره‌ی ڕه‌فتارکردن، بۆ هه‌موو که‌سێك به ڕاست بزانین، چونکه خه‌ڵك له ڕه‌فتار و هه‌ڵسوکه‌وتدا جیاوازن، ناتوانین بڵێین “هه‌موو که‌سێك به ڕه‌خنه‌لێگرتن تووڕه ده‌بێ”، چونکه هه‌ندێك که‌س هه‌ن، وانین. ئه‌گه‌ر مه‌ودای وته‌که سنووردارتر بکه‌ین و بڵێین: “ئه‌و که‌سانه‌ی سه‌ر به فیسار ڕه‌گه‌ز یا توێژن، ئه‌وا ڕه‌فتار و هه‌ستکردنیان شێوه‌یه‌کی دیاریکراو وه‌رده‌گرێ” و گشتاندن بۆ ئه‌م وته‌یه بکه‌ین، هێشتا هه‌ندێك خه‌ڵك هه‌ن له‌م پۆلینکردنه جیا ده‌بنه‌وه، چونکه ئه‌گه‌ر یه‌کێك له چوارچێوه‌ی ئه‌م توێژه یا ڕه‌گه‌زه‌دا، ڕه‌فتار و هه‌ستکردنی جیاواز بێ، ده‌توانین بڵێین سه‌ر به‌و توێژ یا ڕه‌گه‌زه‌که نییه، به‌ڵکوو سه‌ر به توێژی تره.
با، به‌ده‌ر له چین و ڕه‌گه‌ز و توێژه کۆمه‌ڵایه‌تییه جیا جیاکاندا، وته‌یه‌کی تر تاقی بکه‌ینه‌وه ده‌رباره‌ی هه‌ڵسوکه‌وت یا هه‌ستێکی تایبه‌تیی کارهکتهرێكی ڕۆمان، له‌ژێر هه‌لومه‌رجێکی دیاریکراودا، ده‌توانین بڵێین، هه‌ر که‌سێك، که کۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی هه‌بێ، وه‌ك ئه‌وانه‌ی نووسه‌ر ده‌یانخاته پاڵ کاره‌کته‌ره‌که‌وه له‌ناو کۆمه‌ڵێك هه‌لومه‌رجی دیاریکراوی، وه‌ك ئه‌وه‌ی نووسه‌ر له ڕۆمانه‌که‌یدا باسی ده‌کا، ئه‌وا ڕه‌نگه یا پێویسته به‌و شێوه‌یه ڕه‌فتار بکا یا هه‌ست بکا، که نووسه‌ره‌که بۆ کاره‌کته‌ره‌که ده‌یخاته ڕوو.
ئێمه زۆر جار ڕه‌خنه له شێوازی ڕوونکردنه‌وه‌ی ڕه‌فتاری کاره‌کته‌ری ڕۆمان ده‌گرین، چونکه وه‌کوو که‌سێکی ئاسایی ڕه‌فتار ناکا، واته، ئێمه بڕوا ناکه‌ین، که‌سێك، که نووسه‌ر ئاوا باسی لێوه بکات، له دونیای واقیعدا به‌و شێوه‌یه ڕه‌فتار بکا، که نووسه‌ر له ڕۆمانه‌که‌یدا ناچاری ده‌کا. بۆ نموونه، ئه‌گه‌ر کاره‌کته‌رێکمان هه‌بێ قوربانی به هه‌موو شتێك بدا له‌پێناوی گه‌یشتن به ئامانجێكی دیاریکراو، به‌ڵام کاتێك له ئامانجه‌که‌ی نزیك ده‌بێته‌وه، به بێ هیچ هۆکارێكی ڕوون، ده‌ستبه‌رداری بێ، ئه‌وا ڕه‌خنه له شێوازی دروستکردنی ئه‌و کاره‌کته‌ره ده‌گرین. ئه‌مه له‌به‌ر ئه‌وه نییه، گوایه خه‌ڵک له دونیای واقیعدا هه‌ندێك جار ده‌ستبه‌رداری ئامانجه‌کانیان نابن، کاتێك له‌و ئامانجانه نزیك ده‌بنه‌وه. زۆر خه‌ڵك وا ده‌که‌ن. هه‌ندێ که‌س له گه‌یشتن به ئامانج یا به‌رپرسیارێتییه‌کان ده‌ترسن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌م کاره‌کته‌ره‌ی ڕۆمان یه‌کێك بێ له‌مانه، پێویسته ڕۆماننووس له ڕوونکردنه‌وه و خستنه‌ڕووی کاره‌کته‌ره‌که‌وه بۆ خوێنه‌ر بیسه‌لمێنێ و قایلی بکا، که کاره‌کته‌ره‌که‌ی، به ڕاستی، یه‌کێکه له‌و جۆره کاره‌کته‌رانه.
