مەرگی مرۆڤایەتی

لە فارسییەوە: محەمەد مەحموود

لەو ڕۆژەوەی کە دەستی حەزرەتی قابیل

سوور بوو بە خوێنی حەزرەتی هابیل

لەو ڕۆژەوەی کە کوڕەکانی حەزرەتی ئادەم

سەرۆکی پەیامهێنەرانی حەزرەتی باری تەعالا

ژەهری تاڵی دوژمنایەتی لەناوخوێنیاندا هەڵقوڵا

مرۆڤایەتی مرد

ئەگەرچی ئادەم زیندوو بوو

لەو ڕۆژەوەی کە براکان یوسفیان خستە ناو چاڵەوە


لەو ڕۆژەوەی کە دیواری چینیان بە قامچی و خوێن دروست کرد

مرۆڤایەتی مردبوو

دواتر دنیا هەر پڕبوو لە مرۆڤ و ئەم ئاشە گەڕاو گەڕا

چەند سەدە لە مەرگی ئادەم تێپەڕی

ئەی مەخابن

مرۆڤایەتی نەگەڕایەوە


سەدەی ئێمە ڕۆژگاری مەرگی مرۆڤایەتییە

سینەی دنیا خاڵییە لە باشییەکان

قسەکردن لەبارەی ئازادی، پاکی، جوامێری، گەمژایەتییە


من لە سیسبوونی چڵێک گوڵ

لە نیگای بێدەنگی منداڵێکی بیمار

لە ناڵەی کەنارییەک لە قەفەسدا

لە خەمی پیاوێک لە بەنددا

تەنانەت بکوژێکی ئارام،

فرمێسک لە چاوان و هەنسک لە گەروومدایە

 لەم ڕۆژانەشدا ژەهرم لەناو پیاڵەدا،

ژەهری مارم لەناو سەبوستدا

چۆن باوەڕ بە مەرگی ئەو بکەم؟


قسە لەسەر سیسبوونی گەڵایەک نییە

وای، جەنگەڵ ئەکەنە بیابان

دەستی خوێناوی لە پێش چاوی خەڵکدا دەشارنەوە

هیچ ئاژەڵێک بە ئاژەڵێکی تری ڕەوا نابینێ

ئەوەی ئەم نامرۆڤانە لەگەڵ مرۆڤدا دەیکەن.


قسە لەسەر سیسبوونی گەڵایەک نییە

وای دانێ مەرگی کەناریش لە قەفەسدا مەرگ نییە

وای دانێ چڵێک گوڵیش لە جیهاندا هەرگیز نەژیاوە

وای دانێ جەنگەڵ بیابان بوو لە ڕۆژی سەرەتاوە

لە ساراێکی کش و ماتدا

لەنێوان خەڵکانێک ئارامگر لەگەڵ ئەم موسیبەتانەدا

قسە لەبارەی مەرگی خۆشەویستی، مەرگی عەشق

گفتوگۆ لەبارەی مەرگی مرۆڤایەتییەوەیە


سەرچاوە‌: http://www.sinakhabar.ir/Novelty/207982/قرن-ما،-روزگار-مرگ-انسانیت-است

photo_٢٠٢١-٠٦-٠١_١٨-١٤-١٠

سەرنجێک بنوسن