کاتێك ئێمه، وه‌کوو خوێنه‌ر، له دونیای واقیعدا ببینین یه‌کێك ڕه‌نگه به‌و شێوه‌یه ڕه‌فتار بکا، که ڕۆماننووس له ڕوونکردنه‌وه یا دروستکردنی کاره‌کته‌ری ناو ڕۆماندا پیشانی ده‌دا، ئه‌و کاته ڕوونکردنه‌وه و دروستکردنی کاره‌کته‌ره‌که‌مان له‌لایه‌ن ڕۆماننووسهکهوه به‌لاوه په‌سنده، نه‌ك له‌به‌ر ڕێکوپێکی داڕشتنی کاره‌کته‌ره‌که یا سه‌باره‌ت به به‌رده‌وامبوونی به شێوه‌یه‌کی ڕاست و دروست یان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕه‌فتاره‌که‌ی بۆ ڕووداوه‌کان پێویسته، به‌ڵکوو سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له باری سایکۆڵۆژییهوه ڕێی تێده‌چێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ده‌شێ له‌م بۆچوونه به‌هه‌ڵه‌دا بچین، به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر زانیاریمان ده‌رباره‌ی سرووشت و مه‌ودای ڕه‌فتارکردنی مرۆڤ سنووردار بێ، چونکه، لێره‌دا، مه‌سه‌له‌که په‌یوه‌ندیی به پاشخانی ڕۆشنبیری مرۆڤه‌وه هه‌یه.
ئه‌م پێوه‌ره ته‌نانه‌ت ئه‌و مه‌رجه‌ش جێبه‌جێ ده‌کا، که زۆر جار باسی لێوه ده‌کرێ و ده‌ڵێ، نابێ کاره‌کته‌ری ڕۆمان ته‌نیا ڕه‌نگدانه‌وه‌ی دونیای ده‌ره‌وه بێ، به‌ڵکوو ده‌بێ شتێکی تازه بخاته پاڵ ئه‌و دونیایه، چونکه، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر هه‌ر کاره‌کته‌رێك له ڕۆماندا ته‌نیا ئه‌و تایبه‌تمه‌ندێتیانه‌ی هه‌بێ، که مرۆڤ له دونیای واقیعدا هه‌یه‌تی، به‌ڵام ڕاستییه‌که ئه‌وه‌یه، که ڕۆمان ئه‌م تایبه‌تمه‌ندێتیانه وه‌کوو کۆمه‌ڵه تایبه‌تمه‌ندییه‌کی تازه ده‌خاته ڕوو. هه‌ڵبه‌ت ئێمه ناتوانین به پاڵنه‌ره‌کانی کاره‌کته‌ری ڕۆمان بزانین یا تێیانبگه‌ین، ئه‌گه‌ر له دونیای واقیعدا ئه‌زموونمان له‌گه‌ڵیاندا نه‌بێ، واته، ئه‌گه‌ر ترس، تووڕه‌یی، خۆشه‌ویستی یا هه‌ر هه‌ست و سۆزێکی تر، که مرۆڤ له دونیای واقیعدا پێیانه‌وه ئاشانایه، ئه‌و پاڵنه‌رانه نه‌بن، که کاره‌کته‌ری ڕۆمان ده‌بزوێنن و هانی ده‌ده‌ن. ڕه‌نگه له هه‌موو دونیا که‌سێك نه‌بێ ڕێك وه‌کوو هاملێت بێ. که‌واته شه‌کسپیر، به‌و شێوه‌یه‌ی کاره‌کته‌ری هاملێت پیشان ده‌دا، شتێکی تری ده‌خاته پاڵ، که ڕه‌نگه ئێمه ئه‌زموونمان له‌گه‌ڵیدا نه‌بێ، نه‌ك هه‌ندێك دیو دووباره بکاته‌وه و هیچی تر. بۆیه کاتێك ئه‌م کاره‌کته‌ره بێهاوتایه ده‌خه‌ینه دۆخێکی بێهاوتا، که پێشتر هیچ مرۆڤێك پێیدا تێنه‌ڕیوه، ئه‌و کاته به‌ته‌واوی کاره‌کته‌ری ڕۆمان و دۆخهکهشمان له‌به‌رده‌ستدا ده‌بێ و ده‌توانین مه‌زه‌نده‌ی ئه‌وه بکه‌ین، ئه‌و کاره‌کته‌ره بێهاوتایه له دۆخه ئاڵۆز و تایبه‌تییه‌کان چۆن ڕه‌فتار ده‌کا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، پێویسته ئێمه دڵنیا بین، که که‌سێکی ئاوا له هه‌لومه‌رجی ئاوادا ڕه‌نگه وه‌ك ئه‌و کاره‌کته‌ره ڕه‌فتار بکا، که ڕۆماننووس پیشانی ده‌دا.
به هه‌رحاڵ، ڕه‌نگه هه‌موو که‌سێك ئه‌و ڕایه به په‌سند نه‌زانێ، که ده‌ڵێ، ڕاستییه‌کان ده‌رباره‌ی سرووشتی مرۆڤ، گرنگن یان، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر گرنگیش بن، تاڕاده‌یه‌ك فۆرمه‌که‌ی ئه‌ره‌ستۆ وه‌رده‌گرن، که ڕاستییه‌کی سه‌رتاسه‌ری پیشان ده‌ده‌ن، وه‌ك له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان بۆ کرد. ئۆسکار وایڵد قسه‌یه‌کی به‌ناوبانگی هه‌یه، له پێشه‌کی ڕۆمانی “وێنه‌ی دۆریان گرای”دا ده‌یخاته ڕوو، پوخته‌که‌ی ئه‌وه‌یه، که ڕۆمان وێنه سه‌ره‌تاییه‌کان پیشان ده‌دا و خه‌ڵكیش ده‌بن به وێنه‌ی ده‌قاوده‌قی ئه‌وان، زیاتر له‌وه‌ی ژیان ئه‌و وێنانه ببه‌خشێته ڕۆمان١. له دونیای واقیعدا هیچ وێنه‌یه‌کی ده‌قاوده‌قی کاره‌کته‌رێکی ئاڵۆزی وه‌کوو هاملێت یان جان سۆرێل له ڕۆمانی “سوور و ڕه‌ش”ی ستاندال یان چارلز سوان له ڕۆمانی “گه‌ڕان به‌دوای کاتی به‌سه‌رچوو”ی مارسیل پرۆست نییه، هیچ کاتێكیش بانگه‌شه‌ی ئاوا له ئارادا نه‌بووه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ده‌کرێ ڕه‌فتار و ڕوونکردنه‌وه‌ی کاره‌کته‌ر له ڕۆماندا به‌و ڕاده‌یه ڕاسته‌قینه و زیندوو بن، کاتێك له دونیای واقیعدا تووشی که‌سانێکی دیاریکراو ده‌بین، واده‌زانین وێنه‌یه‌کی ده‌قاوده‌قی کاره‌کته‌رێکن، که ڕۆماننووسێك دروستی کردووه. ئێمه یه‌که‌مجار کاره‌کته‌ری دۆنکیشۆته‌ی سێرڤانتس ده‌خوێنینه‌وه، پاشان، که له دونیای واقیعدا که‌سێك ده‌بینین تا ڕاده‌یه‌ك له دۆنکیشۆته ده‌چێ، ده‌گه‌ڕێینه‌وه بۆ ڕۆمانه‌که، وه‌کوو سه‌رچاوه بۆ جۆری ئه‌و که‌سه: وێنه بنچینه‌ییه‌که‌ی ئه‌و جۆره که‌سه له ڕۆماندا ده‌دۆزرێته‌وه. خه‌ڵك له دونیای واقیعدا ڕۆمانمان بیر دێننه‌وه. ئه‌گه‌ر ڕۆمان نه‌با، هه‌رگیز بیرمان له کاره‌کته‌رێکی له جۆری دۆنکیشۆته نه‌ده‌کرده‌وه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ئه‌گه‌رچی سێرڤانتس سه‌باره‌ت به ڕوونکردنه‌وه‌ی کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌که به‌هره‌داره، به‌ڵام هه‌ندێك تایبه‌تمه‌ندێتی، وه‌کوو زیاده‌ڕۆییه‌کی ڕۆمانتیکیانهی سه‌یر، هێرشکردنه سه‌ر دوژمنی خه‌یاڵی… تاد، له واقیعی ژیانی خه‌ڵك وه‌رگرتووه. ڕاستییه‌که ئه‌وه‌یه، یه‌که‌م جار خه‌ڵك له دونیا هه‌بوون، زۆر دوای ئه‌مه ڕۆمان ده‌رکه‌وت. ئێمه یه‌که‌م جار خه‌ڵك ده‌بینین، وه‌کوو خۆمان، ترس و خۆشه‌ویستی و گیانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه و چه‌ندان هه‌ستی تر ده‌یانبزوێنن، دوای ئه‌مه، کاره‌کته‌ره‌کان داده‌ڕێژین، که به‌م ڕێگایانه دهبزوێندرێن، نه‌ك به پێچه‌وانه‌وه. وێنه سه‌ره‌کییه‌کان له ژیاندا هه‌ن، به‌ڵام وێنه دواناوه‌ندییه‌کان، دواتر له ڕۆماندا ده‌رده‌که‌ون و خه‌ڵکیش له واقیعی ژیاندا به نۆره‌ی خۆیان له‌وان ده‌چن. نابێ بیریشمان بچێ، که هه‌موو که‌سێك ئه‌و وێنه سه‌ره‌کیانه‌ی ژیان، یان هه‌موو دیوه‌کانی ئه‌و وێنه سه‌ره‌کییانه نابینێ، وه‌کوو ڕۆماننووس ده‌یانخاته ڕوو، با له ژیانی ڕاسته‌قینه‌شدا هه‌بن.
به‌هه‌رحاڵ، ڕه‌نگه مرۆڤ، به هه‌مان شێوه بپرسێ، ئاخۆ پێویسته کاره‌کته‌ری ڕۆمان به هه‌مان سرووشتی ڕاسته‌قینه‌ی مرۆڤ، وه‌کوو له ژیاندا هه‌یه، هه‌ڵبسه‌نگێنین، به تایبه‌تی کاتێك ئه‌مه پێویستیی به زانیارییه‌کی دروست و به‌جێ و ڕوون هه‌یه ده‌رباره‌ی خه‌ڵك. بۆ نموونه، زۆربه‌ی خه‌ڵك هیچ زانیاری‌یان له‌باره‌ی هه‌ڵسوکه‌وتی که‌سێکی تووشبوو به شیزۆفرینیاوه نییه. بۆیه، ئه‌گه‌ر یه‌کێك به‌م نه‌خۆشییه‌وه له ڕۆمانێکدا ده‌ربکه‌وێ، ئایا خوێنه‌ر ده‌توانێ ڕه‌فتاری کاره‌کته‌ره‌که له باری سایکۆڵۆژییهوه به وردی هه‌ڵبسه‌نگێنێ؟ فرۆید پشتگیری له پیشاندانی نه‌خۆشی ده‌روونیی کاره‌کته‌ره‌که‌ی دیستۆڤسکی کرد، که به‌پێی شیکردنه‌وه‌ی زانستی، زۆر ورد بوو. ڕه‌نگه ئه‌مه بۆ دۆخی ئه‌و که‌سانه‌ی له‌باری سایکۆڵۆژییهوه نه‌خۆشن، ڕاست بێ، به‌ڵام ئایا هه‌موو خوێنه‌رێك به ڕاستی پێویستیی پێیه‌تی؟ ده‌شێ پیشاندانی کاره‌کته‌ر به‌م شێوه‌یه له‌گه‌ڵ سرووشتی مرۆڤ هاوته‌ریب بێ، به‌ڵام ئایا پێویسته خوێنه‌ر به ورده‌کاریی ئه‌م وێنه سایکۆڵۆژییه به‌م شێوه‌یه بزانێ؟ ئایا مرۆڤ ده‌توانێ زیاتر له ڕۆمان بگا، ئه‌گه‌ر ژماره‌یه‌ك کتێبی ده‌رباره‌ی نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌کان خوێندبێته‌وه؟ ئه‌مه له‌و پرسیارانه نییه، مرۆڤ چاوه‌ڕوانی وه‌ڵامه‌که‌ی نه‌کا، ڕه‌نگه یه‌کێك بڵێ: به‌ڵێ، من ئێستا، نه‌ك هه‌ر له دونیای واقیعدا، به‌ڵکوو له‌ناو ڕۆمانیش، باشتر خه‌ڵك ده‌ناسم. وا دابنێ یه‌کێك له کاره‌کته‌ره‌کانی ناو ڕۆمانێك وای لێ هاتووه، که به‌درێژایی ژیانی ڕقی له ژن بێ، چونکه دایکی په‌یوه‌ندییه‌کی سۆزداری لابه‌لای هه‌بووه، به‌ڵام گریمان زانستی سایکۆڵۆژیا به‌و ئه‌نجامه گه‌یشت، که بارێکی ئاوا ڕه‌هه‌ندێکی ده‌روونی زۆر جیاوازی هه‌یه و دایکه‌که زیاد له پێویست پارێزگاری له کوڕه‌که‌ی ده‌کا و به‌وپه‌ڕی هه‌ست و سۆزه‌وه دڵی لای ئه‌وه. لێره‌دا، ئایا پێویسته ڕه‌فتاری کاره‌کته‌ری ڕۆمان له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕوونکردنه‌وه زانستییه‌ی سایکۆڵۆژیا هاوته‌ریب بێ؟ ئایا ئه‌وه‌نده به‌سه، که پاڵنه‌ره‌کان له ڕۆماندا بۆ خوێنه‌ر به‌جێ بن و ڕێیان تێ بچێ و هیچی تر، بێئه‌وه‌ی گوێ به لێکدانه‌وه زانستییه‌که بدا؟ ئه‌گه‌ر وابێ، بۆ کامه خوێنه‌ر؟ بۆ هه‌ر خوێنه‌رێك؟
ئایا پێویسته پێوه‌ری ڕاستی، ده‌رباره‌ی سرووشتی مرۆڤ، به‌و شێوه‌یه‌ی لێ بکرێ، که ڕه‌ها نه‌بێ و له‌گه‌ڵ ئه‌و که‌سه‌ی، که ڕۆمانه‌که ده‌خوێنێته‌وه یان بۆ که‌سێکی ته‌واو ڕۆشنبیر بگونجێ؟ ئه‌گه‌ر که‌سێك پێیوابێ ڕه‌فتاری کاره‌کته‌ری ڕۆمان ڕێی تێده‌چێ، ئه‌وا له‌به‌ر ئه‌وه‌یه، ئه‌و هیچ هه‌ڵه‌یه‌ك له ڕه‌فتار و داڕشتنی کاره‌کته‌ره‌که نابینێ، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ڕه‌فتاری کاره‌کته‌ره‌که بۆ ده‌روونزانێکی شاره‌زا یان پزیشکێکی نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌کان په‌سندیش نه‌بێ. له‌وانه‌یه پزیشکێکی نه‌خۆشییه ده‌روونییه‌کان زۆر که‌م و کورتی له ڕه‌فتاری کاره‌کته‌ره‌که‌ی ناو ڕۆمان بدۆزێته‌وه: ڕه‌نگه به به‌ڵگه‌وه ڕایبگه‌یه‌نێ، که هیچ که‌سێك له‌و هه‌زاران که‌سه‌ی پێشتر چاوی پێیان که‌وتووه، به‌و شێوه‌یه ڕه‌فتاریان نه‌کردووه و به‌پێی ئه‌و بنه‌مایانه‌ی، به سه‌ره‌تای نه‌خۆشییه‌کی تایبه‌تیی مێشک تێکچوون ده‌زانرێ، هیچ که‌سێك ئاوا ڕه‌فتار ناکا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ڕه‌نگه که‌سێکی ئاسایی به‌مه نه‌زانێ و پێیوابێ داڕشتنی کاره‌کته‌ره‌که به‌ده‌ره له هه‌ر گله‌یی لێکردنێك. مرۆڤی ئاسایی هیچ کهموکورتییهك له داڕشتنی کاره‌کته‌ره‌که نابینێ، بۆیه، به داڕشتنه‌که قایله، ئه‌گه‌رچی ئه‌وانه‌ی زیاتر له سایکۆڵۆژیا ده‌زانن به داڕشتنی کاره‌کته‌ره‌که قایل نابن. په‌سندکردن یا په‌سندنه‌کردنی ڕه‌فتار و داڕشتنی کاره‌کته‌ر ده‌وه‌ستێته سه‌ر ئه‌وه‌ی، مرۆڤ له خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمان چی ده‌وێ یا چاوه‌ڕوانی چی ده‌کا. ئه‌گه‌ر یه‌کێك هه‌ر بۆ خۆشی بخوێنێته‌وه، ئه‌وا ده‌کرێ، لانیکه‌م مرۆڤی ئاسایی، دڵی باشتر به ڕواڵهتێتییهکهی خۆش بێ له‌وه‌ی به قووڵاییه‌که، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بیه‌وێ له خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمان، زانیاریی به‌ده‌ست بێنێ، به تایبه‌تی ئه‌گه‌ر به‌دوای بینینێکی قووڵتر بێ ده‌رباره‌ی سرووشتی مرۆڤ، ئه‌وا ده‌بێ بزانێ، ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌رباره‌ی ڕاستییه‌کانی سرووشتی مرۆڤ ده‌یزانێ، به‌و شێوه‌یه نییه.
که‌واته، ڕه‌خنه‌که ئه‌وه‌یه، له‌وانه‌یه ڕه‌فتار و شێوه‌ی داڕشتنی کاره‌کته‌ره‌کانی ڕۆمان له‌گه‌ڵ سرووشتی مرۆڤ له دونیای واقیعدا، هاوته‌ریب نه‌بن، به‌ڵام ده‌کرێ ڕۆمانه‌که په‌سند بێ. پێچه‌وانه‌ی ئه‌م ناڕه‌زاییه ئه‌مه‌یه: ده‌شێ ڕه‌فتار و داڕشتنی کاره‌کته‌ری ڕۆمان جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندی نه‌بێ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ سرووشتی مرۆڤ له دونیای واقیعدا هاوته‌ریب بێ یا ده‌توانین بڵێین، وشك و ناخۆش و بێئه‌نجام بێ یان هه‌ر ناڕه‌زایه‌تییه‌کی تری هاوشێوه‌ی بخرێته پاڵ. ڕه‌نگه نووسه‌ر به به‌ڵگه ئێمه به‌درۆ بخاته‌وه و بڵێ، خه‌تاکه هی خوێنه‌ره، نه‌ك هی ئه‌و، هه‌روه‌ها بڵێ، ئه‌گه‌ر خوێنه‌ریش ئه‌زموونی فراوانتر با، بڕیاره‌که‌ی جیاواز ده‌بوو.
به‌هه‌رحاڵ، هاوته‌ریببوونی ڕه‌فتاری کاره‌کته‌ر له‌گه‌ڵ ڕاستییه سایکۆڵۆژییهکان قووڵایی ده‌به‌خشێته کاره‌کته‌ری ڕۆمان، پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌ش، ڕۆمانه‌که ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه، چونکه کاره‌کته‌رێکی ڕووکه‌ش دێنێته به‌رهه‌م، به‌وپێیه‌ی ئه‌لقه‌یه‌ك له داڕشتنی کاره‌کته‌ره‌که بزره. لێره‌دا، ڕاستی و ڕه‌وایی کاره‌کته‌ره‌که مه‌ودایه‌کی سنوورداری ده‌بێ و ناگاته ئه‌و ئاسته‌ی ببێته کاره‌کته‌رێکی زیندوو، به‌ڵکوو، به بۆچوونی”ئی. ئێم. فۆرسته‌ر”۲، ده‌بێته کاره‌کته‌رێکی دووڕه‌هه‌ند زیاتر له‌وه‌ی سێ ڕه‌هه‌ندی هه‌بێ. ئه‌م ڕووکهشێتیه له کاره‌کته‌ر له‌و ڕۆمانانه‌ی، که به “mystery novels” ناسراون، وه‌کوو ڕۆمانه پۆلیسییه‌کان به ئاشکرا دیارن. ئه‌و ڕۆمانانه ده‌رباره‌ی تاوانێکی نادیارن و کاره‌کته‌ره‌که لێکۆڵینه‌وه له تاوانێکی نادیار ده‌کات، نموونه‌ش بۆ ئه‌مه، شارڵۆك هۆڵمز و جۆن واتسنی یاریده‌ده‌ریه‌تی له چیرۆکه‌کانی شارلۆك هۆڵمز، هه‌روه‌ها ڕۆمانه‌کانی ئه‌دگار ئالان پۆ و ئاجاسا کریستی. کاره‌کته‌ر ته‌نیا یه‌ك تایبه‌تمه‌ندێتی هه‌یه، که بۆ خوێنه‌ر ئاشکرایه: که‌سێك خراپه‌یه‌کی له‌گه‌ڵدا کردووه و ئه‌ویش به‌دوای تۆڵه سه‌ندنه‌وه‌یه. ڕه‌نگه ئه‌مه له‌گه‌ڵ سرووشتی مرۆڤ هاوته‌ریب بێ، به‌ڵام ئه‌م خه‌سڵه‌ته به‌ته‌نیا به‌س نییه بۆ ڕوونکردنه‌وه‌ی ڕه‌فتاری کاره‌کته‌ره‌که. ناشێ ڕۆماننووس به دڵنیاییه‌وه ڕایبگه‌یه‌نێ، که ڕوونکردنه‌وه‌یه‌کی تێروته‌سه‌لی کاره‌کته‌ر ته‌نیا به پیشاندانی دیوه ڕاسته‌قینه ڕووکه‌شه‌که، جێبه‌جێ ده‌بێ.
کاره‌کته‌ر ئه‌و کاته قووڵایی ده‌بێ، که فره‌ڕه‌هه‌ند بێ. ڕۆماننووسه‌کان له دروستکردنی کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌کان، ئینجا کاره‌کته‌ره پاڵه‌وانه‌که بێ یا دژه‌که، په‌نا بۆ ئه‌م فره‌ڕه‌هه‌ندییه ده‌به‌ن، ئه‌گینا له‌پاڵ ئه‌م کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کیانه کاره‌کته‌ری تریش به‌کار دێنن، که تاكڕهههندن و قووڵاییان نییه، وه‌کوو کاره‌کته‌ری “جێرتروود” له شانۆنامه‌ی هاملێت، کاره‌کته‌ری “خاتوو مۆدی” له ڕۆمانی “که باڵنده‌یه‌کی لاساییکهرهرهوه ده‌کوژیت” له نووسینی هارپه‌ر لی. هه‌ڵبه‌ت کاره‌کته‌ری فره‌ڕه‌هه‌ند کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌کانی ڕۆمانن، که ڕووبه‌ڕووی هه‌لومه‌رجه دژه‌کان ده‌بنه‌وه و له‌م ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌شدا گۆڕانکاریان به‌سه‌ر دێ و گه‌شه ده‌که‌ن. ئه‌م کاره‌کته‌رانه به‌درێژایی ڕۆمانه‌که وه‌کوو خۆیان نامێننه‌وه. بۆیه، ده‌ستنیشانکردنی تایبهتمهندێتییهکانیان له سه‌ره‌تاوه تا کۆتایی ڕۆمانه‌که ده‌بێته کارێکی سه‌خت. ئه‌م کاره‌کته‌رانه وه‌کوو کاره‌کته‌ری خه‌ڵکی ڕاسته‌قینه ئاڵۆزن، چه‌ندان دیوی ناکۆك و نه‌گونجاویان له که‌سایه‌تییه‌کانیاندا هه‌یه. بۆ ئه‌وه‌ی کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی له ڕۆماندا ڕێی تێ بچێ، پێویسته فره ڕه‌هه‌ند بێ، واته دیوی ده‌ره‌وه و دیوه سۆسیۆڵۆژی و سایکۆڵۆژییهکهی تێدا به‌رجه‌سته بێ. دیوی ده‌ره‌وه‌ی کاره‌کته‌ر، هه‌موو ئه‌و شتانه ده‌گرێته‌وه، که بۆ دونیای ده‌ره‌وه دیارن، له‌وانه، که‌سایه‌تییه‌که‌ی، به‌ڵام پێویسته بیرمان نه‌چێ، که ده‌شێ که‌سایه‌تییه‌که‌ی ڕاسته‌قینه بێ، هه‌روه‌ك له‌وانه‌یه ساخته بێ و وا خۆی پیشان بدا، وه‌کوو کاره‌کته‌ری مۆنترێسهر له چیرۆکی “به‌رمیلی ئهمانتیڵادۆ”ی ئه‌دگار ئالان پۆ، که له‌سه‌ره‌وه ئاماژه‌مان بۆ کرد. بۆیه، خوێنه‌ر، به‌بێ په‌نابردن بۆ ڕه‌هه‌ندێکی تر له ڕه‌فتاره ڕووکه‌شه‌کانی کاره‌کته‌ره‌که ناگا. دیوی ده‌ره‌وه تایبه‌تمه‌ندێتییه فیزیۆڵۆژییهکانی کاره‌کته‌ریش ده‌گرێته‌وه، وه‌کوو، باڵاکه‌ی، ڕه‌گه‌زی، باری ته‌ندروستیی، ڕه‌نگی پێستی، شێوه‌ی جه‌سته‌ی، ڕه‌فتاری، سرووشتی (تووڕه‌یه یا هێمن) و چه‌ندانی شتی تر. دیوه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌که بریتییه له پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی کاره‌کته‌ر، پیشه‌که‌ی، حه‌ز و خولیاکانی، هه‌ڵوێسته‌کانی، په‌یوه‌ندییه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی… تاد. بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ به ته‌واوی له کاره‌کته‌ر بگا، پێویسته به بنج و بناوانی ئه‌م تایبه‌تمه‌ندێتییه کۆمه‌ڵایه‌تیانه بزانێ، واته، ئه‌گه‌ر له هێزی جووڵێنه‌ری گه‌شه‌کردنی کاره‌کته‌ر تێنه‌گا، به ته‌واوی به پاڵنه‌ره‌کانی کاره‌کته‌ر نازانێ. ئه‌وه‌ی ده‌بێته هۆی ململانێکانی ناو دونیای ڕۆمان و ئاڵۆزی و ناکۆکی ناو چیرۆکه‌که دروست ده‌کا ئه‌و پاڵنه‌رانه‌ن.
هه‌ڵبه‌ت ڕه‌هه‌نده سایکۆڵۆژییهکهی کاره‌کته‌ر ڕه‌نگه به‌رهه‌می دوو دیوه‌که‌ی پێشووتر بێ یا نه‌بێ. ئێمه له چوارچێوه‌ی ڕه‌هه‌نده سایکۆڵۆژییهکهدا، ترسێکی گه‌وره له شتێك یا بارێك، جۆرێك له شێتێتی، شه‌رم، فۆبیا، لێکدانه‌وه‌ی به‌جێ، شێتگیریی، هه‌ستیاری، توانای تایبه‌تی، به‌هره و لێهاتوویی… تاد، ئه‌و کاره‌کته‌ره ده‌دۆزینه‌وه. هه‌ڵبه‌ت دونیابینی و ڕه‌فتار و جورئه‌تی بڕیاردان به‌ستراوه‌ته به‌و ڕه‌هه‌ندانه‌وه. ئه‌مانه ئامڕازه‌کانی ڕۆماننووسن له دروستکردنی کاره‌کته‌ری ئاڵۆز، تۆقێنه‌ر، هه‌روه‌ها کاریگه‌ر، که خوێنه‌ر له‌گه‌ڵیدا هاوسۆز ده‌بێ. زۆر نووسه‌ر ته‌نیا به ڕه‌هه‌ندی یه‌که‌م ڕازین و هیچی تر، زۆری تریش ته‌نیا له‌سه‌ر ڕه‌هه‌ندی دووه‌م ده‌وه‌ستن و بایه‌خ به هی سێیه‌م ناده‌ن. زۆر ڕۆماننووسیش ناتوانن ئه‌م مه‌ودایانه پێکه‌وه تێکهه‌ڵکێش بکه‌ن به شێوه‌یه‌ك، که جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندی بێ. ئه‌مه هونه‌ری گێڕانه‌وه‌ی چیرۆکه. به‌ده‌ر له ده‌ستگرتن به‌م پره‌نسیپه بنچینه‌ییانه، هیچ پهیڕهونامهیهکی تر نییه بۆ گێڕانه‌وه‌ی چیرۆك، به‌ڵام نابێ بیرمان بچێ، که په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌م ڕه‌هه‌ندانه وا ده‌کا ڕۆمانه‌که به ته‌واوی مانابه‌خش و به‌جێ بێ.
هه‌ڵبه‌ت نموونه بۆ کاره‌کته‌ری فرهڕهند له ڕۆماندا زۆرن. کاره‌کته‌ری وینستۆن سمیس له ڕۆمانی ١٩٨٤ی جۆرج ئۆروێڵ کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی ڕۆمانه‌که‌یه و ناوه‌که‌ی له فه‌رمانده‌ی ئینگلیزی وینستۆن چه‌رچل وه‌رگیراوه. ئه‌م کاره‌کته‌ره سی‌ونۆ ساڵه، هه‌موو ژیانی بۆ خزمه‌تکردنی وه‌زاره‌تی ڕاستی ته‌رخان ده‌کا و مێژوو ده‌نووسێته‌وه. پاشان دژی ڕێساکانی حیزب ده‌وه‌ستێته‌وه و عه‌شقی ژووڵیا ده‌بێ. ئه‌مه‌ش کارێکی شۆڕشگێڕانه‌یه و له یاداشتنامه‌که‌ی ده‌ینووسێ. وینستۆن سمیس کاره‌کته‌رێکی فره‌ڕه‌هه‌نده. له کاتێكا که‌سایه‌تییه‌که‌ی به‌درێژایی ڕۆمانه‌که‌دا گه‌شه ده‌کا، ئه‌وه‌ی له مێشکی دایه، وه‌ك خۆی نامێنێته‌وه و هه‌میشه له گۆڕان دایه. وینستۆن ئه‌و کاره‌کته‌ره سه‌ره‌کییه‌یه، که به‌و مه‌ترسیانه ده‌زانێ، که له داهاتوو ڕووبه‌ڕوویان ده‌بێته‌وه. بۆ نموونه، هه‌ر له سه‌ره‌تاوه ده‌زانێ، که ئه‌ندامانی حیزب یاداشتنامه‌که‌ی ده‌دۆزنه‌وه و ئه‌و شتانه‌ی تیادا نووسیونی له دژیدا به‌کاریان دێنن، هه‌روه‌ها به‌وه‌ش ده‌زانێ، که پۆلیسی نهێنی به ده‌ست تێکه‌ڵاوکردنه قه‌ده‌غه‌که‌ی ده‌زانێ له‌گه‌ڵ ژووڵیا. بۆیه، به نه‌گۆڕیی نامێنێته‌وه و کاره‌کته‌رێکی فره‌ڕه‌هه‌نده. ئۆروێڵ له چاوی وینستۆنه‌وه دونیای پڕ ترس و تۆقاندن ده‌بینێ و خوێنه‌ریش له‌م ڕێگه‌وه شاره‌زای ئه‌و دونیایه ده‌بێ.
بیرکردنه‌وه قووڵ و دوورودرێژه‌کانی وینستۆن بوار به ئۆروێڵ ده‌ده‌ن بابه‌ته سه‌ره‌کییه‌کانی ڕۆمانه‌که بپشکنێ، له‌وانه، بابه‌تی زمان، وه‌کوو ئاڕاسته‌که‌ری بیر و لێکدانه‌وه‌کان، هه‌روه‌ها بابه‌تی ترس و هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ر ڕه‌هه‌نده فیزیۆڵۆژی و سایکۆڵۆژییهکه و به‌کارهێنانی زیره‌کانه‌ی ئه‌و ڕه‌هه‌ندانه، جگه له پشکنینی گرنگی زانیارییه‌کانی ڕابردوو. خه‌سڵه‌ته سه‌ره‌کییه‌کانی وینستۆن، به‌ده‌ر له سرووشتی بیرکردنه‌وه، یاخیبوون و بڕوابوونه به چاره‌نووسه‌که‌ی. ئه‌و به جۆشه‌وه ڕقی له حیزبه تۆتالیتارییه‌که‌ی ده‌سه‌ڵاته، که “براگه‌وره”ی حاکمی ڕه‌های “ئۆشینیا” سه‌رۆکایه‌تی ده‌کا. وینستۆن ده‌یه‌وێ سنووره‌کانی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و حیزبه بپشکنێ. به‌درێژایی ڕۆمانه‌که چه‌ندان تاوان ئه‌نجام ده‌دا، هه‌ر له نووسینی دروشمی “بڕووخێ براگه‌وره” له یاداشتنامه‌که‌ی، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندیی خۆشه‌ویستی قه‌ده‌غه‌کراوی له‌گه‌ڵ ژووڵیا تا ده‌گاته خۆپه‌روه‌رده‌کردن به بیروباوه‌ڕی ڕێکخراوی “برایه‌تی”، که ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕه و سه‌رۆکه‌که‌ی “ئێمانوێل گۆڵدستاین”ه و دژی حیزبه تۆتالیتارییه‌که‌ی ده‌سه‌ڵاته. له کۆتایی ڕۆمانه‌که‌دا، “ئۆبریان”، له هه‌وڵه‌که‌ی سه‌رده‌که‌وێ و وینستۆن ده‌کاته ئه‌ندامێکی ڕێکخراوه شۆڕشگێڕییه‌که‌ی “برایه‌تی”. هه‌ڵبه‌ت، وینستۆن واده‌زانێ ئۆبریان ئه‌ندامێکی ڕێکخراوی “برایه‌تی”یه، به‌ڵام، ڕاستییه‌که‌ی، لایه‌نگری چیزبی “براگه‌وره”یه. لێره‌دا شۆڕشگێڕییه‌که‌ی “وینستۆن” ئاشکرا ده‌بێ و ئه‌وه‌ی “ئۆبریان” ده‌یکا ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه، “وینستۆن” به داوه‌وه بکا و پلانه‌که‌شی سه‌رده‌گرێ. دواجار “وینستۆن” ده‌ڕووخێ و ملکه‌چی “براگه‌وره” ده‌بێ. هه‌ڵبه‌ت “وینستۆن”، که پێیوایه ناتوانێ خۆی له چاره‌نووس لابدا، خۆی ده‌خاته به‌ر چه‌ندان مه‌ترسی، وه‌کوو، بڕواکردن به “ئۆبریان”، به‌کرێگرتنی ژوورێك له‌سه‌ر دووکانه‌که‌ی جه‌نابی چارینگتۆن. ئه‌و له ناخه‌وه ده‌زانێ، که ئه‌و مه‌ترسیانه بواری زیاتر به پۆلیس ده‌ده‌ن تا ده‌ستگیری بکه‌ن، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بڕوای وایه، که ده‌سگیر ده‌کرێ، گوێ به‌وه نادا، که ده‌یکا و له یاخیبوونه‌که‌ی به‌رده‌وام ده‌بێ. “وینستۆن” له دونیایه‌کدا ده‌ژی، مه‌حاڵه تیایدا گه‌شبین بێ، با گه‌شبینییه‌که ڕه‌وا و بهجێیش بێ. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ ئومێدێکی ڕاسته‌قینه‌ی تێدا نییه، بۆیه، خۆی به ئومێدی ساخته ده‌به‌ستێته‌وه و سووریش ده‌زانێ ساخته‌یه.